ڕۆژی چوارشەممە ٧ کانوونی دووەم تیرۆریزمی ئیسلامی، دەستەی نووسەرانی هەفتەنامەی شارلی هیبدۆیان لە خوێن هەڵکێشاو فەڕەنساو جیهانیان نوقمی شۆک‌و ماتەم و توڕەیی کرد. چوارشەممەی دواتر ١٤ کانوونی دووەم ژمارەیەکی نوێی شارلی بە هەمان ستایڵ‌و نەریتی ساتیری ڕادیکاڵی خۆیەوە بڵاوکرایەوەو هەمان ڕۆژ پێنج ملیۆن دانەی لێ فرۆشرا. ئەو هەفتەیە پەژارەو ئازارو پرسەگرتن‌ لە تەنیشت شۆڕو شەوقی شانازی بە سەرکەوتنێک، پاریس‌و فەڕەنسای داپۆشی بوو. سەرکەوتنی تەنزی ڕۆشنگەر بەسەر بیری کوێرکەری ئیسلامیدا. لەو هەفتەیەدا تەرکیزی سەرەکیی ئاراستەی جیهان، بەرگری بوو لە ڕاوەستاویی شارلی دلێر بەرانبەر بە دڕندەیی دوژمنانی ترسنۆکی ئازادی. یەک جاری تر لە پراتیکی کۆمەڵایەتیدا سەلمێنرایەوە کە تەنزی ڕادیکاڵ ڕچەشکێنی ئازادی بیرکردنەوەیە. پاریسی پایتەختی مێژوویی شۆڕش‌و ئازادی، لەو هەفتەیەدا بووە مەیدانی هاتنەمەیدانێکی جەماوەری گەورەو ڕادیکاڵ، کە مادییەت‌و پراتیکییەتێکی نوێی بەخشییە دروشمی قەدیمی‌و ئایدیاڵی "سەرکەوتنی قەڵەم بەسەر شمشێردا"و سەرلەنوێ بە ناوەرۆکێکی مەزن‌و جوان‌و مۆدێرن‌و ئەمڕۆژی پێناسەو بەرهەمیهێنایەوە.

سەرانسەری هەفتەی ڕابردوو، شەپۆلی بەکوڵی بەرگری لە کارمەندانی ئەم بڵاوکراوەیە، کە بوونە قوربانی تیرۆریزمی ئیسلامی، لەژێر دروشم‌و دەسپێشکەرییەکی سادەو ژیرانەی "من شارلیم (JE SUIS CHARLIE)" بەڕادەیەک هەمەگیرو قودرەتمەند بوو، کە ئاشکراترین دوژمنانی ئازادی‌و سەرکوتگەرترین دەوڵەتەکانیش ناچار بوون تیرۆری پاریس ئیدانە بکەن. بەڵام پاش بڵاوبوونەوەی ژمارەیەکی نوێ‌و درەوشانەوەی ئەم واقعییەتە، کە درێژەدرانی هەفتەنامەی شارلی بە ئازایەتی‌و ڕاوەستاوییەکی زیاترەوە لە فەزایەکی دەیان جار خۆشەویستترو کاریگەرتر لە پێشوو، پابەند ئەمێننەوە بە نەریتی ڕادیکاڵ‌و پێشڕەوی سازکردنی ساتیرو ووتنی ڕەخنەی خۆیانەوە، دەستبەجێ ڕیزی دوژمنانی ئازادی‌ لە ڕیزی بەرگریکارانی ڕاستەقینەی شارلی جیابوویەوە. جمهوری ئیسلامی ئێران، ڕێکخراوی قاعیدە لە یەمەن‌و پاکستان، پۆلیس‌و دادگای سانسۆرچی تورکیا، مەرجەعە دەوڵەتییەکان‌و دامەزراوە ئایینییەکانی کۆمەڵگا بەئیسلام تووشبووەکان (اسلامزدە)، هەموویان دوژمنایەتی بنەڕەتیی خۆیان لەگەڵ ئازادی، لەگەڵ مافی بێئەملاولای ئینسان بۆ خستنەڕووی ئازادانەی بیروباوەڕی خۆی نیشاندایەوەو هێرشیان کردەوە سەر بڵاوکردنەوەی ژمارەی نوێی شارلی. لە واقعدا ئەوان لە ڕۆژەکانی یەکەمدا، ڕیاکارانە خۆیان خزاندە نێو شەپۆلەکانی بەرگری ئازادیخوازانە لە شارلی، چونکە ئەوان خوازیارو چاوەڕوانی ئەوە بوون کە ئەو کردەوە تیرۆریستییە خوێناوییە توانیبێتی کارمەندانی شارلی بتۆقێنێ‌و پاشەکشەیان پێ بکات. بە پێچەوانەی خەیاڵی بێهوودەی ئەوانەوە، کارمەندانی دلێری شارلی بە ئینێرژی‌و حەماسەتێکەوە کە لە بەرگری بێدریغ‌و فراوانی ملیۆنەها ئینسانی ئازادیخوازی پاریس‌و فەڕەنساو جیهانەوە وەریانگرتبوو، لە ژمارەی تازەی بڵاوکراوەکەیاندا پێداگرییان لەسەر پاراستنی کاراکتەری ڕادیکاڵی هەفتەنامەکە کردەوە لە بەکاربردنی ئامڕازی تەنزو ڕەخنەگرتن لە خورافاتی ئایینی. ژمارەی نوێ بە سێ ملیۆن دانە لەچاپ دەرهات کە تا نیوەڕۆ تەواو بوو، وە دوو ملیۆن دانەی دیکەی لێ چاپکراو ئەویشی تا ئێوارە فرۆشرا. ئەمە بوو وەڵامی جیهانی شارستانی بۆ تیرۆریزمی ئیسلامی. ئەمە بوو ئاکامی شەپۆلی بەرگری جەماوەری ئازادیخوازانی جیهان لە هەقی بەگاڵتەجاڕکردنی کۆنەپەرستی ئایینی‌و سیاسیی جیهانی ئەمڕۆ.

تەعبیری بەرگری لە ئازادی بیروڕا لەبارەی ئەوەی هەفتەی ڕابردوو لە پاریس پێشهات بەس نییە. ئەوەی ڕوویدا تەحەدایەکی مەزنتر بوو، کە بەرگری لە ئازادی بیروڕا تەنیا بەشێکی بوو. ئەم وەستانەوە یەک هەفتەییە کە بە سەرکەوتنی شارلی کۆتایی هات بێگومان دەرئەنجامی قووڵترو کاریگەرتر بەجێدێڵێت. شارلی بڵاوکراوەیەکی گاڵتەئامێزی ئاسایی نییە. بەڵکو بڵاوکراوەیەکی ڕەخنەگری فکری‌و سیاسییە لە ڕژێمی ئێستا لە ڕێگای ساتیرو لە گۆشەی چەپی کۆمەڵگاوە. شارلی لەگەڵ چل‌و پێنج ساڵ ڕابردووی چاپ‌و بڵابوونەوە سەرمایەی خۆی لە ڕادیکاڵیزمی کۆتایی دەیەی شەستەکانی فەڕەنسا وەرگرتووە. بەپێچەوانەی ئەو ناوبانگەی هەیەتی بابەتی ڕەخنەو تەنزی شارلی سنووردار نییە بە ئیسلامەوە، بەڵکو پانتاییەکی فراوانتر لە ئایین‌و سیاسەتی فەرمانڕەوای کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ئەمڕۆی گرتۆتەوە. لە مەسیحەوە تا ماری لو پن، لە شای ئێرانەوە تا سەرۆک کۆماری ئێستای فەڕەنسا، لە پاپاو خاخام‌و ئاخوندەوە تا ناودارانی جیهانی هاوچەرخ‌و نوێنەرانی سیستەمی کۆمەڵایەتی سەرمایەداری فەرمانڕەوا، ئەمانە هەموویان بابەتە جۆراوجۆرەکانی تەنزو کاریکاتێرەکانی بڵاوکراوەی شارلی هەفتانە بوون بە درێژایی دەیان ساڵ تەمەنی. لە پای ئەم هۆکارانە جەریاناتی ڕاستی توندڕەو، ڕاسیست‌و فاشیستی ئەروپایی، کە ئەم ڕۆژانە نیشاندانی خۆشەویستی بۆ شارلیان کردۆتە ئامڕازی دەستیان بۆ دژایەتی کردنی "بێگانە"، تا ئەم دواییانەیش بڵاوکراوەی شارلیان وەکو "ڕۆژنامە شڕەی کۆمۆنیزم" ناوزەد ئەکرد بەهۆی ڕەخنەگرتنی لە دەرکەوتەو دیاردە ئایینی‌و سیاسییەکانی ڕژێمی مەوجود. ساتیرە کاریکاتێرییەکانی شارلی لە ڕاستیدا بەشێکن لە ڕەخنەگرتن لە فەرهەنگ‌و پەیوەندییەکانی کۆمەڵ، لەوانەش مەیدانەکانی ڕەخنە لە بیرکردنەوەی ئایینی – تەواوی ئایینەکان- یش.

لە مێژووی مۆدێرنی جیهاندا، ڕەخنەگرتن لە ئایین پێشمەرجی گشت ڕەخنەیەک بووە. لە کۆمەڵگا ئەوروپاییەکاندا، پێشڕەوانی فکری مرۆڤایەتیی هاوچەرخ، ڕەخنەگرتنیان لە ئایین لە سێ سەدە پێشترەوە، لە چەرخی ڕۆشنگەرییدا بە شێوەی جددی دەستیپێکردو نزیکەی سەدەو نیوێک پێش ئێستا بە جۆرێکی ڕیشەیی بە سەرئەنجامیان گەیاند. فەڕەنسا پێشڕەوترین کۆمەڵگای ئەوروپایی بووە لە مەیدانی ڕەخنە لە ئایین‌و بەرقەرارکردنی ڕژێمی سیاسی سێکۆلاردا. بەهۆی شۆڕشی گەورەی فەڕەنساوە لە ١٧٨٩دا نەک تەنیا سەرکوتی سیاسی ڕژێمی دەسەڵاتدار بەڵکو ئیستیبدادی ئایینی کڵێساش هەرەسیهێنا. ئەم دوو دامەزراوەی سەرکوت، پایەکانی "ڕژێمی کۆن(ancien régime) " و پارێزەرانی کۆت‌و بەندی فکری‌و ماددی ئینسان بوون. بنەمای ڕەخنەی نائایینی ئەمەیە: ئینسان ئایین دروستئەکات، ئایین ئینسان دروستناکات. ساتیر بەشێکە لە ئامرازە کاراکانی ڕەخنە لە دنیای ئەمڕۆدا. پەرەسەندنی ڕەخنە لە هزری ئایینی‌و ووشیارکردنەوەو ڕۆشنگەری بۆ کۆمەڵگاگەلێک کە تائێستاش هەژموونی یاساو ڕێ‌و شوێنە مەزهەبییەکان قورسایی بەسەر ڕژێمی سیاسییانەوە، بەسەر دام‌ودەزگای دەوڵەت‌و پەروەردەو فێرکردنی گشتی‌و بەسەر زیندەگی هاوڵاتیانی کۆمەڵگاوە دائەنێت، ئەمڕۆ ئێجگار پێویست‌و حەیاتییە. ڕەخنە لە بیرکردنەوەی ئایینی یەکێکە لە دەستکەوتەکان‌و پێشڕەوییە گرنگەکانی مۆدێرنیتە. مەڵتیکەڵچەریزم کە دروستکراوی دیدگای ئەنتی مۆدێرنیستیی پۆست مۆدێرنیزم‌و ئاراستەکەری دەستنەبردنە بۆ ڕەخنەگرتن لە ئایین، تێزێکی کۆنەپەرستانەیە کە لەگەڵ نیازو پێداویستییەکانی کۆمەڵگای گڵۆباڵی ئەمڕۆژی‌و هاوشان لەگەڵ پێشکەوتنە مەزنە زانستی‌و تەکنەلۆژییەکانی جیهانی سەدەی بیست‌و یەک هیچ تەبایی‌و سازگارییەکی نییەو ناگونجێت.

ئیسلامی سیاسی زیاد لە سێ دەیەیە بە پشتیوانی دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی وەکو بزووتنەوەیەکی کۆنەپەرستانەی توندڕەو لەوپەڕی ڕاستی کۆمەڵگا بەئیسلام تووشبووەکاندا، ئەساسەن بە ئامانجی سەرکوتی ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەو ئازادیخوازانەکانی چینی کرێکارو بێبەشانی کۆمەڵگاو جووڵانەوە چەپرەوییەکان، وە لەنێو کێشمەکێشی جیهانی دووقوتبیدا بەشێوەی "پشتێنەیەکی سەوز" لە بەرانبەر یەکێتی سۆڤێتدا بەهێزکران‌و پشتگیری کران. لە سەردەمی شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ی ئێراندا بە ئاشکرا کۆنەپەرستی ئیسلامی لەژێر ڕابەرایەتی خومەینیدا بە بڕیاری دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان لە کۆنفڕانسی گوادلۆپ (بەڕێکەوت لە ٧ جێنیوەری ١٩٧٩) لەسەر کورسی دەسەڵات دانرا، تا شۆڕش سەرکوت بکات‌و لە بەدەسەڵات گەییشتنی ڕەوتە چەپەکان، کە لە شۆڕشدا چالاک بوون پێشگیری بکات. لەم ساڵانەی دواییدا بەشوێن قەیرانی ئابووری ٢٠٠٨دا بە تایبەت لەگەڵ شۆڕشەکانی تونس‌و میسرو دەرکەوتنی ڕاپەڕینە ناڕەزایەتییەکان لە ووڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست‌و باکوری ئەفریقا، سەرلەنوێ دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی پەنایان بردەوە بۆ سیاسەتی پارێزگاری لە ئەڵتەرناتیڤی دژەشۆڕشی ئیسلامی چەشنی ئیخوان موسلیمینی میسرو نەهزەی تونس‌و دەستەو تاقمی ئیسلامی لە ئۆپۆزیسیۆنی ڕژێمی بەشار ئەسەد. پەرەسەندنی تازەی تیرۆریزمی ئیسلامی لە جۆری داعش‌و قاعیدەو تاڵیبان‌و بوکوحەرام‌و بابەتی ئەمانە، بەرهەمی سیاسەتی پشتیوانی کردنە لە ئیسلام لەلایەن دەوڵەتانی ڕۆژئاواییەوە لەم ساڵانەی دواییدا. ئاشکرایە تەراتێنی ئەم ڕەوتە تیرۆریستانە بە عێراق‌و سوریاو یەمەن‌و لیبیاوە سنووردار نامێنێتەوە، بەڵکو زیندەگی‌و ئاساییشی هاوڵاتیانی کۆمەڵگاکانی ئەوروپاو ڕۆژئاوایش ئەخاتە بەردەم هەڕەشەو مەترسییەوە. تاوانی تیرۆریستی ٧ی جێنیوەری لە پاریس لە ڕاستیدا درێژەو دووبارەبوونەوەی کردەوە تیرۆریستییە خۆکوژییەکان‌و تاوانە قێزەونەکانی جەریاناتی چەشنی داعش‌و تاڵیبان‌و قاعیدەو بوکوحەرامن. ئێستا دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان لە هەوڵی ئەوەدان، بە بیانووی بەرانبەرکێ لە دژی تیرۆریزمی ئەم ڕەوتانە، ئەو هاوپەیمانێتییانە شکڵپێبدەن کە لە ململانێ لەگەڵ ڕەقیبە جیهانییەکانی خۆیان، بەتایبەتی بەدژی ڕوسیاو چین پێویستیان پێیانە، هەروەها بوون‌و دەستتێوەردانی سەربازیی خۆیان‌و ڕێکخراوی ناتۆشیان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست‌و باکوری ئەفریقا شەرعییەت پێبدەن.

بەهرەکێشی دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی لە کردەوە تیرۆریستییەکەی پاریس


دەوڵەتی فەڕەنسا، یەکێتی ئەوروپا، ئەمریکاو ئیسرائیل‌و دەسەڵاتەکانی دیکەی ڕابەری تیرۆریزمی دەوڵەتی‌و میلیتاریزم لە جیهان، دەستبەکارن بۆ بەهرەکێشی لە کردەوە تیرۆریستییەکەی پاریس لەپێناو بردنەپێشی سیاسەتە میلیتاریستی‌و سەرکوتگەرییەکانی خۆیان. ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە سەرانی دەوڵەتانی ڕابەری تیرۆری دەوڵەتیی، لە چەشنی نەتانیاهۆ لە ڕیزی یەکەمی خۆپیشاندانی یەکشەممەی پاریسدا، بەشی یەکەمی هەنگاوەکان‌و دەستپێشکەرییەکان بوون لە ڕاستای بەهرەکێشی لە کردەوە تیرۆریستییەکەی پاریس. فەدریکا موگرینی، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، ڕۆژی چوارشەممە ١٤ جێنیوەری لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی ئەوروپا لە لۆکسەمبورگ، لەگەڵ ئاماژە بۆ کردەوە تیرۆریستییەکەی پاریس، بە ئاشکرا بانگەوازی کرد کە دەوڵەتانی ئەوروپا ئەم "دەرفەت"ـە "بقۆزنەوه" و لەپێناوی بردنەپێشی سیاسەتەکانی خۆیاندا لە هەردوو مەیدانی کۆکردنەوەی زانیاری‌و بەرگریدا بەهرەکێشی لێ بکەن. واتای ئەم بانگەوازە هەوڵی زیاتری دەوڵەتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپایە بۆ سنووردارکردنی مافی هاوڵاتیانی کۆمەڵگا ئەوروپاییەکان‌و کردنەوەی ڕێگای دەستتێوەردانی پۆلیسییە لەنێو زیندەگی شەخسی‌و تایبەتی ئەواندا، هەروەها زیادکردنی بودجەی سەربازی‌و بەرفراوانکردنی دەخالەتی سەربازیی دەوڵەتانی ئەوروپاو ناتۆ لە هەر جێگایەکی جیهاندا.

تیرۆری پاریس‌و سەربزێوی زیاتری ڕاسیزم‌و فاشیزمی ئەوروپایی


ڕۆژی دووشەممە ١٢ جێنیوەری بزووتنەوەی ڕاسیستی پیگیدا لە ئەڵمانیا لە پەیوەست بە کردەوە تیرۆریستییەکەی پاریس‌و بە بیانووی بەرگری لە هەفتەنامەی شارلی، خۆپیشاندانێکیان لە شاری درسدنی ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا بەڕێخست، کە نزیکەی ٢٥ هەزار کەس بەشدارییان تێداکرد. ئەم ژمارەیە بە بەراورد لەگەڵ دوایین خۆپیشاندانەکانی ئەم ڕەوتە، پلەیەک فراوانبوون نیشان ئەدات. لە هەمان کاتدا چەند خۆپیشاندانی دژ بە پیگیداش هەم لە بەرلین‌و چەند شاری دیکەی ئەڵمانیا بەرپاکران، کە ژمارەی بەشداربووان تیایاندا بە زیاد لە سەد هەزار کەس مەزەندە کراوە. ئەم کێشمەکێش‌و ڕیزبەندییە بەردەوام دەبێت، وە ڕەنگە فراوانبوونەوەی زیاتریش بەخۆیەوە ببینێت. پیگیدا لە ئەڵمانیا، "بەرەی نەتەوەیی" لەژێر ڕابەرایەتی ماری لۆ پن لە فەڕەنساو جەریاناتی ڕاستی توندڕەو و ڕاسیست لە چەندین وڵاتی دیکەی ئەوروپا، لە ئیتالیا لە باشوور تا سویدو نەرویج لە باکور، هەر هەموویان بەهرەکێشی لە کردەوە تیرۆریستییەکەی پاریس دەکەن بۆ فراوانکردنەوەی جموجووڵە ڕاسیستییەکانی خۆیان. له راستیدا تیرۆریزمی ئیسلامی‌و جموجووڵە ڕاسیستی‌و شۆڤێنییەکان لە ئەوروپا یەکتر بەهێز دەکەن.

پێویستی حەیاتی بە مارکس‌و کۆمۆنیزمی ئەسیڵ‌و ڕادیکاڵی پرۆلیتاری


ڕێگای بەرگرتن بە پەرەسەندنی ئەم دیاردە دژانە بە کۆمەڵگا، دەستوەردانی چالاکانەی کۆمۆنیستەکان‌و پێشرەوان‌و هەڵسووڕاوانی جوڵانەوەی کرێکارییە لە ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ئێستاو هاتنەمەیدانی هەرچی فراوانتری ڕەوتە چەپ‌و ئازادیخوازەکانە بە دژی تیرۆریزمی ئیسلامی‌و ڕاسیزم‌و فاشیزمی ئەوروپایی هەردووکیان. لەپێناو گۆڕینی جیهانی ئەمڕۆو ڕزگاری لە هەردوو جەمسەری کۆنەپەرستانەی ئیسلامی سیاسی‌و ڕاسیزم‌و شۆڤێنیزمی ئەوروپایی، بەشەرییەتی موتەمەدن‌و ئازادیخوازی جیهان زیاتر لە هەمیشە پێویستی بە مارکس‌و بە کۆمۆنیزمی ئەسیڵ‌و ڕادیکاڵی پرۆلیتاری هەیە. بزووتنەوەو ناڕەزایەتییە بەرفراوانە کرێکارییەکان لە فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا، بەریتانیاو ووڵاتانی دیکەی ئەوروپایی، بەتایبەتی دەرکەوتنی یەک ڕەوتی چەپ‌و ڕادیکاڵ‌و پڕنفوز لەنێو دڵی قەیرانی درێژماوەی یۆناندا بە ئاراستەی گرتنی دەسەڵات، زەمینەی چینایەتی‌و سیاسی یارمەتیدەری بۆ گەشەو پەرەسەندنی کۆمۆنیزمی پرۆلیتاری لە کۆمەڵگاکانی ئەوروپایی‌و هێنانەمەیدانی ئەم جووڵانەوە ڕزگاریبەخشەی کۆمەڵ، لە ڕیزی پێشەوەی خەڵکی ئازادیخوازی بەگیانهاتوو لە دژی کوێرەوەری‌و نایەکسانییە بەربڵاوەکانی ڕژێمی سەرمایەداری فەراهەم هێناوە.

 15 جێنیوەری 2015