جاران سەرچاوەکانی ھەواڵ بەپەنجەی دەست ھەژماردەکران ، وەرگر زوو دەکەوتە ژێر کاریگەری ئەو پەیامانەی بەدەستی دەگەیشت ، خەڵکانێک ھەبوون زۆرکەم ھەوال و پروپاگەندەو  داستانی خەیالیان لێک جیا دەکردەوە ئەمرۆ سەرەرای گۆرانی بارودۆخەکە لەگەل ھەبوونی سەرچاوەی زۆر و جیاجیا، بەشێکی کۆمەڵگای کوردی زوو شتەکان وەردەگرن و دەیانگوازننەوە بەبێئەوەی ھیچ لێکدانەوەیەکی فکری یا شیکارێکی عەقلی بۆ بکەن . 

  داستان خولقاندن و وەھم دورستکردن، زۆر جارئەگەری رووداوی خەیاڵی لە ژیانی مرۆڤەکان وێنادەکات،  زۆرجاریش بەمەبەستی سەرگەرمکردن و کات بەرێکردن بەکار دێت. ھەروەھا بۆ سەرقاڵکردن و خەیاڵخۆشی جەماوەر و خوێنەرو و بیسەر و بینەر دروست دەکرێت ئەمەش پرۆسەیەکە بۆ تێکـدانی دەروونی و چەکـێکـی کـاریگـەرە بۆ گـۆڕینی ئاڕاستە و رەفتاری خەڵکی سادە، روەو ئامانجێکی لەخەیال وێناکراو، بەبێ لێکدانەوە و بیرکردنەوە، زۆر جاریش لەلایەن دەزگـا ھەواڵگـرییەکـان پلانی بۆ دادەێژرێت بۆنانەوەی بشێوی و ئاژاوە کاریپێدەکرێت  .
وێناکردنی خەیاڵ ھونەری تواناکانە ، خولیای پێشبرکێ وا لە مرۆڤەکان دەکات، کە ھەموو رێچکەیەک بگرنەبەر بۆ زاڵبوون بەسەر نەیارەکانیان،  لەم رۆژگارەی ئێستاماندا بایەخێکی زۆر بە شەڕی بێدەنگ یا سارد دەدرێت، کە خەرجییەکی کەمتر و کاریگەرییەکی زیاتری ھەیە، لەڕێگای شەڕی راگەیاندن کە شەڕی نوێی ئەم سەردەمەیە،  میدیاکان دەتوانن ژەھر بکەنە ھەنگوین و دەرخواردی جەماوەری بدەن . . .
  کاریگەری خەیال گەورەیە لەسەر جەماوەر، چونکە مرۆڤ بەردەوام بە ھیواو ئاواتەکانی سەرقال دەبێت، بەشێکی گرنگی تەمەنیشی بۆئەم مەبەستە دەکاتە دیاری، مرۆڤ بۆ ئەوەی بێزارنەبێت لەژیان،  زۆر جار ئاوێتەی کۆمەڵێک لە وەھم و خەیال دەبێت .
پرۆسەی پێگەیشتن دەرچوون لە خەیال ئاسان نیە، کات و پەروەردە و فێرکردنی دەوێ، پێویستی بە ژینگەیەکی تەندورستی کۆمەڵایەتی ھەیە تا لەسەرخۆ و دروست چوارچێوەی دانراو بشکێنێت ، تاک بەئەزمونەکانی لەنێو کۆمەڵدا بیر بکاتەوە، وردە وردە رێگەچارەکان دەست نیشان دەکات، تا وایلێدێت بەھەموو دەربڕینەکان باوەر ناھێنی، گەر سەرچاوەکەشی لە ئاستی بالای بڕواپێکراویش بێت .
   تاک بەرپرسارە لەبەرامبەر باوەڕەکانی ، واتە پێویستە  ئەوپەڕی ھەوڵی خۆی بدات تاوەکو بە شێوەیەکی عەقڵانی پرس و باسەکان ھەڵبسەنگێنێت، راستی و خەیالی داڕێژراو لەسەر ئەرزی واقع لێک جیا بکاتەوە .
 پەیوەست نەبوون بە لێدوان و بڕوای کەسانی دیکە، پێویستی بە بیرکردنەوە وشیاکردنەوەی  عەقڵانییە، چونکە بڕوابوون بە کەسانی دیکە بەبێ ھەڵسەنگاندن و لەبەرچاوگرتنی رەھەندە عەقلانیەکان ئەنجامی درووست نادا بەدەستەوە، بەدەر لەمە مرۆڤ دەکەوێتە نێو خانەی ناڕاست  دواجار خورافات و خەیال دەبێتە تاکە ئەگەر و ھەلبژاردەی بەردەمی .
  کۆمەڵگای پێگەیشتوو، زۆربەی تاکەکانی چرای عەقل و عەقلمەندیان ھەڵکردوە . لەم کۆمەڵگایەدا تێڕوانین لە کار و زوو قبوڵنەکردن ھەیە،  چێژی پرسیارکردن و لێکدانەوە و بەئاسانی باوەرنەکردن بالادەستە ، چونکە تا راستی لای وەرگرە  روون و ئاشکرا نەبێت ،  شتێک نابینرێ بە ناوی حەقیقەت، ھەوڵدانی عەقلانی بۆ گەیشتن بە ڕاستی، ئەرکێکە کە لەسەر شانی ھەموو تاکێکی کامل و پێگەیشتوە  .