زایەڵەی دەنگی بێدارانی شەو

بەکاوەخۆ مێژووی جاویدانی

مرۆڤە کۆیلەکان

لە نێو قەڵاێکی لمدا

بۆ تاهەتایێ کپ دەکەیت

یادەوەری لە دەست مەدە

چرنۆک مەگرە لە پشکۆی قسەێکی سواو

وەکو تیشکی شکاو

شەرەفی روخساری نیشتیمانێک مەهاژێنە

بۆ ئیرەیی

بە تەمی خەون و

زێرابی ڕەشی مێژوو دەبەیت

وەکو چەمکی مەرگ

بە نێو کۆڵانەکانی ژیان وەغەر دەکەیت و

ئاوڕ لە کڵۆڵیم نادەیەتەوە

داچلەکانت پرزەی لێتەنیوم

بۆیە بە دیار کؤڵەپشتێکا

مێژووی برسیەتی لە سەر هەنگاوی

پێخواسی قەرەجێک دەنوسمەوە

من شعرێکی سەرخۆش بووم

بە پێ دەشتی ئاوازێکی خۆڵەمێشیدا سەرکەوتم

بۆیە ئێستا گۆرانێکی پەرتەوازەو

هەڵچونێکی بێ فانتازیا

دەدم بە گۆێی رێبوارێکی ناو قەیسەری شار

لەوێ دیسان قەرەجێک

بە چرپەوە بە یاوەری مەملەکەتی عەباوە

لە جەنگلستانی بازرگانانی جەنگ

دەمی بۆگەنی دەخاتە

نێو دەمی خونچەی شیلەێک

تاکو روحی دار سنۆبەرێکی هەمیشە سەوزم

خاپور بکا

من لە گەڵ روحی بارانێکا

وەکو ئەسرین لە چاوی ئاسمانەوە

بە نێو هەورە توندەکانی

باوەشێکی نەفرەت لێکراو

کەوتمە نێو لەپی خاکەوە

تاکو مێژوی تاڵە سپیەکانی

قژی ئاڵۆزی خەمە بێ کۆتایەکانت

بهۆنمەوە

روحی نەفرەتیت

پەلێک ئاسودەیی لەرزۆکە

لە وەرزی کپی زەردی ئێوارەێکا

هەڕەشەی جاردانی تارمایی

جەنگ دەکات

تۆیی داستانێکی بەرهەتاو

لە ژێر گەواڵە هەوری ڕەهێڵەدا

وەکو شەپۆڵ بۆ نەورەسەکانی دەریا

سەمای کۆتایی تەمەن دەکەیت