کێشەی بەشێكی خەڵكی کوردستان ئەوەیە کە بە پێچەوانەوە لە زاراوەكان دەگەن، یا هەر لێی تێناگەین، لە هەمو کۆمەلگەیەکدا خاوەن بڕوانامەو خوێندكارانی زانکۆو پەیمانگاکانن، بە رۆشنبیر لە قەلەم دەدرێن، گومانی تێدا نیە گۆرانكاریەكانیش لەسەر دەستی ئەوانەوە سەرهەڵدەدات .

 

حزب و دەسەڵاتی كوردی لە دوای راپەرینەوە بەشانازییەوە باسی ئازادی رادەربرین دەكەن، هەرچەندە ئێمە هەڵگری كلتوری رۆژهەڵاتین، لەو كەلتورەی كە سێ مەسەلەی گرنگ كەمترین ئامادەییان تیادا هەیە، ئەوانیش لێبوردەیی و ئازادی و دادپەروەریە، هەرچی پەیوەندی بەو سێ چەمكەوە هەیە، بوونەتە قوربانی دابونەریت و دەسەڵاتە كۆنەپارێزەكان، لەبری داواكردنی ئازادی لاشەی ساردوسر دەبینین ، لەبری دادپەروەری ستەمكاری ئامادەیی هەیە كە هەموو شتێك تەنها بۆچینێك ڕەوایە و هیچ شتێك بۆ كەسانی دی ڕەوا نییە، ئەو جیاوازییە گەورەیە دەبیندرێت كەلە نێوان ژیانی هاوڵاتیەكی ئاسایی و بەرپرسێكدا هەیە! بە كورتی ئەو چەمكانەی بەهایەكی مرۆیی و گەردونیانەیان هەیە غیابێكی گەورەیان هەیە لەكلتور و دەسەڵاتی رۆژهەڵاتیدا.

ڕەنگە ئاسان نەبێت لە دوای ئەو هەموو شەر و مال وێرانیەی بەسەرماندا هاتووە وەك كورد، دەستبەرین بۆ ئەو چەمكە جیهانیانە، چونكە قبولكردن و هەزمكردنیان لای بەرپرسان و حزبەكان ئاسان نیە ، چونكە دەمێكە راهاتوین كە ئازادی و لێبوردەیی و دادپەروەری ئەتك دەكرێت .

هەرچەندە ڕای جیاواز بوونی هەیە بەلام لە دەرەوەی چوارچێوەی حزبەكانە، بۆ ناوخۆیشیان یەک گوتار یەک وێنە پەیرەو دەكرێ، یەک کەس لەجیاتی هەموان بیردەكاتەوە، یەك كەسیس بڕیارەكان دەدات. . .

ئازادی و دیموکراسی کاتێک مەبەست دەپێكێت و قیمەت و بەهای دەبێت ، کە رای بەرامبەرەکەت قبوڵ بکەیت و بیسەلمێنیت کە دژایەتی ناكەیت و قەناعەتت وابێ كە ناكرێ بەرامبەرەكەت دەبێ وەک تۆ بیربکاتەوە، واتا دەبێ بتوانێ لە بڵاو کردنەوەی بیرۆكە ووتارە و بۆچونی دژ بە تۆ بخاتەروو .