لە شکۆداری شەهیدانی کوردستاندا، لە مەزنی و گەورەیی هەموو ئەوانەی رۆحیان دەکەنە قوربانی خاک و نەتەوە لە پێناوی مانەوەی میللەتێکی زیاتر لە چل ملیۆن لە ژیاندا، هەناسەیەکی پڕ سۆز دەکەمە ووشە و سواری شەپۆلەکانی هیوایان دەکەم و رۆحی هەموان گوڵاو پرژێن دەکەم، سنگە پڕ حەسرەتەکان، دەکەمە لانکێکی تر بۆ شەهیدان و ئەو کیژانەی دەستیان لە ملی تفەنگێکی نەخوازراو کردووە تا لە جەنگڵستانە تاریکەکاندا خۆیان بپارێزن و نەبنە کۆیلەی نەفامە پڕ هەوەسەکان، دڵم دەکەمە هەواری پڕ نازی ئەو پێشمەرگانەی لە سەنگەرەکانی پێشەوەدا چاویان چاوی هەڵۆیە، چنگیان پڕ لە گڕو ناخیان پڕ لە بڕوایە.

  دەمەوێت لە گەشتێکی سۆفی ئاسادا بچمە ئەندێشەی فەنا بوون لە نێو رۆحیانەتی شەهیدانا و وەلێ پێنازانم رۆحم بکەمە پەروانەی کامە پۆلە شەهید، شەهیدانی کامە کارەساتی کۆمەڵ کوژ، شەهیدانێ قەڵادزێ و شەهیدکردنی زانست و زانستپەروەران   یان دیمەنە تراژیدیاکانی پێنج هەزار عومەری خاوەر و منداڵە شیرەخۆرەکەی لە هەڵەبجەی بە گازی کیمیاوی خنکێنراو، یان دۆڵی بالیسان و بادینان و شێخ وەسان و سێوسینانی لە ژەهر هەڵکێشراو یان هەڤاڵانی شەهیدی نێو سەنگەرم، یاخود ئەو جەربەزە خۆراگرانەی پەتی رەگەزپەرستی دوژمنکارانە خرایە گەردنیان و گیانیان بەخشییە کورد و کوردستان.

  لە بیرم دێ و هەموو مێژووی میللەتەکەم هەروابووە . . دامێنی ئاهەنگەکانی چۆڕاوگەی خوێنیان لێدەرژا و ناخی پڕ لە ئازار و خەفەتیان بە زەردەخەنەکانی خۆڕاگری دەشاردەوە و هەرگیز نەیانهێشتووە دوژمنانیان سەرمەستی خۆشی ئەو کارە قێزەونانە بن کە دەرهەق بە رۆڵەکانی کورد دەیانکرد. ئەمڕۆ ئەوە دواکەوتن و جەهالەت . . ئەوەش پێشمەرگەی کوردستانەکەم، کە لە بری هەموو جیهان شەڕ لەگەڵ تیرۆردا دەکەن و رووبەڕوویان دەوەستنەوە، ئەمڕۆ پێشمەرگەی میللەتەکەم لەوێ مرۆڤ پارێزە و لێرە و تەنانەت بۆ هەموو پایتەختەکانی جیهان و لەباتی هەموو مرۆڤایەتی شەر دەکەن و دە جەنگن دژ بە خوێنخۆرو مرۆڤکوژ و کاولکارەکانی شارستانیەت . . سەرم بەرزە کە کوردم جێی شانازیمە ئەمڕۆ هەموو میللەتان و سەرۆکەکانی جیهان ووشەی پێشمەرگە فێر بوون و پێشمەرگە بۆتە زاراوەیەکی جیهانی.

  بە درێژایی مێژووی خەباتی میللەتەکەم هەرگیز پەلاماری خاکی میللەتێکی نەداوە و تەنیا و تەنیا لەسەر سنووری خاکەکەی خۆی بەرگری و داکۆکی لە مافەکانی خۆی کردووە و چاوی نەبڕیوەتە خاکی نەتەوەیەکی تر، ئەمڕۆ کاتێک مرۆڤایەتی       لە مەترسیدایە لەبەردەم کوشتارگەیەکی دڕندانە، پێشمەرگەی کورد . . پێشمەرگەی کوردستان لە رابەری پێشەوەدایە، لەهەر تاریکییەکدا کە دەوترێت پێشمەرگە، چراکان دادەگیرسێن، لە هەموو ئازارێکدا کە دەوترێت پێشمەرگە، برینێک سارێژ دەبێت . . لە هەموو ترسێکدا کە دەوترێت پێشمەرگە، ورەکان بەرز دەبنەوە. کاتێک پێشمەرگەیەک شەهید دەبێت لەم جەنگی تیرۆرەدا، ئەوە بە تەنیا مرۆڤێکی کورد نیە گیان لەدەست دەدا، بەڵکو مرۆڤێکی تریشە لەهەر کوێیەکی ئەم جیهانە بێت، کاتێک کچێکی جوان و نازداری میللەتەکەم لە سەنگەردایە و شەهید دەبێت، ئەوە هەموو کچانی ئەوروپایە شەهید دەکرێن، کاتێک دایکێک بە دەستێکی شیردەداتە منداڵەکەی و بە دەستەکەی تریشی چەکی هەڵگرتووە، ئەوە مژدەی ئایندەیە و دوا هەواڵی گیانبازییە بۆ عەرشە بێ دەنگەکانی ئەم دنیایە.

  ئەی شەهیدانی کوردستانم . . ئەی شەهیدانی راستگۆیی . . باڵاتان لە باڵای هەمووان بەرزترە، مێژووتان لە مێژووی هەمووان سەروەرترە، بە تەنیا ئێوە پیرۆزن و تاجە گوڵینەی رێز و وەفاداری لە دامێنی نزرگەکانتانا دادەنرێت.

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

28 / 03 / 2015