دروشمى سەرەکى حکومەتە ئیسلامى یەکەى ئێران (هەناردە کردنى شۆڕشە). دەستورى ئێرانى مافى خەبات کردن لە پێناوى فراوان کردنى فەرمانى خوادا [حکم اللە] (کە ناوى شۆڕشەکەیانە) سپاردوە بە جیش و پاسدارانى شۆڕش بۆ هەموو جیهان. وە مادەى سێ لە دەستورى ئێران جەخت لەسەر ئەوە دەکات کە پشتگیرى کردنى بێ سنورى چەوساوەکانى جیهان ئامانجێکە لە ئامانجەکانى کۆمارى ئیسلامى. (بێگومان مەبەستى لە چەوساوەکانى جیهان شیعەکانى جیهانە) مادەى ١٥٤ ى دەستورى ئێران ئاماژە دەکات بۆ پابەند بونى ئێران و کارکردنى بۆ دامەزراندنى حکومەتى ماف و دادوەرى لە سەراپاى جیهان دا. . !!! کەواتە لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە ئێران دەبیت لە هەموو کونجێکى جیهاندا ئەجیندە و هێزى هەبێت لە پێناوى وەك دەڵێن دامەزراندنى حوکمى خوا. هەروەك ئاشکرایە لەو بارەیەوە کەمتەرخەمى یان نەکردوە و کارى جدى یان بۆ کردوە. لێرەدا قسەى هەندێك بەرپرس و فەرماندەى ئێران دەخەینە ڕوو بۆ ئەوەى بۆمان دەرکەوێت تا چ ڕادەیەك سەرکەوتو بونە پاسەوانانى خوا لە هەوڵى دامەزراندنى حوکمى خوادا: قاسم سلێمانى فەرماندەى فەیلەقى قودسى پاسداران لە شارى کرمان لە ئاهەنگى یادکردنەوەى ٣٦ ساڵەى شۆڕشى ئێرانیدا لە پێش کۆمەڵێك لە دەزگاگانى ڕاگەیاندن دا گوتى: (ئەمڕۆ دەرەنجامەکانى هەناردەکردنى شۆڕشى ئیسلامى ئێران لە هەموو ناوچەکەدا ئاشکرایە و درێژەى گەیشتۆتە باکورى ئەفریقیا)هەروەها دەڵێت گەیشتنى شۆڕشەکەمان بۆ یەمەن و بحرین و سوریاو عیراق و لوبنان و تا باکورى ئەفریقیا دەسکەوتێکى گەورەى شۆڕشەکەى ئیمام خومەینى یە کە لە کۆتایى حەفتاکاندا کۆتایى بە دەسەڵاتى شا هێنا پێى. اسماعیل قائانى جێگرى فەرماندەى فەیلەقى قودسى ئێرانى دەڵێت : شۆڕشى ئیسلامى سنورێکى دیارى کراوى نى یە و لە پێشڕەوى دایە لە هەموو وڵاتانى ئیسلامیدا. ئێستا هەر یەك لە ئەفغانستان و عیراق و سوریاو فەلەستین لە ژێر باڵى جمهورى ئیسلامیدایە و هەروەها لە پێشڕەوى دایە بەرەو ووڵاتانى کەى ناوچەکە. رحیم صفوى ڕاوێژکارى سەربازى سەرۆك کۆمارى ئێران دەڵێت : سنورى نوێى ئێران کەنارەکانى باشورى دەریاى ناوەڕاستە. محمد صادق حسینى کە وتەبێژى سەرەکى ڕژێمى ئێرانە لە میانەى لێدوانێکیدا بۆ کەناڵى ئاسمانى میادین لە ٢٤ ى سپتمبرى ٢٠١٤ دا جڵەوى لە دەست دا و گوتى (ئەمڕۆ باب المندب و مضیق هرمز دەستیان لە بنەقاقاى دەریاى سوردایە)وە دەڵێت(ئێمە لە هاڵەتى گۆڕانکارى یەکى گەورەداین، بوینە پاشاى دەریاى ناوەڕاست هەروەها پاشاى نوێى دەریاى سورو کەنداوین. ئێمە چەقى بەرگرین[مەبەستى تاران-بەغدا-سوریا-سەنعاء]ئێمە نەخشەى ناوچەکە دروست دەکەین. ئەوەى ئاشکرایە ئێران لە خرتومى پایتەختى سوداندا کارگەیەکى دروستکردنى تەقەمەنى و ڕۆکێتى هەیە لەوێوە بە قاچاغ لە ڕیى سیناوە تەقەمەنى دەگەیەننە غزە و ناوچەکانى کە لە پارچەکانى کەى ئەفریقیا کە فیلقى ئەفرقیایان هەیە کە سەر بە پاسدارانە. هەروەها لە ئەرتریا بنکەیەکى هێزى دەریایى دامەزراندوە لە گەل پاڵاوتەیەکى نەوت. لیرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە ئێران چەند بە پەرۆشەوە کارى کردوە بۆ دامەزراندنى دەسەڵاتێکى فراوانى شیعە لە ووڵاتە ئیسلامى یەکاندا. . دامەزراندنى کارگەى تەقەمەنى لە سودان بۆ ئاسان کردنى گەیاندنى ئازوقە بە لایەنگرانى لە لوبنان و فەلەستین و بحرین و یەمەن و ئەفریقیاو سوریا لە پێناوى لە ناودانى دەسەڵاتى حکومەتە سەننە مەزهەبەکانى ناوچەکە. کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا لە عێراق و سەپاندنى دەسەڵاتێکى شیعە لە عیراقدا بوە دەسکەوتێکى گەورە بۆ ئێران . حکومەتە شیعەکەى بەغا کە پێش گەیشتنیان بەدەسەڵات قوتابى قوتابخانەکانى قوم و تاران بون کە گەیشتنە دەسەڵاتیش پەیوەندى یان لەگەل مامۆستاکانیاندا نەپچڕا، بەڵکو هەموو دەسەڵاتیان ڕەخساند لە پێناوى بەجێ هێنانى ئامانجە پیرۆزەکانى شۆڕشى ئیسلامى ئێران بۆ فراوانکردنى دەسەڵاتى حکومەتى فەقییە . پاش دژایەتى و دورخستنەوەى کەسایەتى یە چالاکەکانى سوننە لە جەمسەرە سەرەکى یەکانى دەسەڵات لە بەغا زیاتر ڕیگا خۆش دەبێت بۆ سوپاى پاسداران کە ئەرکى سەرەکى یان هەناردەکردنى شۆڕشە. بەم شێوەیە ڕێگاى تاران و دیمەشق کورت دەبێتەوە بۆ ناردنى چەك و سەرباز بۆ ئەو وڵاتە بە تایبەتى کاتێك کە هادى عامرى دەکرێت بە وەزیرى گواستنەوە لە حکومەتەکەى مالیکى نوسینگەیەکى تایبەتى لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى بەغا دەدات بە ئێرانى یەکان بۆ هەڵسوڕاندنى کارەکانیان وبە فڕۆکەى ئاسایى چەك و تەقەمەنى یان ڕەوانەى دیمەشق دەکرد، لە هەمان کاتدا چەند جەمەلۆنیکیان لە فڕۆکەخانەکە تەرخان کردبو بۆ مەشق کردن بە لایەنگرەکانیان. پەرەسەندنى دەسەڵاتى ئێران لە ناوچەکەدا و دامەزراندنى دەسەڵاتێکى سەر بە ئێران لە عیراق دا بو بە هۆى مەترسى یەکى گەورە بۆ ووڵاتانى کەنداو و میسر بە تایبەتى کە حکومەتەکەى عیراق توانى تاران ڕاستەوخۆ ببەستێتەوە بە دیمەشقەوە. ئەو هۆکارانە بونە هؤى پەیدا بونى هێزێکى توندڕەوى ئیسلامى سوننە لە ژێر ناوى داعش (ئێرە جیگاى ئەوە نى یە باسى جۆنێتى پێکهاتنى بکەین). بۆ دانانى سنورێك بو زیادەڕەوى یەکانى ڕژێمى ئیسلامى ئێران . بە کورتى مەبەستى سەرەکى لە داگیرکردنى موصل لە لایەن داعشەوە بۆ دانانى سنورێك بو لە نێوان دەسڵاتى شیعەى (عیراق-ئێران) و سوریادا بۆ ڕێگەگرتن لە ناردنى چەك و یارمەتى لە لایەن ئێرانەوە بە یارمەتى حکومەتەکەى بەغا بۆ دیمەشق، داخستنى ئەو سنورە لە بەرژەوەندى سعودیە و ئوردن و قەتەر و تورکیاو میسر و ئیسرائیل و هەندێ ووڵاتى کەدا بوو. بەپێى زنجیرەى ڕوداوەکان من واى بۆ دەچم بزوێنەرە سەرەکى یەکانى دەوڵەتى ئیسلامى پێش هێرش کردنیان بۆ سەر موصل داوایان لە کورد کردبێت کە بێ لایەن بن لەوشەڕەدا وە ڕیگاش بە هێزەکانى مالکى(بەغا-تاران) نەدەن لە کوردستانەوە هێرشیان بۆ بکەن، لەو ە دەچێت ڕێك کەوتنێك لە گەل سەرکردایەتى پارتى کرابێت لە ڕێى تورکیاوە جونکە مانەوەى دبلۆماتەکانى تورکیا لە شارى موصل لەوە دەچو وەك زەمانەتێك بوبێت بۆ دڵنیایى داعش کە کوردستان کارى بەسەریانەوە نابێت بە ڵام تا چ ڕادەیەك لایەنەکانى کەى هەرێم ئاگایان لەو ڕێك کەوتنە هەبوە ئەوە نازانین هەرچەند ئەمەى لێرەدا باسى دەکەین سیناریۆیەکە بۆ هەوڵدان بۆ زانینى هۆى هێرش کردنى داعش بۆ سەر کوردستان. هەموو کەس دەزانێت کە داعش هەتا شارى تکریتى گرت هیچ کێشەیەکى نەبوو لە گەل کورددا وە بەردەوام سەرۆکى هەرێم دوپاتى دەکردەوە کە کورد ناچێتە شەڕێکەوە کە شەڕى تائفى یەو شەڕى کورد نى یە . ئێران و بەغدا لەسەر یەك نوێنەریان دەناردە هەولێر و سلێمانى بۆ داواکردن لە سەرکردایەتى کورد بۆ لێدانى داعش لە کاتێک دا پەیوەندى بەغاو هەولێر لە خراپترین دۆخدابوو. لە ناوچەکانى جلولا هێزى پێشمەرگەى ژێر فەرماندەیى یەکێتى شەڕى (داعش)یان دەکرد لە کاتێك دا سەرۆکى هەرێم ڕاى لەسەر نەبوو، کە ئەو شەڕەش بێگومان لە بەرژەوەندى قۆڵێکى ناو ێەکێتى نزیك لە ئێران بوو. ئەگەرى ئەوەش هەیە ئەوە هۆیەك بوبێت بؤ هێرشکردنى داعش بۆ سەر کوردستان. ئێران کە خاوەنى دروشمى هەناردەکردنى شۆڕشە و لە سودان و ئەرتریاو ئەفریقیا خاوەنى پێگەى سەربازى بێت دەبێت لە هەرێمێکى وەك کوردستان کە لە بن دەستیایەتى چى هەبێت؟ قەیرانى ئابورى هەرێم هۆیەکەى حکومەتى بەغدایە یان تارانە ؟ئەگەر تا دوێنێ مالکى هۆى ئەو کێشانە بوو خۆ ئەمڕۆ مالکى سەرۆکى حکومەت نى یە تەنانەت وەزیرى نەوت و وەزیرى داراییش گۆڕان بەڵام کێشەکان قوڵتر بون . . ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە حکومەتەکەى بەغا کارتۆنى یە؟ وە خاوەن بڕیارى ڕاستەقینە لە بەغا ئێرانە؟ دامەزراندنى هیز بە ناوى حشدى شەعبى یەوە ئەوە ناگەیەنێت کە جەیشەکەى عیراقیش کارتۆنى یەو جیشى ڕاستەقینە حشدى شعبى یە کە ڕاستەوخۆ لەژێر فرمانى فیلقى قودسى سوپاى پاسدارانى ئێرانەو ئامانجى دروست کردنى پشتێنەیەکە لە ناوچە کوردى یەکانى دەرەوەى هەرێم و عیراق دا؟ لە هەموى کارەسات تر ئەوەیە کە ئەمڕۆ هەندێ کوردیش بەشدارى لەو سوپایە دەکەن بەبێ ئەوەى هێچ ڕاگەیاندنێك زاتى ئەوە بکات باس لەزیان و مەترسى ئەو سوپایە بکات بۆ نەك ئایندەى کوردستان بەڵکو بۆ ئەمڕۆى کوردستان چونکە ئەو سوپایە ئەمڕۆ ئایندەمان دەسوتێنێت. کێشەى کورد ئەوەیە ئەمڕۆ حیزبە سیاسى یەکانى هەرێم سەریان وون کردوە ئەوەش بوەتە هؤى سەرلێ شیوانى خەڵکەکەش. ئەمرۆ کورد هەموى یەك ئامانجى هەیە بەڵام بە زمانى جیاواز قسە دەکەن بۆیە دەبێت بەدواى زمانێك دا بگەڕێین هەموو لێى تێبگەن. ڕەنگە هەندێ کەس ئێستا بڵێن ئەى تورکیا ؟خۆ لە ئێران چاکتر نى یە، بەڵێ وایە بە ڵام جیاوازى زۆرە لە نێوان حکومەتێکى عیلمانى و حکومەتێکى ئیسلامى کە دروشمى هەناردەکردنى شۆڕش بێت و ڕۆژانە لە نێو گۆڕەپانەکاندا کورد هەڵواسێت . ئەمڕۆ ئەو قەیرانەى هەرێم سیاسەتێکى ئاشکراى ئێرانە بۆ مەبەستى دروست کردنى دوبەرەکى لە کوردستان دا . ئەمڕۆ پرسیارى هەرە گرنگ ئەوەیە بۆ کورد دەیەوێت بەشدارى لە ڕزگارکردنى موصل بکات؟ سود و زیانەکانى بۆ کورد چى یە. تۆ بڵێى کورد ناچار نەکرابێت بۆ هەستان بە کارێکى وا؟ئەوە لە خزمەتى ئەو حکومەت و لایەنانە نى یە کە ئەمڕۆ ئەو قەیرانەیان بۆ کورد دروست کردوە؟

٢٠١٥/٢/٢٤ ئەسینا