هاوینی ساڵی ٢٠١٣، لە بەرلین گەرم و پڕوکێنەربوو، لەدەست گەرما و جەنجاڵی شار، هەر خۆم بۆ پەناوپەسێو دەخزاند و هەر خەریکی چاو و ئاو خواردنەوە بووم . وەک شۆفێری تاکسی، کارێکم بۆ هات، لە هوتێلێکی شەقامی مولەرشتراسە، لە گەرەکی ڤێدینگی بەرلین. ساتێ چووم کابرایەکی پۆشتەوپەرداخ لە بەردەم هوتێلەکە چاوەڕێم بوو، لە پێشەوە لای خۆمەوە سەرکەوت، کە ئەمە دەگمەنە، ئەڵمانەکان بە زۆری لە تاکسیدا، لە پشتەوە سواردەبن. هەرنەبێ لە بەرلین ئەوە بەرقەرارە.

کابرا، داوای کرد بیبەم بۆ شەقامی راینهاردشتراسە، لە گەرەکی میتە، واتە ناوەندی شار. پاش چەند مەترێ وەرێ کەوتن، دیسان لە تاو گەرما و بێزاری، دەستم بۆ بتڵە ئاوەکەم برد و دوو قومی کورت کورتم بە گەرووی وشکمدا کرد. کابرا هاتە قسە و ووتی: ئەوە ئاو دەخۆیتەوە، پێدەچێ بە رۆژوو نەبیت. ـ مانگی رەمەزان بووـ . منیش لەسەرخۆ و بێ خۆتێکدان، ووتم نەخێر بە رۆژ و نیم و من رۆژوو بە شێواز و جۆرێکی دیکە دەگرم. . بەلای منەوە گرنگ ئەوەیە، مرۆڤ بە کردەوەی جوان بە رۆژوو بێت .

کابرا چاوێکی مشتەریئاسای بە سەر و سەکوتمدا گێڕا و نیگای گیرکرد لەسەر رۆژنامەی تاگە شپیگل، کە لەولامەوە لە گیرفانی دەرگای تاکسییەکەدا دامنابوو. . . وویستی دەست بە قسان بکات. دیارە بە بێدەنگی و ئاسپاییش گوێم بۆ رادیۆی دەنگی ئەڵمانی شلکردبوو. کابرا، گووتی: پێدەچێ حەزت لە سیاسەت بێت، خەڵکی کوێت؟ ووتم: بەڵێ هەموو ژیانم بەناچاری بریتییە لە سیاسەت و کوردی کوردستانم. کابرا کەمێک کەوتە سەرشان و ووتی: کام کوردستان، منیش بە نەرمی گووتم: هەر بۆ ئەوەی تۆ باشتر حاڵی بیت، باشووری کوردستان/یاخود کوردستانی عێراق.

کابرا، تەکانێکی بەخۆی داو و، وەک بڵێ دەچێتە سەرشانۆ و گەرەکێتی قسە بۆ جەماوەر بکات. . . پەنجەیەکی بۆ راکێشام و بە دەنگێکی گڕ و پڕ لە پەرۆشەوە گووتی: ئێوە دەبنە دەوڵەت. منیش دەمودەست بسکەیەک هاتەسەرلێوم و شەپۆلی خۆشییەکی بێوێنە دڵ و روخسار و جەستەی داگیرکردم. . .

کابرا، دەستی کرد بە گیرفانی چاکەتەکەیدا و لە دوورەوە، ناسنامەیەکی نیشاندام و ووتی حەز دەکەیت، هەندێ قسەت بۆ بکەم کە نەتبیستووە و لە رۆژنامەکانیشدا بەرچاوت ناکەون. گووتم: بەڵی، پێمخۆشە وبەدەم وەرامدانەوەوە، لەولاوە دەنگی رادیۆکەم کزکرد. کابرا ووتی من ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا و بەرپرسی جیهانی عەرەبی و ئیسلامیم و پێش ماوەیەک لای سەرۆکەکەتان، بارزانی بووم.

گوێ بگرە، ئەوە ساڵانێکە % ٧٣، میدیای جیهانی بە عەرەب و ئیسلامەوە سەرقاڵە و وڵاتانی جیهان ئۆقرەیان نەماوە. ئێمە بڕیارمان داوە، تا ١٠ ساڵی دیکە، چیدی پێویستمان بە نەوتی عەرەب نەمێنێ. ئەمەریکا و هەندێ شوێنی دیکە دەکارن، پێداویستییەکانی بازاڕ پڕبکەنەوە.

کۆمەڵێ قسەی لەم جۆرە کرد و ووتی سەرەتای دەسپێکردنی کارەکانیشمان، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەی توندوتیژییەی هەیە، لەوڵاتی فەرەنساوە دەبێت. ئەز لە خٶشی هەواڵی بوون بەدەوڵەتی کوردستان، لە لایەک و لەولاشەوە، ئەو هەندە زانیارییە گرنگەی، پێی راگەیاندم، بە پێویستم زانی پرسیاری ناوی کابرا بکەم، لێ مەخابن، ئامادە نەبوو ناوەکەی خۆیم پێ بڵێ. . ووتی : ئێشتا لەو شوێنەی کە دەمگەیەنی، ریستەورانێکە، چاوپێکەوتنم هەیە، لەگەڵ رۆژنامەنووسێکی دیاری بەریتانی.

کاتی خۆی، من ئەم باسەم لە هەندێ دیدار و باسدا، لەگەڵ هاوبیر و برایان و هاوڕێیانم باس کرد. . . رۆژگار هات و چوو، رووداوەکانی مانگی یەکی ئەمساڵ٢٠١٥، هێرشکردنە سەر گۆڤاری کاریکاتۆری شارلی ئەبدۆ لە پاریس روویان دا، زیهنم بەکاوەخۆیی گێڕامییەوە، بۆ قسەکانی ئەو کابرایە، بەڵام لام نەبووە بەڵگەیەکی بەهێزو ورووژێنەر، تا پشتی پێ ببەستم. ووتم، رەنگە ئەم رووداوانە بە رێکەوت لە فەرەنسا روویان دابێت. . .

بەڵام دوای زنجیرە کارە تیرۆریستییەکەی مانگی ١١ی ئەمساڵ دیسان لە پاریس، خەریکە چ گومانێکم لە سەر قسەکانی کابرا، نامێنێ و دەڵێم گەلێ رووداو پێشوەخت، لەم جیهانەی ئێمەدا روودەدەن، پێشوەخت نەخشەیان بۆ کێشراوە.

ئێستاش کە دەبینم فەرەنسا، زێتر لە هەموو، وڵاتانی دنیا، رووبەرووی تیرۆر دەبێتەوە و هەر فەرەنساشە سەرکردایەتی بەرەی هاوپەیمانێتی جیهانی بۆ شەڕی تیرۆریستانی داعش دەکات، دەڵیم ئەو ماستە موویەکی تێدایە.

ئەم کورتە چیرۆکەی بۆم گێڕانەوە، لەو رۆژەوە، تا بێت زیاتر خەیاڵم داگیردەکات. ئەوەی جێی پرسیارە و وەک گرێ کوێرە لام بەجێماوە، ئەوەیە. . . قسەکانی ئەو پیاو هی ماوەیەکی زۆر، پێش ئەو رووداوانە بوو! بەشێکی لە کرۆکی باسەکەی بە کردەوە هاتە دی. ئەی باشە بۆ دەبێت لە پاریسەوە، سەرەداوی دەست بەکاربوونی شەڕی تیرۆریستان دەستپێدەکات؟ داخۆ دەبێت ئەم کارەسات و گۆڕانکارییانە چ دەرەتانێ بۆ ئێمەی کورد بخوڵقێنیت. !؟ ئایا هێشتا ئەم جیهانە ئەو باڵۆنەیە، کە ئەم زلهێزانە بە پێداویستی بەرژەوەندییەکانی خۆیان فووی تێدەکەن و بچووکی دەکەنەوە؟ دەبێت رەهەندکانی ئەم پێشهات و رووداوانە چ بن و زلهێزانی دنیا، چ ئەجێندا و پلان و بەرنامەیەکیان تەونچن کردووە؟ ئەوەی لە هەموویشی گرنگتر و هەستیارترە، دەبێت لە هەگبەکەیاندا چی بۆ کورد تێدا بێت، کە ئیمڕۆ لە دووبەشی نیشتمانەکەیدا، بە کردەوە و بە خوێنی ئازیزترین رۆڵەکانی داکۆکی لە خۆی و جیهان دەکات و رووبەرووی دڕندەترین هێزی تیرۆریستی لە مێژوودا وەستاوەتەوە و بەربەرەکانی دەکات و رۆژانە داستانی قارەمانێتی تۆمار دەکات؟؟!!.

گەلۆ، پێمخۆش بوو ئەم بەسەرهاتە، هەر لای من نەبێت، لە جوغزی پێوەندییەکانمدا، ئێوەی ئازیزیش لێ بە ئاگا بن.