دوگێرنه‌وه‌، له‌ گوندێكی ئه‌م كوردستانه‌ی خۆماندا پیره‌ پیاوێكی هه‌میشه‌ سه‌رمابرده‌ڵه‌، هه‌ر له‌ گه‌نجیه‌وه‌، ترسێكی زۆری له‌ زستان هه‌بووه‌، له‌ سه‌رمادا بۆ ماه‌وه‌یه‌ك له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی به‌ شتی لاوه‌كی كه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ زستانه‌ وه‌ نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌س خۆی له‌ دابینكردنی پێداویستیه‌ زه‌روریه‌كان بشارێته‌وه‌ خه‌ریك كردووه‌ و زۆر بێ هیچ ئیشێك وه‌ك بۆق خۆی سڕكردووه‌ و، ده‌بوایه‌ خه‌ڵك خزمه‌تی بكردایه‌ و پێداویستیه‌كانی دابین بكردایه‌. به‌ڵام له‌دوا زستانێكی قورس و سه‌رمایه‌كی تیژدا، رۆژێكیان بانگی ده‌كه‌ن بۆ كۆكردنه‌وه‌ی چیلكه‌ و دار و هه‌ر هیچ نه‌بێت بۆ گه‌رمكردنه‌وه‌ی ژووره‌كه‌ی خۆی رایده‌كێشن. له‌وێدا له‌ یه‌كه‌م جاری ده‌رچونی و پاش ته‌واوبونی زه‌خیره‌ی زستانی، به‌ختی خۆی وایكردبوو كه‌ پاش گه‌رانێكی كه‌م پێیه‌كی ببێت به‌ ته‌ڵه‌یه‌كی ژێر به‌فری نزیك له‌ دێكه‌ی خۆیانه‌وه‌. له‌ پاش ساڵان و مانگان وخۆ مه‌ڵاس دان و خۆدزینه‌وه‌ و به‌رگریكردن له‌ نه‌بونی پێویستی، بۆ یه‌كه‌مجار هێز و غیره‌ت بتگرێت و ئه‌مه‌شت توش بێت!. بۆیه‌ نیمچه‌ شاعیرێكی گونده‌كه‌ی شیعرۆكه‌یه‌كی ته‌نزئامێزی دوور و درێژی له‌سه‌ر هۆنیبووه‌وه‌:

تۆ گه‌نج بوویت خاڵه‌ ته‌مه‌ڵ ته‌وه‌زل به‌ پیری چی بكه‌یت جوانی چاو به‌كل

زستان هات و سه‌رما برستی لێ بریت هیچی بۆ نه‌هێشتیت و شاخی بۆ هه‌ڵدریت

پێویستت به‌ دار نه‌بوو بۆ ئاگر و كوانو گورج و گۆڵه‌كه‌ی هاورێت به‌رماڵی بۆ دادریت

ئاگری داره‌ زۆره‌كه‌ت خه‌ڵكی دڵخۆشكرد و بۆ دواجار له‌ دژی سه‌رماو كڕیوه‌ راپه‌ریت

به‌ڵام شێخی گه‌رم خۆگر و گه‌رماوی زستان بۆ چیلكه‌ رۆیشتیت و ته‌ڵه‌كه‌ قاچێكی بریت

. . . تد

پاش ئه‌وه‌ی ئه‌م سه‌ركرده‌ و حزبانه‌ له‌ تافی گه‌نجێتی و لاویاندا له‌ خۆ خۆری و به‌رژه‌وه‌ندیخوازی خۆیاندا توشی هه‌زار و یه‌ك كێشه‌ی لا به‌لایان كردین و ته‌نانه‌ت خۆیان له‌ ئه‌ركه‌كانی سه‌رشانیان ده‌دزیه‌وه‌، وا ئه‌مرۆ له‌ قوڵایی قه‌یراندا دار و چیلكه‌ی گه‌رم كردنه‌وه‌ی باره‌گاكانی خۆیشیان له‌سه‌ر شانی تاكی ئه‌م میله‌ته‌ به‌دبه‌خته‌ دابین ده‌كه‌ن.

ئه‌مرۆش وه‌زعه‌ سیاسیه‌كه‌مان وای لێكردوین كه‌ توشی چه‌ندین سه‌ركرده‌ی مامه‌پیره‌ ئاسا بوین و له‌سه‌ر حسابی میله‌ت ئاگروكوانوی گه‌رمیان بۆ دابین كراوه‌ و ده‌كرێت و، تا ئه‌مرۆش بێ منه‌تن، كه‌چی تاكه‌ ئه‌ركێك بكه‌وێته‌ ئه‌ستۆیان وایان له‌ خۆیان كردووه‌ خه‌ریكه‌ قاچیان ده‌بێته‌وه‌ بی په‌تی ته‌ڵه‌ی دوژمنانه‌وه‌ و ناتوانن خۆیان لێی رزگاركه‌ن.

وا بۆ بیست و پێنج ساڵی ره‌به‌ق ده‌چێت، به‌ شێوه‌یه‌كی خوارو خیچ و زه‌ره‌رمه‌ند و له‌ده‌ستدانی سه‌رجه‌م هه‌له‌كان تا رۆژگاری ئه‌مرۆش، خاڵه‌ ته‌مه‌ڵ و ته‌وه‌زل ئاساكان كوردستان ده‌به‌ن به‌ر ێوه‌ و گه‌لی كوردستان به‌رگه‌ی هه‌موو شتێكی گرتوون و به‌ مه‌ره‌ و مه‌ژی رایانكێشاوه‌ به‌ده‌ست ئه‌م حزب و سه‌ركردانه‌وه‌، كه‌ بۆ حاڵی كه‌سی و حزبی خۆشیان نه‌یانتوانیوه‌ وه‌ك مامه‌ پیره‌ی سه‌رمابرده‌ڵه‌، كه‌ له‌ ژیانیدا هه‌میشه‌ به‌رده‌ركی هه‌موو ماڵانی ده‌گرت بۆ پێداویستیه‌كانی خۆی، بزین، كه‌چی ئه‌مان له‌سه‌ر قوت و رزقی ماڵ و منداڵی تاكی كورد وه‌ك پاشا ده‌ژین و، تاكه‌ به‌رپرسیارێتیه‌كیان له‌ دابینكردنی پێداویستیه‌كی ژیانیان بۆ دابین ناكرێت و ئه‌م گه‌له‌یان خستۆته‌ ده‌ستی قه‌ده‌ره‌وه‌ و، به‌خۆیان وا ده‌ژین وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌ بایان ده‌یبێت نه‌ش باران.

ئه‌وه‌ی به‌راوردی ده‌رچونی مامه‌ پیره‌ بۆ دار وچیلكه‌ی خۆی له‌ دواجاردا له‌گه‌ڵ ره‌فتاری سه‌ركردایه‌تی كورد و خۆ خستنه‌ باوه‌شی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و نه‌هێشتنه‌وه‌ی هیچ هێڵێكی گه‌رانه‌وه‌ بۆ رێگه‌یه‌كی راستر بكات، ئه‌وه‌مان دێنێته‌ به‌رچاو كه‌شێخی خۆنه‌ژێن چۆن قاچه‌كانی به‌ ته‌ڵه‌كه‌وه‌ بوبێت و نه‌توانێت خۆی رزگار كات و هاوار بكات بچن به‌ هانایه‌وه‌، هه‌م له‌ دۆ بێت و هه‌میش له‌ دۆشاو، ئه‌مجاره‌ نه‌ك ده‌بێت داروچیلكه‌ی ئاگری زستانی بۆ دابین بكه‌ن، به‌ڵكو ده‌بێت تاوه‌كو چاكبونه‌وه‌ی قاچیشی له‌ خزمه‌تیدا بن. ئایا گه‌لی كوردستان خزمه‌تی گه‌نده‌ڵ و خۆپه‌رست و ته‌سكبین و خۆویست و بیرته‌سك ده‌كات، كه‌ بۆته‌ چه‌لی عه‌لی به‌ ملیه‌وه‌، یان ده‌كه‌وێته‌ ژێر گیر و گازانده‌ و ره‌خنه‌ی نه‌یاران و دوژمنانیه‌وه‌، ژیانی خۆی و دواررۆژی میله‌ته‌كه‌ی و ئه‌و به‌رهه‌مه‌ بچوكه‌ی به‌خوێنی شه‌هیدان هاتۆته‌ده‌ست، له‌ دواجاردا ده‌یخاته‌ ده‌ست وڵاتانی ده‌روبه‌ره‌وه‌.

له‌ دوا ئه‌ركی نێوخۆیی و دوا هه‌لی به‌رده‌م لایه‌نه‌كان و، له‌یه‌كه‌م هه‌نگاوی پارتی بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كه‌ له‌دوای په‌امه‌كه‌ی بارزانیه‌وه‌، وا به‌ روونی ترسه‌كه‌مان جێی خۆی ده‌گرێت و ئه‌وه‌مان وه‌ك مانگه‌شه‌و بۆ ده‌ره‌ده‌كه‌وێت، كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك خه‌می كات له‌ده‌ستچون و زه‌ره‌ری گشتیان نیه‌ و، خه‌ریكبون به‌ كار و شتی ناپێویست و لابه‌لا و، ناجدیه‌ت و خۆدزینه‌وه‌ له‌ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر له‌ كاتی خۆیدا، ده‌ده‌خات. ئه‌مه‌ش كرده‌وه‌ی خاڵه‌ پیره‌ی خۆخه‌ریككه‌ره‌ به‌ كاره‌ لاوه‌كیه‌كانه‌وه‌ له‌كاتی پێویستبونیدا، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری كاری گه‌وره‌تر نه‌كات، بۆیه‌ ده‌بێت له‌ه‌دواجاردا چاوه‌رێی قاچ كه‌وتنه‌ ته‌ڵه‌كه‌یان بۆ بكه‌ین.


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

[/pb_text][/pb_column][/pb_row]