بەڕێز وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی باشووری کوردستان

بابەت/ دانانی سنورێک بۆ ڤیدیۆ کلیپی بەرەکانی جەنگی دژ بە داعش

بەڕێز مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە، لەم دواییەدا جۆرەها ڤیدیۆ کلیپی بەرەکانی جەنگی دژ بە داعش لەلایەن پێشمەرگە و هاووڵاتییانی کورد لە تۆڕە کۆمەڵایەتەکانی فەیسبووک، یوتوب و تویتەر بڵاودەکرێنەوە، کە چەندان کلیپی قێزەون و دوور لە ئاکار و ڕەوشتی پێشمەرگە، کورد و نەتەوەیەکی خۆ بە دیموکراسی زان، ڕەچاوکەری مافی مرۆڤ، ئاشتیخواز و باوەڕ هەبوو بە جاڕی گەردوونی مافی مرۆڤی تیادا بەدی دەکرێت!

ئەم ڤیدیۆ کلیپانە، کە جوێن پێ دان، ئەشکەنجەدان، بە بەرد کوشتن (ڕەجم کردن)، سەربڕین، دەستکاری کردنی کوژراوەکان و ڕاکێشانی تەرم بەدوای ئۆتۆمۆبێلی تێدایە، بمانەوێ و نەمانەوێت لای خەڵکی ئەوروپا و جیهانی دەرەوە، کاری نەرێنی دەکاتە سەر ناو و ناوبانگی کورد و پێشمەرگە و ناشرین کردنمان و نەهێشتنی جیاوازییەکان لەنێوان ئێمە (پێشمەرگە و کورد) لەلایەک و داعش لەلاکەی ترەوە.

ئیمڕۆ پێشمەرگە بەتایبەت و کورد بەگشتیی لە هەموو جیهاندا بوونەتە سیمبۆلی ڕزگاری، پارێزەری کەمەنەتەوەکان، پارێزەری مافی مرۆڤ، وەستانەوە دژ بە تیرۆریستان و هێزی تاریکخوازی داعش. بۆیە داواکارم دەسەڵاتی خۆتان وەکو وەزیری پێشمەرگە بەکاربهێنن تاوەکو ئەو سیمبۆلە وەک خۆی بپارێزن و هەرچی زووشە سنورێک بۆ ئەم کارە قێزەونانەی پێشمەرگە و هاووڵاتیانی کوردستانی دابنێیت و چیتر ڕێگە بەوە نەدرێت هەرکەسێک بە ئارەزووی خۆی توندوتیژی بەرانبەر بە دیل و ڕەفتاری دوور لە خەسڵەتی مرۆڤایەتی لەدژی کوژراوەکانی داعش پیادە بکات، یاخود ڤیدیۆ کلیپی لەم چەشنەدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبکاتەوە، کە دڵنیام ئەم ڕەفتارانە زیانی گەورە بە پرسی کورد و ناوبانگی پێشمەرگە دەگەیەنن و دیواری بەرزی جیاوازییەکانی نێوان ئێمەی کورد و تیرۆریستانی داعش دەڕوخێنن و تێکەڵ بەیەکمان دەکەن، کار وا بڕوات ئەوروپییەکان بەیەک چاو سەیری ئێمەی کورد و داعش دەکەن.

ئێمە خۆمان گلەیی و گازاندە لە کار و ڕەفتارە دڕندەکانی تیرۆریستانی داعش دەکەین، ئەی ئەگەر هێزەکان و هاووڵاتییانی خۆمان هەمان ڕەفتار و کرداری داعش بەرانبەر بە دیل و کوژراوەکانی داعش بکەن، چ جیاوازییەک لەنێوانماندا دەمێنێ؟ کاتێک مرۆڤێکی ئەوروپی، دڕندایەتی تیرۆریستانی داعش دەبینێ و لەهەمان کاتدا مامەڵەیەکی ناشیاوی هێزەکانی پێشمەگە لە ڤیدیۆ کلیپێکدا دەبینێ بەرانبەر بە دیلێک یان کوژراوێکی داعش، بەدڵنیایی و سەدا سەد بۆچوونی لە بەرانبەر بە کورد و هێزی پێشمەرگە دەگۆڕێ و لەلای خۆیدا ئێمەش بە تیرۆریست دادەنێت!

نووسینی ئەم نامەیەش بۆ بەڕێزتان لە دڵسۆزیمەوەیە بۆ خوێنی شەهیدەکانمان، کورد، کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکانی سەرجەم بەرەکانی جەنگ لە دژی تیرۆریستانی داعش و دوژمنانی نەتەوەکەمان، بۆ ئەوەی ئەم پشتیوانی جیهانی و دەستکەوتانەی لە سایەی بەرەنگاربوونەوەی هێزی پێشمەرگە لە جەنگی دژ بە داعش بۆ کورد بەدەست هاتووە لەبەین نەبرێن و بەفیڕۆ نەچن.

 

دەرسیم دیبەگەیی

١/٢/٢٠١٥ دانمارک

 This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

1. 2. 2015 یەکشه‌ممه‌