رونکردنەوەیەکی پێویست. . .

خوێنەری بەرێز. . . ئەم چاوپێکەوتنەم بۆ گۆڤاری "قەقنەس"ی نازدار بەر لە ماوەیەکی دوورودرێژ لە ئێستا ئامادە کردبوو. . . لێ بە هۆی نەخۆشکەوتنی سەرنووسەر و ئەندامێکی تری دەستەی نوسەرانەوە و درێژەکێشانی نەخۆشییەکەیان و رووکردنە هەندەران بۆ چارەسەر، بەچاپگەیاندی قەقنەس زۆر دواکەوت و ئاسۆی دەرچوونی تا بێت بەهۆی رووداوە نوێیەکانەوە لێڵ دەبێت. . . بەداخەوە تا هەنووکە، دەرەتانی سەرپێ کەوتنی بۆ نەرەخساوە. . . لەگەڵ داوای لێبووردن لە مامۆستا محەمەدی بەڕێز و خوێنەرانی هێژا، وا لێردەا چاوپێکەوتنەکە وەک خۆی بڵاودەکەینەوە. . . بەدڵنیاییەوە ناوەڕۆکی چاوپێکەوتنەکە بایەخی خۆی لەدەست نەداوە و بیروبۆچوونەکانی نووسەر هێشتا گەرموگوڕ و هەنووکەیین. . . هەڵۆ بەرزنجەیی

 

 دیداری لەگەڵ شارەزا و پسپۆری بواری جینۆساید، (محەمەد حەمەساڵح تۆفیق)دا

 ئامادەکردنی: هەڵۆ بەرزنجەیی

 جینۆساید و ئەنفال

 پ1/کورد بە چ میکانیزمێک دەتوانێ باشتر لە ئێستا لەسەر ئاستى ناوخۆ و جیهان کار بۆ بە جینۆساید ناساندنى ئەنفال بکات؟

 و/ ئێمە ئەگەر باس لە ئێستا بکەین، کەوا ورد چى کردووە بۆ ناساندنى ئەم کەیسە دەستبەجێ بەرەو ڕووى واقیعێکى کڵۆڵ و پڕ لە هەناسەى سارد دەبینەوە و ڕەنگە لە وەڵامى (چى کردووە؟) یەکسەر دەستەواژەیەکى حازر بە دەستمان لەبەردەمدا قوت بێتەوەو و بڵێین "هیچى واى نەکردووە"چونکە تۆ لە ئێستاى دواى نزیکەى (26) ساڵ بۆ جێبەجێ کردنى دوا قۆناخى ئەو پلانە ڕەگ قووڵەدا هێشتا لە هەندێک کارى بچڕ بچڕ بەولاوە شتێکى ئەوتۆى نەداوە بە دەستەوە و ئەوانەش تەنها کارى چەند تاکە کەسێکى بەپەرۆشن بۆ ئەو مەسەلەیە و هەریەکەیان بە گوێرەى ئەزموون و ئاستى تێگەیشتنى خۆی شتێکى کردووەو لە دەرئەنجامى کۆتاییدا لە کارى پەرت و بڵاو و زۆربەشى بێ بەرنامە تێناپەڕێت و بەشێکیشیان لەکارى سۆز ئامێز و خۆشەویستى یەکلایەنەى گەل و نەتەوەکەیان تێناپەڕێت، لایەنى زانستى و بابەتى مامەڵەکردنى فەرامۆش کردووە. ئێمە تەنها لە تاو کەمى کارکردن لەم بوارەدا بەو هەوڵە تاکە کەسیانە دەڵێین لە هیچ باشترە، ئەگەر ئەوەش نەبوایە هەر وەک ئێستا دەبووین. ئەوجا بابپرسین ئەمەى کە کراوە چى لێ سەوز بووە و ئاستى تێگەشتن و هوشیارى خەڵکى ئێمەى گەیاندووەتە کوێ، لەم مەسەلە هەستەوەر و ترسناکەدا؟ ئاخۆ هیچ بارێکى هزر و هەڵوێست و ڕەفتارى خەڵکى گۆڕیوە لەمەڕ ئەوەى چی بکرێت، ئەگەر جارێکى تر جینۆساید بەرپاکرا لەلایەنى دوژمنەکانى کوردەوە، کە تا ئێستاش هەر زۆربە و گەلێکیان هەڵگرى هەمان ئەقڵیەتن بە جیاوازى ناویانەوە، من دەپرسم ئاخۆ چ شتێک ڕۆحیەتێکى لاى خەڵکى کورد درووست بووە بۆ بەرەنگاربوونەوەى کردەیەکى ترى لەم چەشنە لە ئایندەى نزیک یان دوورماندا؟ ئەڵبەتە بێ دوودڵى لاى خەڵک وەڵامێکى حازر بەدەستت لا قوت دەبێتەوە کەوا گەوهەر و ناوەرۆکى دەچێتە خانەى "هیچ و ئەوپەڕى نائومێدیەوە" و بەم پێودانگەش بێت ئەم کارى کورت و کوێرەشمان هیچى لاى خەڵک درووست نەکردووە، و زۆربەمان هەر بێئاگاین لەوەى لەم ڕابوردووە نزیکەماندا چى ڕوویداوە و دەبێ لەئاستیدا هەڵوێستمان چی بێت.

بێگومان ئەم حاڵەتە خەتاى خەڵکى تێدا نیە چونکە گرفتارى دەستى ئەقڵیەتێکى ئیدارەدان و حوکمڕانى بووە کەوا نازانێت چۆن و بە چ پێوەرێک کار لەسەر ئەم کەیسە بکات و بێجگە لە هەندێک کارى بێسەروبەر و دروشمبازى و فووکردنە خۆى ئیعلامى پڕ لە چاوبەستەگى و هەڵخەڵەتاندن شتێکى ئەوتۆى پێنەکراوە و نەیتوانیوە بیکاتە پرۆژەیەکى زانستى فرە ڕەهەند و دوور مەودا . ئاخر ئەقڵیەتێک کە تا ئێستادا نەیتوانیبێت بەرنامەیەکى پەروەردەیی بەرهەم بێنێت و نەتوانێت نەوەکانى گۆش بکات بەم کەیسە خەتەرناکە دەبێ داواى چی لێبکەیت؟ تۆ ئێستا گەنجێکى کچ و کوڕى فراوانت بۆ درووست بووە کە دەبێت ئایندەى ئەم وڵاتەیان لەسەر بنیات بنێیت بەڵام هیچ شتێکت پێنەداوە لە بارەى مێژووى دوێنێوەو زۆر بێئاگات کردووە لەم مێژووە و لە هەڵڵا و بگرێکى دروشمبازى کاڵ و کرچ بەولاوە هیچى ترى لێنازانێت و لە زانکۆش دەردەچێت هیچ شتێک لەم ڕووەوە تێنەگەشتووە تۆ دەبێت داواى چ هەڵوێست و بەرهەم و ڕۆحیەتێکى لێبکەیت؟ لە سەرێکى ترەوە کوا مۆزەخانەو سەنتەرى لێکۆڵینەوەت لەم بوارەدا؟ بۆ تا ئێستا ئامارێکى درووستت نیە بۆ قوربانیەکانت و سەرى زمان و بنى زمانت ڕەقەمێکى ئەبستراکتى بێ ڕۆحە کە هیچ مانایەک نابەخشێتە کەیسەکە. قوربانیەکانى خەڵک تا ئێستا وەک کەرەستەیەکى کڕینى لایەندارى مامەڵەى پێوەدەکرێت و هیچ شکۆ و شانازییەکت بۆ نەگێڕاوەتەوە و نەتکردووە بەو خەتە سوورەى جیاوازى و ململانێکانت نەیبەزێنێت و لەسەر ئەو خەتەو مانا و بەهاکانى ئەو خەتە بوەستیت و نەتوانى لەو دیویەوە ئێسکى براکەت بشکێنیت.

تۆ لە ڕەوشێکى هێندە ناڕێک و زەمینەیەکى هێندە لەرزۆک و ئاسمانێکى هێند سەر بە دووکەڵدا بژیت بارى ئابوورى – سیاسی – فەرهەنگى و کۆمەڵایەتیت هێندە هەڵوەشاو و داتەپیوبێت و مانایەکت بۆ مێژوو بەها پیرۆزەکانى خەڵک نەهێشتووەتەوە، بە چیتەوە دەبیتە خاوەن پرۆژەیەک بۆ مامەڵەى ژیرانە و زانستیانە لەسەر کەیسێکى ئاوها ئاڵۆزى وەک جینۆسایدى کورد، تۆیەک تا ئێستا قوربانى و پیاوکوژت لا ڕوون نەبووبێتەوە و لێیان جیا نەکەیتەوە لە لیستى شەهید و قوربانیەکانتدا چۆن دەتوانى کارەکە بە ئاقارى سرووشتیى خۆیدا ببەیت؟ تۆیەک تا ئێستا لە هەر قۆرتێکى بچووکى ڕێگاى پڕ لە هەوراز و نشێوتدا لە ئاست کەس یان لایەنێکى بەرانبەرتدا بگەڕێیتەوە چاخ و سەردەمى ژیانى ئەشکەوت، ئاخۆ دەبێ ئەم ئێستایە چی لە هەناودابێت بۆ ئایندە و سبەینێیەکىدواتر؟

من ئەم هەڵسەنگاندنەم لە واقیعی کەسێکى ڕەشبینەوە باس ناکەم بەڵکوو لە واقیعێکى تاڵ و تفتى واوە باس دەکەم کە هەموومان تێیدا دەژین و مامەڵەى لەگەڵ دەکەین.

باشە ئەمە ئاستى مامەڵەکردنى ناوخۆمان بێت ئاخۆ دەبێت بۆ دەرەوەى خۆمان چیمان پێبکرێت، کوا بەڵگەمان کوا مامەڵەى هاوچەرخمان لە بوارى فەرهەنگ و هونەر و . . . تاد.

ئێمە ئەگەر بمانەوێت کەیسى جینۆسایدمان بە دەرەوەى خۆمان بناسێنین پێویستە کارى جیددى بۆ بکەین بۆ سوود وەرگرتن لەو گەل و وڵاتانەى هاوشێوەى ئێمەن بتوانین شتێک لە ئەزموونى ئەوان بگوێزینەوە و لاى خۆمان بەرجەستەى بکەین و دەکرێت پسپۆڕو شارەزاکانى ئەوان بانگهێشت بکەین بۆ لاى خۆمان و لێرە کۆرسى ئاڵوگۆڕى بیروبۆچوون ساز بکەین و بە کردەوە ڕێنماییەکانیان پەیڕەو بکەین و بیگونجێنین لەگەڵ ڕەوشى فەرهەنگى و کۆمەڵایەتیماندا، ئەوجا با کاربەدەستانى ئێمەش لێرەوە کەس و دەزگاى گونجاو پێکبهێنن بیاننێرنە ئەو وڵاتانە و بەرپرسیان بکەن لە ئەنجامدانى کارى هاوشێوە نەک ناردنى کەسانى نەشارەزا بۆ گەشت و گوزارى وڵاتان بەم ناوەوە، دەبێت مەسەلەکە لاى ئێمە ببێتە پرۆژەیەکى زانستى درێژخایەن و دوور لە میزاج و میزاجکارى ئەم و ئەو، تاکە کەس بێت یان دەزگا و دامەزراوەى جیاواز، دەبێت مەسەلەکان بە یاساو تەشریعى پەرلەمان و حکومەت بێ و مەسەلەى پابەندبوون پێیانەوە گرنگە و بەمە دەتوانرێت بنەماى ناساندنى ڕاستەقینە دامەزرێت و پسپۆڕى کارامەى تێدا پێبگەیەنرێت.

 

پ2/ چۆن دەتوانین لەم هەل و مەرجەدا پرسی هەڵەبجە و ئەنفال بە سوودى سەربەخۆیی و دامەزراندنى دەوڵەت وەگەڕ بخەین؟

و2/ ڕەنگە وەڵامى پرسیارى یەکەم هەمان وەڵام بێت بۆ ئەم پرسە. ئەڵبەتە پرسی ئەنفال و هەڵەبجە خۆى لە پرسی سەرەکى جینۆسایدى کورددا دەبینێتەوە کەوا فەیلییەکان، بارزانییەکان، ئەنفال، هەڵەبجە، بالیسان و شوێنانى ترى کیمیایی بارانکراو هەموو وێستگەن لە زنجیرە پرۆسەیەکى گشتگیردا، بنەماکەى دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەقەتى و ئیفلیجییەى دەوڵەتى عیراقى تێدا دروست بوو، بە پێی بەرژەوەندیی ئیمپریالیستى زلهێزەکانى ئەو دەمەى جیهان کە پێچەوانەى خواست و بەرژەوەندى گەلانى ناوچەکە بوو و لەم نێوانەدا گەلى کورد زیانمەندترینى ئەو گەلانە بوو کە بەدەر لە ویست و ئیرادەى خۆى خاکەکەى بەش بەش کرا و لکێنرا بە دەوڵەتە تازە درووستبووەکانى ناوچەکەوە، بەشى باشوورى وڵاتەکەى خرایە سەر ئەم عیراقى تازە درووستکراوەوە، کەوا پێکهاتەکانى جۆراوجۆر بوون بە زۆرینەى عەرەب و کەمینەى کورد و گروپی ئەتنیکى تر بە جیاوازى ئاین و مەزهەبەوە نەتەوەى سەردەست لەم دەوڵەتەدا عەرەب بوو کەوا بە گەشەکردنى هەستى نەتەوەیی شۆڤێنیەتى نەتەوەیی گەورە و درووستبوونى حیزبە ناسیۆنالیستەکانیان، کە زۆربەیان ماکى فاشیزمیان تێدابوو بەجۆرێک تادەهات مەسەلەى چەوساندنەوەى کورد یان کەمینەکانى تر زیاتر گەڵاڵە دەبوو لایان بۆ بەرژەوەندى نەتەوەى سەردەست و پیرۆزییان دەدا بە چەمکى نیشتمان و نیشتمانپەروەرى لەم پێکهاتە نوێیەى عێراقدا و هەر ویست و ئیرادەیەکى ڕەواى کوردیان بە ناپاک تەماشا دەکرد و تا دەهات پەرگریى ناسیۆنالستى لەلایان زیتر پەرەى دەسەند تا دواجار بەوپەڕى تێپەڕاندنى تەواوى بەها و نەریت و یاسا نێودەوڵەتى شکایەوە لاى حیزبى بەعس، وەک حیزبێکى ناسیۆنالیستى پەڕگرى عەرەبی، کە لەگەڵ کورددا تا ئاستى بەرپا کردنى جینۆساید ڕۆیشت. من مەبەستم ئەوەیە کە دەبێ ئەم کەیسە بە یەک پاکێج تەماشا بکرێت و بە پێی زنجیرەبەندى زەمەنى لە سیاقى مێژووى خۆى داینەبڕێت، ئەگەرچى من لەگەڵ ئەوەشدام کە پرسی ئەنفال و هەڵەبجە لەو زنجیرەبەندییەى جینۆسایدى گەلى کورددا هێجگار کاریگەرە و دەکرێ تەواوى ڕەهەندە ترسناکەکانى بەکار بهێنرێت و تیشکى بخرێتەسەر بەسوودى سەربەخۆیی و دامەزراندنى دەوڵەت لە ئایندەدا و بە تایبەتى هەردوو پرسەکە لە دادگای باڵای تاوانى عێراقدا دانى پێدا نراوە وەک کردەوەى جینۆساید و پێویستى قەرەبووکردنەوە لە سەریان، بێجگە لەوە لە گەلێ پەرلەمانى وڵاتانى کاریگەرەوە دانى پێدانراوە وەک جینۆساید و هاوسۆزییەکى باشى هەیە لە لایەن زۆرێک لە وڵاتان و میللەتانى دنیاوە سەبارەت بە کەیسى ئەنفال و هەڵەبجە و لێرەوەیە کەوا پێویستە خۆمان کارەکە بەشێوەیەک بخەینە گەڕ کەوا تەنها لە جوغزى هاوسۆزى و بەزەییدا نەمێنێتەوە و لە ڕێگەى یاسایی و فەرهەنگى جیاجیاوە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دام و دەزگاو ڕێکخراوى نێودەوڵەتى جۆرا و جۆرەوە بەهێز بکەین و بە هۆکارى هاوچەرخ ئاڵوگۆڕى زانیارى و دۆکۆمێنتیان لەگەڵ بگۆڕینەوە و سوودى تەواو لە ئەزموونى میللەتانى جینۆسایدکراوى هاوشێوەى خۆمان ببینین و بەرنامە و کارى خۆمان لەم بوارەدا بە ئەزموونى ئەوان دەوڵەمەند بکەین چیتر واز لە کڕوزانەوە و سۆز ڕاکێشانى زارەکى ئەم و ئەو بێنین و بایەخى زانستى بە مەسەلەکە بدەین هەر لە کارى دوکیۆمێنتەرى و لێکۆڵینەوەى فرە ڕەهەند و بگرە هەتا دەگاتە سازکردنى پانۆراما و مۆنۆمێنتى هاوچەرخ و پشت بەستوو بە یاسا و تەشریعى پەرلەمان و حکومەت، کە چیتر میزاجى ئەم بەرپرسى حکومەت و حیزبی تێدا نەبێتەوە، کە ئەگەر ئەقڵى بڕى لاى لێبکاتەوەو ئەگەر نەیبڕى فەرامۆشى بکات. پێویستە مەسەلەکە ئاستێکى باڵا و بایەخدارى نەتەوەیی و مرۆڤپەروەرى پێبدەین، دوور لە ململانێ و پێشبڕکێی حیزبایەتیى ئاست نزم و سەقەت و کورتبین. ئەڵبەتە ئەم جۆرە ڕەفتارانەى بە هەدەردانى بوودجەى گشتى بەشێوەیەکى سەرپێی و لەبەر خاترى ڕازى کردنى ئەم گرووپ و ئەو تاقم دەبێ لێپرسینەوەى یاسایی تێدا بکرێت و کارەکە بەزیانگەیاندنى مێژوویی خەتەرناک دەشکێتەوە بەسەر خەڵک و ئیرادەی خەڵکدا و دواجار لەبازرگانی کردنێکى هەرزان بەها تێناپەڕێت بەقوربانیەکانمانەوە و لەجیاتى ئەوەى شکۆو بەهای شیاوى خۆیان بۆ بگێڕینەوە بێبایەخیان دەکەین و لەم ڕەفتارەدا لەگەڵ نیازو مەبەستى دوژمنەکانمان یەکدەگرینەوە کەوا سوودیانلەبێبایەخ کردنى مرۆڤەکان وەرگرتووە و لەو ڕێگەیەوە کاریان بۆ ئاسان بووە کەسیاسەتى جینۆساید ئەنجام بدەن و بە ئاسانى بۆیان چووەتە سەر.

سوود وەرگرتن لەپرسی ئەنفال و هەڵەبجە دەبێ لەئاستى ناوخۆدا بڕژێتەچوارچێوەى لۆجیکى دابین کردنى عەدالەتى کۆمەڵایەتى و بووژاندنەوەى بەهاکانى چەسپاندنى دیموکراسی و دەستەبەرکردنى مافی گرووپ و تاکە کەسەوەو دامەزراندنى بناغەى سیستەمێکى حوکمڕانى و ئیدارەدان کەوا مافى ڕەواى خەڵک دابین بکات و لەو ڕێگەیەوە بەرەوڕووى ئەرکەکانى خۆی بکەیتەوە بەرانبەر بەکۆمەڵگەو نیشتمان، حکومڕانییەک کەوا تێڕوانینێکى ڕوونى هەبێت بۆ ئیدارەدانى سیاسەت و ئابوورى لە وڵاتێکى هەرەسهێناو وداڕووخاو بەسەریەکەوە نەماودا. حوکمڕانییەک کەئیرادەو هەڵوێستى هەبێت لەئاست ئابوورییەکى تاکلایەنەى نەوتدا لەوڵاتێکى کشتوکاڵ تێکشکاو و بێبەرهەمدا، لەوڵاتێکدا کەهەموو خەڵکەکەى بەکاربەردا و ئاسۆیەکى ڕوونى گەشەکردنى سروشتى لێوەدیار نەبێت.

ئەلبەتە لەواقیعێکى ئاوها ناجێگیردا لە ڕووى سیاسەت و ئابوورى و فەرهەنگەوە، کەتۆ کارى جیددیت نەکردبێت بۆ چارەسەرى دەردەکانى مەحاڵە بتوانى پرسێکى گەورەى وەک ئەنفال و هەڵەبجەى بەباشی تەوزیف بکەیت بۆ دامەزراندنى دەوڵەتێک کەنەزانى سەرى لەکوێوەیەو دنیابینیەکى ڕوون و ئاشکرات نەبێ بۆی، لە هەستێکى سادەی نەتەوەیی بەولاوە.

 

پ3/ئایا ماددەى ناوزڕاوى 140، دەکرێ ببێتە وەرامى کارەساتى ئانفال و ڕگوێزان و بە عەرەبکردن؟

و3/ماددەى سەدو چلی دەستورى عێراقی هەمیشەیی تەواوکەرى ماددەى پەنجاو هەشتى یاسای ڕاگوزەرى ئیدارەدانى عێراقە (TAL) Transitional Administration Law کە یاساکەى سەردەمى ئەنجومەنى حوکم و ئیدارەدانى برێمەردا پەیڕەوى دەکرا و پاشان وەک ماددەى (140) لە دەستوورە هەمیشەییەکەى عێراقدا جێگیر کرا کە سێ لە سەر چوارى خەڵک دەنگیان دایە. ئەم دوو مادەیە هەردوکیان هەر بە مردوویی لەدایکبوون و لەلایەن ئەمەریکاوە چاوڕاو و بێویژدانییەکى زۆری تێدا کرا بەرانبەر بە کورد، کاتێ کەوا فشارى ئەوەى خستە سەر کورد کە سنوورى 9/4/2003ى هەرێمی کوردستانە بە سنوورى خۆی بزانێ و ئەودوای ناوچەو دەڤەرەکانى کوردستان بخرێتە دەرەوەى هەرێم و بە زۆر پیسەپێنن بەسەر کورددا کە ناوچەى کێشە لەسەرنdisputed areas ئەوە دەکرێ قۆناغ بە قۆناغ چارەسەرى بکەن و لەئەنجامدا ڕیفراندۆمێک لەو ناوچانەدا ساز بدەن بە شارى کەرکوکیشەوە، کەوا تێیدا ڕێز لە ڕای دانیشتوان بگیرێت و خۆیان بڕیارى هەرچییەکیان دا بەو شێوەیە بکەوێتەوە، بخرێنە سەر هەرێم، وەک هەرێمێکى سەربەخۆین، یان هەر لە سەر عێراقە بمێننەوە. ئەمە لەلایەن کوردەوە بە نیازپاکی کەوتەوە و بەتەمابوو لەم سیاسەتکردنەیدا گرەو بباتەوە و سووک و ئاسان خەڵکی کوردو غەیرە کوردی ئەم ناوچانە دەنگى بۆ بدەن و لە سەر سینییەکى زێڕین بیخەنەوە سەر سفرەى هەرێمەکەى، کەچی کار پێچەوانە کەوتەوەو تێکڕا وەزارەتە یەک لە دواى یەکەکانى عەلاوی و جەعفەرى و مالیکى نەک هەر هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێیان نەکرد بەڵکو قۆناغ بە قۆناغ گرفت و قۆرتیان خستەبەرو سیاسەتێکى پڕ فێڵ و تەڵەکەو ساختەکارییان بەرانبەر پەیڕەوى کرد و تا ئێستاش، کە ماوەى قۆناخبەندییەکەشی بەسەرچووە، هەرجێبەجێ نەکراوەو بەم میکانیزمەش قەت جێبەجێ ناکرێت. کورد و سەرکردەکانى لە مامەڵە کردنى ئەم کەیسەدا جیاوازییەکى ئەوتۆیان نەبوو، لەڕووى نیازپاکییەوە، لەگەڵ شێخ مەحمود و نزیکەى سەدەیەک لەمەوپێشى کوددا، کاتێ کە ئەو پیاوە قارەمانە بەوپەڕی سەربەرزیی زەمان و سەردەمی خۆیەوە و پاش دیلکردنى لە شەڕی بازیاندا (ساڵی 1919) هەر چواردە بەندەکەى ویڵسنى لەمەڕ مافی گەلانى بەشخوراو لە سەر پەڕەیەکى قورئان نووسراوە بە بازیبەندێک لە باڵی خۆی بەستبوو لە کاتى دادگایی کردنیدا لە کەرکوک لەلایەن ئینگلیزەوە بەوپەڕی دڵپاکییەوە وتبووى لەپێناوى ئەم بەندانەى مافی گەلاندا لەگەڵ ئێوە شەڕم کرد.

باشە ئەو دەمە گەلێ لە سەرکردەو خەباتگێڕی گەلان بەو بەندانە فریویان خوارد و چەشنى شێخ مەحمود لە کون و کەلەبەرى سیاسەتى دووفاقی هێزە ئیمپریالیستەکان تێنەگەیشتن و لەوەشدا هەقیان بوو وابکەن. من تێناگەم ئەى بۆچی نزیکەى سەد ساڵی دواتر، سەد ساڵی پڕ لە داگیرکارى و ئەزموون کردنى تاڵ لەگەڵ داگیرکەران و دەستوپێوەندەکانیان کە مامەڵەیان لەگەڵ کورد و کێشە ڕەواکەى گەیاندە ئاستى ڕەشەکوژى و جینۆساید بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتیەکان. چۆن وا خۆشباوەڕی سەریان بۆ پرۆسەیەکى پڕ ساختە لەقاند و پاش گۆڕینى ڕژێم لە 2003 دا ماڵی خۆیان خستە بەر سات و سەودای ئەمەریکاو هەمان ئەو ئەقڵییەتە ناسیۆلیستى و ئاینییەى کوردى بە ئەنفال و هەڵەبجە گەیاند، هەرچەندە ناوو دەموچاوەکان گۆڕابوو، لەکاتێکدا کەوا پێگەى کورد لەوپەڕی هێزو تواناى خۆیدا بوو، لەکاتێکدا کەوا ناسیۆلیستى عەرەب و هاوشێوەکانى لەوپەڕی شکست و نوشستیدا بوو و گەلانى عێراقی تووشی ئەوپەڕی نەهامەتى و نائومێدى کردبوو. لەکاتێکدا کە ئەقڵییەتى سەرکردە سەربازییەکانى ئەمەریکا لە عێراقدا تەنها سڵی لە لۆجیکى زەبر و هێز دەکردەوە، کە بەرەى بە ناو (موقاوەمەى) پاشماوەى بەعس و قاعیدە گورزیان لێدەوەشاند و لەگەلێ شوێنى عێراق ناچارى پاشەکشەو شەلم کوێرم ناپارێزمیان دەکرد، لەکاتێکدا کەوا کورد خۆی لە خانەقیندا هەڵوێستێکى پێچەوانەى نواند و تیایشدا سەرکەوتوو بوو، کەچی لە کەرکووکدا کەوا خاڵی یەکلاکەرەوەى ململانێیە تائێستاش پابەندى فشارو ئیرادەى ئەمەریکا بوو بەوپەڕی متمانەو دڵپاکییەوە، لەکاتێکدا کەوا سیاسەت کردن وادەخوازێت هەلومەرجى خۆت بسەپێنی لە کات و دەرفەتى گونجاودا بەتایبەتى کە سوور بزانیت هەقە بەلاى تۆوەیەو بەدرێژایی دەیان ساڵ غەدرت لێکراوە و مافت پێشێل کراوە.

دواتر دەبێ ئەوەش بزانین کەوا ئیدارەدانى ململانێ و بەتایبەتى ململانێی حیزبی دەسەڵاتى کوردى لەو ناوچانەدا لەوپەڕی ناشارستانیدا بوو بە ئێستاشەوە زۆربەى خەڵکى کورد و دانیشتوانى ئەو ناوچانە بەتایبەتى باش لەم حاڵەتە گەیشتوون و بووەتە نموونەیەکى ناشیرین لەلایان، بەتایبەتیش لێرە بێجگە لە گرووپی ئیتنیکى و ئاین و مەزهەبی جیاجیای تێدایە و ئەم بارودۆخەى کورد و ململانێى حیزبەکانى نموونەیەکى ئیدارەدانى سەرکەوتووى نەدانێ، پاشتر ئەم گرووپانە و لە ئەنجامى ناڕێکى کردەوەکانى کورد خۆیدا بوون بە دەسکەلاو داردەستى حیزب و لایەنەکانى شۆڤێنێتى عەرەب بە حیزبە ناسیۆلیستى و ئاینییەکانەوە کە بەهەمان ڕەفتارو ئەقڵییەتى پان عەرەبیزم مامەڵە لەگەڵ ئەم کەیسەدا دەکەن لە غیابی حیزب و گرووپە نیشتمانى و دیموکراسیەکانى عێراقدا، کە خۆیان لە بنەڕەتدا لاواز بوون یان لاواز کرابوون بەدرێژایی سەردەمى دیکتاتۆری پڕ لە زەبرو زەنگى بەعسدا. ئەوە بێجگە لە هەژموونى حیزبە ئاینى و ئائیفیەکان بە سەر سیاسەت کردن لە عێراقدا و ئەمانەش لە ناوەڕۆکدا وابەستەى ئەجێندای وڵاتانى دەوروبەرى عێراقە نموونەى بەرجەستەکردنى سیاسەتى کۆنەپەرستانەن لە ناوچەکەدا. بێگومان سەقامگیر نەبوونى دیموکراسی لە ژیانى سیاسیداو پابەند بوونى حیزبە ئاینییە حوکمڕانەکان بەئەجێندای دەرەکییەوە و هاوبۆچوون و هاوڕەفتارییان لەگەڵ حیزب و تەوژمى ناسیۆلیستى و شۆڤێنیستى عەرەبیدا لەلایەک و کەمتەرخەمى و نەبوونى هەماهەنگى پێویست و یەکهەڵوێستى لاى حیزبە دەسەڵاتدارەکانى کورد جێبەجێ نەکردن و فەرامۆش کردنى ئەم ماددەیەى لێکەوتەوە من پێموایە دەبوو هەر لە سەرەتاوە کورد بەجێگیر کردنى ئەم ماددەیە ڕازى نەبوایە لە دەستوردا و لەبرى ئەوە بیر لەمیکانیزمێکى تر بکرایەتەوە بۆ ساغکردنەوەى ناوچە بەناو کێشە لەسەرەکان و هەرگیز کورد ملی بە لایەنى ئەمەریکى و عێراقی نەدایە ئەم ناوچە دابڕاوانە بە ناوچەى کێشە لەسەر لەقەڵەم بدرایە و دەبوو هەڵوێستى ڕەق و سەختگیرانەى بگرتایەتەبەر لەم مەسەلەیەدا و هەرگیز ڕازى نەبوایە هیچ لایەک موزایەدەو سازش بکات لەم ڕووەوە. دەرئەنجام ئێستاش کورد گەیشتوەتە ئەو قەناعەتەى کەوا لە جێبەجێکردنى مادیی (140) دا تەنها ئاسنى سارد دەکوتێ و مامەڵە لەگەڵ هەمان ئەو ئەقڵیەت و ڕەفتارە دەکات کەوا کوردیان بەجینۆساید گەیاندو دۆزینەوەى چارەسەرو میکانیزمێکى تر زۆر پێویستە، بەڵام ئەمجارەیان دوور لە سازش و ئەمەشیان هەرگیز نایەتە دى ئەگەر کورد و سەرکردەکانى کورد و حیزبەکانى کورد مەسەلەى گەل و نەتەوە نەکەنە ئامانجى سەرەکى، دوور لە بازرگانى و ململانێ و یەکتر خواردن، دەنا کار وابڕوات بەشێکى ترى ئەم هەرێمەش کە ئێستا لە بندەستى حیزبی کوریدایە لە ئایندەیەکى دوور یان نزیکدا دەبێتەوە "ناوچەى کێشە لەسەر" یان لەباشترین حاڵەتدا دەبێتەوە بە "ناوچەکەکانى دەرەوەى هەرێم!".

پ4/پەشێوى شاعیر دەڵێ: 182 هەزار کەسی ئەنفالکراو، دانیشتوانى وڵاتێکە، هەڵەبجەو شەهیدانى و هەزارانى دیکەو لە ئاکامى چەکى کیمیاوى و گازى ژەهراوى منداڵ بەشێواوى لەدایک دەبێ، کورد خۆی چی بۆ ئەم قوربانیانە کردووە؟

و4/ بەداخێکى قوڵەوە دەڵێم "هیچ"!

 

پ5/ جیاوازى لە نێوان عەقڵیەتى کورد جوولەکە چیە؟

 

و5/ هەرکەس ئەم پرسیارەى لێبکرێت نازانێت لە کوێوە وەڵامەکەى دەست پێبکات، منیش هەر وام و لە خۆم دەپرسم ئاخۆ لە کوێوە دەست پێبکەم. ئەم بەراوردە زۆر قورسە لە هەموو ڕوویەکەوە، مێژووى نووسراوو دوکیۆمێنت کراو، فەرهەنگ، دیاسپۆراى جوولەکەو کاریگەرییان لەسەر سیاسەتى نێودەوڵەتى، ڕێکخراوەکانى جوولەکە لە دنیادا، پیشەگەرى و بازرگانى و کۆنترۆڵ کردنى بەشێکى بەرچاوى دارایی جیهان، هێرتزل و کۆنگرەى جیهانى جوولەکە، بەڵێنى بلفۆر بۆ دروستکردنى دەوڵەتى نەتەوەیی ـ ئاینى جوولەکە، هۆڵۆکۆست کە نزیکەى شەش ملیۆن جوولەکە جینۆساید کران لەسەر دەستى نازییەکانى ئەڵمانیا، دروستبوونى دەوڵەتى ئیسرائیل لە ساڵى (1948) و جەنگە یەک لە دوای یەکەکانى لەگەڵ عەرەبدا، مەسەلەى ئاینى یەهوودى و ڕەگى قووڵى لە مێژوودا و پێغەمبەرەکانى بەنى ئیسرائیل و تاد .  .  .

ئەمانە و دەیان وێستگە لە مێژوو و پێکهاتە و فەرهەنگى جوولەکە، کەوا ئەقڵیەت و فەرهەنگێکى تایبەت و جیاکارى پێکهێناوە کە تەواو جیاوازە لەو ئەقڵیەت و فەرهەنگ و مێژووەى کوردى لێ پێکهاتووە و بگرە جیاوازیشە لە فەرهەنگ و مێژووى سەرجەمى گەلانى سەر زەوى. خەڵکى کوردى بە درێژایی مێژوو ژێردەستەى ئەم ئیمپراتۆریەت و ئەو دەوڵەت بووە و میللەتێکى فەرهەنگ شوانکارە و جووتیارى و مەحکووم بەوەى بەردەوام لە کۆچدا بووبێت و ماڵى بەکۆڵەوە بێت بێگومان ئەقڵیەتى زادەى ئەو فەرهەنگەیە و ئەو قۆرت و کارەساتانەش کەوا لە مێژوودا تووشى هاتووە گەلێکیان زادەى ئەو فەرهەنگ و ئەقڵیەتەیە، ئێمە لەگەڵ جوولەکەدا هاودەردیەکمان هەیە ئەویش مەسەلەى جینۆسایدە، کورد لەسەر دەستى ناسیۆنالیستى عەرەب لە عێراقدا کە لە حیزبی بەعسدا بەرجەستە بوو، جوولەکەش لەسەر دەستى نازییەکانى ئەڵمانیادا و لە (1933 ـ 1945)، کەوا نزیکەى شەش ملیۆنیان لێ قڕکرا، لە پرۆسەى هۆڵۆکۆستدا و پاشان توانییان زۆر بە باشى بەکارى بێنن بۆ بەرژەوەندى میللەتى جوولەکە و دەوڵەتى ئیسرائیلیشى لە سەر درووست بکەن و تا ئێستاش هاوسۆزییەکى زۆرى گەلان و وڵاتانى دنیا بۆ خۆیان ڕابکێشن و هەموو دنیا تێبگەیەنن لە وردودرشتی جینۆسایدەکەیان بەتایبەتی وڵاتانی زلهێز و کاریگەر و ئەگەریش هەرکەس و لایەک نکوولی و گومانی لە هۆلۆکۆست کرد بەرەوڕووی یاسا دەبێتەوە و لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت، ئێستا هۆلۆکۆست هیند ئاشنایە بە دنیا کە باوەڕ ناکەم هیچ کەس و لایەنێک هەبێت لە سەر ئەم گۆی زەوییە شتێکی لەبارەوە نەزانێت و سۆزێکی نەبێت بۆی، ئێستا لە ئینتەرنێتدا بە زۆربەی زمانەکانی دنیا تەنها وشەی (هۆلۆکۆست) لێبدە و بە لێشاو زانیاری وەردەگریت لە سەر قەتڵ و عام و جینۆسایدی جوولەکەو هەر هەمووشی بە وێنەو دوکیومێنتەوە ئێستاش ساڵانە سەدان کتێب و فیلم و کاری هونەری و مێژوویی لە سەر هۆلۆکۆست دەردەچێت و بە باس و بەڵگەی زانستی بۆت دەسەلمێنێت چییان بەسەرهاتووە و چیشی لەسەر دروست دەکەن. کەواتە بیخەرە بەرچاوی خۆت چ ئەقڵییەتێک لە پشت ئەم میکانیزمەی کارکردنەوەیە و چ پلانێک کار بۆ ئەم دەریایەی کاری تۆکمەو زانستی دەکات و بەراوردێک لە مێشکی خۆتدا بکە ئێمەی کورد چۆن مامەڵە دەکەین لەم کەیسەماندا و چیمان لە سەر دروستکردووە و چۆن نائومێدییەک بەرەوڕوومان دەبێتەوە و چەند لە ئاستیدا بە خەمێکی زۆرەوە هەناسەی سارد هەڵدەکێشین.

لێرەدا حەزدەکەم تەنها باسی یەک دوو نموونە بکەم لەوەی کە بە چاوی خۆم بینیومە جوولەکە چ ئەرشیفێکی دەوڵەمەندیان هەیەو چۆن مامەڵە لەگەڵ فەرهەنگ و مێژوویاندا دەکەن:

هاوینی ئەمساڵ (2013) چوومە هۆڵەندا و بە خولیاو پەڕۆشییەکی زۆرەوە لەگەڵ کاک سەردار فەتاحی خانەخوێمدا، کە دانیشتووی شاری ئەمستردامە، چووینە سەردانی مۆزەخانەی مێژووی جوولەکەکانی هۆڵەندا و شاری ئەمستردام بەتایبەتی و لەوێ تەماشای وردو درشتی ئەو مێژووە و کەسایەتیەکانی جوولەکە لە ساڵانی 1600 کانەوە بە وێنەو دوکیومێنت پارێزراوە بە کەرەستەی  ژیان و گوزەرانی ئەو سەردەمانەوە، من لەئاست ئەو وردەکارییە و پۆلێن کردنی زانستیانەی هەموو شتێک بەجارێ سەرسام بووم و نەمدەزانى بڵێم چى! هەر لە ئەمستردام ڕۆژێکى تر چوومە ماڵى ئانا فرانک کەوا کیژۆڵەیەکى جوولەکەى چواردە پانزە ساڵان بووە کە لەگەڵ خێزانەکەى لە ترسی نازییەکان ماوەى نزیکەى چوار ساڵێک لەم خانووەدا خۆیان دەشارنەوەو پاشان دەگەڕێن و دەبرێنە کەمپەکانى کۆکردنەوە و لەناوبردنى جوولەکەکان و لەوێ لەناویان دەبەن. ئەم کیژۆڵەیە لەو حەشارگەیەدا ڕۆژانە یاداشتى خۆى دەنووسێتەوە کە ئێستا پاش دەرباز کردنى دەسنووسەکەى بووەتە کتێبێکى زۆر دانسقە و دەگمەن بە زۆربەى زمانەکانى جیهان. ئەم شوێنە بەردەوام هەر چوار وەرزى ساڵ لە کاتى دەوامدا خەڵکێکى زۆر نۆرەیان بۆ گرتووە سەردانى بکەن و من نزیکەى کاتژمێر و نیوێک لە ڕیزى ئاپۆرەى خەڵکە سەرە گرتووەکەدا وەستاوم تا دەرفەتى چوونە ژوورەوەم بەرکەوتووە و لەوێ بەهەمان شێوەى مۆزەخانەکەى پێشوو ورد و درشتى ئەو ژوور و کەرەستانەم بینیوە و سەرم لەو ئەرشیفکارییە سوڕماوە کە چییان بۆ کردووە. ئێستا ئانا فرانک لە سەرانسەرى دنیادا ناسراوە و کتێبەکەشى کە یاداشتى ڕۆژانەى ماوەى خۆشاردنەوەکەى بووە لەو ماڵەدا تا دەسگیرکردنى لەلایەن نازیەکانەوە بە زۆربەى زمانەکانى جیهان دەست دەکەوێت.

لە سەردانێکى دواترمدا، لە شارى بەرلین لە ئەڵمانیا بە یاوەرى هەردوو دۆستم کاک هەڵۆ بەرزنجەیى و مامۆستا عوسمان کە دانیشتووى ئەو شارەن سەردانى مۆزەخانەى جوولەکەم کرد لەوێ و مرۆڤ لە ئاست وردەکاریى گێڕانەوەى دەسگیرکردن و ئاوارەکردن و بەندکردنى جوولەکەکانى ئەڵمانیا و ناردنیان بۆ کەمپەکانى کۆکردنەوەو لەناوبردن، سەرى سوڕدەمێنێت و باوەڕ ناکەم هیچ کەسێک هەبێت تۆزێک ویژدانى بجووڵێت و ئەو مەرگەساتە لەو مۆزەخانەیەدا ببینێت، تەواوى هەست و هەڵوێستى بە لاى ئەو قوربانیانەدا دانەشکێنێت و نەفرەت لە نازییەکانى ئەڵمانیا نەکات بۆ ئەو تاوانە سامناکانەى ئەنجامیان داوە. لێرەدا دەمانەوێت جەخت لەوە بکەینەوە کەوا ئەگەر ئەقڵیەتێکى ژیر و ورد نەبێت لە پشت ڕێَکخستن و سازدانى مۆزەخانەیەکى لەم چەشنەوە تۆ بڵێى هەر لە خۆوە بە سەرپێى رسکابێت. ئەڵبەتە جوولەکە لە لە زۆربەى وڵاتان و کیشوەرەکانى جیهاندا زیاد لە 100 مۆزەخانەى هۆڵۆکۆستیان هەیە و زۆر بە وردى و دوکیۆمێنتاریەوە مامەڵە لەگەڵ کەیسى جینۆسایدیاندا دەکەن ئەگەر تۆ سەردانى هەر سایتێکى هۆڵۆکۆست بکەیت لە ئینتەرنێتدا کاتێکى زۆرت دەوێت بۆ بەدواداچوون و خوێندنەوە چونکە زانیاریى زۆرى تێدایە. بۆ نموونە مۆزەخانەى یاد ڤاشیم Yad Vashem لە شارى قودس تەنها هەر مۆزەخانە نیە بەڵکو دامەزراوەیەکى گەورەیە بێجگە لە شێوازى دیزاینى بیناکەى و نمایش کردنى کەرەستەکانى کە پەیوەندیدارە بە هۆڵۆکۆستەوە، کەوا گەلێکیان زیندوون لە چەشنى وتاردانەکانى هیتلەر و سەرانى نازى دژ بە جوولەکە، ئەم دەزگایە ساڵانە چەندین خولى کۆرس و ڕاهێنان ساز دەکات بۆ قوتابیانى چین و توێژەکانى خەڵک لە ناوەو و دەرەوەى ئیسرائیل و گەلێک شتى تر، کە لێرەدا من چەند خاڵێکى کەمى لێ باس دەکەم:

1-       ئەم دەزگایە ساڵى 1953 بە یاسایەکى کنێستى ئیسرائیلى دروستکراوە و چەند شوێنێکى پێ کراوە تا دواجار بینایەکى تایبەتمەندى بۆ کراوە لە سەر ڕووبەرى 180 هەزار مەترى چوار گۆشە کەوا کۆمەڵێک مۆزەخانەو ئینیستیتیوت و پێشانگە لەخۆ دەگرێت.

2-       112 هەزار کتێب و گۆڤارى پەیوەندیدارى بە هۆڵۆکۆستى تێدایە.

3-       68 ملیۆن بەڵگەنامەى مێژوویی پەیوەست بە هۆڵۆکۆستى تێدایە، کە تێکڕا دەگەنە 138 ملیۆن لاپەڕە.

4-       400 هەزار وێنەى تێدایە.

5-       10 هۆڵى پێشانگاى تێدایە، کە هەر یەکەیان تەرخانە بۆ بەشێکى مێژووى هۆڵۆکۆست.

6-       بەرنامەى خوێندنى قوتابخانەکانى ئیسرائیل و ئەو جوولەکانەشى لە دەرەوەن دادەنێت.

7-       21 ملیۆن لاپەڕە لە شایەتى شایەتحاڵەکانى تێدایە.

8-       پارێزگارى لە ناوى شەش ملیۆن جوولەکەى قوربانى دەکات، بەردەوام کۆنگرە و کۆنفرانسى نێودەوڵەتى تێدایە.

9-       ساڵانە یەک ملیۆن کەس سەردانى دەکەن (بە پارەیەکى دیاریکراو).

10-     ساڵانە نزیکەى 180 هەزار قوتابی زانکۆ و مەکتەبەکانى ئەو وڵاتە و دەرەوە کۆرسی خۆێندنى تایبەتیان هەیە لێرە، بیًَجگە لە نزیکەى 50 هەزار سەرباز.

11-     تا ئێستا 2. 2 ملیۆن شایەتى تێدا کۆکراوەتەوە.

12-     تا ئێستا 23 هەزار غەیرە جوولەکە لەم دەزگایەوە ڕێزیان لێنراوە، لەوانەى کاتى خۆى جوولەکەیان لەدەست نازییەکان ڕزگار کردووە. بەوانە دەوترێت (پیاوچاکانى میللەتانى تر Righteous of the Nations .