ماوەیەکی زۆرە ئەمویست لە هەموو بابەت و فەزایەکی خولقێنەری سیاسی دووربکەومەوەو هیچ شتێك دەربارەیان نەبێژم و نەچمە ناو ئەو شەڕە بێ مانایەی کە کۆمەڵێك حیزبی سیاسی و گروپێكی بەناو ڕۆشنبیر و ڕاگەیاندنکاری ئەهلی لە سێبەری حیزب و کەسایەتیە سیاسیەکاندا، مەیدانیان بۆ سازکردوەو دەخوازن هەموو میللەت ڕابکێشنە سەر ئەو شەقامە بێ مەعریفی و بێ موڕاڵیە نەتەوەییەی کە ڕەوڕەوەی عەقڵیانی بەسەرا گوزەر ئەکات، بەڵام ئەوەی منی راکێشی مەیدانەکە کردەوە بریتیە لە دوو ووشەی ئاوێتەبوو بەیەکتر کە ئەویش " بەرەی گەل" ە.

بەرەی گەل بە حیزب، لایەن، گروپ، یان چەند کەسانێك ئەوترێت کە هەمیشە داکۆکیکارێکی سەرسەختی داواکاری و پێداویستە هەنوکەیەکانی میللەتن، لەگەڵ ئێش و ئازارەکانیان دەژین، هەمان ئاستی بژێوی و ژیانی میللەتیان ئەبێت، لە وەرگرتنی پلەو پۆست هەر خزماتکاری گەل ئەمێننەوە. لەبەرامبەریشدا، گروپ و خەڵکانێکی تر دژ بە بەرژوەندیەکانی میللەت و بژێوی ژیانی کۆمەڵگا دروست ئەبن، هەردەم خوازیاری بەخشینی ئەوپەری خۆشی ژیانی خۆیان و دارودەستە و لایەنگرە کۆیلەئاساکانیانن لەسەر قوتی میللەت.

هەرکاتێك پڕۆژەیەکی سیاسی یان باس و خواستی هەڵبژاردن هاتبێتە پێشەوە لە کوردستان، فەوزایەکی ئەوەندە بێ ماناو بۆگەن لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دروست بووە کە هیچ مرۆڤێك ناتوانێت بە دروستی بزانێت کامە بەرەی گەلەو، کام گروپەش لە دەرەوەی بازنەی گەلەوە سەمای سیاسی ئەکات !!. دوایین قەیرانی سیاسی هەرێمیش لە دانیشتنی پەڕلەمانی کوردستان لە ٢٤ ی حوزەیران دروست بوو، کە تاییدا بە بەشداری جێگری سەرکونسڵگەری جمهوری ئیسلامی ئێران !! خوێندنەوەی یەکەم بۆ ٣ پڕۆژە یاسای جیاوازی سەرۆکایەتی هەرێم کرا، بە ئامادە بوونی نیوەی ئەندامەکانی و بایکۆتکردن و غیاباتی تەقریبەن نیوەکەی تری ئەندامانی پەڕلەمان، چونکە لە کۆی ١١١ ئەندام پاڕلەمان تەنها ٥٧ ئەندامیان ئامادەی دانیشتنەکە بوون لە بەرامبەردا ٥٤ ئەندام ئامادە نەبوون. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەو لایەنانەی کە ئامادەی کوبوونەوەکەی پاڕلەمان بوون ( گۆڕان، یەکێتی نیشتیمانی، یەکگرتووی ئیسلامی، و کۆمەڵی ئیسلامی) بەرەی گەلن ؟!! یاخود بەرەکەی تری لایەنەکان ( پارتی، تورکمان و مەسیحیەکان، سۆشیالیشت و ئاڕاستەی سێەم و چەند ئەندام پەڕلەمانێکی چوار لایەنە ئامادەبوەکە) لەچوارچیوەی بەرژەوەندیەکانی بەرەی گەلدا بەشدار نەبوون؟!!.

ئاشکرایە کە تاکەکانی ناو کۆمەڵگا گەل پێك دەهێنن، بۆیە ئەشێت دەنگی گەل بەشێوەیەکی ڕێژەیی بەسەر چەندین حیزب و لایەنی سیاسی جیاوازدا دابەش ببێت و لە ئاکامدا حکومەتێك دروست ببێت کە ڕەنگدانەوەی دەستەڵاتەکانی گەل بێت. حیزبی گۆڕان کە خاوەنی ٢٤ کورسی پەڕلەمانە لە کۆی ١١١ کورسی، خۆی بە بەرەی گەل ئەزانێت و پێیوایە گەل دەنگی پێداوە!!!، لەبەرامبەریشدا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە ١٨ کورسی پەڕلەمانەوە وای ئەبینێت کە حیزبێکە هەمیشە لە بەرەی گەلدا بوەو بە بەردەوامی قەلغانی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی گەل بووە!!!، لەولاشەوە حیزبە ئیسلامیەکانی ( یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی و بزوتنەوەی ئیسلامی) کە خاوەنی ١٧ کورسی پەڕلەمانن، لەوە دڵنیان کە دەنگی کورسیەکانی ئەوان دەنگی ڕەسەنی گەلە!!!. من سەد لە سەد لەگەڵ ئەوەدام کە دەنگی کورسیەکانی ئەو لایەنانە دەنگی گەلن، چونکە سەرەتا ووتم دیموگرافیایی دەنگی سیاسی گەل دابەشی کۆمەڵێك حیزب و لایەنی سیاسی ئایدیا جیاواز ئەبێت، کەواتە ئەوانیش هەریەکەیان بەپێی حەجمی وجودو کاریگەری حیزبیان لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان گەل دەنگی پێداون. ئەوەی لێرەدا ناکرێت ئینکاری بکرێت ئەوەیە کە گۆڕان بە ٢٤ کورسیەوە خۆی بە خاوەنی بەرەی گەل بزانێت، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان کە گەورەترین کوتلەی پەڕلەمانیەوە خاوەنی ٣٨ کورسی پەڕلەمانە هەر زۆر بە سادەگی بیخەیتە ئەودیوی دیواری بەرەی گەل!!!، یاخود یەکێتی و بە ١٨ کورسیەوە پارتی بە بەرەی دژە گەل پێناسە بکاتکە ڕێژەی کورسیەکانی دوو ئەوەندەوکەسرێکی یەکێتیە!!!. لەولاشەوە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەورێکی زۆر نێگەتیڤانە ئەگێڕن لە خۆشکردنی ئاگری شەڕ و نانەوەی ئاشوب و دووبەرەکی لە بەینی لایەنە سیاسیەکانی کوردستاندا، کەچی هەریەکەشیان خۆی بە گەل و بە چەقی هێزی بەرەی گەل ئەزانێت!!. کەناڵی تەلەفیزیونی ڕوداو ئەچێت چوار بە ناو ڕۆشنبیری اهلی سێبەر ئەهێنێت و لەبەرنامەیەکی سەقەتی چوارقۆڵیدا لەسەر کێشە سیاسیە هونوویەکانی کوردستان گفتوگۆ ئەکات، بەڵام هەموو ئاڕاستەو نەهجی بەرنامەکە زیاتر بۆ قسەکردن و لێدانە لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان!!! لەولاشەوە وەکو رەد فعلێکی سیاسی کەناڵێ NRT دێت بەرنامەیەکی هاوشێوەی ڕوداو دروست ئەکات و ٣ ڕۆشنبیری داخ لە دڵی دژە پارتی و بارزانی ئەهێنن لە ژێر دروشمی گفتوگۆی سیاسیدا بۆچون و بیروباوەڕە شەرانگێزو چەوتەکانیان بەرامبەر بە پارتی و ماڵباتی بارزانی ئەخەنە ڕوو، کەچی بەخۆشی ئەڵێت تاکە کەناڵی ئەهلی بێلایەن !!!. گۆڤاری لڤین لە 90%ی وتارو هەواڵەکانی هەڵبەستراون بە دژایەتی پارتی و شەخصی بارزانی، کەچی کاك ئەحمەد میرە پێیوایە لڤین وجەنابیان تەنها ڕاگەیاندنکارە کە بێ لایانانە شرۆڤەی بابەتە سیاسیەکان ئەکات بە بەرژەوەندی گەل، عەجەب گەلۆ!!!. هەموو ئەو کەناڵ و مەڵپەڕە بەناو ئەهلیانەی کە سەرنوسەرەکانیان خەڵکی لیوای سلێمانین و دانیشتووی زۆنی سەوزی جاران و نیلی سەوزباوی ئێستان، هەمیشە هەگبەکەیان پڕە لە دژایەتی پارتی بەگشتی، بارزانی بەتایبەتی!!، لەبەرامبەردا ماڵپەڕەکانی زۆنی زەرد هەمان کردەوە ئەنوێنن بەرامبەر گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی، هەموو ئەمانەش خۆیان بەزمانحاڵی گەل ئەزانن!!! لێ هەموو ئەو کەناڵ و ڕاگەیاندنکار و ووتاربێژانەی کە لەسەر ئەم جۆرە ڕیتمە وازیە سیاسیەکانیان ئەکەن، دەچنە دەرەوەی ئیرادەی بەرەی گەلەوە، چونکە دڵنیام کە ئەجێندای شەخصێکی نامەسئولی دژە گەل جێبەجێ ئەکەن کە لە ڤێلایەکەوە یان لەسەر کورسیەکی مدەوەری دەستەڵاتی نادادپەروەری یان لە گردێکەوە ئاڕاستە ئەکرێن و دەجوڵێنرێن. بۆیە ناکرێت لە زاری ئەم کەناڵ و ڕاگەیندنکارانەوە هێڵی بەرەی گەل و بەرەی دژە گەل بۆ خەڵک جیابکرێتەوە، شکور هۆشیارە گەل!!!. ئەگەر سەرنجێکی دور لە عاتیفەو دور لە لایەنگیری بدەین ئەبینین کەئەم پێنج حیزبە سەرەکیەی کوردستان (پارتی، گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتوو، و کۆمەڵ) گەل دەنگی پێداون، هەر پێنج حیزبەکەش بەشێوەیەکی سیاسی و یاسایش دانیان ناوە کە دەنگەکانیان ڕاستەقینەن و لە گەلەوە سەرچاوەی گرتوە، هەربۆیەش ئامادەبوون لە ژێر چەتری یەك حکومەتی تەوافوقی و پێکەوەیی خزمەتی گەل بکەن، لێ تا چەند ئەم حکومەتە سەرکەوتووبوە، ئەمە بابەتێکی ترەوە ئەکرێت جارێکی تر باسی لێوە بکەین. نوسەرو پڕۆفیسۆری گەورەی ئەمریکی ئۆلیڤەر هۆڵمس ئەڵێت" یەك ئاڵا، یەك خاك، یەك دڵ و یەك دەست، زامنی مانەوەی نەتەوەیەکە بۆ هەمیشە"،  لێرەدا پێویست ناکات چی دیکە خەڵك چەواشە بکەین، چونکە ناکرێت (تۆ) یەکی خاوەن حەجمێکی دیاریکراوی جەماوەری، خۆت بە خاوەنی گەل و بەرەی گەل بزانیت، بەڵام (من) ێکی خاوەن دوو ئەوەندە حەجمی جەماوریی تۆ، بە بەرەی دژە گەل ناومم ببەیت!!!، چونکە هەر چۆن پڕۆژەکانی تۆپڕۆژەی فیئەیەکی دیاریکراوی گەلە و نابێتە پڕۆژەی هەموو گەل، لەبەرامبەریشدا پڕۆژەکانی منیش هەر وەکو ئەوانەی جەنابتە، بەڵام ئەکرێت بە گفتو گۆو سازان بگەیەنە پڕۆژەیەکی هاوبەشی وا کە هەموو گەل یاخود هیچ نەبێت زۆرینەیەکی ڕەهای گەل کۆك بن لەسەری. ئەبراهام لینکۆلن ئەڵێت" بە هێواشی بەرەوپێشەوە ئەڕۆم، بەڵام هەرگیز ناگەڕیمەوە بۆ دواوە"، ئێمەش ڕێگەیەکی باشمان بڕیوەو بێگومان بە قوناغی زۆر سەخت و دژواردا بەبەخشینی دەریایەك لە خوێنی شەهیدان تێپەڕیوین، بۆیە پێویستە هەموومان هێزێکی پاڵنەری کاریگەربین بە ئاراستەی بەرەوە پێشبردنی زیاتری ڕەوڕەوەی دۆزی سیاسی نەتەوییمان، نەك بیگێرینەوە چەند قۆناغێكی پێشتر، ئەوکاتە هەموومان پێکەوە ئەبینە بەرەی گەل.

نەوزاد حسین محمود

مامۆستای زانکۆ