هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێش 23 ساڵ، لە رۆژی 1992 / 05 / 19 وەدیهاتنی ئامانج و هیوایەکی لەمێژینەی گەلە چەوساوە و ستەمدیدەکەمان بوو، بگرە یەکەم نیشانەی ئەو راستییە بوو کە میللەتی کورد و پێشەنگە سیاسییەکەی خەریکە رەوڕەوەی دۆزی رەوای کورد و کوردستان دەخەنە سەر راستە رێگەی خۆی و ئاسۆی خۆبەڕێوەبردن لەبەردەم کورددا دەکەنەوە.

 ناحەزان و دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان هەر لە کۆنەوە، مافی پیرۆزی ئازادی و دیموکراسی و هەڵبژاردنیان لە گەلی کورد زەوت کردبوو، چونکە باش دەیانزانی بێ زەوتکردن و تەفروتوناکردنی ئەو مافە، کە بە ئاساییترین مافی مرۆڤایەتی دەژمێردرێت، رەنگە نەتوانن دەرگای شەڕی لەناوبردن لەبەردەم ئەو میللەتەدا بکەنەوە و هەرچی مافێکیتری هەیە پێشێلی بکەن، بۆیە رێگەیان لە هەڵبژاردنی ئازاد دەگرت . . رێگەیان لە دیموکراسی و چارەسەرێکی ئاشتییانەی کێشەی کورد دەگرت . . کوردیش لە بەرامبەر ئەو هەڵوێستەی دوژمنانیدا، تا دەهات سوورتر و مکوڕتر دەبوو لەسەر دیموکراسی و داوای مافی هەڵبژاردنی سەربەخۆ و باوەڕی بەوە توندتر دەبوو کە بەبێ مافە دیموکراسییەکان کێشە نەتەوەییەکە چارەسەر ناکرێ.

  کاتێ راپەڕین . . کوردستانی هەژاند و دامودەزگا سەرکوتکەر و داپڵۆسێنەرەکانی رژێمی بەعسی دڕندە و دیکتاتۆری راماڵی و ئازادی و رزگاری باڵیان بەسەر شار و گوندەکانی کوردستان داکێشا، یەکەم هەنگاوی گەورە و گرنگی بەرەی کوردستانی ئەوە بوو کە هەڵبژاردن بکرێ و پەرلەمان دابمەزرێ و کورد ئەو مافە یاساییەی خۆی بۆ یەکەمجار لە کەش و هەوایەکی ئازاد و سەربەخۆدا دوور لە چاوی دوژمنان بەکار بهێنێ.

 بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن ئەوێ رۆژێ و بەر لە بیست و سێ ساڵ، بەو شێوەیەش کە هەموو دەزگاکانی هەواڵ و راگەیاندن و رۆژنامەکانی جیهان ئاماژەیان بۆ کرد، سەلمێنەری ئەو راستییە بوو کە کوردیش وەک هەموو میللەتانی جیهان، توانای بەڕێوەبردنی خۆی هەیە و شایستەی ئەوەیە دامودەزگای ئازادی خۆی هەبێ وەک رەگەزێکی هێمنی و ئاسایش لە ناوچەکەدا ژیان بەرێتەسەر.

  سڵاو لە یەکەم هەڵبژاردنی ئازاد . . سڵاو لە دامەزراندنی یەکەم پەرلەمان. دروود بۆ رەوانێ پاکی هەموو ئەو شەهیدانەی گیانی خۆیان کردە قوربانی و بە خوێنی سووریان ئەم رۆژەیان بۆ گەلەکەمان دروست کرد . . سڵاو لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە قەڵغانی پاراستنی دەستکەوتەکانن.