ئازادیی ڕادەربڕین: واتە سەرپشکبوونی مرۆڤ لە دەربڕینی هەست‌و بۆچوونی خۆی بەشێوەی گفت یان نووسین یانیش هەر شێوازێکی هونەری وەک وێنە یان پەیکەر. بەڵام ئەو جۆرە هەڵوێستە لەوڵاتانی ئیسلامیدا بەتایبەتی لەڕووی یاساییەوە جۆرەها سەنسۆری دەخرێتەسەر، خۆ لەڕووی ئاینیشەوە ئەوە نەتەنها بە نایاسایی دەژمێردرێت، بەڵکو حەرامە، تاوانە، گوناحە، بە نەعلەتی خودامان دەکات‌و هتد. . .

بە لێکدانەوەی ڕیتچارد مۆن، ئازادیی ڕادەربڕین لە دەرئەنجامی جموجۆڵە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیدایە، جونکە لەڕێگەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان‌و هەڵسوکەوت لەنێوان خزم‌و خێش‌و دۆست‌و برادەرو هاوڕێیانی کارو وتووێژ لەگەڵیان بیرۆکە پەیدا دەبن کە زۆرجار دەبنە هۆی پێشخستن‌و پەرەپێدانی زانیاری.

سەرەتاکانی سەرهەڵدانی ئازادیی ڕادەربڕین: دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست، کە لەساڵی ١٦٨٨دا لە ئینگلتەرا شا ولیامی سێهەم شا جێمسی دووهەمی لەسەر تەخت لاداو خۆی دەسەڵاتی گرتەدەست، پاش یەک ساڵ پەرلەمان بڕیاریدا بەوەی ئەندامان بۆیان هەبێت لەنێو پەرلەماندا سەربست بدوێت. لە فەرەنسای پاش شۆڕشیشدا ساڵی ١٧٨٩ ئازادیی ڕادەربڕین یەکێک بوو لە خاڵە بناغەییەکانی مافی هەووڵاتیان‌و تا ئەمرۆیش هەر لەسەری دەڕۆن. هەمانکات لە ئەمەریکا کۆششی زۆر بووە بۆ چەسپاندنی ئەوجۆرە مافە بۆ هاووڵاتییانی، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لە وەگەڕخستنی ئەو بەندانەی لە دەستووسەکەی ساڵانی ١٧٧٦ / ١٧٧٨دا لەمەڕ مافی بەکارهێنانی ئازادیی ڕادەربڕین بڕیاری لێدرابوو، ئەوەی لەساڵی ١٧٩٨دا بڕیاردراوە، نەیاربوون بە دەسەڵاتی فیدرالیی وڵاتە یەکگرتووەکان بەپێی یاسا بەتاوان بژمێردرێت‌و ئەنجامدەری ئەوجۆرە تاوانەیش دووچاری سزا دەبوو، تەنانەت هاوسانیشی نەهێشتووە لەنێوان سپی پێستان‌و ڕەش پێستاندا.

جۆن ستیوارد مێل‌ی فەیلەسووف ١٨٧٣ / ١٨٠٦ یەکێک بووە لەوکەسە سەرەتاییانەی بانگیان هەڵداوە بۆ ئازادیی ڕادەربڕین بەهەر شێوەیەک دەبێت، تەنانەت ئەگەر هەندێکەس بە ناڕەوشتیشی بژمێرێت. ئەو لەوڕووەوە دەڵێت "ئەگر گشت مرۆڤایەتی لەسەر دۆزێک خاوەن یەک بۆچوون بن بەڵام تەنها یەک کەس جودابێت، بێدەنگکردنی ئەو تاکە کەسە هیچ جیاواز نابێت لەگەڵ ئەوەی گەر ئەو تاکە کەسە دەسەڵاتی هەبێت گشت مرۆڤایەتی بێدەنگ بکات". ئەوجا ئەو بنەمایە تائەمڕۆ لە فەرەنسا بەتایبەتی‌و وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا بەگشتی پەیڕەو دەکرێت‌و لەسیستێمی دەسەڵاتیاندا هیچ جیاوازییەک نابینرێت لەنێوان هاووڵاتییەکی بەڕەگەز خەڵکی وڵات بێت لەگەڵ پەنابەر یان کۆچبەرانی کە بێگومان پاش ژمارەیەک ساڵ ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتەیشیان پێ دەبەخشرێت.

ئەوەی شایانی باسە، لەناوەڕاستی سەدەی ڕابوردوو بەدواوە بەهۆی کۆچکردنی زۆر لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاواو تێکەڵبوونی کولتوورو ئاینە جۆراوجۆرەکان بەتایبەتی‌و پێشکەوتنی ئامێرو کەرەستەی پەیوەندیی وەک مێدیاکانی بینین‌و بیستن‌و ئینتەرنێت‌و ئامێرەکانی هاتوچۆ شەپۆلێک مشتومڕو ناکۆک‌و ناحەزی سەریهەڵداوە لەنێوان توندئاژۆیانی نێو ئاینە جوداکان، بەتایبەتی ئەو دیاردەیەی لە وەچەرخانی سەدەی بیست بەدواوە تەوژمێکی ڕادیکاڵیی بەتایبەتی ئاینی لە ئەورووپا پەیدابووە دەخوازن داب‌و نەریتی ئەو کۆمەڵگایانەیش وەک کۆمەڵگە داخراوەکانی خۆیان بگۆڕن، زۆریش لەوانە نایشارنەوە کە گوایە ئەوان کۆشین بۆ بەئیسلام کردنی ئەو میللەتانەی داڵدەی داون بەئەرکی ئاینیی خۆیانی دەزانن، بۆیە کێشەکان لەوێوە سەریهەڵداوەو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ قووڵتر دەبن‌و دەبنە هۆی پەیدابوونی هەرچی زۆرتر بیری ڕگەزپەرستی‌و کەس‌و لایەنی دژ بەو پەنابەرانەی هەڵهاتوون لەدەست ڕژێمە دیکتاتۆرەکان‌ یان ئەوانەی لەجەنگ هەڵدێن یان لەبەر کەموکووڕیی ئابووری‌و برسێتی ڕوویانکردووەتە ڕۆژئاوا.

باشە کۆمەڵگەیەک چەندین سەدەیە بەو سەربەستییە گۆشەکراوە کە هیچ کێشەی نەبووە لەگەڵ ئەوەی من یان کەسێکیتر جۆنی لێدەڕوانێت، خۆ ئەگەر کەسێک بەجۆرێکی نەنگ لەئاین یان پێغەمبەرەکەیان یانیش سەرۆک‌و دروشم‌و بیروباوەڕەکەیان بدوێت، نەبینراوە هیچکەس خۆیانی لێ لێڵکات، یان ئەوپەڕی دەڵێن، ئەوە نەخۆشە پێویست ناکات سەری خۆمانی پێوە بێشێنم.

لە چەند دەیەی ساڵ لەمەوبەروە لەگشت وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەورووپادا کۆڕو کۆمەڵەی مرۆڤدۆس هەبوون بۆ پشتگیریی میللەتانی چەوساوە، بەڵام مەخابن لەم دەیەی یەکەمی سەدەی بیست‌ویەکدا دەبینین زۆربەی هاووڵاتییان لەوجۆرە کۆڕانە دەکشێنەوەو لەبەرانبەریدا کۆمەڵەی نەیار بە کۆچبەران پەیدادەبن‌و تادێت پەرە دەسەنن. زیندووترین نموونە، وڵاتی سویدە کە تا پێنج ساڵ لەمەوبەر هیچ پارتێکی ڕەگەزپەرست نەیتوانیوە پێ بخاتە نێو پەرلەمانی وڵات، بەڵام مەخابن پارتی دیموکراتەکانی سوید (sverigedemokraterna) کە سەرەتای ساڵی ١٩٨٨دا پەیدابوو لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٠دا بۆ یەکەمجار ٢٠ کاندیدیان گەیشتە نێو پەرلەمانی سویدو لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٤ یشدا کورسییەکانی پەرلەمانیان بەرزبووەوە بۆ ٤٩، هەروەها لەزۆر وڵاتی تری ڕۆژئاوادا پارت‌و ڕێکخراو پەیدابوون‌و گەیشتوونەتە نێو پەرلەمانی وڵاتەکان جەخت لەسەر گۆڕینی یاساو رێسای وڵاتەکانیان دەکەن نەتەنها بۆ وەرنەگرتنی پەنابەری نوێ، بەڵکو تەنانەت دەخوازن ئەو کۆچبەرانەیش لە وڵاتەکانیان دەرکرێن کە نەوەی دووهەمی ئەو وڵاتەن‌و باوانیشیان بوونەتە خاوەن ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتە.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.