پارتی‌و بنەماڵەی بارزانی بە ئاستێک لەنێو عیشقی کورسی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا ئالوودەو گرفتارن، ئەگەر بۆیان بلوایە یان بکرایە لە ڕووی لۆژیکییەوە، کورسی سەرۆکی هەرێمیان لە خودی مەسعود بەرزانی دادەتاشی تا هیچ کەسێک نەیتوانیایە توخنی باس‌و خواسی گۆڕینی سەرنشینەکەی بکەوێت! ئەمە جۆرێکە لە خولیای خۆسەپاندن بە شێوەی خواوەندێک! دەنا هیچ پاساوێک ناتوانێت ڕێگا خۆشکات بۆ پارتی، یاساو ڕێسایەک وا خۆشیان ڕۆڵیان بووە لە داڕشتن‌و هەمووارکردنیدا، بخەنە بەژێر پێوەو بە ملهوڕی نوواندن مەسعود بەرزانی بسەپێننەوە بەسەر خەڵکی کوردستاندا. بە گوێرەی یاساکان بارزانی دوو خولی سەرۆکایەتی‌و دوو ساڵی درێژکراوەشی تەواوکردووە. چیدیکە یاساکەی خۆتان ڕێگای خۆکاندیدکردنەوەتان پێناداتەوە‌و بڕایەوە!

بەڵام نەک هەر خۆیان بگرە منداڵێکی سەرەتاییش ئەو ڕاستییە تێدەگات بۆچی ئەو کورسییە بۆ پارتی‌و بنەماڵەی بارزانی هێندە گرنگیی پەیداکردووە. ئەزموونی حوکمڕانی کوردی لەم چارەکە سەدەیەدا تا هاتووە بنەماڵەی بارزانیی بۆ دەسەڵاتداری‌و پایداری ئێستایان جووڵاندووەو بە هەموو میکانیزمەکانی دەسەڵاتێکی شمولی‌و تاکڕەوانە پەروەردەو گەورەی کردوون. هەر بۆیە ستراتیژیی هەنووکەیی پارتی لەم کێشمەکێشەدا درووستکردنی ئەو وێنا مەجازییەیە لە کورسی داتاشراوی سەرۆکی هەرێم لە خودی بارزانی لە ئیدراک‌و ووشیاری‌و ویژدانی خەڵکی کوردستاندا بە هەر نرخێک بێت!

ئەو پۆزە سیاسییەی دەڵێ، 'بارزانی بەدیلی نییە' یاخود 'بەدیلەکانی بارزانیمان پێ بناسێنن!' سەرباری ئینکاری‌و زۆروێژییەکانیان، بە تەنیشت ئەو لەخۆباییبوون‌و بێ‌منەتییەی قسەبێژانی پارتی نیشانیدەدەن، هێمان بۆ جێگاوڕێگای بێ‌ڕەقیبی پارتی لە هاوکێشەی دەسەڵات‌و سیاسەتی کوردستاندا، لانیکەم لە خەیاڵی پارتی‌و خودی بنەماڵەی بارزانیشدا بە باشی دەبینرێت. ئەوان ناتوانن‌ تەسەوری پارتییەک بکەن بەبێ مەسعود بەرزانی لەسەر کورسی سەرۆکی هەرێم دانەنیشتبێت. تەواوی گرێکوێرەی کارەکە لێرەدایە. چونکە نەک پارلەمان، بەڵکە ئەو کورسییەی سەرۆکی هەرێم سەرچەشمەی دابەشکردنی دەسەڵاتە خاوەن بڕیارەکانە. هەر بۆیەشە پارتی بە تەنێ لایەنگری هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی سەرۆکی هەرێمە لەلایەن هاوڵاتیانەوە. لە کوێ ئێستا بێن‌و باسی هەموارکردنەوەی یاساکەی بکەن‌و پۆستەکەش ببێتە تەشریفاتی!

ئەو ڕاستییەی پارتی‌و بنەماڵەی بارزانی بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر چاویان بڕیوەتە ئەو پۆستەو بە نەفەسی ڕاگەیاندن‌و دێباتەکانیانەوە دەبینرێت، پێماندەڵێت هیچ جۆرە نیازێکیان بەوە نییە دەستی لێ بەردەن. لەگەڵ ئەم گرفتارییەی باسم کرد، پێناچێت بە هەموو حزبەکانی دیکەو گشت چینی بۆرژوازی کوردیش تەنیا کاندیدێکیان پێ پەیدابکرێت بۆ جێگرتنەوەی مەسعود بارزانی لەسەر کورسی سەرۆکایەتی هەرێم. هەر ئەمەش پارتیی گەیاندۆتە ئەو ڕادەیە لە گیانسەختی‌و بێمنەتی‌و لەخۆبایی بوون لەم بارەیەوە. ئێستا حزبەکانی دیکەی مەیدانی سیاسەتی کوردستان هیچ کامیان ڕاشکاوانەو بە تەنێ ناتوانن بەرەوڕووی ئەم هەڵوێستگیرییەی پارتی بووەستنەوە. لە هەمان کاتیشدا نە دەتوانن بەرەیەک بە دژی پارتی پێکبێنن، نە دەشتوانن بە تەواوی دەست لە بەرژەوەندییان لە خولگەی باڵادەستیی پارتیدا بشۆن.  

سەر لە بەری ئەم گەمە سیاسییەی باسی لێوە کرا، ئەگەر چی ناڕاستەوخۆ بەرەوڕووی خەڵکی کوردستان بۆتەوە، بەڵام ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ژیان‌و ئێستاو ئاییندەی دانە دانەی هاوڵاتیانەوە. نەک لەو ڕووەوە کە خەڵک سەرپشک بکرێن سەرۆکی هەرێم هەبێت یان نەبێت، یاخود ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێرێت یان لەلایەن پارلەمانتارانەوە، دەسەڵاتی ڕەهای هەبێت یان پۆستێکی تەشریفاتی بێت. بەڵکە لەو سۆنگەیەوە ئەم پرسە پەیوەستە بە خەڵکی کوردستانەوە، هاوڵاتیان لە پرۆسەیەکدا پارلەمانیان هەڵبژاردو بڕیار بوو ئەم پارلەمانە شوێنی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بێت‌و باڵانسی سیاسی لە هەرێم بە شێوازێک هەموارو جێبەجێ بکات، کە کۆمەڵگای مەدەنی‌و بەها باڵاکان‌و ئارامی‌و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی گەرەنتی‌و مسۆگەر بکات. بەڵام دەبینین ئێستا پارلەمان وەکو جۆرێک لە ئۆپۆزیسیۆنی پارتی دەردەکەوێت‌و گشت لایەنەکانیش بە چڕی سەرقاڵی شوێنگرتنی بەرژەوەندییە حزبییەکانی خۆیانن. ئەوەی بایەخی نییە لایان دەنگ‌و ڕای هاوڵاتیان‌و ژیان‌و چارەنووسییانە. وە لەنێو بۆتەی کێشەو ململانێیاندا لەسەر پۆستی سەرۆکی هەرێم، بەجۆرێک خودی لایەنەکانی نێو حکومەت‌و پارلەمان گۆڕڕاون بۆ کاراکتەرو فاکتەری سەرەکی لەدەستچوونی خودی ئەو باڵانس‌و گەرەنتیانە، بۆنی جەنگی ناوخۆی لێ دێت.

تەنانەت پەرەگرتنی بەریەککەوتنەکان‌و نەفەسی پاوانخوازی‌و تاکڕەوی پارتی لەلایەک‌و ناهاوئاهەنگی لایەنەکانی دیکە هەم لە نێو خۆیان‌و هەم بە جیاجیاش، ئەگەری گرژی زیاترو توندتربوونەوەی قەیرانەکە لە ئارادایەو مەترسی تەقینەوەی ترسناکی لێ دەکرێت. بە جۆرێک باس‌و خواسی گەڕانەوە بۆ خاڵەکانی سەرەتای ئەزموونی کوردی‌و جووتزۆنیی حوکمڕانی سەریهەڵداوەتەوە. تابلۆی گشتی سیاسەتی هەرێم نوێنەرانی چینە داراو بازرگانە سیاسییەکان ئاراستەی دەکەن. لە بنەماوە تەواوی حزبەکان بەرژەوەندی خۆیان‌و دەوڵەمەندان‌و خاوەن کۆمپانیاکان‌ لەم کێشەیەدا نوێنەرایەتی دەکەن، وە ئامانجی سەرەکی تریشیان چەواشەکردنی هاوڵاتیان‌و پاڵپێوەنانیانە بە چاوبەسراوی بۆ نێو قووڵایی ئەم ململانێیەی خۆیان تا مۆرکێکی خەڵکی‌و جەماوەریی بدەن لە کێبەرکێکانیان‌و شەرعییەتی شەڕی بەرژەوەندییەکانیان لە دابەشکردنی خەڵکەوە لە پشتی حزبەکانەوە وەرگرن.

دیارە مەبەستیانە هاوڵاتیان بەدوور لە ناڕەزایەتی نوواندن‌‌و شوێنگرتنی ماف‌و خواست‌و ئازادییەکانی خۆیان ڕابگرن، وە بەدیار کێشە لەسەر پۆستی سەرۆکی هەرێمەوە لە چاوەڕووانیدا بیانهێڵنەوە. بەڵام هاوڵاتیان دەبێت ئەم سنوورەی دەرەوەی بەشداری سیاسی وا بۆیان دیاریکراوە ببەزێنن‌و ڕێگانەدەن زیاتر لەمە چەواشە بکرین‌و لەپێناو خۆیان‌و ژیان‌و چارەنووسیاندا وەکو هەمیشە دەبێت دەست بەرنەوە بۆ ڕەواڵی سروشتی خەباتی ڕۆژانەو سەرتاسەرییان بە دژی ئەم دەسەڵاتە. بە پێچەوانەی ئۆپۆزیسیۆنی بەسەرچووەوە کە دەیگووت، چوونی ئێمە بۆ نێو حکومەت یانی شەقامی ئارام، ئێوەی هاوڵاتی شەقام بۆ ماف‌و داخوازییەکانتان گەرم‌و گوڕ ڕابگرن، بەم هەنگاوەتان ڕێگا بگرن لە یاریکردنی ئەم حزبە عەشیرەییانە بە ئاگرێک کە چارەنووسی ئێوە بخاتە مەترسییەوە. ئەمەش ڕێبازێکی شکۆمەندانەیە نەک دانیشتن بەدیار بەرهەمی بێمایەی پارلەمانێکەوە سەرۆکی هەرێم دەتوانێت بینێرێتەوە ماڵەوە.

٢٣حوزەیران١٥