نەخێر، وانییە! میللەت نە قبوڵیان کردووەو نە بەرگەشیان گرتووەو نە زیاتریش بەرگەدەگرن!

"نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان: ئەوەی ئێمە بەسەر ئەو میللەتەمان ھێناوە، لەھەر وڵاتێکی جیھان بوایە خودا دەیزانی چی رویدەدا، ھاوڵاتیانی ئێمە زۆر باشن کە بەرگەیان گرتوە، سوپاسیان دەکەین."

ئێمەش پێویستە بە نێچیرەوان بەرزانی بڵێین؛ نەخێر، وانییە! میللەت نە قبوڵیان کردووەو نە بەرگەشیان گرتووەو نە زیاتریش بەرگەدەگرن.


تۆ وەکو سەرۆکی حکومەتێک کە نوێنەری چینە داراکان‌و فیرعەونەکانی کوردستانە، بەم دانپیانانەت بۆ نانبڕینی هاوڵاتیان و برسی کردنیان، ئامانجت هیچ نییە جگە لە هێرشێکی زیاتر بۆ سەر ژیان‌و نان و کارو مافەکانی میللەت.

ئەوە نییە لە قسەی دواترت دەڵێیت: "ئەگەر نرخی نەوت ببێتەوە (١٠٠) دولاریش قەیرانی ھەرێم چارەسەر نابێت"!

پاشان بەم ئیعترافە فریوکارانەیەت بەنیازیت هەواڵی بڕیارێکی دژی ئینسانی تریش بە میللەت ڕابگەیەنیت، کە دەڵێیت: "ئێستا بارودۆخی ھەرێمی کوردستان زۆر خراپە و ناتوانین پاشەکەوتی موچە بگەڕێننەوە، بۆیە دەبێ لەگەڵ خەڵکی خۆمان راستگۆبین، تاکە چارەسەر بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەو قەیرانە دەبێت لە دەرەوە یارمەتیمان بدەن."


واتە هەلپەرستانە دەتەوێت شەڕی داعش بکەیتە بیانووی دەست‌و ئەو هەموو درۆو دەلەسەی کردتان، ئەو هەموو شێرو ڕێوییەی هێناتانەوە، کە مووچەی سەدان هەزار مامۆستاو کارمەند پاشەکەوت دەکەن‌و دواتر بۆیان دەگەڕێننەوە، ئێستا لەڕێی ئیعترافی یەکەمتەوە دەخوازیت بێشەرمانە هەواڵی نەدانەوەی ئەو پاشەکەوتەش بە میللەت ڕاگەیەنیت! ئیتر ئەمە لوتکەی بێشەرمی سەرۆکی حکومەتێکی گەندەڵ و پر لە دزو تاڵانچییە ڕێگا بەخۆی بدات ئەم هەواڵە دژی خەڵکی و نامرۆڤانەیە بە میللەت ڕاگەیەنێت!


نەخێر، کاک نێچیرەوان بەرزانی، میللەت نە مووچە بڕینی پێشوویان قبوڵکردوە کە بەناوی پاشەکەوتەوە ئەنجامتان دا، نە ئەم نەدانەوەشی قبوڵ دەکەن لێتان! دەبێت ئەوەش باش بزانن، بەشێکی زۆر گەورەی میللەت ماڵیان لەگەڵ ئێوەو چینە داراکان جیایەو حساب و کیتابی خۆیان دەکەن لەگەڵتان دەرهەق بەو هێرشانەی کردتانە سەر ژیان‌و نانی ڕۆژانەیان.



دەبێت زۆر باشتریش تێبگەیت لەو کاتەوەی ئەو بڕیارە دڕندانەتان دەرکرد بۆ هەژارکردنی خەڵکی کوردستان، جەماوەری مامۆستایان‌و کارمەندان و فەرمانبەرانی توڕەو ناڕازی و کرێکاران بە گشتی و کرێکارانی بێکارکراو دەستیانداوەتە بزووتنەوەیەکی ناووتن بە خۆتان و بە حکومەتتان و بە بڕیارە دژی خەڵکییەکەشتان.


هەر ئێستا بە شێوەیەکی ڕێکخراو ناڕەزایەتییەکانیان فراوانتر دەکەنەوەو بەنیازن لەسەر ئەو زوڵمە بەکۆمەڵەی دژی خەڵکی کردتانە بڕیاری حکومەتە گەندەڵەکەتان بۆ بڕینی مووچەی خەڵک‌و نەهێشتنی خزمەتگوزارییەکان‌و فرۆشتنی یەک لە دوای یەکی سەکتەرە گرنگەکانی کەرتی گشتی بە کەرتی تایبەت، بزووتنەوەی گەورەو سەرتاسەری ئەنجامبدەن.ئەم هەنگاوانەی میللەت هێمایە بۆ ڕەتکردنەوەی درۆیەک کە بە ناوی میللەتەوە لە دیداری مێری لە شاری ھەولێر لەبەردەم زوومی کامێراکاندا کردتان.

هەروەها ئەم بڕیارو ئیعترافاتە تازانەشتان زیاتر سوورتریان دەکات لەسەر درێژەدان بە خەبات و ناڕەزایەتییەکانیان لەپێناو مووچە و مافە زەوتکراوەکانیاندا.ئێوە قەرزاری میللەتن، جەماوەری شەریف و ناڕازی کوردستان لە سەرەتای ئۆکتۆبەرەوە پێیانڕاگەیاندوون کە قبوڵی ناکەن لێتان قەیرانی ئابووری حکومەتەکەتان بەسەر ئەواندا بشکێننەوە.بەردەوام دەبن لە خەبات تا ناچارتان دەکەن بە دابینکردنی مووچەو مافەکانیان، یاخود بیر لە پێچانەوەی پەروەندەی خۆتان‌و حکومەتیشتان دەکەنەوە.


لە کۆتاییدا، کاتێک دەڵێیت؛ "تاکە چارەسەر بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەو قەیرانە دەبێت لە دەرەوە یارمەتیمان بدەن." ئەمەش فێڵێکی دیکەیەو دەستخەڕۆ کردنی میللەتە بەوەی چاوەڕوان بیانهێڵنەوەو دەستیان بلەرزێت لە درێژەدان بە ناڕەزایەتییەکانیان.بەڵام هاوڵاتیان لەوە ووشیارترن باوەڕ بەم چەواشەکاریانەتان بهێنن! هەروەها ٢٥ ساڵە لە چەندین تاقیکردنەوەدا ماهییەتی دژی خەڵکی و گیرفانپڕکردن‌و چاوچنۆکانەی ئێوەیان بۆ ئاشکرا بووە.

٢٨ئۆکتۆبەر٢٠١٦

لینکی هەواڵەکە:

http://skurd.net/index.php/news/news-kurdistan/6403-2016-10-26-16-01-23