لە یۆنانی کۆنەوە تا کوردستان، پەرلەمان ئەو جێگایە بووە کە ململانێیەکانی تێدا یەکلا بوونەتەوە و وەک باڵاترین دەسەڵاتی نوێنەرایەتیی گەل لە رێگای وێناکردن و دروستکردنی یاساکانەوە بڕیار و راسپاردەکانی لە بەرژەوەندیی گشتی بە دەسەڵاتەکانی تری راپەڕاندن و دادوەری دەدات.

هەرێمی کوردستانیش لە سەرهەڵدانی پیرۆزی ساڵی 1991 و یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لە 19/5/1992 لە هەر سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو، لەو رێکەوتەوە تا ئێستا پەرلەمان سێ خولی بەڕێ کردووە و زیاتر لە 300 پڕۆژەیاساشی پەسەند کروون، دڵنیام ئێستایش هەندێک لەو پڕۆژەیاسانەی کە وەکو بەڵێن لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بە خەڵکی کوردستانیان دا و لەسەر زاری ئەو ئەندامانەی پەرلەمان و لیستەکانیانەوە وێنەی کوردستانێکی بەهەشت ئاسایان بۆ دەکێشاین، خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ ئەو پڕۆژەیاسایانە کراون و خۆشیان لە زۆرێکیان کردووەتە کەرەی شەربەت، چونکە بەڵێن و کرداریان ئاسمان و زەوییە.

لە کۆی 111 کورسییەکەی پەرلەمان لە هەرخولێکدا تا کۆتایی خولی سێیەمی پەرلەمان زیاتر لە 330 ئەندام پەرلەمان خانەنشین کراون و 111ی تریش بە جیاواز لە هەڵبژاردنی خولەکانی پێشوو کە بە نیمچەکراوە لە 21/9/2013 ئەنجام درا و 12 ئەندام بۆ خولی چوارەمی پەرلەمان متمانەی گەلیان وەرگرت و 88ی تریشان بە کەمتر لە بەدەست هێنانی رێژەی پێویست گەیشتنە ئەو پەرلەمانە پڕ لە ناز و نیعمەتە.

لە ماوەی هەر سێ خولی رابردوویشدا کە زیاتر لە 330 ئەندام پەرلەمانی تێدا خانەنشین کراون و لەو حەوت کابینەیەی رابردوویش کە 24 ساڵە حوکمی خۆبەڕێوەبردن لە باشووری کوردستان جگە لە سنووری ماددەی 140 لە دەستی خۆمانە، چەندان وەزیر و بریکار و بەڕێوەبەری گشتی و هتد. . خانەنشین کراون، بەڵام ئەم پەرلەمانه‌ جگە لەوەی بودجەکەی خۆی شەفاف نەبووە، نەیانتوانیوە هیچ وەزیرێک یان بەرپرسێک لەسەر گەندەڵی و کەمتەرخەمی سزا بدەن یان متمانەى لێ وەربگرنەوە، تەنانەت هاتن و میوانداریکردنی وەزیرەکانیش تەنها بۆ پێشکەشکردنی چالاکییەکان بووە و بۆ لێپرسینەوە نەبووە، ئەو هەموو کەموکوڕییەیش کە لە هەرسێ خولی پەرلەمانی کوردستان و دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و دادوەریدا هەبوون و بەدی کراون، بەشێک بوون لە ئەدای زەعیفی ئەندامانی پەرلەمان لەو جێگا هەستیارەدا، هەڵبەتە بە ڕەهایی نا، بەڵام رێژەیەکی زۆریان نەیانتوانیوە ئەو ئەرکەی لە سەرشانیانە و بەرامبەر بەو سوێندەی کە لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونیانەوە کە لە هەرخولێکی پەرلەماندا خواردوویانە و بەرامبەر بەو متمانەیەی کە خەڵک بە لیستەکەی دان، وەفادار بن تەنانەت لە دیدی بەشێکی زۆر لە دەنگدەرانەوە، ئەندامانی پەرلەمان یەکسان و هاوتا کراون بە مووچە و ئیمتیازی زۆر و بەو بڕە موفتەی کە تا مردن بە ناوی خانەنشینییەوە بە نسیبیان دەبێت و وەری دەگرن.

عەیبەیەکی گەورەیە هەندێک پەرلەمانتاری خولی چوارەم لە میدیاکانەوە وەکو قارەمان خۆمان پیشانبدەن و هەڕەشە و گەفی کەیسی گەورە گەورەی گەندەڵی بکەن و داوای ئاشکراکردنی بودجەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بکەن و ئاگاداری چۆنیەتیی بودجە و خەرجکردنی نەک هەرسێ خولەکەی پەرلەمان، بەلایەنی کەمەوە خولی رابردووی پەرلەمان نەبن، خۆم لەگەڵ هەموو هەنگاوێکى چاکسازیم، بەڵام دەبووایە خولی چوارەمی پەرلەمان جیاواز لە خولەکانی رابردوو داوا و پێداگری جیدی بکردایە لەسەر شەفافییەتی بودجەی خولەکانی رابردووی پەرلەمان کە سەرۆکایەتیی خولی رابردووی پەرلەمان سەرەڕای جەختی زۆری ئەندامانی پەرلەمان و میدیاکان ئۆپۆزسیۆن گوتەنی بودجەکەیان لە تاریکیدا تەخشان و پەخشان کردووە، پەرلەمانتارانیش گومانی خۆیان بەرانبەر "ناشەفافانە" مامەڵەکردنی سەرۆکایەتیی خولی سێیەمی پەرلەمان لەگەڵ بوجەی پەرلەمان نەشاردووەتەوە و جەختیشیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە لەو بوجەیەدا پارەی زۆر بەهەدەر دراوە و وردەکاریی خەرجکردنی بۆ ئەوانیش ئاشکرا نەکراوە و گومانی زۆریشیان لە بەهەدەردانی پارەیەکی زۆر لە بودجەی پەرلەمان هەیە، هەروەها سەرۆکایەتییش وردەکاریی خەرجکردنی پارەکەی نەخستووەتە روو، دەی نوێنەرانی گەل، نا ببوورن پەرلەمان تێرەکان، ئەزیەت نەبێت لە پەرلەمانەوە دەست به‌ نه‌مانى گه‌نده‌ڵى بکەن.