پەرتووکی (ئینسکلۆپیدیای تۆمەتبارانی شاڵاوی ئەنفال لە باشووری کوردستان)، کە ماوەی چەند ساڵێکم بۆ نووسینی تەرخان کرد و زانیاری زۆر دەگرێتە خۆی سەبارەت بە بەشداری دەسەڵاتدارانی حکومی، حزبی، سەربازی و سەرجەم دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ئێراقی و سەرۆکجاش و فەرماندەی مەفرەزە خاسەکانی کورد لە پیادەکردنی هەر هەشت شاڵاوی ئەنفال و کیمیا باران کردنی هەڵەبجە، هەروەها تاوانی بەشێکی زۆری خۆفرۆشانی کورد لە سەرۆکجاش و فەرماندەی مەفرەزە خاسەکان لەلایەک لە شەهید کردنی پێشمەرگە، ڕێکخستن و هاووڵاتی، لەلاکەی تریشەوە بەدیل گرتنی پێشمەرگە، ئەندامانی ڕێکخستنەکان و هاووڵاتیان و ڕادەست کردنیان بە دامودەزگاکانی حکومەتی بەعس و دواتریش لە سێدارە دانیان یان زیندانیی کردنیان.

لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی (٢٠٠٩)، لەگەڵ دکتۆر مەجید حەمەدئەمین وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان ڕێککەوتم کە بۆ بەهاری ساڵی ئاییندە، پەرتووکەکە بدەمە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و سەرەتا بە کوردی لەچاپی بدەن و دواتریش خۆیان بۆ عەرەبی و ئینگلیزی وەریگێڕن و بەم دوو زمانەش چاپی بکەن.لە بەهاری (٢٠١٠)دا پەرتووکەکەم بە وۆرد ڕادەستی وەزیری شەهیدان و وەزارەتی ناوبراو کرد، ئەوانیش بڕیاری لەچاپ دانیان دەرکرد و خەریکی ئامادەکردنی پەرتووکەکە بوون، کەچی لە ڕێکەوتی (٢١/١٢/٢٠١٠)دا دکتۆر مەجید کرا بە وەزیری تەندروستی ئێراق و گواسترایەوە بۆ بەغدا و لەچاپ دانی پەرتووکەکەم ڕاگیرا.

دوای چەند مانگێگ ئارام ئەحمەد کرا بە وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان، ئەو بە تەواوی لەچاپ دانی پەرتووکەکەی ڕاگرت بە بیانوی ئەوەی کە ناوی خەڵکێکی زۆر لە سەرۆکجاش و فەرماندەی مەفرەزە خاسەی تیایە و کێشەیان بۆ دروست دەکات!

دواتر بەهۆی کاک عەلی محەمەد و ڕێکخراوی چاودێری کوردۆساید و لەسەر ئەرکی پەرلەمانتار هاژە سلێمان لە ئۆکتۆبەری (٢٠١١)دا چاپی یەکەمی ئەم پەرتووکە لە باشووری کوردستان کراو و بڵاوکرایەوە.

بە بەردەوامی و تا ڕۆژی (١٥/١/٢٠١٥) لە هەوڵی کۆکردنەوەی زانیاری نوێ، فراوانکردن بە بابەتی نوێ و زانیاری تازەوە بووم لەپێناوی دەوڵەمەندتر کردن و نزیکەی (٤٠٠) لاپەڕەم ترم خستۆتە سەری.

لە ڕێکەوتی (١٦/٦/٢٠١٢)دا لە ناوەندی کلتوری کوردی لە نۆرنبێرگی ئەڵمانیا کۆڕێکم لە سەر شاڵاوەکانی ئەنفال بەست، ئەوان گفتیان پێدام کە (١٠٠٠) دانەی چاپی دووەمی بکەن، کەچی دواتر خۆیان کێشایەوە و بێدەنگیان هەڵبژارد.

بەهۆی هاوڕێیەکم لە دهۆک، کۆمەڵێک پێشمەرگەی دێرین پێشنیاری ئەوەیان بۆ کردم کە ئەوان لەسەر ئەرکی خۆیان (١٠٠٠) دانەی (ئینسکلۆپیدیای تۆمەتبارانی شاڵاوی ئەنفال) چاپ بکەن، کەچی دواتر داوایان کرد کۆمەڵێک گۆڕانکاری بەسەر پەرتووکەکەدا بهێنم و کۆمەڵێک ناو لادەم، ئینجا ئامادەن ئەرکی لە چاپدانی بگرنە ئەستۆ.هاوڕێکەم بەر لە خۆم داواکانی ئەوانی ڕەتکردەوە.

لە ساڵی (٢٠١٣)دا دوو هاوڕێم لە سلێمانی پێشنیاری ئەوەیان کرد کە لە ڕێگای ئەوانەوە پەرتووکەکە بنێرم بۆ دەزگای ڕۆشنبیری شەهید جەمال عیرفان.لە سەرەتای مانگی ئاداری ساڵی (٢٠١٤)دا هەردوو پەرتووکی (ئینسکلۆپیدیای تۆمەتبارانی شاڵاوی ئەنفال لە باشووری کوردستان) و (مێژووی کوردستانێتیی شاری موسڵ)م بۆ یەکێک لە هاوڕێکانم ناردەوە و لە ڕێکەوتی (٨/٣/٢٠١٤)دا ڕادەستی دەزگای ناوبراوی کرد و ئەوانیش گفتیان دا هەردوو پەرتووکەکە لە ڕیزبەندی ئەو پەرتووکانە دابنێن کە بۆ چاپکردن ئامادەن، کە نۆرەی لەچاپ دانیان هات چاپیان بکەن.دواتر لە مانگی (١١)ی ساڵی (٢٠١٤)دا بەهۆی هاوڕێیەکی دیکەمەوە بیستم کە (ئینسکلۆپیدیای تۆمەتبارانی شاڵاوی ئەنفال) دراوەتە لیژنەیەکی یاسایی بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر چاپکردنی یان نەکردنی بدەن!

ئەمڕۆ، (٧/٢/٢٠١٥)، پەیوەندیم بەو هاوڕێیەم کرد کە پەرتووکەکەی ڕادەستی دەزگای ڕۆشنبیری شەهید جەمال عیرفان کردبوو، ئاگادارم کردەوە لەوەی کە بەر لە نزیکەی (٣) مانگ لیژنەیەک بۆ بڕیاردانی لەچاپ دان و نەدانی پەرتووکەکەم دامەزراوە، بەڵکو پرسیارێک بکات و بڕیاری لیژنەکە و وەڵامی دەزگای ناوبراوم پێ بگەیەنێتەوە.

دوای نزیکەی نیو کاتژمێر، ئەو هاوڕێیەم وەڵامی دامەوە کە لیژنەکە بڕیاری داوە ئەم پەرتووکە لە دەزگاکەی ئەوان چاپ نەکرێت، چونکە ناوی ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆکجاش و جاشی تێدایە.

بۆیە بەهۆی چاپ نەکردنەوەی (ئینسکلۆپیدیای تۆمەتبارانی شاڵاوی ئەنفال لە باشووری کوردستان) لەلایەن دەزگای ڕۆشنبیری شەهید جەمال عیرفان و لایەنەکانی دیکەوە، کە پێشتر بەدرێژایی ئەو (٣) ساڵەی دوای چاپی یەکەم گفتم بە کۆمەڵێک کەسوکاری شەهیدانی دەستی سەرۆکجاش و فەرماندەی مەفرەزە خاسە، نووسەر، ڕۆژنامەنووس، هاوڕێیانی زیندان و هاوڕێیانی فەیسبووک دابوو دوای لەچاپ دانی پەرتووکەکە لە (٢٧)ەمین ساڵڕۆژی ڕۆژی ئەنفال لە ڕێکەوتی (١٤/٤/٢٠١٥)دا، هەریەکە و دانەیەک لەو پەرتووکەیان پێشکەش بکەم، داوای لێبووردن لە سەرجەمیان دەکەم و خۆم بە شەرمەزاری هەموویان دەزانم.

لە هەمان کاتیش داوا لە دەزگای ڕۆشنبیری شەهید جەمال عیرفان دەکەم کە لەچاپ دانی پەرتووکی (مێژووی کوردستانێتیی شاری موسڵ)یش بوەستێنن و بەهیچ شێوەیەک قایل نابم و نامەوێ ئەو پەرتووکەش چاپ و بڵاو بکەنەوە.

لە کۆتاییدا دەمەوێ خوێنەرانیش ئاگادار بکەمەوە کە چیتر بەهیوای چاپ کردنی (ئینسکلۆپیدیای تۆمەتبارانی شاڵاوی ئەنفال لە باشووری کوردستان)دا نەبن، کە لەمەودوا خۆیشم نامەوێ چاپی بکەمەوە.بەڵام لەم لینکەی خوارەوە دەتوانن داونلۆدی بکەن و بیخوێننەوە:

 

 

https://onedrive.live.com/view.aspx?cid=BF3322EE4152C46B&resid=BF3322EE4152C46B%211535&app=WordPdf

 

یان دەتوانن لە پەیژی فەیسبووکم کە پەرتووکی ناوبراو لە چەند شوێنێک دانراوە، بیدۆزنەوە و داونلۆدی بکەن:

 

https://www.facebook.com/DersimDibegeyi

 

 

دەرسیم دیبەگەیی

دانمارک

7.2.2015 شەممە‌

ده‌رسیم دیبه‌گه‌یی

 This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.