ئەمرۆ سیاسەت هەموومانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە بەجۆرێک هەر کەسێک لە هەرێمی كوردستان بێت دەزانێت سیاسەت چیە، لێرە سیاسەت مێژوویەکی کۆنی هەیە چونکە پرسی ئازادی دەمێكە بووەتە پێویستیەکی گەلەكەمان .

خەڵكی كوردستان زۆربەیان حەزیان لە سیاسەتە، بەشێكی سەرەكی كاتەكانیان بۆ ئەم مەبەستە تەرخان دەكەن، خەڵكی سیاسی باشیش لەدەرەوەی حزبەكان هەڵكەوتوە، بەگشتی ئاستێکی بەرچاوی هوشیاریی سیاسی لەم ولاتە هەیە، بەڵام هێشتا سۆزی حزبایەتی بەسەر بیرکردنەوە زاڵەو، بیرو بۆچون و بڕیارەکانیان بەرئەنجامی بیرکردنەوەیەکی زانستی هەمەلایەنە نییە .

هێشتا لێرە سیاسیەكان توانای خوێندنەوەی لاپەڕە سپییان نییە، كەمن ئەوانەی دەتوانن خوێندنەوە بۆ روداوەكانی پشتی پەردە بكەن، دەكرێ بلێین هوشیاریی سیاسی لەو ئاستەدا نییە،  سیناریۆ رەش وسپییەکان زۆر كەم لە یەکتری جیادەكرێنەوە، بیروڕاو بۆچوونی كەسی سیاسی حزبەكان زیاتر ئەوەیە كە بۆچوونی بەرامبەرەكەی سەرلەبەر رەتبکاتەوە، تەنانەت لەكاتی پێویست دەبێ یەكتریش تەخوین بکەن، هیچ بوارێک بۆ پرەنسیپی گومان لە دەربرینەكانی بەرامبەر ناهێلننەوە .

لە راستیدا ئەوەی پێی دەوترێت پرۆسەی سیاسی لە کوردستاندا، ئەوا هەر شتێك بێت سیاسەت نییە، روداوەكانی ئەم دوایە دەریانخست قەیرانە سیاسیەکانی کوردستان بەردەوام لە گەورەبووندان، ژیانی سیاسی لەم هەرێمە بەرەو لاوازی دەچێت، ئەگەر چی خاوەنی دەیان حزب،  سیاسەتمەدار، پەرلەمانتارو بەناودكتۆری یاساناسیش بین لە چوارچێوەی بیروبۆچوونی حزبایەتی دەرناچین .  

گومان و دوودڵی دەروونی سەراپای خەڵكی گرتۆتەوە ، كەم كەس هەیە بڕوای بە داهاتوویەكی گەش هەبێت ، ترس لە ئایندە لە زیاد بووندایە ، ئاراستەكان دورن لە بەهای ڕوحی، ئاکارەکانی دەستەڵاتدان زیاتر بەئامانجی بەدیهێنانی ئاشتەوایی و دامەزراندنی حوکمڕانی دادپەروەر نییە، بەشێكی زۆری خەڵك بەگومانن لە بینینی ژیانێكی خۆش، بەگومانن لە بینینی بەختەوەری لەئایندەیەكی نزیك.