کۆبانى بە بەرخۆدانى کيژوکوڕانى خۆى ويارمەتى هێرشە ئاسمانيەکانى هاوپەيمانان و تۆپە دورهاوێژوچەکە قوڕسەکانى پێشمەرگەى کوردستان، سەرکەوتنى بێ وێنەى بەسەر دوڕندەترين گروپى تەرۆريستى جيهان ناسراو بەداعش تۆمارکرد، بەمەش سەرەنج و سۆزى هەموو گەلانى مرۆڤ دۆست و پێشکەوتنخوازى دونياى بەلاى خۆيدا راکێشا. ئێستا و لەداهاتوشدا سەدان مليۆن کەس، لەسەرتاسەرى گۆى زەوى، حەز بەسەردانى ئەم شارە خۆراگرە و خەڵکە قارەمانەکەى دەکەن. بۆئەوەى بەچاوى خۆيان ئاسەوارى ئەو شەڕانە ببينن، کە ١٤٠ رۆژى تەواوى خاياند. ئەگەرچى دانيشتوانەکەى توشى ئاوارەى و ماڵوێرانى بونە و دەيانەوێ زوو بە زووى بگەڕێنەوە سەر زێدى خۆيان، دەست بکەن بە ئاوەدانکردنەوەى خانوە وێرانکراوەکانيان. بێگومان ئەودەستەى لە ئاويشدا بێ وەك ئەو دەستە نابێ کە لەناو ئاگردايەو ئەوەى بەبرسيەتى و بێ بەرگى و پێخەفى لە ئاوارەيى و لەنێو خيوەت و ژێر نايلۆن دا بژى بەم زستانە سارد و سڕە، هەرگيز وەك ئەو کەسە بيرناکاتەوە، کە بۆ خۆى لە نيو ماڵ و حاڵى خۆيدا دەژى. بەڵام ئەو حەقيقەتە تاڵە نابێ وا لەخەڵکى کۆبانێ بکا سود لە هەڵەى گەلانى تر وەرنەگرن، ئەگەرچى ئەم سود وەرگرتنەش پێويستى بە هەندێ قوربانى تريش ببێ. هۆلەنديەکان لە دواى جەنگى جيهانى دووەم شارى خاپورکراوى رۆتەردام يان بە جوانترين شێوە ئاوەدانکردەوەو ئێستاش، گەورەترين بەندەرى هەناردەکردنى نەفت و بەروبومەکانيەتى لە جيهان، کەچى ئەوان زۆر پەشيمانن لەوەى کە دەستيان بۆ کەلاوەکانى شارەکەيان بردوە وئاسەوارى تاوانەکانيان سڕيوەتەوە. دەڵێن خۆزگه دەستکارى ئەوئاسەوارانەمان نەدەکرد، و لێدەگەڕاين رۆتردام ببێتە نزرگاى توريستانى جيهان، بەڵام بەداخەوە نەمانزانى و کردمانە شارى باڵەخانەى بەرز و سەرچاوەى پيسبونى ژينگە، ئێستاش ئەوەى کارى لەو شارە نەبێ وەك توريست رووى تێناکا، چونکە جيهان پڕيەتى لە سەدان و بگرە هەزران شارى پڕ باڵاخانەو مۆدێرنى وەك رۆتردام و لە رۆترداميش جوانتر، بەڵام ئايا چەند شار دەبوو لە جيهان کە شەڕ وەك رۆتردام خاپورى کردبێ وهەربە خاپورکراويش وەك مۆزەخانەيەکى راستى هێلرابێتەوە؟! ئەگەر دەستکارى کەلاوەکانى رۆتەردام يان نەکردبايە، بێ شك ئيمڕۆ هۆلەندە دەبووە وڵاتى يەکەم لە رووى زۆرى ژمارەى توريستەوە. تکايە تکايە، سود لەم پەشيمانبونەوەيەى هۆلەندەيەکان وەرگرن و ئەوەى ئەوان لە رۆتردام لەدەستيان چوو، ئێوە لەکۆبانى بيکەن و لەدەست خۆتانى مەدەن. دەست بۆ کەلاوەکانى کۆبانێ مەبەن و شارەکەتان وەك مۆزەخانەى ئاسەوارى شەڕى بەرگرى دژ بە داعش بهێلنەوە. بۆ خەڵکەکەشى کۆبانيەکى تازە بەتەنيشت کۆبانى ئێستاوە دورست بکەن. چونکە لە دوا رۆژ، کەلاوەکانى کۆبانێ بۆتان دەبێتە زێڕوگەوهەر، دەبێتە نزرگاى توريستان و ساڵانە بە سەدان هەزار کەس روو لە شارەکەتان دەکەن. لەکۆتايشدا سەرى رێزو نەوازش بۆ هەموو شەهيدەکانى کۆبانێ و شار بە شار و بەگوند بەگوندى کوردستان دادەنوێنم، لەيەزدانى پەروەردەگار داواکارم سەبورى کەس وکاريان بدات، بەزوويش شيفاى بريندارەکان بدات و کۆتايى بە ميحنەتى ئاوارەکانيش بێنێ.