دیاردەی بەکارهێانی شێوازی دڕندانە لە کوشن و سەربڕین و پارچەپارچەکردنی مرۆڤ و دەست درێژی و ئیهانەکردنی مرۆڤایەتی لە ژێر پەردەی ئایندا، بەئاشکراو بەپێش چاوی و خەڵک و میدیاکانەوە بە وتنەوەی تەگبیرو اللە ئەکبەرەوە ڕوولە زیادبوونە .

دروست بوونی ئەم جۆرە گروپە توند ڕەوانەی تەنها خۆبە ڕاست زانین و تەکفیر کردنی هەموو شتێک و نەبینی ڕاستیەکان و تینوبونیان بە خوێن و ئاسودەبونیان بە ماڵکاولی و سەرگەردانی و سوتاندن و کاولکردنی هەموو شتێک بۆ زۆر بنەما دەگەڕێتەوە .

گەر لە ڕوانگەی دەرونیەوە لەم شێوە گروپانە بڕوانین دەکرێ بە کەسانی نەخۆش و سەرلێشێواو دەست نیشان بکرێن، چونکە بە خۆیان نازانن چیان دەوێ و لە پێناوی چیدا ئەم کوشتارو خوێن ڕشتنە ئەنجام دەدەن . گەرلە ڕوانگەی ئاینەوە بڕاونینە ئەم دیاردەیە هەرگیز ئاینەکان بە ئیسلامیشەوە دژ بە خوێن ڕشتن و ئازاردانی مرۆڤایەتی بوون بەڵکو بۆ ئارامی و ئاشتی و ئاسودەیی مرۆڤ هاتونەتەکایەوە و ئیسلامیش یەکێکە لەو ئاینانەی پەیامی ئاڵای ئاشتی و ئاسودەی بەرزکردۆتەوە، ئەگر مێژووی ئیسلام و سەردەمی فتوحات و کوشتارگە نێوخۆیەکانی شیعەو سوننە پێچەوانەی ئەوە دەسەلمێنن .

ڕاستی ئەم گروپانە لە ڕوانگەی ئەجەندایی ناوچەیی و دەرەکیەوە سەرچاوەیان گرتووە، دەرەنجامی هەڵەی سیاسیەکانی عێراق لە دوای ئازادی عێراقەوە و لە دوو ماوەی دەسەڵاتی مالکیدا بەرپرسیاریەتی گەرورەی دەکەوێتە ئەستۆ و ناکۆکیە تایفیەکان و دەستی دەرەکی و قورخکردنی دەسەڵات و قبوڵنەکردنی یەکتر و زۆر گرفتی هەڵواسراو .

بەرامبەر ئەم شێوە دیاردانەی ڕاستەوخۆ زیان بەمرۆڤایەتی دەگەیەنێ و کاریگەریەکانی بۆ ئایندەیەکی نادیارو و ئاسەواری درێژخایەن لە شوێن خۆیان جێدەهێڵن، دەکرێ کارو پلانی هەمە لایەنە هەبێ لە ڕوانگەی جدیەتەوە ڕاگەیاندنەکان بەرنامەی وشیاری هەمەلایەن و بەتایبەت دەربارەی ئەم شێوەگروپانە و بەدیارخستنی ڕاسیەکان دەربارەیان، ڕۆڵی پیاوانی ئاینی لە تەحریم کردن و تەکفیرکردنیان لە ڕوانگەی ئاینەوە بەردەوام بەپێی پلان کاری لەسەر بکرێت، مزگەوتەکان بەم ئاقارە کارەکانیان بکەن چونکە بەردەوام بوونی ئەو گروپانە لەتاوان دەبنە هۆیی ناشیرین کردنی ئاینی ئیسلام و سبەی چەندە مزگەوتەکان زۆرر بن و پیاوانی ئاینی زیاتر بن بێ گومان گوێڕایەڵی و لەدەورکۆبوونەوەی خەڵکیان لێدەبێ و ئەم ئاینەی پێ ناشیرین دەبێ بۆیە دەبێ مامۆستایانی ئاینی ئەم پرسە بۆ ئیسلام بەمەترسیدار بزانن و لە هەموو لایەک زیاتر کاری لەسەر بکەن .

کۆمەڵگا و خێزان و ئەرکی گرنگی لە وشیاری ئاینی ، لەنێوماڵدا وەک یەکەم قوتابخانەی ژیان کاریگەری خۆیی دەبێ لەسەر ئایندەی منداڵەکانیان . سەرەڕای ئەوەی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان و کۆمەڵگای مەدەنی بەپێی کارەکانی خۆیان ئەونیش بێ ئەرک نابن .

لێرەدا تێکڕای پرسەکە پەیوەستە بە هەموومانەوە و ئێمەی مرۆڤیش لەم گێژاوەدا چەندە زوڵم لێکراوبین هێندەش بەخۆمان ئەو تاوانبارو کەسە زاڵمەین ئەم تاوانانە ئەنجام دەدەین، بۆیە مرۆڤایەتی هەمیشە لە ژێر پەردەی جیاجیادا دەکەوێتە بەر مەترسی و ڕووبەڕووی کێشە دەبێتەوە و ئاینیش پەردەیەکی دیارو ناسراوە بۆ هێرشکردنە سەر موۆڤایەتی .