ئەوەى ئاشکرایە ئەمڕۆ جیهان بەرەو دابەش بون دەچێت بەسەر دوو سەربازگەدا : سەربازگەى ئەمریکى و ئەوروپى و هاوپەیمانەکانیان (پێشبینى ئەوە دەکرێت هەندێ لە ووڵاتانى نێو یەکێتى ئەوروپا هەڵوێستى کە وەرگرن لەو هاوپەیمانى یە)لە لایەك، لەلایەکى کە سەربازگەى ڕوسیا و چین و هندو بەرازیل و باشورى ئەفریقیا(بریکس) و مصر و هاوپایمانەکانیان. ئەم گۆڕانکارى یانە هەڵێکى کە بۆ کورد دێنێتە کایەوە، بەڵام تا چەند کورد خوێندنەوەى بۆ ئەو گۆڕانکارى یانە هەیە و تا چەند دەتوانێت هەنگاوى جددى بۆ بنێت و زیرەکانە سیاسەتێکى دروست پەیڕەو بکات و بتوانێت بە پێى بەرزەوەندى نەتەوەیى سەربازگەى خۆى دیارى بکات لەو ململانێ یانەدا، بەبێ داڕشتنى ستراتیژیەتێکى نەتەوەیى یانە و بەستنى کۆنگرەیەکى نەتەوەیى بەرفراوان ئەوە بێ گومان کوردیش دابەش دەبێتە سەر ئەو لایەنە دوبەرەکانەداو شەڕ بۆ دوژمنەکانیان دەکەن نەك بۆ کوردستان، ٢٥ ساڵە دەسەڵاتى کوردى هەرێم دەناڵێت بەدەست ئێران و عیراق و تورکیاوە چونکە سنورێکى سەربەخۆى نى یە بیبەستێت بە جیهانى دەرەوە، بەڵام ئەمڕۆ لە ڕۆژاوا، دەریاى ناوەڕاست تەنها ٤٠ کیلۆمەتر لە شارى عفرینەوە دورە. ئەمڕۆ لە هەموو کاتێك گرنگترە کورد هەوڵى بەستنى کۆنگرەى نەتەوەیى بدات، بۆ داڕشتنى سیاسەتێکى نەتەوەیى دروست لە بەر ڕۆشنایى ئەو گۆڕانکارى یە جیهانى یانەى کە بە ڕێوەن، کورد وەك کیانێکى یەکگرتوو دەتوانێت جێگاى خۆى دیارى بکات لەو ململانێ نێودەوڵەتى یانەى کە بەڕێوەن. ئەو بڕیارەى تورکیا بۆ ناردنى هێزى سەربازى بۆ ڕۆژاوا و هەڵوێستى ڕوسیا کورد لە سوریا ناچار دەکات جارێکى کە بچێتە بەرەى ڕژێمەوە بەڵام ئەم جارە دەبێت لە ڕێککەوتنێكى لەو شێوەیە مەرچ لە سەر دابینکردنى سنورى دەریایى بکات . لە سیاسەتدا دوژمنى بەردەوام و دۆستى بەردەوام نى یە بەڵکو بەرژەوەندى بەردەوام هەیە، ئەو سیاسەتەى ئەمڕۆى هەرێمى کوردستان بەداخەوە لە دەرەوەى هەموو هاوکێشە ئیقلیمى یەکانە تەنها بوەتە ململانێى لایەنەکانى نێو دەسەڵات لە پێناو بەرژەوەندى تەسکى حیزبى و هیچ بەرنامەیەکى سیاسى نەتەوەیى بەدى ناکرێت لە هیچ لایەنێکیان و لەبەر بەرژەوەندى تایبەتى ئاگایان لە سیاسەت و پیلانى داهاتووى ململانێکانى ناوچەکە نى یە،

ئازاد کاکەیى ئەسینا ٢٩-٦-٢٠١٥