دوێنی

ڕوخسارتم بینی

لە تریفەی

مانگە شەوە

خوێنی مەرگی

لێ دەچۆڕا

ووتم مەڕۆ

لەگەڵم بە

منم

 لە خەم

 شیوەنی تۆ

خەون و ئاواتم

لەدەست چوو

بۆ کوێ دەڕۆیی

تۆ دەرمان و

هەر تۆ هیوای

چارەسەری

 

دوێنی

ڕێبوارێکم بینی

یۆنەی

پاساری باڵ شکاو

برسێتی

باڵە کانی

سڕکردبوو

بە دەنگ و

بە جریوە

لە بەردەم

چرۆی خاکە

باسی جەقۆی

ئەوتەوە

 

دوێنی

منالێکم بینی

لە پاشماوەی

گەندڵانە

بەدوای نانە

دەگەڕا

 

دوێنی

 کیژێکم

بینی

تەمەنی

 یەخسیری

رۆژگار بوو

یونەی کەنیز

لە بازاڕە

ئەفرۆشرا

ڕەوتی

پیاو سالاری

سەرکوت کردنی

ئافرەت بوو

 

دوێنی

ویژدانم بینی

قەترانیی

خومی ڕەش بوو

پیاوەتی

شیوەی قاوە

لەدیوەخانە

 ئەبەخشرا

 

دوێنی هەژارم

بینی

دوور لە ژیان

وەك ڕیبوارێک

لە کاروانە

 جێمابێ

خوێن مژەکان

بە بێ ویژدان

هەر. . . پێیان

ڕائەبوارد

 

دوێنێ

گەنجێکم بینی

 لە بەر باری

 نەبونییە

گورچیلەی

 خۆی دەفروشت

بەرامبەر

پارویەک نان

 

ئەو دیویشی

مۆڵ و تەلار

باڵاخانەو

تانکەری نەوت

 

دوێنی

چەکم بینی

بە بی هیز

هێزم بینی

بە بێ وڵات

وڵاتێش

وێنەی

 چێشتی مجەوەر

هەر یەکێک

لای خۆیەوە

تێی دەگۆشی

 

چەکی مەزهەب

ناسنامە بوو

تەقینەوەو

گەندەڵی

دەردێکی

کوشندە بوو

 

 

 

 

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.