هەموومان لەبیرمانە كە بڵێسەی ئاگری چەرخەكەی محەممەد بووعەزیزی لە توونس تەنیا گڕێك نەبوو بۆ جەسەتەی هیلاك و بێزار و خێرلەخۆنەدیوی خۆی، بەڵكە گڕەكەی چەندین وڵاتی عەرەبی گرتەوە و دەسەڵاتەكانی چەندین ساڵەی زۆربەی سەركردەكانی وڵاتانی عەرەبی بەر شەپۆلی گڕ و تووڕەیی جەماوەر خست كە ناوزەد كرا بە بەهاری عەرەبی و تا ئێستایش بەردەوامی هەیە و نەبڕاوەتەوە، جا پاییزی عەرەبییە یان بەهار ئەوەیان شتێكی ترە و دەكرێ خوێندنەوەی جیا جیای تری بۆ بكرێت كە بۆچی ئەو وڵاتانە ئەو جووڵە و هەژانە مەزنەیان بەرەو پاییزی عەرەبی برد، ئایا سەركردەكانیان لە ئاستی ئەو گۆڕانە مەزنەدا نەبوون كە ئەو وڵاتانەی گرتەوە، یان هۆكارگەلی تر. .

بەڵام بە راستی ئەو گۆڕان و هەژانە مەزنەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتەوە، بەهاری كوردستانیانە و رۆژ بە ڕۆژیش بەهارەكەمان دەكاتە دوو بەهار. . هەموویشمان دەبینین و هەست بەو بەهارە خۆشەی كوردستانیان دەكەین كە گوڵ و گوڵزار و رەنگینی و سەرسەوزییەكەی خوێنی شەهیدە نەمرەكانی وڵاتمانە، دەی سەركردەكانی كوردستان رۆژگارەكە لێتان دەخوازێ ئێوەیش لە ئاستی ئەو قۆناغە گرینگ و مێژووییەدا بن و یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن لە پێناوی خاك و ئاو و نیشتمان و خوێنی شەهیدان و، مێژوویش بۆ خۆتان پڕشنگدار بكەن و هەنگاو بەرەو یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی و تەبایی ناو ماڵی كوردستانیان بنێن كە گەل چاوەڕوانی ئەو هەنگاوەی ئێوەیە لەو قۆناغە مێژووییە مەزنەدا، ئەگەر حساب بۆ دەنگی گەلی بێدەوڵەتی كوردستان و خوێنی شەهیدان و نەوەی ئێستا و داهاتوو دەكەن، ئاخر برایان خەمخۆران سەركردەكان لەمێژە كوردان پێویستیان بەو هەنگاوەیە، تكایە لەوە زیاتر پشتگوێی مەخەن، ئەوە تەنها تكا و هاواری من نییە، هیی هەموو گەلی كوردستان و دۆستانیەتی، ئەوە نییە ئێستا دۆستانی گەلی كورد و رۆژنامە بەناوبانگەكانی جیهان بە ئاشكرا باسی بەهاری كوردی و دەوڵەتە سەربەخۆیەكەی دەكەن، ده‌ ئێوه‌ش چیتر ئەم هەنگاوە دوا مەخەن، كارامە بن، جورئەت بكەن دەستبەرداری بەرژەوەندییە كەسی و حزبییەكانی خۆتان بن كە زۆرتان دەست كەوتووە. . دەی بفەرموون ئەو هەنگاوەیش بۆ تەبایی لەبەر خاتری هەموو شەهیدەكانی وڵات و دۆستەكانمان بە جورئەتەوە بنێن، ئەو مانگەشەوەی كوردستان ئاوا مەكەن، ئەم بەهارەی باشوور و باكوور و رۆژئاوا بە پاییز و خامۆش مەكەن و رۆژهه‌ڵاتى كوردستانیش بەئاگا كەن.

رەنگە من زۆر بەئاگا نەبم و رەنگیشە كۆڵەواری سیاسی بم، بەڵام لە ئێستادا باوەڕم وایە كە یەكبوون و یەكهەڵوێستیی گەلی كورد نەك دووبەرەكی و خۆخۆریی لایەنەكان، زووتر دەمانگەیەنێتە سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستانیش لەسەر نەخشەی جیهان دەبینین و ئەو خەونەیشم لە ئێستادا مەستییەكی بێئەندازەم دەداتێ كە حاڵی حازر گەلەكەمان پێی ناوەتە نێو دۆخێكی دژ بە چەوسانەوە پشت ئەستوور بە توانای خۆی.

ئەوەش بزانن كە ئێستا بۆ ئەو هەنگاوەتان لەلای كوردان كاتی قسەی بەتوێكڵ نەماوە و بەسەر چووە، ئەوەش نەماوە گەل قسە بخواتەوە و بیشارنەوە و لە ژێر لێوەوە قسە بكات و لە دڵی خۆیدا ئێڵنجی پێ بدەت، ئێستا گەلی كورد گۆچان و چاویلكەی تووڕ داوە و بە دوای هەتوانی دەردەكانیەوەیەتی، دەشزانن ئەو سەركردانەی كە ئەمڕۆ لەسەر ساحەی سیاسین كامیان خەمخۆرە و هەنگاوی یەكێتی و تەبایی لە پێناوی سەربەخۆیی دەنێت و لە ژێر چەتری بەرژەوەندیی باڵای كوردستانیاندا هەنگاو دەنێت، كامانەیشن بازرگانانی سیاسی و خاك و خۆڵ و گەل و میللەتیش هەڕاج دەكەن.