لەوكاتانەی هەموو مرۆڤایەتی بۆ كۆبانی دەستی لەسەر دڵ بوو، سەرۆك كۆماری توركیا و پیاوە بەناو میهرەبانە ئیسلامیەكە لە شاری (غازی عەنتاب) دەینڕاند و هاواری ده‌كرد:

(كۆبانێ تەواو و كۆبانێ كەوت )، ئەوان دەیویست (كۆبانێ) بكەوێت لە پێناو جێبەجێكردنی پلانی داكیركاری خۆیان و چاو تێبڕینیان بۆ خاكی رۆژئاوای كوردستان، هەر بۆیەشە داوای ناوچەی دابڕاویان دەكرد، تا ئەزموونی قوبرسێكی تر لە رۆژئاوای كوردستان دووبارە بكەنەوە .

ئەردۆغان و حزب و حكومەتەكەی نەك ئامادە نەبوون لایەنی كەمی ئیلتزامی مرۆڤایەتی خۆیان بەرامبەر كۆبانێ جێبەجیبكەن، بگرە ژێربەژێر هاوكاری تیرۆرستانی داعشیان دەكرد، زانیاریان پێدەدان و هاوكاری لۆجستیان بۆ دەكردن و رێگریان لە كۆمەك و هاوكاری هێزەكانی هاوپەیمان و كوردانی پارچەكانی تر دەكرد بۆ كۆبانێ، كاتێكیش هاوپەیمانان دەیانویست كۆمەكی سەربازی بۆ هێزەكانی شەرڤانان بنێرن، ئەوان مەرجیان هەبوو كە نا بێت چەك بگاتە دەست یەپەگەو پەپەژە، بەڵام هاوكێشە سیاسی و سەربازیەكان بە هۆی خۆڕاگری شەڕڤانان لە ناو( كۆبانێ) گۆڕانیان بەسەر هات و ئەمەریكا بەدەر لە ئیرادەی توركیا لە رێگەی ئاسمانیەوە چەكی گەیاندە كۆبانێ .

خۆڕاگری و بەرخۆدانی شەرڤانان لە كۆبانێ و هاوكاری هاوپەیمانان و چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ كۆبانی نەك هەر نەیهێشت كۆبانی بكەوێت و خەونی ئەردۆغان بێتەدی بگرە كۆبانی بووە سمبولی خۆڕاگری و بەرخۆدان كە ئێستا هەموو كورد و مرۆڤایەتی شانازی بەو بەرخۆدانە دەكەن بە تایبەت بەشداری شەڕڤانان لەو بەرخۆدانە.
هەموولایەك پێمان وابوو ئەردۆغان و ئەوانەی وەك ئەو بیردەكەنەوە دەرس و پەند لە پرسی كۆبانێ وەردەگرن و ئیدی خەون بە شكستی كورد لەو پارچەیە نابینن، بەڵام چونكە ئەوان هێندە داخ لە دڵن بەرامبەر كورد هەرگیز ئەو دەرسە وەرناگرن .

دوو رۆژە كە شەرڤانان لە هەوڵی ئازادكردنی گرێ سپی دان كە ئەو شارۆچكەیە گرنگیەكی سەربازی و ستراتیژی هەیە بۆ رۆژئاوای كوردستان و بۆ چەكدارانی داعشیش دەروازیەكی گرنگ بوو تا حكومەتی ئەردۆغان هاوكاریە لۆجستیەكانی بگەیەنێتە تیرۆرستانی داعش، جارێكی تر ئەردۆغان هاواری لێهەڵدەستێ و ئازادكردنی گرێ سپی بە مەترسی دەبینێت، خۆ ئەردۆغان لەو بارەیەوە راست دەكات چونكە بە ئازادكردنی گرێ سپی ئیدی ئەرۆغان ناتوانێن لەو دەروازەیە هاوكاری داعش بكات، وەك چۆن رۆژنامەی (حوریەت دیلی نیوز) ی توركی نووسیویەتی كە رۆژانە لەو دەروازەیە توركیا مادەی (ئەمۆنیۆم) ی بەناوی پەینی كیمیاوی بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش لە گرێ سپی رەوانە دەكرد كە ئەوانیش وەك كەرستەی خاو بۆ تەقەمەنی بەكاریان دەهێنا .

ئێستا ئەردۆغان بە ئازادكردنی گرێ سپی دەزانێت كوێی دێشێت، نایەوێت هاوسنوری داعش بە هێزێك بگۆڕێتەوە كە ئەو بە دووژمنی سەرسەختی خۆی دەزانێت، كە باشیش دەزانێت بە ئازادكردنی گرێ سپی ئیدی دوو ناوچەی گرنگی وەك جزیرەو كۆبانێ سنووری داگیركاری داعش لە نێوانیان نامێنێت و خەڵكی (كۆبانێ)ش بۆ گەیشتنی كۆمەك چاویان لە دەستی دەوڵەتی تورك نابێت، ئاادكردنی ( گرێ سپی ) دەبێتە قۆناغی دووەم دوای ئازادكردنی ( كۆبانێ) و تەواوی رۆژئاوای كوردستان لە دەست داعش و سنورێكیش دادەنێت بۆ هاوكاری لۆجستی پارتی دادوگەشەپێدان بۆ ئەو رێكخراوە تیرۆرستیە، هەربۆیەشە (گرێ سپی ) بۆتە گرێیەكە گەورە لەسەر دڵی ( ئەردۆغان) و ئەوانەی وەك ئەو بیردەكەنەوە .