ئه‌وه‌ی ته‌ماشای ناره‌زایه‌تیه‌كان و هه‌ڵوێست و مامه‌ڵه‌ی ره‌قوته‌ق و خه‌مساردانه‌ی حكومه‌ت و حزبه‌ باڵاده‌سته‌كان له‌گه‌ڵ پرسه‌كه‌دا ده‌كات و بیر له‌ چاره‌سه‌ر و به‌ ئه‌نجام گه‌یشتنی هه‌وڵی دڵسۆزانه‌ی مامۆستایان دكاته‌وه‌، ده‌بێت له‌ زۆر رووه‌وه‌ راسته‌رێگه‌ی قازانبه‌خشی خه‌ڵكی نارازی كوردستان پێش ده‌سه‌ڵات بگرێته‌به‌ر و ئه‌گه‌ری ده‌رئه‌نجامه‌كانیشی له‌به‌رچاو بگرێت.

ئه‌گه‌ر هه‌روا و به‌م شێوه‌یه‌ و ناره‌زایه‌تیه‌كان بێ هێنانه‌دی هیچ ئامانجێك ته‌نانه‌ت رێژه‌ییش بێت به‌رده‌وام بێت و، هیچ وه‌ڵامێكیان ده‌ست نه‌كه‌وێت و به‌ خشكه‌یی ده‌وام ده‌ست پێبكاته‌وه‌، ئه‌وا له‌به‌رامبه‌ردا ده‌سه‌ڵات ئه‌م ئامانجانه‌ی دێنێته‌دی، كه‌ هه‌موو له‌زه‌ره‌ری مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و و پاشه‌رۆژی میله‌تیشدایه‌:

1-به‌ شكستهێنان و بێ ئه‌نجامبونی ناره‌زایه‌تیه‌كان، وا له‌ حكومه‌ت و حزبه‌ ده‌سترۆیشتوه‌كان ده‌كات كه‌ به‌یه‌كجاری له‌ خه‌باتی مه‌ده‌نی و هه‌وڵی خه‌ڵك بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانیان، زیاتر بێخه‌م و بێ منه‌ت بن.

2- ئه‌گه‌ر پێش ناره‌زایه‌تیه‌كان خه‌می زیاتر ده‌خورا و به‌ره‌ی ده‌سترۆیشتوانی ده‌سه‌ڵات له‌ ترسدا ده‌زیان، ئه‌وا به‌ شكستی بێ ئه‌نجامی ناره‌زایه‌تیه‌كان ترس ودڵه‌راوكێیان نامێنێت و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك بیر له‌ موچه‌ و حاڵوگوزه‌ران و ژیانی موچه‌خۆران و خه‌ڵك ناكه‌نه‌وه‌ و له‌ رۆیشتن به‌و رێره‌وه‌ نابه‌جێ و نادادپه‌روه‌رانه‌دا به‌رده‌وام ده‌بن.

3- له‌ سیتسمی پاشه‌كه‌وت و دواكه‌وتنی موچه‌ به‌رده‌وام ده‌بن و ئومێدی گه‌رانه‌وه‌ی موچه‌ی ته‌واو كۆتایی دێت و ده‌توانن پێدانی چاره‌كه‌ موچه‌كه‌ش كه‌م بكه‌نه‌وه‌ و فشای زیاتریش بكه‌ن.

4- ئه‌و فشارانه‌ی له‌سه‌ر حكومه‌ته‌ له‌م كاته‌دا، به‌ كۆتاییهاتنی ناره‌زایه‌تیه‌كان نامێنێت و ئه‌ویش ده‌ستكراوه‌ ده‌بێت و، له‌وكاته‌دا زیاتر به‌ شێوه‌یه‌كی ملهورانه‌ یاری به‌ قوتی خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌كات و به‌ شێوه‌یه‌كی زۆرتر داهاتی خه‌ڵك دێزه‌ به‌دره‌خونه‌ ده‌كات و، ته‌نها حزبه‌ ده‌سترۆیشتوه‌كان یاریی پێوه‌ ده‌كه‌ن.

5- له‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ند بێ منه‌ت ده‌بن و به‌ده‌م بودجه‌ی به‌غداوه‌ ناچن، كه‌ ده‌زانن له‌قازانجی به‌رژه‌وه‌ندی حزبی و شه‌خسی ته‌سكی خۆیاندا نیه‌له‌م كاته‌دا.

6- ده‌ستی حزب و حكومه‌ت له‌ سزادانی خه‌ڵكی چالاكی داموده‌زگاكان واڵا ده‌بێت و، له‌وانه‌یه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا بكه‌ونه‌ وێزه‌ی چالاكوانانی مه‌ده‌نی له‌ ریزی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئازاریان بده‌ن.

7- به‌ وازهێنانی ناره‌زایه‌تی بێ هیچ رێككه‌وتنێكی حكومه‌ت و مامۆستایان، بێ ئومێدی باڵی به‌سه‌ر مامۆستایاندا ده‌كێشێت و له‌ده‌رئه‌نجامدا خه‌ڵكه‌كه‌ش گه‌وره‌ترین زیانیان پێده‌گات و وایان لێده‌كات بۆ جارێكی تر به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بیر له‌ نارازیبون و چالاكی مه‌ده‌نی و داواكردنی مافی خۆیان نه‌كه‌نه‌وه‌.

باشترین ره‌فتاری راست ودروست بۆ به‌ره‌ی نارازیبوان ئه‌وه‌یه‌، دانیشتنێكی دوو قۆڵی له‌گه‌ڵ حكومه‌تدا بكه‌ن و له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك خاڵی سه‌ره‌كی رێكبه‌كه‌ون و په‌یمانی راسته‌قینه‌یان لێوره‌بگرن و، بۆ خه‌ڵك روونی بكه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌ شكاندنی بایكۆت و ناره‌زایه‌تی بۆ ماوه‌یه‌ك، دوا هه‌ل ده‌ده‌نه‌ حكومه‌ت تاوه‌كو له‌ نزیكترین كاتدا چاره‌سه‌ر بۆ دۆخه‌كه‌یان به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت بدۆزێته‌وه‌ و، ئه‌و ئه‌ركه‌ی له‌سه‌ر مامۆستا و خه‌ڵكی نارازی بوو جێبه‌جێیان كردو ده‌بێت راستگۆیی له‌ به‌دیهێنانی په‌یمانه‌كانیان بسه‌لمێنن. زامنی به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجانه‌ش به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێت:

1-رێككه‌وتنی هه‌ردوولا بكرێت، واته‌ خه‌ڵكی نارازی و حكومه‌ت و به‌ ئاماده‌بونی راگه‌یاندن و به‌ شێوه‌یه‌كی ره‌سمی و به‌ نوسراو كه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا داواكاریه‌كانیان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن و، بۆ ئه‌و كاره‌ هه‌موو ده‌رفه‌تێكی به‌رده‌ست ده‌قۆزنه‌وه‌.

2- به‌ده‌م هه‌وڵ و ته‌قه‌لای هه‌موو لایه‌كی په‌یوه‌ندیداره‌وه‌ بچن و له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌نه‌ لیێكتێگه‌یشتنێك، هه‌ر هیچ نه‌بێت بۆ دابینكرنی موچه‌ی مامۆستا و فه‌رامنبه‌ران و، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر هیچ نه‌بێت له‌ ساڵی نوێدا كێشه‌ی بێ موچه‌یی نه‌مێنێت.

3- په‌یمانی ئه‌وه‌له‌ ده‌سه‌ڵات وه‌ربگرن كه‌ به‌هه‌ر دواكه‌وتنێكی موچه‌ هه‌نگاو ی تر ده‌گرنه‌ به‌ر و ئه‌وسا خه‌ڵكیش به‌شداری له‌ ناره‌زایه‌تی گشتگیر ده‌كات و هیچ بوارێك بۆ ئه‌وان نامێنێته‌وه‌.

4- یه‌یمانی شه‌فافیه‌ت له‌ داهاتی كوردستان وه‌ربگرن، بۆئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت به‌ خۆیان راستگۆیی حكومه‌ت ده‌ربخه‌ن و هه‌بونی كه‌موكورتیه‌كان و هۆكاره‌كانی نه‌دانی موچه‌ بۆ میله‌ت روون بكه‌نه‌وه‌.

له‌به‌ر بێ متمانه‌یی، ده‌بێت ئه‌م رێككه‌وتنه‌ به‌ ئیمزای ده‌سه‌ڵات له‌ ئاستی باڵاوه‌ بێت، بۆ ملكه‌چبون به‌و خاڵانه‌ و، ئه‌گه‌ر له‌ دواجاردا به‌ شكاندنی وه‌عد و په‌یمانه‌كانیان كۆتایی هات و هیچ گرنگیان به‌و رێككه‌وتنه‌ نه‌دا، ره‌خنه‌یان لێبگیرێت وهه‌موو رێگه‌یه‌ك بگرنه‌ به‌ر بۆ داواكردنی مافه‌كان و، به‌و شێوه‌یه‌ش هیچ به‌هانه‌یه‌كیان بۆ نامێنێته‌وه‌ و، له‌ دواجاردا سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كان دێنه‌ سه‌ر جاده‌ و ریسوایان ده‌كه‌ن.

بۆیه‌، به‌م شێوه‌یه‌ و به‌ رێككه‌وتنی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی خه‌ڵكی نارازیی مافخوراو و خۆپیشانده‌ری سه‌رجاده‌ به‌ نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ له‌قه‌ڵه‌م بده‌ن، نه‌ك نوێنه‌رانی حزبه‌كان له‌ نێو مامۆستایان و فه‌رمانبه‌راندا كه‌ خۆیان به‌ نوێنه‌ری ئه‌وان له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. به‌م هه‌نگاوه‌ش هه‌ردوولا ده‌گه‌نه‌ قه‌ناعه‌ت و رێكه‌وتن ده‌كرێت و تاوه‌كو هێنانه‌دی به‌نده‌كانی رێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌وامی قواتابخانه‌ و فه‌رمانگه‌كان ئاسایی ده‌بێته‌وه‌ و، به‌م شێوه‌یه‌ش نه‌ شیش ده‌سوتێت و نه‌كه‌بابیش و له‌ شكاندنی بایكۆته‌كه‌ش خه‌ڵك و مامۆستایان بێئومێد نابن و قوتابیانیش ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر ده‌وامی خۆیان و شتێكی ئه‌وتۆیان نافه‌وتێت.