دوای 3 ساڵ دابڕان له‌ گۆرانیگوتن، ده‌شنی به‌ گۆرانییه‌ك خۆی میدیاكان ده‌رخسته‌وه‌ كه‌ بڕوای ئه‌و گۆرانیه‌كه‌ی نزیكه‌ له‌ روح، بۆیه‌شه‌ ناوی ناوه‌ "ئازادی"، من واز له‌وه‌ دێنم دووركه‌وتنه‌وه‌ی 3 ساڵ پاشان ده‌ستپێكردنه‌وه‌ كارێكی ئاسان نابی بۆ ده‌شنی بۆئه‌وه‌ی جارێكی دی له‌سه‌رپی بوه‌ستێته‌وه‌، چونكه‌ به‌ڕاستی ئه‌و كه‌وتووه‌، ئه‌وه‌ جێدێڵم بۆ خۆی، چونكه‌ له‌و له‌من باشتر ده‌زانی پاره‌ گه‌وره‌كانی جارانی لی بڕاوه‌، بۆمنیش ئه‌وه‌ گرنگه‌ باسێكی كورت له‌م گۆرانییه‌ بكه‌م كه‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا به‌ كلیپێكی ئێمه‌نه‌یشن بڵاوی كرده‌وه‌.

ده‌بی ده‌شنی ئه‌وه‌ باش بزانی ئه‌گه‌ر پێشتر تاقانه‌ بوو هه‌موو كارێكی لی وه‌رده‌گیرا و له‌ مه‌یدانه‌كه‌ ساغی ده‌كرده‌وه‌، به‌ڵام ئێستا زیاتر له‌یه‌ك ركابه‌ری هه‌یه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ده‌ست بۆ كاری لاواز نه‌با ئه‌گه‌ر بیه‌وێت ببێته‌وه‌ یه‌كێك له‌ دیاره‌كان.

به‌هه‌رحاڵ گۆرانی "ئازادی". هه‌م له‌رووی تێكسته‌وه‌ هه‌میش له‌رووی میلۆدییه‌وه‌ هێنده‌ نزیكه‌ له‌گۆرانییه‌كی ئامۆژگاریكاری منداڵان هێنده‌ نزیك نییه‌ له‌گۆرانییه‌كی ئاسایی كه‌ هونه‌رمه‌ندێك بۆ گه‌وره‌كانی گووتبێ. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كارێكی زۆر وردی بۆ ده‌نگی كراوه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش گه‌وره‌ترین كێشه‌ی ده‌شنێیه‌. چونكه‌ ده‌نگی ده‌شنی ناتوانی به‌ ئاسانی ده‌رقه‌تی هه‌موو جۆره‌ میلیۆدییه‌ك بێت. بۆیه‌ من له‌سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی ده‌شنی ئامۆژگاریم بۆی ئه‌وه‌ كه‌ ده‌ست بۆ گۆرانی ئیقاع ببات و گرنگیه‌گی زۆر به‌ موزیك و دانس و كلیپ بدا، له‌وێوه‌ بتوانی هونه‌رێكی به‌هێزترمان نیشان بدا كه‌ پێی ده‌گوترێت هونه‌ری "ئیستعراجی". واتا هونه‌ری نمایش و هونه‌ری چاو، ئه‌مه‌ش له‌هه‌موو دنیا هونه‌رێكی گرنگ و كاریگه‌ره‌ ئاسایه‌ ده‌شنی له‌م جۆره‌ هونه‌ره‌دا تواناكانی تاقی بكاته‌وه‌ و له‌و بڕوایه‌دام سه‌ركه‌وتوو ده‌بی.

به‌ڵام ئه‌م جۆره‌ هونه‌ره‌ی كه‌ ده‌شنی پێشكه‌شی ئێمه‌ی ده‌كات زۆر زه‌حمه‌ته‌ لی وه‌ربگیردرێت و به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ری به‌ئاوابوونی خۆی كۆتایی دێت، وه‌كو چۆن له‌ حه‌وت ساڵی كاركردنی له‌بواری گۆرانیگوتن نه‌یتوانی به‌جۆرێك خۆی دروست بكات ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌ندی تریش بێنه‌ ناو مه‌یدان به‌ڵام ده‌شنی هه‌ر هه‌بی و رێگه‌ نه‌دا كه‌س تۆپه‌كه‌ی لی بسه‌نێت. وه‌كو چۆن هێلی له‌ڤ زۆر به‌ ئاسانی ته‌نیا به‌یه‌ك گۆرانی مه‌یدانی به‌ ده‌شنی چۆڵ كرد.

هیچكات ئه‌وه‌نده‌ی ئێستا ده‌شنی پێویستی به‌ راوێژكار نییه‌، بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ پێش هه‌ر كارێك راوێژ به‌كه‌سانی شاره‌زا له‌هه‌ر سی بواری موزیك و دیزاینه‌ر و كلیپسازدا بكات، واز له‌ دژایه‌تیكردن بێنێ و به‌ جۆرێك كار بكا رق و كینه‌ی كه‌سی تری له‌دڵ نه‌مێنی، چونكه‌ ئه‌گه‌ر رۆژێك له‌رۆژان به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی نزیك بوومه‌ له‌ ده‌شنی ده‌بی ئه‌وه‌ش بزانم كه‌ ئه‌و كه‌سێكه‌ به‌ رق ئیش ده‌كا و وا تێگه‌یشتووه‌ هه‌ر كچه‌ كوردێك به‌ ئینگلیزی گۆرانی بڵێت و هه‌وڵی ناوبانگی جیهانی بدا ئه‌وه‌ دژه‌ ده‌شنێیه‌، ئه‌وه‌شی گۆرانی به‌ كوردی بڵێت و هه‌وڵی ناوبانگی جیهانی نه‌دا ئه‌وه‌ خۆشه‌ویستی ده‌شنێیه‌! به‌ڵام من هه‌موو كات هه‌وڵمداوه‌ دیوه‌ راسته‌قینه‌كه‌ پێ نیشان بده‌م، بای ئه‌وه‌شم هێشتۆته‌وه‌ كه‌ خوا ئافره‌تی به‌جۆرێك دروستكردووه‌ خۆی له‌ناو خۆیدا غیره‌ی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م ئافره‌ته‌ فریشته‌ش بێت كه‌ پێی ده‌گوترێت "غیره‌ی ئافره‌تانه‌".

هیوادارم چیتر ده‌شنی به‌ ئه‌م به‌رهه‌م لاوازانه‌ نه‌مانڕه‌نجێنی و ده‌نا دڵنیام ئه‌گه‌ر رق و كینه‌ فڕێ بدا تواناكانی ده‌شنی زۆر له‌وه‌ زیاتره‌ كه‌ له‌م به‌رهه‌مه‌دا نیشانی داوین.