کۆمەڵگای ڕۆژھەڵاتی تا رادەیەکی زۆر لەگەڵ زۆربەی بنەما دیموکراتیەکان ناکۆکە، سیاسەت تاکو ئەم چرکەساتەش بریتیە لەبیروڕای نوخبەی دەسەڵات، لەدەرەوەی بۆچونی دەستەڵاتداران، ھەموو بیرکردنەوەکانی تر وەک بیری چەواشە یان پیلانی تێکدەرانە، یادوژمنکاری یان وەک ھەوڵدان بۆخیانەتکردن تەماشا دەکرێت.
 کەلتوری کۆن و بەسەرچووی حکومرانی ، لە پەنابردن و گەڕانەوە بۆ تیرە و تایەفەء خێلء زالکردنی بیروباوەڕی عەشیرەتگەری بۆتە بەشێک لەعەقڵی دامەزراوە سیاسیەکان، سەلمێنراوە کەپەنابردن بۆ تایەفەگەری، جێگا بە سیستەمی دیموکراتییەت لەقدەکات، دەبێتە ھۆکاری لەناو بردنی سەربەخۆیی سیستەمی سیاسی .
ئەوەی ئێستا لەناو واقیعی ئەو وڵاتە دەگوزەرێتء پڕیەتی لەبێ ‌متمانەیی بەرامبەر بەیەک، بنەمایەیە کە تایەفەگەریء ھێزی تاکڕەوی لەناو کایە سیاسیەکانی بەزەقی کاردەکاتء ھەوڵ دەدات بۆ زاڵکردنی گوتارەکانی، لەسەرکەوتندا خۆی خاوەنە و، شکەستەکانیش بە ئۆباڵی ھەموان دەزانێ . .
دەسەڵات لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا ڕۆڵی بەخشەر دەبینن، ھەموو شتەکان وەک خێر دەبەخشێتەوە  ، بەڵام ماف و ئازادی بەخەڵک ڕەوا نابینن. ھەرخۆشیان ئەو پێگانە دیاری دەکەن و ناوی کۆمەڵگای نوێی لێدەنێن.
گەر بپرسین ئایا کۆمەڵگای ئێمە توانیوویەتی لەبچوکترین بڕیاردا رای تایبەتی خۆی ھەبێت؟ یا ئێمە ھەمیشە بەوە مەحکوم دەبین کە سیاسیە باڵاکان بەناوی ھەمووان قسەیان کردووە، ناتوانرآ لەناو کایەی سیاسی خۆمان حیزبء حکومەت لەیەکتری جیا بکەینەوە، زۆرجار حکومەت بەتەواوەتی دەبێتە حیزب، گەر سەرتاپای کۆمەڵگایەک خاوەنی یەک بیرکردنەوە بێت، ھەرگیز ناتوانرێ پێیبڵێین دیموکراسی، لێرە دەوڵەت نوێنەرایەتی ھەمووان دەکاتء پێویستی بەوەش نییە بۆ ھیچ مەسەلەیەک بۆ خەڵک بگەڕێتەوە، ئەم کارە گەورەترین زیان لەدیموکراتی دەداتء کۆمەڵگا بۆ دۆخی ناسەقامگیری دەگوازێتەوە.
کاتێ دەوترێ دیموکراتییەت دەسەڵاـی گەلە، ئەم دەستەواژەیە ئەوەندە تەمومژاوی دەبێ، دەتوانرێت بەچەندەھا شێوە راڤە بکرێت، ئەمڕۆ زۆربەی ھێزەکان بەو پەڕی توانایان ھەوڵدەدەن بەرگێکی تازە بۆ دیموکراتیەت بپۆشن تا لەگەڵ بەرژەوەندیەکانیاندا بیگونجێنن، بەشێکی زۆریان بەئاسانی دەتوانن شەرعیەتی خۆیانی لیَوەردەگرن، حیزبە جەماوەرییە گەورەکان لەزۆربەی وڵاتە دواکەوتوەکان دەبنە مەترسی بۆ سەر دیموکراسی، ھەمیشە دەبنە رێگر لە بەردەم گەشەکردن و بیرکردنەوە و ھەبوونی کۆدەنگی لەبڕیار .
بیرکردنەوە و بڕیارەکانی تاک حیزب ئازار دەبەخشن، زۆرکەم کار بۆ چارەسەری مەسەلە گرنگەکانی کۆمەڵگا دەکەن، تا نەکەونە ژێر پاڵەپەستۆی ناڕەزایەتیە کۆمەڵایەتیەکان، لە بەرژەوەندیەکانی جەماوەر نزیک نابنەوە و قبولی جیاوازیە فکریەکانیش ناکەن .
ھەستکردن بەبەرپرسیاریەتی بەرامبەر خاک و خەڵک، واتای ھەڵوێست و قسەکردن و بەشداری کردن لە بەڕێوەبردنی وڵات، کاتێ تاک بەشدار دەبێ لەبڕیارە سیاسیەکان بۆئەوەیە بتوانی دەستەڵاتداران بگۆڕی نەک دوای چەندین ھەڵبژاردن و حکومەت، ھەر بە خەیاڵی داھاتویەکی خۆشگوزەران بژی . . .