پەنجا و نۆ ساڵ لەمەوبەر، هەواڵێکی کتوپڕ خەڵکی چارەنووسخوازی کوردستانی دڵ شکاند . . پەنجا و نۆ ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژی ( 09 / 10 / 1956 ) سەرکردەی خەباتگێر و مەزن مەلیکی کوردستان ( شیخ مەحمودی حەفید ) کۆچی دوایی کرد و تەرمی پیرۆزی لە بەغداوە بەرەو پایتەختی کوردستان ( سلێمانی ) هێنرایەوە، ئاپۆرەی بێ ئەندازەی ئەو جەماوەرەی یاوەری تەرمی ئەم خەباتگێڕە بوو، بووە جێ سەرنجی هەموو حکومەتە زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە. گەورە و بچووک، ژن و پیاو، لە هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان بە رێپێوانێکی دڵ پڕ لە حەسرەتەوە پێشوازی ئەو تەرمە پیرۆزەیان دەکرد . . پەنجا و نۆ ساڵ لەمەوبەر، دوژمنانی کورد و دارودەستەکانیان بە مردووییش لەبەردەم سام و کارتيکردنی ئەم سەرکردە هەڵکەوتووەدا دەسڵەمینەوە و ترس و لەرز رووی چەکی پێکردنە رێپێوانەکەو تەرمی شێخی نەمریان دایە بەر دەستڕێژی گوللەی ناپاکی و گوڵگوڵی خوێنینیان کرد.

شێخی نەمر بە تەنیا سیاسەتمەدار و پیاوێکی رەوشت بەرزی ئایینی نەبوو، بەڵکو بەهرەی شیعر نووسینیشی هەبوو . . لە یەکێ لە شیعرەکانیدا دەفەرمووێت:

نامەوێ ژینی ئەسارەت، بەسمە عومری گومڕەهی

نایکەمە سەرخۆم بەدەستی موددەعی، تاجی شەهی

قەت بە ئەمری دوژمنانم، نامەوێ فەرمانڕەهی.

شێخ مەحمود، هەر لە سەرەتای خۆناسین و هەستکردنی بە ئازاری میللەتەکەیەوە، پشتێنی خەبات و کۆڵنەدانی بەست . . لەو دەمەیدا کاتێک رووداوەکانی جەنگی جیهانی یەکەم و شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە رووسیا، گۆڕانکاری زۆری بەدووی خۆیاندا دەهێنا، شێخی نەمر، سەرقاڵی پەیوەندیکردنی دیپلۆماسیانە بوو تا لەنێوان گۆڕانکارییەکاندا دەستکەوتێکی مەزن بۆ کورد بەدەست بهێنرێت . . ئاکام لە رۆژی 01/ 11 / 1918 حکومەتی کوردستان دامەزرا و شیخ مەحمود هەڵبژێردرا بە مەلیکی کوردستان.

شێخی مەزن لە روانگەی بڕوابوون بە دیموکراسییەت و پەرۆشبوون بۆ کێشەی میللەتەکەی، هەموو چین و توێژەکانی لەخۆ کۆکردبۆوە . . ئاکامی چاوچنۆکی و بەرژەوەندپەرستی وڵاتانی زلهێز و ناوچەکە لە 22/ 07 / 1919 دا کۆتایی بە دەسەڵاتی مەلیک مەحمود و حکومەتی کوردستان هێنرا. مەلیکی کوردستان ( مەلیک مەحمود ) هەمیشە بەرەنگاری پلان و هێڕشەکانی دوژمنانی کورد دەبووەوە و پێی شوورەیی بووە خیانەت لە کورد و کوردستان بکات . . بەرژەوەندی میللەتەکەی لە پێش بەرژەوەندی کەسایەتی خۆیدا دەبینی . . خەباتگێڕی و رەوشت بەرزی و قارەمانیەتی شێخی مەزن و سەرکردە ببوونە کۆمەڵە داستانێکی ئەفسانەیی نەک هەر لای کورد، بەڵکو لای میللەتانی دەور و پشتیش.

هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی مەلیکی کوردستان ( شێخ مەحمود ) ی نەمر و هەموو شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان.