نزیکەی ٢٦ ساڵ تێپەڕ بووە بەسەر ڕاپەڕین، تا ئێستا نەتوانرا ئەوەی پێویست و ڕاستەو لەئاست گەورەیی ئەم رووداوەوە بەبێلایەنی بخرێتە بواری خوێندن‌و گەشەپێدانی پەروەردەییەوە، نەتوانراوە وەڵامی دورستی ئەو پرسیارانە بەراست ی بدرێتەوە ئایا :

١-ھۆکارەکانی ڕاپەڕینی سەرتاسەری چی بوو لەکوردستان؟

٢- ئایا ڕاپەڕین کارێکی خۆ کردەو عەفەوی بوو؟

٣- ڕۆڵ و پێگەی حزبە کوردستانیەکانی ئەوکات چۆن بوو؟

ستراتیژی حوکم لەعێراق لەپێناوی چەسپاندنی بیروباوەڕو بۆچوونی عەرەبی شۆڤینی بوو، رژێمی عیراق سیاسەتی بەعەرەبکردنی دژی گەلی کوردی خستە بەرنامە، بەمەبەستی داگیرکردنی کوردستان‌و تواندنەوەی گەلەکەی لەناو بۆتەی نەتەوەی عەرەب، بۆ ئەمەش پێویستی دەکرد کە دیمۆگرافی کوردستان‌و عیراق بگۆڕێ، بەشێک لەنەتەوەی کورد لەباشووری کوردستان بکاتە عەرەب یا وەک نەتەوەیەکی بێخاک بیگوازێتەوە بۆ ناوەڕاست و باشووری عیراق.

حزبی بەعس حزبێکی نەتەوەپەرست‌ و ھەڵگری ئایدۆلۆژی سۆسیالیستی خۆی نمایش دەکرد، دەسەڵاتی لەعیراق گرتەدەست‌و تاڕاپەڕینی ١٩٩١ لەکوردستانیش جڵەوی دەسەڵاتی ھەر بەدەستەوە بوو.

گەلی عیراق بەگشتی‌و نەتەوەی کورد بەتایبەتی لەسەختترین کاتەکانیدا دەژیا، چونکە ھەڵگرتنی ھەرجۆرە بیرو بۆچونێک‌و ھەبوونی ھەموو حزبێک جگە لەبەعس قەدەغە بوو، تا دواجار ھەندێ حزبی سێبەری دورست کرد کەسەر بەڕێخراوەکانی خۆیان بوون و بوونە چاوساغی کادیرەکانی، لادان لەئایدیای بەعس قەدەغە بوو، ئەنجامەکەشی گرتن‌ و کوشتن بوو، چونکە بەعس بەو شێوەیە ھەنگاوی ناو و دروشمەکەشی ئەوە بوو (ھەموو تاکێکی عیراقی دلسۆز بەعسیەکی دڵسۆزە).

سەرجەم شارو شارۆچکەکانی کوردستان رووبەڕووی ئەم سیاسەتە بوونەوە، کە بە بەعسیکردنی ھاووڵاتیان کارێکی ڕۆژانەی بەردەوام بوو، خوێندکاران بۆئەوەی لەزانکۆی باش وەربگیرێن دەبووایە بەعسی بوونی خۆیان بسەلماند بوایە.

دابەشکردنی گەڕەکەکان لەسەر بنەمایەکی حزبی‌و جاسوسیکردن لەڕێگای دانانی موختار وەک ھاوکارو پشتیوانی ڕێکخراو و لقەکانی حزب، کە ئەم کپکردنە ناخی خەڵکی پڕکردو بۆشایەک نەدەبینرا بۆ دەربڕینی ھەستی پەنگ خواردوو، دەرئەنجامی نەبوونی ئازادی دەربڕین و نەبوونی ڕای جیاواز، کە کوردستانی كردبووە مەملەکەتی ترس، دەکرێ بەیەکێک لەھۆکارەکانی ئەو ڕاپەڕینە ھەژمار بکرێت.

حکومەتی عیراق، پاش بێ ئومێدبوونی لەڕووبەڕووبوونەوەی بەرامبەر چالاکیەکانی پێشمەرگە دەستی کرد بەسیاسەتی قڕکردنی بەکۆمەڵ بەرامبەر بەنەتەوەی کورد، ھێرش و پەلامارەکانی زۆر دڕندانە بوو، ھەزاران گوندی بەناوی (عملیات الانفال) تەخت کرد، خەڵکە سڤیلەکەش قوربانیە گەورەکەی ئەنفال بوو، چەکی کیمیاوی بەشێوەیەکی بەرنامەڕێژ لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال لەدژی کورد بەکارھێنرا، کە ئەو چالاکیە بووە ھۆی رواندنی ترس‌و بێھێزکردنی ‌و لاوازکردنی شۆڕشی کورد، چونکە ھێرش‌و پەلامارە گەورەکانی بۆ قڕکردنی کورد، لەئەنفالەکان زۆر بەئاشکراو بێشەرمانە جێبەجێ دەکرد.

ئەنفال بووە پەڵەیەکی رەش لەمێژووی ڕژێمی عیراق‌و حزبی بەعس‌و خودی سەدام‌و عەلی کیمیاوی، ھەروەھا ئۆباڵێکی سیاسی‌و مرۆیی گەورەش بوو لەسەر شانی ئەو وڵاتانەی رۆژھەڵات‌و رۆژئاوا، کە لەبەر بەرژەوەندبازیی خۆیان لەجەنگی سارددا، ڕژێمی عیراقیان پڕچەکی کوشندەی کیمیاوی کردو لەکاتی بەکارھێنانیشی بێدەنگیان ھەڵبژارد، دەوڵەتانی عەرەبی (جگە لەسوریاو لیبیا )، سەرجەم وڵاتە عەرەبیەکان راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، پشتیوانیان لەصدام دەکرد بەپارێزەری (بەوابەی شەرق)ییان ھەژمار دەکرد.

کیمیابارانی شارێکی وەک ھەڵەبجە لەدوا ساتەکانی شەڕی نێوان عیراق- ئێران بوو، پەلاماری کیمیایی بۆسەر ھەڵەبجە تەواوکەری کارەساتی ئەنفال بوو، بەکارھێنانی چەکە قەدەغەکراوەکان دژ بەخەڵکی گوندەکان، بەڕادەیەک بوو کە نەک دانیشتوانی گوندەکان بەڵکو خەڵکی شارەکانیش بتۆقێنێ‌و ئەوەی لەھەڵەبجەدا روویدا مەبەستی خۆی پێکاو ترسێکی گەورە بوو، بووە میوانی سەرجەم خەڵکی کوردستان.

کارەساتێکی تراژیدیایی بەسەر گەلی کورددا هێنا، ١٨٢ هەزار كەس ئەنفال كران، زیاتر لە (٤٠٠٠) ھەزار گوند خاپور كرا، بەمەش سەرجەم گوندەکان چۆلکران و روخێندران و چیاو گردۆڵکەکان کرابوونە سەربازگەو ئەو ناوچەکانەی کە چەند سەد مەترێک لەشەقامی گشتی دووربایە گەر مینڕێژ نەکرابوونایە ئەوە بەناوچەی دابڕاو (قەدەغەکراو) لەقەڵەم دەدران بۆ ئاژەڵیش نەبوو لەو ناوچانە ھاموشۆی بکردبایە . .  

رەخنەو خۆپیشاندان لەناو عیراق کوشتنی بەدواوە بوو، ھیچ شێوازێکی خەباتی دیموکراتیانە بوونی نەبوو، تەنھا خەباتی چەکداری کرابووە ستراتیژ بۆ ڕزگاری کوردو خاکەکەی، بەڵام ھیواکان کزبوون لەکۆتایی ساڵی ١٩٨٨ کە حکومەتی عیراق توانی سەرکردایەتی کورد و شۆڕش و پێشمەرگەکانی بەتەواوی کزبکات لەسنووری عیراق بەدەریان بنێت، بەمجۆرە دەرگاش بۆ بەغدا خرایە سەرپشت کەبەشێنەیی پلانەکانی (ئاسایشی ستراتیجی) سەرسنوورەکان ئەنجام بدات، بەم شێوەیە ھێزی پێشمەرگە لەخاکی کوردستان دورکەوتەوە، جگە لەچەند مەفرەزەیەک، لەشێوەی پارتیزانی لەناوچە جیاجیاکانی کوردستان خۆیان حەشار دابوو.

ھەڤاڵ مام جەلال پێشبینی داگیرکردنی کوێتی دەکردو بەسەرەتای گۆڕانی بارودۆخی سیاسی عیراقی دادەناو پێشبینی ڕوخانی حکومەتی عیراقی دەکرد.

چەند مانگێک بەر لەڕاپەڕین، ئەوکاتەی عیراق کوێتی داگیرکرد لە ٢ی ئابی١٩٩٠، ئەگەری لێدانی عیراق لەلایەن ھاوپەیمانانەوە ھاتەکایەوە، لەگەڵ ئەمەشدا ئۆپۆزسیۆنی عیراق چاوەڕوانیان دەکرد بەم لێدانەی حکومەتی عیراق بڕووخێت، بەمەش بۆشایی لەدەسەڵاتی سیاسی عیراقدا پەیدادەبێت، بۆیە ھێزە کوردییەکان ھەوڵیاندا لەکاتی ڕوودانی ھەر گۆڕانێک لەناوچەکە، شارە کوردییەکان ئازاد بکەن.

ھەرچەندە دوای داگیرکردنی کوێت سەرجەم پارت‌و ڕێکخراوە سیاسیەکانی کوردستان کەوتنەخۆ بۆ سازدانی بەرنامەیەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی بارودۆخەکە، بەھۆی خێرایی کاردانەوەی نێودەوڵەتی بەرامبەر عیراق بۆ دەرکردنی سوپای عیراق لەکوێت، ئەوەبوو لەتەمموزی ١٩٩٠دا زنجیرەیەک کۆبوونەوە بەسترا لەلایەن سەرکردایەتی پارتەکان بۆ ڕێکخستنەوەی کارەکانیان و بەرنامەدانان بۆ ئەو قۆناغە تازەیەی کە پێشبینیەکانی داھاتووی بۆ ئاسان کردبوون.

بەرەی کوردستانی لەناویاندا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕۆڵی گەورەو بەرچاوی ھەبوو لەدانانی نەخشەی ڕاپەڕین و ھاندانی کۆمەڵانی خەڵک بۆ ڕاپەڕین، لەڕێگەی دەزگا ڕاگەیاندنەکانی بەتایبەتیش (ئیزگەی دەنگی گەلی کوردستان) لەگەیاندنی ھەواڵ‌و ڕاستی ڕووداوەکان بەجەماوەر بەھەرسێ زمانی (عەرەبی، کوردی، تورکی)، بەیان‌و بانگەوازەکانی بەشێوەیەکی حەماسی پەخش دەکرد، کە کاریگەری زۆربوو لەسەر بیسەران، ڕۆڵی ھەبوو لەگەیاندنی نامەی سەرکردایەتی بۆ لایەنە سیاسیەکان و ئاگادارکردنەوەو دەرکردنی بڕیارو ڕێنمایەکان بۆ ڕێکخستنەکانی ناو شارو دروستکردنی شانەی چەکدارو پەیوەندیکردن بەچەکدارەکانی فەوجەکان‌و گەڕانەوەیان بۆ کۆڕی خەبات‌و تێکۆشان و کوردایەتی و بەشداری کردنیان لەڕاپەڕین.

خێرا ئامادەکاری کرا بۆ گشت ئەگەرەکان، پاش داگیرکردنی کوێت لەلایەن عیراقەوە، نەخشەی ڕێکخستنەوەی پێشمەرگەو دورستکردنی چەندان مەفرەزەی چەکداری بچوک و تەیارکردنی ڕێکخستنەکان و ئامادەکردنیان لەبڕوابوون بوو بەڕاپەڕین.

سەرکردایەتی بزووتنەوەی کورد لەوکاتەدا مەبەستی بوو شارە کوردییەکان رزگار بکات‌و بیخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، بۆ ئەم مەبەستەش بۆ ھەموو پارێزگایەک لیژنەیەک دانرا بۆ ئەوەی سەرپەرشتی ڕزگارکردنی ھەموو ناحیەو ئۆردوگاو شارەکان بگرێتەوە.

ڕاپەڕین کارێکی خۆکردە نەبوو، نەکارێکی تەنها خواکردە بوو، بەڵکو راپەڕین لەڕێگای دەنگی گەلی کوردستان ڕابەرایەتی دەکرا بەپێشڕەوی ھێزە ئامادەکراوەکان و بەھاوکاری ڕێکخستنەکانی شارو پشگیری جەماوەرو چەکدارەکانی ڕژێم ئەنجامدرا، چەخماخەی لەڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕینەوە لێدراو کەرکوکی گڕوبلێسەی گرتەوە، بۆ یەکەمجار سەرجەم شارو شارۆچکەکانی کوردستان ئازادکران بەناوچە تەعریبکراوەکانیش، ئەمەش دەریخست، کە نەخشەی گۆڕاو جوگرافیای شێوێنراو و ناسروشتی قەد ناتوانێ تاسەر جێگیر بێت.

راپەڕین دەریخست کە دیکتاتۆریەت و چەوسانەوە ھەرچەند دریژە بکێشێ گیانی فیداکاری‌و لەخۆبوردن زیاد دەکات، لەھەر ھەل‌و دەرفەتێکدا کاردانەوەیەکی توندی جەماوەری بەرامبەری دورست دەبێت.

ڕاپەڕین بەشێکە لەلاپەڕە گەشەکانی مێژووی گەلەکەمان، سەلمێنراوە کە مێژووش زانستێکە وەک زانستەکانی تر، زۆرجار لەلایەن دەسەڵاتەوە دەشێوێنرێت و کاریگەری دەکرێتەسەرو لەڕێڕەوی راستەقینەی خۆی لادەدرێت، بەڵام دۆکیومێنتەکان بڕیاردەرن و مێژووش لەچەواشەکاران دەپارێزێت.