ئەمڕۆ مافی مرۆڤ پانتاییەکی فراوانی لەگوتاری سیاسی و ناوەندە روناکبیریەکاندا داگیر کردووە، لەدنیای ئەمرۆدا، زۆربەی داواکاری و خواستەکانی گوتاری ڕوناکبیران بۆتە رێزگرتن لە مافی مرۆڤ، لە بەرنامەی حزبەکان بەچەپ و راست، حکومەتەکانی دنیا مەسەلەیەک لە ڕیزبەندی پێشەوەی پێداویستیە مرۆیەکانە و، بۆتە پرسێکی جیھانی گرنگ .
دیارە قۆناغەکانی مێژووی مرۆڤایەتی پڕیەتی لە خەبات و شۆڕشی گەلانی زۆر لیکراو، تا لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوو ، ئاراستە و رەھەندەکانی مافی مرۆڤ گەیشتە ئاستێکی بەرز بۆ دەرکردن و چەسپاندنی کۆمەڵێک بنەمای نوسراو لەدەستور و یاسا ناوخوێی و نێودەوڵەتیەکان , لە پێشەوەی ئەو دەسکەوتانە، مافی ھەڵبژاردن و یاسای ئازادی رۆژنامەگەری، ئازادی دورست کردنی حیزب، ئازادی رادەربرین، ئازادی ھەڵبژاردنی شوێنی کار، ئازادی ھەڵبژاردنی شوێنی نیشتەجێ بون ومافی خوێندنی بە خۆڕایی ، ئەمانە ھەموویان بە یاسا ڕێک خران، بونە ھۆکاری گرنگ و کارێگەر بۆ کارا کردنی مافەکانی مرۆڤ.
بەھۆی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتو و دەرکەوتنی گورژمی زانیاری لە ڕێگای کەناڵەکانی میدیای بیستراو بینراو (سەتەلایت) و ئینتەرنێت و مۆبایل و . . . . پانتایەکی ئێجگار فرەوانی لە ھەواڵی خێرا پێشکەش بە مرۆڤایەتی دەکرێت ، میدیا توانیویەتی گۆرانکاری گەورەی لە چەندایەتی و چۆنایەتی بەسەر دنیادا بھێنێ، مێژووی جیھان گۆڕانی گەورەی بەسەردا ھاتوە وبەرەو قۆناغی پەرەسەندنی بێسنور دەڕوات، بەجیھانیبوونیش چەمکێکی ھەمەلایەن و ئالوزە، زیاد لەرەھەندێک دەگرێتە خۆی، بەھۆی تۆرەکانی پەیوەندی ئینتەرنێت و ئامێرەکانی گواستنەوەوە، پەیوەندی نێودەوڵەتان و پەیوەندی نێوان تاک و دەوڵەت، شێوازێکی تری گرتۆتە بەر، جیا لەڕیتمی کۆنی، لە بواری پەیوەندی بازرگانی و بەیەک بەستنەوەی بازارەکانی جیھان گرنگیەکی ئیجگار گەورە بەچەمکی مافی مرۆڤ دەبەخشێت بەجۆریک کایەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری، روناکبیری لێک نزیک کردۆتەوە ، بەڵکو ئاوێتە بوونێک ھەیە کە جیا کردنەوەیان لەیەکتری ئاسان نیە، ڕەھەندەکانی مافی مرۆڤی بە گەش و درەوشاوەی دەردەکەوێت ، سەروەری و سنوری دەوڵەتانی بەزاندوە. نەتەوە یەکگرتووەکان، دەزگا تایبەتمەندەکان، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و پاراستنی ژینگە وایان لێھاتووە بەشێویەک لەشێوەیەکان بونەتە خاوەن سەروەری دەوڵەتان و سیستەمە رەھاکان ناچار كراون بەلانی کەم پابەندی بنەما گشتیەکان بن . لە پەیماننامەی جیھانی مافی مرۆڤ، بنەماکانی ئازادی و یەکسانی لە ئاستی نێودەوڵەتی رێکەوتنی لەسەرکراوە، بەڵام ھێشتا بەبیانوی پاراستنی سەروەری نیشتمانی پانتایەکی فراوان ھەیە، لەبەردەم حکومەتە نادیموکراتەکان بۆ پاپەند نەبوون و پێشێلكردنی بڕیارەكان ، ھەرچەندە تواناکانیان کز بووە لە ڕوبەڕوبونەوە لەگەل رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە مافی مرۆڤ، بەلام ھەوڵی نەزۆک دەدرێ بۆ دورکەوتنەوە و دەرچون لە یاساو ڕێسا جیھانیەکان، ئەوەش ئەوە دەگەیەنی کەمافی مرۆڤ و ئازادی ئایدۆلۆژیایەکی جیھانییە و ھەمو دەوڵەتێک دەبێت پابەند بێت بە بەبنەماکانی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ كە ئەمرۆ بۆتە شوناسی کۆمەڵگای مەدەنی پێشکەوتوو . . .