خەڵكی كوردستان ژیانێكی دڵنیا و ئارامیان دەوێ، پێویستیان بە ئاشتی و دیالۆگە نەك جەنگ و توندوتیژی، (ماسلۆ) دەڵێ ھەموو مرۆڤێک پێنج جۆر پێویستیی بنەڕەتی ھەیە و ئەم پێویستییانە لە پێنج ئاستی جیاوازدا و بە شێوەیەکی ھەرەمکار شیرازەیان بەستوە كە ئاشتی و ئارامی لە پێداویستیە گرنگەكانی بەردەوامی دانە بە ژیان .

یادەوەریە تاڵەكانی ناوەندی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو، پڕە لەپێشێلكاری ئەمنی لە گرتن، دەستدرێژێكردن، ڕاگواستنی زیندانیكردنی لایەنگرانی یەكتر، یەكتر قبولنەكردن و دەركردن، خانوی یەكتر زەوتكردن، چەك كرین بەیەكتری، نانبڕین، هێرشبردن، رەبیە لەیەكگرتن، دیلكوژی . . . لەگێڕانەوەی ئەو تاوانانە شەرم دامان دەگرێ، هەموومان شەرمەزاری ئەومێژووە تاریكەی خۆمانین .

لە پێناو ئاشتی و دابینكردنی ئارامی لە ناو ماڵی كورد، پێویستە یەكڕیزی لەنێوان هیزە سیاسییەكان بەگشتی و تاك بەتاكی خەلكدا بوونی هەبێ، با سەپاندنی بیرو بۆچوونی تاكڕەوانە ئیدانە بكەین، سەنگەرلەیەكتری نەگرین، ترس و نەهامەتی لە میللەتەكەمان دوركەینەوە، چیتر شكۆو هەیبەتی میللەتەكەمان بریندار نەكەین . . . .

بڕیاردان لەسەر دانیشتن و گفتوگۆ بەمەبەستی چارەسەركردنی كیشەو ناكۆكییە سیاسییەكان، نیشانەی ئەوپەڕی بەهێزییە، ئاماژەیەكە بۆ بەرزی ئەخلاقی سیاسی، گێرانەوەی متمانە لە نێوان هێزە سیاسیەكان جگە لەوەی بەرپرسیارەتیە كی مێژووییە دەكەوێتە ئەستۆی هەموو لایەك، چونكە ئاشتی و تەنها ئاشتی كلیلی چارەسەری كێشەكانە .
لەم دۆخە هەستیارە كە چارەنوسی میلەتەكەمان دیارو روون نیە، لە رووی سیاسی دوای ئەو گۆرانكارییە گەورە و تازانەی كە لە ناوچەكەدا روودەدەن، لەكاتێكدا هەمووان چاوەڕوانی ئایندەیەكی باشترین . هەموشمان بە جیاوازییەكانمانەوە جوانین، هەقیقەت بە تەنها لای هیچ هیزو گروپ و لایەنیكی سیاسی نیە، هەمووان بەشیك لە هەقیقەتیان هەڵگرتووە، كەواتە با لە پێناو هەستی نەتەوایەتی و رۆحییەتی كوردبوون دەستبەرداری حزبایەتی بەرتەسك بین .
كاتی هاتوە بێدەنگی بشكێنین، هەڵوێستتان هەبێت، نەبینە پاشكۆی هیچ بیرو پرۆژەو بەرنامەیەك كەزەرەری میلەتەكەمانی هەبێ، وەك ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتیمانی پیرۆز، بەرپرسیارەتیەكی ئەخلاقی گەورە لە ئەستۆی هەموواندایە، نابێت بترسین، دەنگمان ڕەنگمان، پێنوسەكانمان، ووشەو ڕستەكانمان، لە پێناو داكۆكی كردن لە چارەنووسی بالای نیشتیمان بخەینەگەر .
با گوتارو دیدو جیهان بینینمان بۆ یەكڕیزی كورد و یەك پارچەی نیشتیمان بیت، با وتارو لێدوان و نوسینەكانمان لە پێناو بنیاتنانی نیشتمان بێت، كوردایەتی بكەین نەك حیزبایەتی، خەبات بۆ نەتەوەو نیشتیمان بكەین، نەك ئایدۆلۆژیای سیاسی، تا ئیستاش شەڕی ناوخۆ دەرهاویشتەو كاریگەری ماوە لەسەر سایكۆلۆژیەتی میللەت، جارێكی تر هەمان هەڵەی شەڕی ( برا كوژی ) زیندوو نەكەینەوە .
خەڵكی رۆشنبیری راستەقینە ئاگری شەڕ خۆش ناكەن، چونكە لە وڵاتە پێشكەوتوەكان ڕۆشنبیران بەئاسانی دەستەمۆ نابن، ئەوانن خاوەنی پەیامێكی ئینسانی، خۆیان ئازادن لەبریار دان ودەربڕین وهەلوێست وەرگرتن .