پیرەمێرد ئەو بلیمەتەی کە هەر لە سەرەتای تەمەنیەوە دیاردەی بە توانایی و شارەزایی تیا دەرکەوتووە، هەر بۆیە لە تەمەنی پانزە ساڵییەوە چۆتە دەزگاکانی  میرییەوە و زوو زوو پلەکانی بەرزکراوەتەوە و تا چوونی بۆ ئەستەمبوڵ و پاش خوێندنی کۆلێژی یاسا و دەستبەکاربوونەوەکانی و دیسان بە هۆی دڵسۆزی و شارەزایی و کارامەیی و سەرکەوتنی لە کارەکانیدا، دوا کاری فەرمانبەری پارێزگاری شاری ئەماسیە بووە لە تورکیا . . پیرەمێرد یەکێک بووە لە نیشتمانپەروەرە نموونەییەکانی ئەو دەمەی تێایدا ژیاوە و رووناکبیرێکی بیر فراوان بووە، هەر بۆیە رۆڵی بەرچاوی لەنێو رۆژنامەکاندا هەبووە چ بە نووسین و بەرهەم یان وەک سەرپەرشتیار و سەرنووسەری گۆڤار و رۆژنامەکان . . پیرەمێرد گەرچی بەرهەمی ئەدەبی زۆرە، وەلێ بیر فراوانی و گەڕیدەیی ئەم پیاوە بلیمەتە وای کردبوو قووڵتر بەنێو کێشە و بابەتە هەمەلایەنەکاندا رۆچێ و بەتایبەت بابەتە کۆمەڵایەتییە تێهەڵکێش بە نیشتمانییەکان.

  ئا لێرەشەوە هەمیشە کە دەوترێت پێرەمێردی نەمر وەک فەیلەسوف و بیرتێژێکی سەردەمی خۆی هەڵدەسەنگێنرێ، رەنگە ئەم جۆرە شێوازە لە کۆمەڵی کوردەواریدا بە هۆی بن دەستی کورد و سەرقاڵبوون بە شۆڕش و دۆزە ناهەموار و داسەپێنراوەکانەوە وای کردبێت کە نەتوانرابێت مافی تەواو بدرێت بە کەسانی شارەزا و بلیمەت و داهێنەرەکانمان و بە جیهانیان بناسێنین وەک پێویست، دەنا وتە و پەند و داناییەکانی کەسایەتییەکی وەک پیرەمێرد دەبێت چی کەمتر بێت لە زۆربەی ئەو فەیلەسوفە بیانیانەی رۆژهەڵات و رۆژئاوا کە لە نووسینەکانماندا و بۆ برەودان بە راستبوونی گوزارشتێک و سازانی پاڵپشت بۆ بۆچوونێک نموونەی وتەکانیان دەهێنرێتەوە. نەک هەر ئەمە بەڵکو دەشبێتە کردنەوەی دەروازەی هەڤپەیڤینێکی زۆر لەسەر وتەی ناودارێکی بیانی، دەشێ حیکمەتەکانی پیرەمێرد و رۆچوونی بە نێو کون و کەلەبەرەکانی ژیان و پەیوەندییە هەمەجۆرەکاندا هێندە نەبن ڕوومان بێت لە زەمینەی دەرەوەی سنوورە داخراوەکانماندا هێند بەرز رایان گرین کە تەواوی میللەتانی دنیا تێبگەن کە کوردیش ئەوەندەی لەو فەیلەسوفانە هەیە کە لە جیهاندا وتەکانیان بە نموونە بهێنرێنەوە، ئەم کەلەبەرە گەورانەن کە تائێستا کۆمەڵی کوردی و دەسەڵات و بەرپرسی کوردی لەو بوارەدا فەرامۆشکراوە و نە دەزانین خاوەنی چین و نەدەزانین بؤ چی و چۆن سوودیان لێوەربگرین، ئاخر لەسەر و هەموو بلیمەتی و فەلسەفەی پێرەمێردەوە ئاگرێکی مێژوویی وەهای بۆ نەورۆز کردەوە کە هەرگیز ئەو بایەخ پێدانەی لەلایەن کۆمەڵی کوردەوارییەوە فەرامۆش ناکرێت و گڕ و کڵپەی بڵێسەی زۆرتر دەسێنێ، هەر ئەو زیندووکردنەوە و ناسینەی پیرەمێردیش بوو بۆ نەورۆز، هەزاران لاو و گەنجی ئەم میللەتە ململانێیان لەگەڵ رژێمی داگیرکەردا پێدەکرد و شیعرە مەزنەکەی پیرەمێردیان دەوتەوە رووبەرووی دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بەعس و تەواوی رژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان، هەربۆیە هەموو بەیەک دەنگ دەڵێین:

 ئەم رۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە 

 جەژنێکی کۆنی کوردە بە خۆشی و بەهاتەوە.

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

2015 / 06 / 19