حەوت مانگ دابرانى نەوشێروان مستەفا ریکخەرى گشتى بزووتنەوەى گۆڕان لە کوردستان نەک هەر کێشە ئاڵۆزەکانى کوردستانى بە ئاڵۆزى هێشتەوە، بگەرە چوونى بۆ دەرەوەى وڵات و مانەوەى و بێدەنگى لەسەر ئەو بارودۆخە چەندین لێکدانەوەى جیاجیاى بۆدەکرا، هەر لە تەندروستیەکەیەوە بگرە تا دۆخە سیاسیەکەى، هەموو ئەم قسەو لێکدانەوانەش بەدوو ئاڕاستەى جیاوە دەکران لە نێوان ئاڕاستەى دۆستانە و نەیرانە .

نامەوێت لیرەدا زۆرکاى کۆن بە با بکەم چونکە ئەوساش نەک هەندێ رام بەدڵ نەبوو بگرە پێم وابوو لە خزمەتى زیاتر ئاڵۆزکردنى دۆخى سیاسى کوردستانە، تەنیا لەسەر دۆخە سیاسیەکەى چەند نموونەیەک دێنمەوە، دۆخى دواى سەفەرى نەوشێراون مستەفا بە ئاڵۆزترین دۆخ دادەنرا، لە کوردستان پەرلەمان پەکخراوە، پەیوەندى نیوان لایەنەکان بە تایبەتیش نێوان پارتى و گۆڕان و پارتى و کۆمەڵى ئیسلامى لە لوتکەى ئاڵۆزى دایە بە ئێستاشەوە، باسى دۆخە ئابووریەکەى هەرناکەین کە چ تینێکى بۆ چین و توێژەکانى خەڵکى کوردستان هیناوە ؟

لەو بارەى ئاڵۆزەى کوردستان ئەوەى زۆر جێگاى پرسیار بوو بێدەنگى رێکخەرى گشتى بزووتنەوەى گۆڕان بوو .

لەوبارەیەوە هەندێک دەیانگووت نەوشێروان دەسبەسەرەو بۆى نیە قسە بکات و لەژێر (ئیقامەى جەبریە) دایە، کە ئەو قەسیەمان دەبیست سەردەمى دەسبەسەرى شێخ مەحمودى نەمرمان دەهاتەوە یان کە کاتى خۆى دەسەڵاتى داگیرکارى ئینگلیز شێخى بۆ هیندستان راگواستبوو , هەرچى هەوادارانى بزووتنەوەى گۆڕان بوون پاساوى بێدەنگى رابەرەکەیان بەوە دەهێنایەوە کە ئەوان بزووتنەوەیەکى تەقلیدى نین کە بەرپرسى یەکەمیان لە دەرەوەى وڵاتیش هەموو شت بێت .

هیچ یەک لەو ڕایانە لە جێگاى خۆى نەبوون نە ئەوەى کە دەگوترا نەوشێروان بێدەنگ کراوە و نەئەوەشى کە شەرحیەتى بە بێدەنگیەکەى دەدا، باشترین قسەش کە لە زارى نەوشێران مستەفا گواسترایەوە لەو حەوت مانگەى دابڕانى لە کوردستان ئەو قسەیە بوو کە شێخ جەعفەرشێخ مستەفا وەزیرى کۆنى پێشمەرگە کردى کاتێک خۆى و شاندێک لە لەندەن سەردانى نەوشێروان مستەفا دەکەن ئەویش بەوەى گوایە نەوشێروان بە ئەوانى ووتوە :

بارى تەندرووستى باشە و دێتەوە کوردستان و کێشەکان هێندە ئاڵۆز نین چارەسەر نەکرێن ئەوەى کە هەیە کۆتایی دونیا نیە .

دەى رۆژى پێنجشەمە کۆتاى بەو جەدەلە هات و نەوشێروان مستەفا بەبێ ئەوەى بە فەرمى ڕایبگەیەنێت لە بەیانیەکى زوو گەیشتەوە سلێمانى، بە هاتنەوەى بۆ کوردستان قۆناغێکى تر لە کەشى سیاسى کوردستان دەستپێدەکات، بەوەى هەمووان چاوەڕوانین ببیستین نەوشێروان مستەفا لەسەر ریکەوتنامەى هەڵوەشاوەى نێوان خۆیان و پارتى چى دەڵێت ؟

ئەوەى هەستى پێدەکرێت ئەجنداى پشتى هاتنەوەى نەوشێروان زۆربن و ئومێدیش دەکرێت مژدە بەخش بن، چوونى هەریەک لە دبەرهەم و حەمەى حاجى مەحموود بۆ لاى نەشێروان لە لەندەن و دواتریش هاتنەوەى بۆ کوردستان ئاماژەى جولەیەکى سیاسى پشت پەردەن، بۆیە جێگاى خۆیەتى کە هەموو لایەک

لێدوانەکانیان بە ئاڕاستەى دانیشتن و لێک تێگەیشت و چارەسەر بێت، نەک بەو نەفەسەى لێکترازانى درووست کرد .