شەڕ یا جەنگ بریتیە لە ناکۆکی و ململانێ ی نێوان دوولایەن یان چەند لایەنێک، بەرامبەر بە لایەنێک یا زیاتر، بە ئامانجی لە ناوبردن و تێکدانی لایەنی بەرامبەریان، جۆرەکانی جەنگ بریتین لە جەنگی سەربازی کە بە شەڕی دەستەویەخەو بەرامبەرە کە ھەموو جۆرەکانی چەکێکی ئاسمانی و یا زەمینی تیادا بەکار دەھێنرێت یاخود جەنگی ھزر و سیاسەتە کە ئەویش بە نانەوەی ئاژاوەو فێڵ و تەڵەکەبازی بۆ گۆڕین و کارکردن لەسەر ڕای گشتی خەڵکی کە زیاتر کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ئەو ڕۆڵە دەبینن , ھەروەھا بۆ نانەوەی دوبەرەکی و شەر چەندین ھۆکارو پاڵنەر ھەیە، یان لە پێناوی سامان و داھاتدایە یان لە پێناوی گەیشتن بە دەسەڵات و حوکمڕانی، شەڕ لە پێناوی ئاشتی وئارامی و وەرگرتنەوەی مافی زەوتکراوە، یان بۆ پارێزگاری لە خاک و وڵاتە . . .
ئەمڕۆ جەنگی تیرۆر بە خراپترین شێوازی شەر حساب دەکرێ کە تەقاندنەوە و کۆمەڵکوژی زۆر دڕندانەی تیا ئەنجام دەدرێ وە تەڕو وشک بە یەکەوە دەسوتێنێت . . .

شەڕ بە واتای کوشتن و بڕین و سەرگەردانی و ماڵوێرانی دێت، زیان بە ژینگەو ژێرخان و سەرخانی وڵات دەگەیەنێت، برسێتی و نەخۆشی و دواکەوتنی زۆری بە دواوەیە، ھەروەھا کاریگەری دەروونی زۆر خراپی لە سەر ھەموو تاکەکانی کۆمەڵگە بە جێ دەھێڵێت و داھاتی گشتی وڵات بە فیرۆ دەدات، ئابووری وڵات دەشێوێنێ و ئاسایش و ئارامی لە گۆڕ دەنێ .

سەرەرەڕای ھەبونی چەندین ڕێگا بۆ خۆ دورخستنەوە لە شەڕ، بەلام لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژھەڵات بەگشتی ئەوە ئاسان نیە چونکە سەرچاوەکانی توندو تیژی زۆرن لەوانە، کزی و لاوازی ھەستی نیشتمانی نەتەوەیی وە لە پێشەوەیان ھەبونی گروپی بەرژەوەندی خوازانی شەڕ وەکزی دبلۆماسیەت لە ئاستی باڵا هەلنەكەوتنی سەركردەی كاریزما، لەولاتانی دواكەوتوو ھۆکاری بەھێزن بۆ سەرھەڵدانی شەڕ . . .
گەلەكەمان دوچاری مالوێرانی و كاولكاری و ئاوارەیی و دەربەدەربوون بۆتەوە . زۆرترین دوژمنایەتی شەرو بەرەنگاری بەسەرداهاتووە لەگەل گەلانی سەردەستەو داگیر كەرانی عەرەب و تورك و فارسەوە كە بەدڕەندەترین شێوە مامەڵەیان لەگەل میللەتەكەمان و دۆزە ڕەواكەیدا كردوە، شۆرشەكان بۆ ئەوە بووە بە قەوارەیەكی سەربەخۆی خۆمان بگەین یان هەر هیچ نەبێت فەرمانڕەوایی حوكمی زاتیەكی ڕاستەقینە بەدەست بهێنین كە دواجار بۆمان نەكراوە .

ئەگەربەشێك لە هۆكارەكانی دورست نەبوونی ئیدارەیەكی كوردی تەنها ئەو دوژمنانە و سیاسەت و بەرژەوەندی دەوڵەتە زلهێزەكان بووبێت، بەلام هۆكارە كاریگەرو گرنگ و بنچینەیەكە نەبوونی كۆدەنگی و یەكڕیزی و نەخوێندنەوەی بەرامبەرو خۆبەزلزانین ونەبونی خوێندنەوەیەكی باش بۆ روداو پێشهاتەكان بووە . . . . كە چەندان هۆكاری ناوخۆیی وململانێی ناوەكیە كان بونەتە هۆی سەرهەلدانی شەری ناوخۆ، بۆیە لەكاتی سەرهەلدانی بچوكترین قەیران و لە غیابی توانای عەقلی چارەسەر ، بوونی ڕۆل و كاریگەری دەولەتە داگیركەرەكان، بەردەوام ترس لە شەر وسەرهەلدانی بۆتە بەشێكی دانەبڕاو لەجەستە و دەرونی تاك بەتاكی كۆمەڵگاو نەهامەتیەكە بەردەوام وەك مۆتەكە لێی جیا نابێتەوە . .