ئەو ڕۆژەی کەسێکی نوێ دەبێتە ئاشناو هاوڕێت دڵخۆش بەپێی لەوانەیە ببێتە هۆکاری بەختەوەریی و گۆڕینی هەموو ژیانت بۆیە مرۆڤەکان چەندە زاناو هۆشیار بن نازانن سبەینێ چی دەگوزەرێت . . . !!! . دەمەوێت بە جێ بەجێ کردنی ئەم هاوکێشەیە هەموو کەسێکمان خۆش بوێت و گرنگی بەچواردەورمان بدەین لەئەنجامدا نەتەوەیەکی باش و پێشکەوتوو دروست دەکەین و بەختەوەریی بەدەست دەهێنین .

سوڵتانی بەختەوەریی فەرهەنگی نەتەوەیەکی زۆر پێشکەوتووی مرۆڤایەتی یە فێری هاوکێشەیەکی هاوسەنگی جوانمان دەکات کەلەڕۆحەوە چاکەو خۆشەویستی دروست ببێت و پاداشتەکەی بەرزیی و جوانی و گەورەیی مرۆڤمان بۆ دەردەخات و پێشمان دەڵێت : جوانی بچێنەو بەختەوەری بدورەوە خۆشەویستی بڕوێنەو لەئەنجامدا دارستانێک لەگووڵ وەربگرە بۆیە سوڵتانی بەختەوەریی فێری بەخشندەییمان دەکات فێری هەست جوانیی و کرداری چاکەو خۆشەویستیمان دەکات هەتا ژیان ئاسانترو ئاسودەترو ئەهوەنتر ببینین .

سوڵتانی بەختەوەری بیرو هۆش و ئەندێشەی مرۆڤەکان خۆیانە تۆ چەندە وەکو مرۆڤێکی باش کار بکەیت ئەنجامەکەی ئەوەیە کەچەندە ببەخشیت ئەوندە یان زیاتر بەدەست دەهێنیتەوە چەندە خۆشەویستی و میهرەبانی دابەش بکەیت لەکۆتاییدا سۆزو ڕێزو خۆشەویستی بەرامبەر وەردەگریت بۆیە دڵخۆشی و چاکەو ناڕەحەتیی و خراپە لەدەستی مرۆڤەکان خۆیاندایە . ئەم کاری خۆشگوزەرانی یە لەژیاندا وەکو کشتوکاڵ وایە چۆن گەنم و جۆ چاندن و بەرهەمەکەی هەندێکجار یەک و دەیە یان یەک و بیستە ئاواش چاکەو خێرو بەخشندەیی زۆر لەوە زیاترت بۆ دەچنێتەوەو بەختەوەر دەبیت لەکۆتاییدا چونکە خەسڵەتی ڕۆحی زۆربەی مرۆڤ و مرۆڤایەتی ئاوایە کەچاکەی کرد دڵخۆش و ئارام دەبێت بەپێچەوانەشەوە کاری خراپیش ئەنجامەکەی ناڕەحەتیی و دڵە ڕاوکێ یە بەروبومەکەشی بێ ڕێزی و پشت کردنە خۆتە لەلایەن دەوروبەرەوە بۆیە کاری باش بچێنەو بەختەوەری بدورەوە .

مرۆڤەکان بونەوەری کۆمەڵایەتین و دەبێت تێکەڵ بوون لەگەڵ کۆمەڵگادا بنەڕەتی بەختەوەری یە تۆی مرۆڤ بەبێ هاوڕێ و کەس و ئاشنا ناتوانیت هەم کارەباشەکان ئەنجام بدەیت و هەم بەختەوەربیت بۆ نمونە لەڕۆژێکدا هاوڕێ یەکی نوێت بۆ دروست دەبێت بەدڵنیایی یەوە دەبێت بەختەوەربیت ئەو کەسە ژن بێت یان پیاو گرنگ نی یە لەوانەیە تۆ لەسەرەتاوە بەسانایی وەریبگری و هاوڕێ یەتی بکەیت بەڵام لەوانەیە ئەوە ببێتە هەوێنی دڵخۆشی و سەرکەوتن و بەختەوەریی ژیانت لەوانەیە بەهۆی ئەو کەسەوە هەموو ژیانت بگۆڕێت بۆیە مرۆڤەکان هەموویان قورسایی و چاکەی خۆیان هەیە بۆ تۆو بۆ مرۆڤایەتی و بۆ ژیان .

هۆیەکی سەرەکی بەختەوەری تۆ ئەوەبێت کەڕوی دەم و چاوت گەش و ڕوت خۆشە لەگەڵ بەرامبەردا ڕوخۆشی ڕێزگرتنە لەدەوروبەر جوانی دەربڕینە هەست ناسکیی و میهرەبانی یە بۆیە کەوابوویت بەختەوەریت دەست دەکەوێت ڕێزت دەست دەکەوێت دەوروبەریش میهرەبان دەتبینن و جوان ڕەفتارت لەگەڵ دەکەن . ئەوەیە چاندن و دورینەوە ئەوەیە چاکەو گەورەیی تۆ کەدڵی کەسانیتر خۆش دەکەیت بەپێچەوانەوە کەمرۆڤەکان ڕویان تاڵ و ناشرین بوو خەڵکانیتریش ناڕەحەت دەکات لەئەنجامدا ئەو کەسە خۆیشی تاڵ و نامیهرابان دەبێت بۆیە لەفەرهەنگی ڕۆشنفیکری کەسە هۆشمەندەکان ڕووخۆشی یە چونکە ئەوە ڕێز نیشاندانە بەختەوەریشە بۆ بەرامبەر .

حەمید عەزیز

٢٠١٦ / ١١ / ١٦