جورئەت بەواتای بوێری ، كەسی بەجورئەت ئامادەیی تێدایە بۆ قوربانیدان و روبەڕوو بوونەوە بەرامبەر هەموو ناحەقیەك، چ لەخودی خۆی بێت یا لەكەسانی نزیك و دەوروبەری، بوێرەكان بەهەموو تواناكانیان هەول دەدەن سەرشۆڕی قبول نەكەن، كەسانی بوێر هەمیشە هەندێ هەڵوێستی تایبەت بەخۆیان هەیە كە لەدەوروبەرەكەی جیایان دەكاتەوە .

كەسی ئازا بەردەوام روبەروی هەندێ ئەتەكێت و رەوشتی بەزۆر داسەپاو دەبێتەوە، لەكاتی هەبوونی قەیران وئالۆزیە زەحمەتەكان و بۆ بەدەنگەوە چوونی داخوازیەكانی خۆی یا خەڵكی ، خۆنەویستانە دەردەكەوێت لە بەخشینی مال و گیانی، کاتێک وشەی جورئەتمان دێتە بەر گوێ زۆربەمان بیر لەو ئازایەتییە دەکەینەوە، کە کەسێک نمایشی دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوە لە جەنگێک، یا بەرامبەر کەسێک، یا دوژمنێک، یا هەر مەترسیی وقەیرانێكی چاوەڕوانكراو بێت. بۆیە زیاتر لەكاتی پێویست، هەندێ راست ودورستی ناخی كەسەكانمان بۆ دەردەكەوێت، كە زۆر زەحمەتە لەكات و ساتی ئاسایی و ناپێویستەكان ئەو بوێریەیان لێچاوەڕوان بكرێ و كەم جاریش هەست بەو جورئەتە دەكرێت ئەگەر لەناخی كەسەكە بوونیشی هەبێت. .

 هەڵەکردن بەشێکە لە ژیانمان، چۆن لە ژیانماندا هەنگاوە دروستەکان هەن، بە هەمان شێوەش هەنگاوە چەوتەکانیش بوونیان هەیە . زیاتر کەسایەتی گەورە وبەرز هەڵەی گەورە دەکەن. لەبەر ئەوەی جیاوازییەکە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە، کە کەسایەتییە ناسراوەکان، خاوەن بەرپرسیارێتی زیاترن و سنووری پەیوەندی وئەرکەکانیان فراوانترە و زۆر جار بەشێکی گەورەی کۆمەڵگاکە دەگرێتەوە . جا ئەو پرسیارەی، کە ڕووبەڕووی بەرپرسەكان دەبێتەوە، كێن ئەو بەرپرسانەی خاوەنی بەها و ڕەوشتن بەرامبەر بە خودی خۆیان، کاتێک هەڵەیەک دەکەن؟ ئایا بوێریان تێدایە بۆ بەرەنگاربوونەوە ؟، یاخود بەردەوام دەبن لە شاردنەوەی ڕاستییەکان، بێگومان بە پینەوپەڕۆ كردن هەڵەی گەورەتر دەخەنە سەر خەرمانی هەلەكانی تریان . . .

 گەلی كورد بەردەوام لە قوربانیدان وخەباتدا بووە، لە ئاستی جیهانی توانیویەتی پێگە و ناو ناوبانگێك بۆخۆی دروست بكات، لە ئاستی ناوچەكەو جیهان رێزی لێدەگیرێ . لە پێشەوە پاراستنی ئەم پێگە سیاسییە لەئەستۆی بەرپرسە بالاكانە، لەم كات و ساتە قەیراناویە، هەموو پەنجەی تۆمەت ئاراستەی ئەوان دەكرێ، ئەمڕۆ قەناعەتێك لای خەڵك دورست بووە، كە بەرپرسەكان توانای تێپەڕاندنی ئەم دۆخەیان هەیە، خەڵك دەڵین با دەرگا ئاسنینەكان بشكێنن و پارە سپییەكانیان دەربكەن چونكە لەو رۆژە ناخۆشتر نابین، خەڵك پێیوایە سەركردەكان خوا پێداون وخاوەنی سەرمای شاراوەیی گەورەن، واباشە بویربن لە گوفتار، لە بڕیار، لە هەڵوێست و لەكردار، تەنها بۆ جارێك خاوەنی هەڵوێستێكی ئازایانە بن، دەكرێ بۆ چارەسەری كاتی قەیرانی موچە و تێك نەدانی دۆخەكە، سەرمایە و داهاتە كەسیەكانیان بكەنە قوربانی، چونكە "ناکرێ لە چاوەڕوانی کاتێكی لەوە گونجاو تربن، بەڵکو پێویستە بوێر بن، هەولی بازدان بدەن بەسەری " .  .  .