بوونی هێزی چەكدار بەدەست گروپ و حزبەكان، هەلەیەكی زەقە لەمێژووی نزیكدا میلیشیای چەكدار وەك ئامرازی سەركوتكردن و دورستكردنی ترس و پشێوی دەركەوت و سەری هەڵدا، زیاتر ئامڕازێك بووە بۆ ملکەچكردن و زەلیل كردن و یەكلاكردنەوەی كێشەی نێوان ناحەز و نەیارەكان .

دورستكردنی کۆمەڵگای حزبی ، هەبوونی هێزی سەربازی لەدەست كەس و تاقم و گروپە جیاجیاكان سەرەرای ئەوەی جێگای گومانە، هۆكارێكیشە بۆ نەهێشتن و نەمانی یەكجاری متمانەی لایەنەكان بەیەكتری .

پەنا بردنە بەر هێز بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان، گەڕانەوەیە بۆ سەرەتاكانی حوكمرانی مرۆڤەكان و شێوازێكە بۆ بەزۆر مێگەلكردنی كۆمەڵگا.

( لورد ئاکتون) پێیوایە كە لە کردار و وتار و رەفتاری ئەو سەركردانەی کە دەسەڵاتی رەهایان هەیە چەشنێک لە (شێتی) یا لە (نەخۆشیی رەوانی) بە مانای( دابڕان )لە ڕاستی‌یەکان و نوقم بوون لە (خۆ پەرستی)  و (خۆ بە زلزانین) دەبینرێت

.

لەكوردستان لەگەل نەبونی دانیشتن و دانوستانێکی راشکاوانە و ئاشكرا لەئاستێكی باڵا و لەغیابی بەرچاونەكەوتنی دیالۆگێکی لوژیکیانە كە دوور بێت لە دڵەراوکێ و ترس دۆخەكەی زۆر ئالۆز كردوە و عەقلی كردنەوەی گرێ كوێرەكانی زەحمەت كردوە، كێشەكانی بەئاراستەی ئاقاری نادیار بردوە و لەم قۆناغە هەستیارەی ئێستای ناوچەكە هەولێكی كزیش بەدیناكرێ لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیە بالاكانی نەتەوەیی و نیشتمانی.

مەبەستەكانی پشت بەردەوامی دان بەو دۆخە، خۆ شاردنەوە و دور كەوتنە قولكردنەوەی قەیرانەكانە لەپێناو بەرژەوەندی تایبەتی وكەسی و حزبی ، لێكدانەوەی جۆراو جۆر هەڵدەگرێ، بەلام لە ئەمڕۆی واقعی ناوچەكە بۆ گەلەكەمان زیاتر وەك هەولێكی خۆسەپێنانە دەردەكەوێت .