گەندەلی دەرهاویشتەی ئێدارەو بەرێوە بردنێکی سەقەت و خراپە، رێك دژە لەگەڵ چاکسازی و پاکسازی، لە غیابی یاساكان، پلەو پۆست و لێپسراوێتی هۆكاری سەرەكی دورستكردنی گەندەلین.

ئەمڕۆش گەندەلی هەموو جومگەكانی ژیانی لە (بەرێوەبردن، پەروەردە، ئابوری، سیاسەت كردن، دادوەری وبواری كۆمەڵایەتی )شی گرتۆتەوە زۆری هۆكارەكانی سەرهەڵدان گەورەبوونی قەیران لە هەرێم، حسابزانێكی لێهاتووی دەوێ بۆ دیاری كردنی ژمارەكان، جگە لەوە ئیرادەیەكی سیاسی نەبوە بۆ ئەنجامدانی چاكسازی، لەراستیدا بەهیچ جۆرێك هەست بەبوونی نەكراوە، ئەوەتا دەرئەنجامەكەشی چەندین قەیران ‌وتەنگژەی ئاڵۆزو هەمەجۆری لێەوە بەرهەم هاتوە، كە یەخەی هەرێمیان گرتووە و بەبێچارەسەر خەریكە دەسكەوتەكان بەرەو سڕینەوە دەبەن .

بڕواهێنان ئاسان نیە بە كارو هەوڵ وئەو بریارانەی كەلایەن حكومەت دراون كە ببنە بنەمای چاكسازی، ئەو هەوڵانە زیاتر بۆ هێوركردنەوە و پینەكردنی دۆخەكە دێنە بەرچاو .

 ئەو قەیرانانە دەمێكە چاوەڕوانكراو بوون،  سالانێكه‌ نوسەران، رۆشنبیران، سیاسەتزانان، بەنوسین و گوتارو لێدوان، گله‌ییان له‌ سیستمی حوكمڕانی هه‌رێم هەبووە و قسەیان لەسەر دەكرد، سەرەرای هەبوونی دەیان پلانی سەردەمی و جیهانیانە لە بواری گەشەی ئابوری وحوكمرانی، سیستەمی گه‌نده‌لی بەردەوام بوو، ئەو بڕە پارە  زۆره‌ی كه‌ به‌ ناوی بودجه‌ له‌ عێڕاقه‌وه‌ بۆ هه‌رێم ده‌هات، دەكرا بكرێتە وەچەرخانێكی گەورە لە بواری گەشەپێدانی ئابوری . لەوكاتە ولە بارودۆخەی هاتدا كاربه‌ده‌سته‌ باڵاكانی هەرێم سه‌رمه‌ست بوون، گوێیان به‌قسه‌ ونوسین و بۆچوون و پێشبینی دلسۆزان و سیاسەتكاران نەدا، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبەتی خۆیان،  به‌ناڕه‌وا وناشه‌رعی داهاتی ئەم وڵاتەیان تەخشان و پەخشان كرد .

گەر بپرسین ئایا چاكسازی لەچی بكرێت ؟، لە لێپێچینەوە و سزادانی ئەوكەسانەی بوونە هۆكاری شكست و دروستكردنی قەیران ، كێ هەیە ئەو توانایەی هەبێت ئەو كەسانە دەست نیشان بكات ؟، كێ دەتوانێ و بەكام یاسا و چ دەزگایەكی دادوەری لەتوانایداهەیە بەو ئەركە هەڵبستێ ؟، بۆیە لەم هەرێمە گەر چاكسازی بكرێت دەبێ لە كەسی یەكەم و دووەم دەست پێبكات، هەموومان دەزانین چاكسازی لەسەرەوە دەست پێ دەكات نەك لە خوارەوە.