ئەگەر بەشێوەیەکی ئەکادیمی پێناسینێك بۆ ووشەی کویلە بکەین، ئەوا ئەتوانین بوترێت، کۆیلە بریتیە لەو کەسەی کە بەشێوەیەکی ڕەسمی ئەبێتە موڵکی کەسانێکی تر، واجبە لەسەری کە ملکەچی سەرجەم خواست وفەرمانەکانی بێت لەبەرامبەر پێدانی مافێکی زۆر سادەو کەم بە کەسی کۆیلە، واتە ئەوەی ئەبێتە کۆیلە مافی خاوەندارێتی خودی نامێنێت و پێویستە بۆ حەزو ئارەزووی خەڵکانێکی تر بژیت.

مێژوی دروست بوونی کۆیلە هەر لەگەڵ دروستبوونی شارستانیەتە کۆنەکانی ڕابردوو سەری هەڵداوەو دەرکەتووە، کۆنترین شارستانیەتی مرۆڤایەتیش بریتیە لە شارستانیەتی سۆمەریەکان کە مێژووی دروستبوونی دەگەڕیتەوە بۆ نزیکەی ١٠هەزار ساڵ، شوێن و چەقی هێزی دەستەڵاتەکەی بریتی بووە لەم عێراقە پڕ قەیراناوییەی ئێستا!!کەواتە سۆمەریەکان، یان باشتر وایە بڵێین عێراقی کۆن، بە خولقێنەرو خستنەبازاڕی کۆیلە دائەنرێت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، پاشان لە ناو سەرجەم شارستانیەت و دەستەڵاتە کۆنەکانی تری وەکو (یۆنان، ڕۆما، ئەروپای چاخەکانی ناوەڕاست،  مصر و دواهەمینیان کۆیلەبوونی ڕەش پێستە ئەفریقیەکانی ئەمریکا) کۆیلەبوون دیاردەیەکی باو و بازاڕێکی گەرمو داهاتێکی گەورەی شانشین و بزنسمانانیسەردەم و حوکمی دەستەڵاتەکانیان بووە.

لە کۆندا کەسێك لە ڕووی جەستەییەوە ئەوەندە بێ هێز بووبێت کە نەتوانێت بژێوی ژیانی دابین بکات و ڕژد بێت لەسەر بوونی خۆی، هەمیشە لەلایەن خەڵکانێکی تری باڵادەست و بەهێز، ناچاری کۆیلە بوون کراوە، لەبەرامبەر پێدانی چەند ژەمە خواردنێك و نانەسکێکی کەمدا خراونەتە ژێر باری کۆمەڵێك کاری ئەوەندە سەخت و دژوار، کەکەرەستەو تەکنەلۆجیا پێشکەوتووەکانی ئەم سەردەمەش خەجاڵەت ئاسا لە توانستیان دەڕوانن!!. لێرەدا ئەتوانین بڵیین کە چەمکی ئەساسی دروست بوونی کۆیلەو کۆیلایەتی لە کۆندا پڕۆسەیەك بووە زیاتر ڕەهەندێکی ئابووری لەخۆگرتوە، کە تیایدا خەڵکانێك کە خاوەنی هێزو دەستەڵات بوون ئەبوونە ماستەر و گەورە، لەبەرامبەریشدا کەسی بێ هێز ئەبوونە کۆیلەو بەندە، بەڵام کۆیلەکان هەرگیز ئاواتەخواز نەبوون بەژیانی پڕمەرگەساتی کۆیلەبوونی خۆیان، هەرکاتێك هەلێکیان بۆ ڕەخسابێت بۆ ڕزگاربوون لە ژیانی کۆیلایەتی ئەوە بێگومان ئەنجامیان داوەو ئامادە بوون بچنە ژێرباری هەموو زەحمەتیەکەوە بۆ ئەوەی لەلایەن گەورەکانیانەوە لە کۆت و بەندی کۆیلایەتی ئازاد بکرێن.

ئەو ووشانەی ئێستا زیاتر وەکو تۆمەت و ڕەد فعلێکی سیاسی، ماڵپەڕو پەیجە دروستکراوە حیزبیەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی وەکو فەیسبووکیان تەنیوە بریتین لە " کۆیلە، ماستاوچی، مەسینە هەڵگر، خزمەتکار، پانکەرەوە، . . . " کە هەموو ئەمانەش ئەچنە خانەی کۆیلەبوونەوە. هیچ کەسێك ناتوانێت پێداگربێت و جاوبەستەگی بکات لەوەی کە ئەم عێراقەی ئیستای لەمەڕ خۆمان، بە تایبەت هەرێمی کوردستان، کۆیلەو کۆیلایەتی تیایدا پڕۆسەیەکی پێچەوانە و مانایەکی جیاوازتری هەیە لە کۆیلەی عێراقی سۆمەریەکان. لێرەدا کۆیلەگەلێکی تایبەت خولقێنراون کە خەڵکی خاوەن هێز یاخود مەسئول پێویست ناکات بەدوای کۆیلەدا بگەڕێت، بەڵکو خەڵك خۆیان ئەچنە بەر قاپیان و داوا ئەکەن مەرحەمەت بنوێنن کە قات و بیجامەیەکی کۆیلانەیان بکەنە بەر بۆئەوەی تا مردن خزمەتکاربن و بچوکیان بکەن!!. کۆیلەی جاران تەنها بە جەستە ئەبووە کۆیلە، بەڵام ئەمانەی هەنووکە ڕەگی کۆیلە بوون لە ناخ و ڕۆحیاندا ڕەگی داکوتاوەو چەکەرەی کردوە، بۆیە هەرگیز ناتوانن ئازادبن لە ڕوحی کۆیلایەتیان. لێ ئەو زاراوەی " کۆیلە" ی کە ئەمڕۆ لەڕاگەیاندن و فەیسبووك و شەڕە ووتاری هەندێك لە کۆلکە ڕۆشنبیرەکانی کورد ئەبینرێت، ئەمە تەنها وەکو چەکێکی پاراستنی هەندێك لە حیزب و مەسئولی گەندەڵکارو دۆڕاو بەکاردێت لەبەرامبەر هەر کەسێك کە ڕەخنە بگرێت و لاری و چەوتیەکانیان دەستنیشانبکات و ملکەچی چەواشەکاریەکانیان نەبێت.

ئەگەر سەرنجی ووتارو هەواڵی ڕۆژانەی ماڵپەڕو پەیجە سێبەرەکانی ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکانی گۆڕەپانی سیاسی کوردستان بدەین، بەجۆرێك زاراوەی کۆیلە بەکاردەهێنرێت کە هەموومان گومان لە کۆیلە بوونی خۆمان ئەکەین!!. هەرکاتێك مەسئول، کادر، ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕەخنەیان گرتبێت لە بۆچوونێكی سەرکردەیەکی حیزبی گۆڕان یان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ڕاستەوخۆ پیانووتراوە کۆیلەکانی پارتی یاخود کۆیلەکانی بنەماڵەی بارزانی!!، چونکە بە دیدی ئەم حیزبانە پارتی بۆ ئەوە دروستکراوە کە ئەبێت قڕوقاپ بکات لەبەرامبەر هەر ڕەخنەو قسەو هەڵبستراوێك کە لەلایەن نەیارەکانیەوە ئاڕستەی ئەکرێت وهەرکادرێکی پارتیش بێتە وەڵام، ڕێك و دروست بەرگێکی کویلەیی ئەکەن بەبەراو لەبەرچاوی میللەت نمایشێکی جوان و شایستەی بۆ ئەکەن و بە قەولی خۆیان سوك و ڕیسوای ئەکەن، باشە ئەوە گریمان ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان هەموویان کۆیلەن!!خۆ هەر کاتێك ڕەخنەیەك یان پەنجە تۆمەتێك بۆ تاڵەبانی و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دروست بکرێت، ئەوا هەزاران کادرو لایەنگری یەکێتی ئامادەیە بە تونترین شێوە وەڵام بداتەوە و بەرگری بکات، ئایا ئەمانەش لە چوارچێوەی کاری حیزبیدا بەرگری لە حیزب و تاڵەبانی ئەکەن یانیش ئەبنە کۆیلەی تاڵەبانی؟!!، ئەگەر کۆمەڵێك گەنجی یەکێتی خەڵکی هەولێر بهێنیت و رەخنە لە بەڕێز کۆسرەت ڕسوڵ بگریت و پەنجەی گەندەڵی وتۆمەتی بۆ دروست بکەیت، دڵنیابە کە ئەگەر بە یەكجاری بلیتی دونیاکەی ترت پی نەفرۆشن، ئەوا هەر بەشەق و زلە هەتا لێواری تونێرەکەت ئەبەن، ئەکرێت ئەمانە کۆیلەبن یان چی!!!. هەڵسوڕاو ولایەنگرانی حیزبی گۆڕان پشکی شێریان بەردەکەوێت لە بەخشینەوەی تۆمەتی کۆیلە بوون بە دۆست و لایەنگرانی حیزبە نەیارەکانیان بە تایبەتی پارتی و یەکێتی، بەڵام کام شێرە کوڕەی کورد ئازایەو زاتی ئەوە ئەکات با بچێت لەبەر دەرکی سەرای سلێمانی دەست ڕابوەشینێت و بە بەڕێز نەوشیروان مستەفا بڵێت جەنابیشت وەکو ئەوانی تر گەندەڵوتاوانباریت،  بۆیە پیویستە وازبهێنیت لە فریودان وچەواشەکاری میللەت!!، ئەوکاتە بزانە چۆن ئەکەوێتە بەر ڕەحمەتی ئاپۆڕای شەق و زلەو تێڵاکانی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان و زۆرجوان درەختی دەم و چاوی داغانکراوی خۆی دەبینێتەوە کە چۆن قۆخی شین و سوری جوانی گرتوە، دەی کەواتە ئەکرێت بوترێت ئەندام و لایەنگرانی گۆڕانیش کۆیلەی نەوشیروانن هەروەکو پارتی و یەکێتی و حیزبەکانی تریش یان ئەم ئەتوارە ناو ئەنێن چی؟!!

 ئەگەر قەراربێت هەموومان پێکەوە بەشداربین لە دروستکردنی کۆمەڵگایەکی تەندروست و دور لە دەستەڵات و چاوچنۆکی مەسئولی گەندەڵی کورد، پێویستە ڕۆحی ڕەخنەگرتن و یەکتر قەبوڵکردن لە ناخماندا دروست بکەین، بۆختانی کۆیلە بوون نەدەینە پاڵ یەکتر با بیروبۆچونی سیاسیشمان چوون یەك نەبێت، چونکە ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان دابەشی سەر ئەندام و لایەنگرانی ( پارتی، گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ و ئەوانی تر) بووە. ئەگەر ئەمانەش هەموویان کۆیلە بن، کەواتە هەموو کورد کۆیلەیەو کوردستانیش کۆیلەستان.