هەدەپە ڕێگای خەباتی مەدەنی و پارلەمانی گرتۆتەپێش لە پێناو بەرقەرارکردنی دیموکراسی و چارەسەری عادیلانەی مەسەلەی کوردیش لە تورکیا. ئەگەرچی لەسەر ئەو بڕوایەم سۆشیالیزم باڵاترین و کامڵترین ئاستی بەرجەستەبوون و بەرکەماڵکردنی دیموکراسییەو دەتوانێت بەشێوەی قەتعی بەربگرێت بە شۆڤێنیزم و ناسیونالیزم و ڕەگەزپەرستی جۆراوجۆرو وەڵام و بەدیلێکی بەهەموو واتایەک عادیلانەو شۆڕشگێرانەی کرێکاران و کۆمۆنیستەکانە بە کێشەو ناکۆکییەکانی ڕژێمی سەرمایەداری، وە لەوانەش کێشەو دەعوای قەومی و مەزهەبی و . . تد، بۆ ووڵاتێکی وەکو تورکیاش، بەڵام لە ئێستادا گرتنەبەری ڕێبازی سالم و سیاسی‌و شارستانی و دیموکراسیانە بۆ چارەسەری گرفت و کێشەکان، لەوانەش پرسی کورد لە تورکیا، بێگومان جێگای پشتیوانی و پێشوازی هەموو لایەکە.

بەداخەوە ڕاپێچکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش‌ و کۆمەڵێک پارلەمانتاری دیکەی حزبەکەی ئەمڕۆ لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی دەوڵەتی شۆڤێنی تورکیاوە، بۆ دادگاو لێپێچینەوە لەگەڵیان بەبیانووی پەیوەندییان بە (پەکەکە)وە، تەڵەیەکە بۆ دەمیرتاش و هەدەپە نراوەتەوەو دەبێت هەدەپە زۆر شارەزایانە و سیاسیانە بەرەوڕووی ببێتەوەو بزانێت بە چ شیوازێکی دروست و سیاسی ئەم کێشەیە تێپەڕێنێت.

دەستگیرکردنی دەمیرتاش و ژمارەیەک لە هاوڕێ پارلەمانتارەکانی سیاسەتێکی شۆڤێنییانەی تەواو عەیارە، کە ئەردۆگان و ئاک پارتی خستوویانەتە دەستووریانەوە بۆ ئەوەی هەدەپە بخەنە هەڵەیەکی سیاسی گەورەوەو واداری کەن هەڵوێستگیرییەکی نەتەوەپەرستانەو سیاسەتێکی ناسیونالیستی کورتبینانە بگرێتەبەر! ئەمەش دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەک لە سیاسەتی دژە دیموکراسیانەی ئەردۆگان بەرانبەر هەدەپەو تەواوی خەڵکی ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا دێت بۆ گۆڕینی کێشەکان بە جەنگی نێوان تورک و کور د.

بەڵام ڕاوەستاوی و هەڵوێستی دروست و خەباتی دیموکراسیانی پشتبەستوو بە خەباتی شارستانی و پلوڕالیزمی هەدەپە بێگومان ئەم هەوڵ و سیاسەتە شۆڤێنیانەی ئەردۆگان و حزبەکەی پووچەڵدەکاتەوە. بەردەوامبوونی هەدەپە لەسەر ڕێبازی شارستانی تائێستای دەبێتە بەربەستێکی پۆڵایین لەبەردەم بەرپابوونی جەنگی قەومی نێوان تورک و کورد لە تورکیا کە ئامانجێکی سەرەکی ئەردۆگانە. ئەمەش گەرەنتی سەرکەوتنی چارەسەری عادیلانەی پرسی کوردە لە تورکیا نەک سیاسەتێکی شۆڤێنیانە کە ئاک پارتی پێشنیازی دەکات.

هەموو لایەکمان بە پەرۆشەوە چاوەڕوانین هەدەپە هەروا بەردەوام و پێداگر بێت لەسەر ڕێبازی خۆی و هەوڵی شارستانیانەی بۆ چارەسەری کێشەکان، لەوانەش چارەسەری عادیلانەو ئاشتیانەی مەسەلەی کورد لەو ووڵاتە. هەنگاوێکی گرنگیش لەم ڕاستایەدا دەستبەجێ ئازادکردنی بێ مەرج و بەندی دەمیرتاش و هەموو ئەو پارەلەمانتارانەی هەدەپەیە کە ئەمڕۆ دەستگیرکراون. لەم بارەوە ئەمڕۆ ئێمە و جیهان شاهیدی کاردانەوەی خێرا بووین بۆ پشتگیری لە ئازادکردنی دەمیرتاش‌و هاوڕێکانی و لە هەدەپە، دیارە بە دژی ئەردۆگان و سیاسەتە شۆڤێنییەکانی خۆی و حزبەکەشی.

هیوادارم تەواوی خەڵکی کوردزمانی هەموو پارچەکانی کوردستان، بەردەوام بن لە پشتگیری هەمەلایەنەی خۆیان بۆ خەباتی مەدەنیانەی هەدەپەو چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد. وە بەم شێوازە ڕێگانەدەن ئامانجە شۆڤێنییەکانی ئەردۆگان و پارتەکەی بێتەدی، کە بریتییە لە گۆڕینی مەسەلەی بەرقەرارکردنی دەسەڵاتێک و دامودەزگایەکی دیموکراسیانە بۆ تورکیا، کە لەلایەن هەدەپەوە پێڕەوی لێدەکرێت، وە لە چوارچێوەشیدا چارەسەری عادیلانەو ئاشتیانەی مەسەلەی کورد لە ووڵاتی تورکیا، ببێتە شانۆی بەرپابوونی جەنگی قەومی نیوان کورد و توک لەو ووڵاتە. ئەمە باشترین پشتیوانییە لە هەدەپەو دەمیرتاش، وە جوانترین دیاریشە بۆیان لەم تەنگژەی ئێستا ئەردۆگان بەرپایکردووە بۆیان.

٤نۆڤەمبەر٢٠١٦