دەڵێن:

" ئەگەر لە تاقیکردنەوەی وانەی ماتماتیکدا، هەموو قوتابییەکان نمرەی یەکەم بێن، ئەوە تاقیکردنەوەکە هێجگار سووک بووە" .

جارێکی دیکەش کاتالۆنیا و سەربەخۆیی..

رۆژی ٢٧/٩/٢٠١٥، لە سەردەمی گلۆبالیزم و بچوکبوونەوەی دنیا و گوایە بەسەرچوونی چەمکی دەوڵەتی نەتەوەیی و هەڵتەکاندنی سنوورەکان و بەرقەرارکردنی دنیایەکی بێ ناسنامە و فەرهەنگ و تایبەتمەندی نەتەوەکان، میللەتی سەربەخۆخوازی کاتالۆنیا، بە وورە و ووزەیەکی بەرز و لەبن نەهاتوو و دەنگێکی دلێرەوە، لە نێوەندی دڵی ئەوروپادا، کیشوەرە پێشەنگەکەی شارستانێتی و پێڕەوکەری دیموکراسیی و پێشکەوتن، ئاڵای ویست و داخوازی سەربەخۆیی خۆیان بڵندکردەوە، کاتالۆنیا، بەم هەڵوێستەی توانی زەنگێکی هۆشیارکەرەوە بۆ جیهان لێبدات سوپرایسێکی گەورە بخاتە بەردەم مێژوونووسان و کۆمەڵناسان.

ئاخر گەلێک کەس هەبوون، لە سێبەری ئیدیۆلۆژیایی جۆراو و جۆر و ئامانجی ناڕەواوە، پێیان وابوو، چیدی لەم دەڤەرەی جوگرافیای زەویدا، جارێکی دیکە ڕەنگ و بۆی پرسی نەتەوەیی، نایەتەوە سەر شانۆی سیاسەت و هەموو گەلانی ئەوروپا گەیشتوو بە دوا فۆڕمی سیستەم و ژیانی ئازادی خۆیان و هەر هەموویان بە ئاڕاستەی خۆ تواندنەوەدا لەیەک بۆتەدا رەوت دەکەن و ناسنامەی نەتەوەیی دەسڕێتەوە و ناسنامەی گەردوونی جێی دەگرێتەوە.گلۆبالیزم کارێکی کردووە، دنیای هێناوەتەوە یەک.ئەی ئەوە نیییە کەسێک، لە دەڤەری هەورامانی کوردستان و کالیفۆڕنیای ئەمریکا، لەیەک چرکە و ساتدا، دەتوانن پێکەوە لە رێی ئینتەرنێتەوە چات بکەن.

ئەوەی لەم ئاریشەدا شایانی سەرنج لێدانە، بە هۆکاری کۆمەڵێ بەرژەوەندی تایبەتی و فاکتی دروستکراو لە ئەوروپادا، بایەخی میدیایی گەورە بەم باسە، وەک چاوەڕوان دەکرا نەدرا.لەگەڵ ئەوەشدا تین و تاوی بڕیار و هەڵوێستەکەی میللەتی کاتالۆنیا، هێندە بە گووژم و کاریگەر و هیوائامێز بوو، توانی دیواری بەربەست بڕوخێنێ و پەردەی بێدەنگی و فەرامۆشکاری، مەبەستداری!! ئەو لایەنە ناحەزانە بدڕێنێ، کە نابەدڵانە، کەوتنە رێگری لە بەردەم ئەم پێشهاتە و لە شێوازێکی رکەبەردا بووبێت یاخود دەیانەوێ ببنە ئاستەنگ.

٢٧/٩، هاوپەیمانێتی (پێکەوە بۆ بەڵێ)Just Pel si، توانی لە دەنگدانێکی ئازاددا، (٦٢)کورسی پەرلەمانی کاتالۆنیا لە کۆی (١٣٢) کورسی بە سوودی پرسی سەربەخۆیی بباتەوە.هاوکات پارتی چەپی CUP، کە توانی (١٠) کورسی بباتەوە، چووە پاڵ هاوپەیمانێتیە ناوبراوەکە و بەم پێیە، رێژەی کورسی سەربەخۆخوازەکان بەرز بۆوە بۆ (٧٢) کورسی...بەمەش بەرەی سەربەخۆخوازان، توانییان باڵانسی هێز لە پەرلەماندا، بە قازانجی خۆیان بشکێننەوە و هەنگاوێکی گەورە بە ئاڕاستەی سەربەخۆییدا بچنە پێشەوە.

بە پێی نەخشەیەکی (ئارتۆ مارس)ی سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکە، بڕیارە لە ساڵ و نێوێکی تردا، (٢٠١٧)دەستبەکاری نەخشەرێگای جیابوونەوە لە مەدرید بن.

(ئۆریۆل یونکوراس)، سەرۆکی چەپی کۆماری لەم میانەدا گووتی: میللەتەکەمان گەیشتە بەردەم دەروازەکانی ئازادی، دەمێک بوو گفتم دابوو بە پایرە گەورەم، رۆژێک هەر دێت بگەین بەم رۆژە.

ئەز لێرەدا لە بایەخی جوگرافیایی و ئابووری و کاتالۆنیا، بە خۆیی و ٧، ٥ ملیۆن دانیشتوانەوە و بوونی زێتر لە ٥٨٦ کۆمپانیای زەبەلاح و بوونی کارخانەی جیهانی وەک: مانگۆی رستن و چنین، ناتوراڵی گاز و فۆلکس ڤاگۆنی ئوتومبێلەوە، هیچ نموونەیەک ناهێنمەوە.بەڵکو لە چەند گۆشەنیگایەکی دیکەوە سەرنجێکی کورت لەم هەنگاوە گرنگە دەگرم، کە مخابن وەک پێویست نەبووە کەرەسەی باس و خوێندنەوەی ڕژد، لە میدیای کوردیدا.بە گشتی رۆشنبیرانی کورد، ئاوڕی پێویستیان لەم پرس و پێشهاتە نەدایەوە.تاوەکو سووت لە هەنگاو و ئەزموونەکەیان وەرگرین.

یەکەم: کاتالۆنییەکان ئەزموونی ساڵی رابووردووی سکۆتلەندییەکانیان لەبەرچاو بوو، باشیش ئاگاداری ئەو هەموو هەڕەشە و گوڕەشەیەی واشنتۆن و برۆکسل و لەندەن و بڕەکیش هێزەکانی ناوخۆ بوون، لێ لەتەک ئەوەشدا، هەروەک ساڵی رابووردوو رایانگەیاند، کەوا کاتالۆنیا، وەک سکۆتلەندە نییە، ئەوە بوو سووربوون لەسەر بڕیار و هەڵوێستی خۆیان و ئیرادەی نەتەوەیی خۆیان خستەکار و تەواوی ئەو هەڕەشانەی مەدرید و شوێنەکانی دیکەیان نەیترساندن و سڵی پێنەکردنەوە و دەنگدانەکەیان ئەنجام دا.

دووەم: ئەم ئاریشەیە، سەلماندییەوە، کەوا پرسی نەتەوایەتی هەردەم زیندووە و دینەمۆی بزوێنەری مێژووشە.سەرهەڵدانی داوای سەربەخۆیی، لەم هەلومەرجەی نەخشەی ئەوروپا و پێکهاتە و سیستەم و چەمکی دیموکراسی، بۆ گەلێ کەس و لایەن وەک سوپرایسێکی گەورەیە وایە .خۆبەرجەستەکردنی کاتالۆنییەکان لەم فۆڕمی باڵای هەست و ناسنامەی نەتەوایەتی و شانازیکردن بە بەنەتەوەبوونیان، ترۆپکی هەرە باڵای نەخشبوون و چلوورەبەستنی ستاتووی نەتەوەیە.

ئا لەم چرکەساتە مێژووییەدا، کە کاتالۆنییەکان خۆیان بەم چەمک و فۆرمە"نەتەوەبوون" پشت ئەستوور دەکەن، ئەوسا بوێرانە و بێ شەرم و گوێدانە هەڵوێستی وڵاتانی دیکە، پێداگریی لەسەر خواستە نەتەوەییەکانی خۆیان بە شێوازێکی شارستانێتی و دیموکراسی دەکەن.

سێیەم: هاوپەیمانێتی " پێکەوە بۆ بەڵێ"توانی هەڵوێستی پارتی چەپی کاتالۆنی، بە سووتی بڕیاری سەربەخۆیی بقۆزێتەوە و چەپەکانیش، لە هەڵوێستێکی گرنگ و چارەنووسسازدا، رۆڵی مێژوویی و نیشتمانپەروەرانەی خۆیان گێڕا.بەم کارەش بارستایی خۆیان خستە تای تەرازووی سەربەخۆخوازانەوە.ئەم کارەش لە رووی مێژوویی و سیاسی و چەندایەتییەوە، سەنگ و بایەخێکی دیکەی ئەرێنی، لە زەمینەی تێکۆشانی گەلاندا، دەبەخشێ بە رەهەندە، دوورەکانی پرسی سەربەخۆیی کاتالۆنیا و پرسی نەتەوایەتی لە سەرتاسەریی جیهاندا.

شایانی ئاماژە پیدانە، کاتالانەکان، رووبەرووی جینۆساید و ئەنفال و کیمیاباران و راگوێزان و لەسێدارەدان و گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەیی و کوشتاری جۆراوجۆری تر نەبوونەتەوە.کەچی هێندە لەسەر جیابوونەوە و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی خۆیان سوورن.

پێناس و ناسنامەی تێکۆشەری راستەقینەش ئەو دەم، لەمەیداندا بەراست دەردەکەوێ و دەسەلمێندرێ، کە هەرساتێ، نەتەوە و نیشتمان، کەوتە بەردەم دوو ڕیانی چارەنووسساز، پێویستە هەموو حیزب و کۆمەڵ و کەسێ دروشم و ئامانج و بگرە پرنسیپەکانیشی تایبەتییەکانی خۆی، بپێچێتەوە و ببێتە سەرباز و داکۆکیکار وڵات و خۆی بکاتە قوربانی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوە.

ئێمەش کتومت ئەمە، لە هەڵوێستی پارتی چەپی کاتالۆنیا و تێکڕای سەربەخۆخوازەکانی کاتالۆنیادا دەبینین و دەخوێنینەوە.

سەربەخۆیی لای پارتە کوردستانییەکان...

وەک پێشەکییەک، تا وێنەیەکی روونمان لە بەرچاو بێت، دەمەوێ ئەم راستییە بکەمە دەروازەی چوونە نێو باسەکەمەوە:

" کورد نەتەوەیەکە، تا ئێستاش نیشتمانی داگیر و دابەشکراوە و رووبەرووی نامرۆڤانەترین سیاسەتی داگیرکەرانی وڵاتەکەی، لە رووی سەربازی و سیاسی و ئابووی و رۆشنبیرییەوە بۆتەوە، هەبوون و ئیدەنتیتێتی لەبەردەم ترسناکترین هەڕەشەدایە.لە هیچ یەک لەو دەوڵەتە زۆڵەکانەی کورد و کوردستانی بەسەر دابەشکراوە، خاوەنی چ مافێک نییە و تا هەنووکەش تاکە هێزێکی نەتەوەی سەردەست پەیدا نەبوو، باوەڕی بە مافە رەواکانی کورد هەبێت" .

ئا لەم ساتەوەختەدا، کە باس لە پرسی دەنگدان و داوای سەربەخۆیی کاتالۆنیا دەکەین، بارودۆخ لە تەواوی کوردستاندا بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێ.لەتەک ئەوەشدا، بە دڕێژایی مێژووی دوای داڕمانی دەوڵەتی عوسمانی و سەپاندنی ناهەقانەی ئەجێندا و نەخشەی، رێکەوتننامەی رووزەردی سایکس ـ پیکۆ، دژ بە کوردستان، هەرگیز دەرفەتی وا زێڕینی بۆ کورد فەراهەم و هەڵنەکەوتووە.

دەوڵەتانی زۆڵەکی عێراق و سووریا، رۆڵ و مانایان نەماوە و لە ناوەندەوە داڕووخا و بێدەسەڵات بوون و ناتوانن بە دروستی پارێزگاریی لە پایتەخەتەکانی خۆیان بکەن.تورکیا، رووبەڕووی هەڕەشەی گەورە بۆتەوە و دۆستەکانی رۆژاوای لێی زیز بوون، و دەیانەوێ سزای بدەن بە دووی ئەلتەرناتیڤێکیدا دەگەڕێن.ئێران دەستی خەڵتانی خوێنی، چەندین کێشەی نێوخۆی وڵاتانی وەک، عێراق و سووریا و یەمەن و لوبنان و بەشێکی زۆری وڵاتانی کەنداو بووە، کێشەی گەورەی بۆ خۆی قووتکردۆتەوە و بە سانایی ئەم هەموو دەست تێوەردانەی بۆ ناچێتە سەر.هاوکات ئێران لەلای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێناسێکی نەرێنی بەدەست هێناوە و وێنەیەکی ناشیرینی دەسەڵاتدارێتی نیشان داوە و بە پێی دراوە ناوچەیی ـ قەیرانە نێوخۆییەکانی ـ و جیهانییەکان، ئێران ئاییندەیەکی چەسپاوی نابێت، یان بەو فۆرمەی ئێستا، ناتوانێ بەردەوم بێت.

هەڵتۆقینی رێکخراوی (داعش) لە دواییانەدا، بە خۆیی و کردەوە قێزەونەکانییەوە و داستان و سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە لە باشوور و شەڕڤانان لە رۆژاوا بەرامبەر بە داعش، بە تایبەت شا داستانی بەرگریی قارەمانانە و بێوێنە لە شاری (کۆبانی)، وەرچەرخانێکی باشی لە پرسی کورد دا هێنایە کایەوە و ئاسۆیەکی روون و فراوانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بۆ رەخساند.

لێرەدا، بە پێچەوانەی شەپۆلەکانی دەریاوە(میدیای چەواشەکاری کوردی و ئەقڵێتی سەقەتی حیزبایەتی لە کوردستان دا)، دەمەوێ چەردەیەک لەو راگەیاند و هەڵوێستانەی لایەنە کوردییە پەیوەندارەکان بخەمە روو، کە کەم و زۆر لە خولگەی باسی سەربەخۆییدا خول دەخۆن و پێوەندییان بە چارەنووسمانەوە هەیە.تاوەکو بزانین، ئەم کۆمەڵە حیزبەی لە کوردستاندا، بانگاشەی نوێنەرایەتی بزاڤی نەتەوەیی دەکەن، و سیفەتی شۆرشگێڕ و خاوەن شۆڕش بە خۆیان رەوا دەبینن، لە چ ئاستێکی بەرپرسیارێتی خۆیاندان و چەند هەڵگری ئەو پەیامەن، کە لە پێناویدا، هەنگاویان ناوەتە مەیدانی خەباتەوە.تا کوێ مافیان هەیە، بانگەواز ئاراستەی جەماوەر بکەن و بە چ مافێک رٶلەکانی نەتەوە دەکەنە قوربانی گەمەیەک، کە گەوهەرەکەی قومارێکی سیاسی رووت و پەتییە و چ مانا و بەهای شۆڕش و خەبات هەڵناگرێ، وەک ئەوەی خۆیان بانگاشەی بۆ دەکەن.

مخابن بە هەر مەبەستێک بێت، ئەم چرکەساتە هەستیار و گرنگانە(راگەیاندنی نابەرپرسانە و بێ هەڵوێستی بەرامبەر بە سەربەخۆیی و نەبوونی پرۆژەی دامەزراندنی دەوڵەت) زۆر بە خشپەیی و بێدەنگی بەسەر رۆشنیران و چاودێڕانی سیاسیدا تێپەڕی و تاکە دەزگایەکی میدیا و رۆژنامە و ماڵپەڕێک، نەیتوانی/نەیویست !! رووناکی بخاتە سەر .لە کاتێکدا دەزانین، بۆ باسوخواستی دیکە! ماشێنە شڕەکانی میدیای پارتەکان، چۆن خەرەک دەڕێسن و فوو بە کەڕەنای پڕوپووچیدا دەکەن.هەڵبەت ئەوەی حاشاهەڵنەگرە و مێژوو لەبیری ناکات و لە کەسیش خۆش نابیت، ئەوەیە، هەر جۆرە مامەڵەیەکی نەرێنی لەگەڵ ئەو فەرمانە پێشهاتوو و دیفاکتۆ دروست بووەدابکرێت، دەبێتە بەشێک لە سیاسەتی خۆڵ کردنە چاوی جەماوەر و دەرکەوتنی دوو روویی رۆشنبیرانی ناپاک، کە لەبەر هەر هۆکارێک بێت!!، نەیتوانی رۆڵی مێژوویی خۆیان بلێزن و لەو ئاریشەدا بەشداریی ئەرێنی خۆیان بە قازانجی سەربەخۆیی خاک و نەتەوەدا بکەن.

لەبەر رۆشنایی پەندە کوردییەکەی دەڵێ: " مشتێ نموونەی خەروارێکە"، وا بە کورتی چەند نموونەیەک لەمەڕ ئەم بابەتە، سەرەتا لە باکوور و رۆژاوا دەخەینە روو:

ـ ئێمە دەوڵەتی نەتەوەییمان ناوێ و ئەو داوا و بۆچوونانەمان خستۆتە نێو تەنەکەی خۆڵەوە..خەتیب دیجلە.

ـ مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیی بەسەر چووە و ئەوە داوی ئێمە نییە...مستەفا قەرەسوو.

ـ ئێمە داوای دەوڵەت ناکەین، دەوڵەت دژی ئازادی و دیموکراتی و تاکە.هەوڵمان بۆ دامەزراندنی دەوڵەت وەک چارەسەری کێشەکەمان دا، لێ ئێستا دەبینین دەوڵەت چارەسەری کێشەکەمان ناکات.ئێمە بۆ "کۆمەڵگەی ئازاد" خەبات دەکەین لە پێناوی هەموو گەلاندا.دەمانەوێ رژێمی دیموکراسی بەرەو پێش بەرین و گەشەی پێبدەین...جەمیل بایک

ـ کۆمەڵێ راگەیاندن و بانگاشە و نامە و داواکاریی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، هەر هەمووی جەخت لە کۆماری دیموکراسی و کۆمەڵگەی ئازاد و...هتد، دەکاتەوە.(هەر هەمووی لە ناو ترکیادا).

هەموو ئەم ناوانە بەرپرسی گەورەترین پارتی باکووری کوردستان (پ ک ک )ن و رەنگڕێژی سیاسەتی گشتی ئەو پارتەن.

ـ ئێمە نامانەوێ لە سوریا جیاببینەوە.ساڵح موسڵح ..هاوسەرۆکی کانتۆنەکانی رۆژاوای کوردستان.

پێم وایە پێویست ناکات، باس لە بۆچوونی نێوەندەکانی بڕیار و کەسایەتی و چاودێرە سیاسییەکانی بێگانە بکەین، لەسەر دابەشبوونی سووریا، چونکە بە هەزاران چاودێر و نووسەر و نێوەندی عەرەبی هەن تا هەنووکە، رۆژانە لە میدیا و رۆژنامەکانیاندا، باس لە کەرتکەرتبوونی سووریا دەکەن.ئەوە تەنیا کوردە نایەوێ و دەڵێ نابێت سووریا هیچی بەسەر بێت، هەر کوردە نایەوێ سووریا پارچە پارچە بێت و لە سووریا جیابێتەوە، لە کاتێکدا هەر خودی کوردیشە، داستانی قارەمانێتی بەرامبەر بە دڕندەترین رێکخراوی تیرۆریستی جیهانی، وەک داعش تۆمار دەکات و تاکە هێزی کاریگەر و کردەیە، لەسەر گۆڕەپانەکە، کە ئەفسانەی داعشی تێکشکاندووە.بەڵام نازانێ پاش نەمانی داعش چارەنووسی بە کوێ دەگات و بەپرس و سەکردەکانی، بەرەو کام ئاقار، کاروانی خەباتەکەی خستۆتەکەیان خستۆتە گەڕ.بێگومان ئەم پەرادۆکسە، مەتەڵ و گرێیەکی تری مێژووی کورد و گووتاری نەتەوەیی دەنەخشێنی و پێویستە گرنگی پێ بدرێ و کورد چاوەڕێی ئاکامی خەباتەکەی بکات و بزانێ لە پێناوی چیدا قوربانی دەدات و رێگە نەدا، چارەنووسی بە نادیاریی بمێنێتەوە و بکەوێتە ژێر پێچکەی بێروحمی گەمە سیاسییەکانەوە.

ئەوەی زۆر سەیر و سەمەرەیە، بەشێکی ئەم بەرپرسانە داوای (کانتۆن)یان بۆ دەڤەرە جیاکانی باشووری کوردستانیش کردووە، وەک شەنگال، سلێمانی و دەیانەوێ مۆدێلی کانتۆن، لە باشووریش بکەنە دروشمی سەرەکی، وەک ئەوانەی رۆژاوا بیسەپێنن، ئەو مۆدێلەی!! کە چ ناسنامەیەکی پێوە دیار نییە و تێکەڵەیەکە لەسەر بنەمای مێژوویی و نەتەوەیی و جوگرافیایی دانەمەزراوە و لە زەمینەی ئەزموونی میللەتانیشدا تەنیا لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی وەک سویسرا دا، خراوەتە کار و تا ئێستا سەرکەوتوو بووە.

هاوکات نابێ ئەوەمان لەیاد بچێ، کەوا ئەو هێزەی باوەڕی بەدەوڵەت نەماوە، کەچی بە سەرسووڕمانەوە دەوڵەتی ترکیای قەبوڵە و تێدەکۆشێ لە پێناوی ئەوەی، زێتر دیموکراسی تێدا بەرقەرار بکات و یەکێتی دەوڵەتەکە پایەدارتر بکات .

تەنیا ئاماژەدان بە بیروڕا و هەڵوێستی، کەسانی وەک (ئیسمائیل بێشکچی و نوام چۆمسکی) و چەندان کەسایەتی تر لەسەر رەوایەتی، دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی، رەنگە وەک وەڵامێک بەس بێت بۆ ناواقعێتی بیروبۆچوونی پارتەکانی ئەو دو بەشيی نیشتمانەکەمان .دەشێ لێرەدا بتوانم لە بری ئەوان، رێگە بەخۆم بدەم و بڵێم: خۆ گەر لە دیدی سیاسیشەوە بێت، ئەو هێزانە دەتوانن لە راگەیاندنەکانیاندا، وا هێما بۆ پرسەکە بکەن، کەوا کورد لە باکوور، لە مافی فیدراڵی کەمتر بە هیچی تر رازی نابن و سەردەمی دەوڵەتی نێوەندی هەڵگری بنەمای یەک نەتەوە و یەک زمان و یەک دەوڵەت، لە وڵاتی فرە نەتەوەدا بەسەرچووە.یاخود مافی نێزیک بە ٣٠ ملیۆن کورد، هەر لە دەوڵەتێکی فیدراڵدا بەرقەرار دەبێت.دوای چارەسەریی پرسی نەتەوەیی کورد و گەلانی تر، ئەوسا دەرفەت هەیە گەلانی ترکیا لە قۆناخەدا بتوانن بە ئاشتی و ئارامی و یەکسانی، لە کۆماری/ کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئازاددا پێکەوە بژین.

کوردانی رۆژاواش، دەرفەتیان لەبەردەمدایە، وەڵامی پێشهاتەکان بەوە بدەنەوە، بڵێن: ساتێ سووریا داشبەشکرا، وا ئێمەی کورد بەشە کوردستانی خۆمان بە خوێنی شەڕڤانەکانمان ئازاد و نەخشاندووە و بەرگریی لێ دەکەین و دەیپارێزین، رێگە نادەین بە دەسەڵاتی ناوەندی جارێکی دیکە لەم دەڤەرەدا باڵادەستی هەبێت.بە هەموو واتا و توانایەکمانەوە، سوورین لەسەر داوا نەتەوەیی و دیموکراسییەکانمان.ئێمەش وەک برا کوردەکانمان، لەم قۆناخەدا، لە باکوور و باشووری وڵاتەکەمان، داوای مافی فیدڕاڵی دەکەین.

ئەم جۆرە تاکتیک و ستراتیژە سیاسییە، لە ئاستی نێوچەیی و نێودەوڵەتیدا، بارستایی خۆی هەیە و شیاوی هێنانە دیشە.کاریگەرێتی نەرێنیشی لەسەر وونکردنی ناسنامە و گەوهەری پرسی نەتەوەیەک بە خەسلەت و بنەما تایبەتمەندییەکانییەوە ناکات و سەروەرییەکی مێژوویش تۆمار دەکرێ.

ئەم ئاوڕە خێرایە لەسەر ئەم پرسە و پێداگریی و سووربوونی ئەو هێزانە لەسەر ئەم دروشمانە، پێناسی ئەو لۆژیکە چەوت و بزاڤ و شۆڕشە چەواشەیەی ئەو حیزبانەمان لای روون دەکاتەوە، کە چەند دەستەوسانن لە ئاست ویستی نەتەوە و چەند دیماگۆگن لە سیاسەتکردن بە جەماوەری ماندوو و قوربانیدەری خۆیانەوە.بەواتایەکی تر، چەند کار لەسەر بەلارێدابردنی، پرسی رەوای نەتەوە و خاکێکی داگیر و دابەشکراو دەکەن و تا چەند بێ ئیرادە و بڕیار بەدەست نین، لەمەیدانی داوا رەوا نەتەوەییەکانی کورددا.

خوێندنەوەی پرسی سەربەخۆیی لای کاتالان و کورد، وەک نموونەیەکی هەنووکەیی، هەڵگری چەند ئاماژە و پرسیارگەلی ئالۆز و بێ وەرامە.هەر نیگایەکی سەرپێی ئەم هەڵوێست و بیرکردنەوە و بڕیاردانە، رەنگبێ بەشی ئەوە بکات، لە هۆکارەکانی، سەرتاپای مێژوویی بندەستی خۆمان تێبگەین.

پرسی سەربەخۆیی، لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا، هێشتا نەبۆتە جێی باس و چ پرۆژە و بەرنامەیەک، لەمەڕ ئەم پرسە گرنگە، کە لەو بەشەدا پەیوەستە بە چارەنووسی، هەر نەبێت زێتر لە ١٤ ملیۆن کوردەوە.پارتەکانی رۆژهەڵات، جیا لەوەی بەردەوام پارچەپارچە و لاواز بوون، هاوڕاش پێداگرییەکی سەرسەختانە لەسەر ئێرانچێتی دەکەن و بەشێکی زۆریشیان دوای گلاسنۆس و پێرۆسترۆیکاش، هێشتا شەوارەی ئێدیۆلۆژی و دەقی کتێبە ئەستوورەکان بەری نەداون.

رەنگە پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانی لە نێوان ئەو پارتانەدا و بڵندکردنەوەی داوای هەرە دامێنی فیدڕاڵی، تاکە وەرامێکی پۆزەتیڤ بێت، دەرهەق بە حاڵوباری کورد لەو بەشەدا.

بارودۆخ لە باشووری وڵات، پێی ناوەتە قۆناخێکی ترەوە.لەم بەشەدا لەتەک ئەو واقیعەی هەیە و حکومەت و پەرلەمانی کوردستان دامەزراوە، کەچی هێشتا وەک پرۆژە و بەرنامەیەکی ئامادەکراو و کار بۆ کراو، چ ئاماژەیەک بۆ پرس و داوای سەربەخۆیی بە کارایی بەرچاو ناکەوێ.

پارتی، زێتر لە لایەنەکانی دیکە لە رێی میدیا و راگەیاندنی کادێرەکانییەوە، ئەم باسە دەورووژێنێ.چەند جارێ، سەرۆکی هەرێم لە راگەیاندنە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا ئاماژەی بەم داوا رەوایەی کورد داوە.دیسان ئاماژەکان ئەوەمان پێ دەڵێن، ئەم هەوڵانە، پتر وەک کارتێکی گووشار و بۆ ترساندن و لابردنی تابووی سەر ئەو پرسە بەکار هاتووە، نەک وەک داوایەکیگەڵاڵەبووی بەرجەستەی باوەڕپێکراو...هاوڕاش بە کردەوەکانیان سیما و رەنگێکی بنەماڵەیی و تێڕوانینی بەرژەوەندی تەسکییان بەخشیوە بە رەهەندی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت..

جگە لەوەش ئەوەی نایبینین و جێی سەرنج و پرسیارە، شاندێ/دەستەیەکی دیبلۆماتکاریی کورد، بە فایلی سەربەخۆیی بۆ کوردستان و داوای دامەزراندنی دەوڵەتەوە.بە پەنهانی و ئاشکرایی، لە نێوەندەکانی بڕیاردان ئەمریکا و ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرتاسەریی جیهاندا، چالاکانە کار بۆ ئەم دروشم و داوا رەوایە بکات...لە میدیاکانی جیهانیدا، وتاری چوار نوێنەرایەتی حکومەتی کوردستان، و نووسەر و کەسانی سیاسی سەر بەو پارتانەی بارستاییەکیان لەسەر ئاستی کوردستان هەیە، پروپاگەندە و پشتیوانی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بکەن...لە نێو کەناڵ و میدیا جیهگانییەکاندا، مێزگردێک نابینین، کورد ئامادەی کرد بێت، یان بەشدار بێت تێیدا و ئەم پرس و باسانە بڵاوبکاتەوە و بە لۆژیک و دیکۆمێنت و زمانێکی دبلۆماسی هاوچەرخ بانگاشە بۆ پرسی سەربەخۆیی بکات...لۆبییەکی کوردی سازکرابێ و کار لەسەر ئەم پرسە بکات.دەیان سەدان جۆر چالاکی تری دبلۆماسی و راگەیاندنی و تەنانەت ئامادەکاری و رازیکردنی خەڵکانێک، کۆمپانیاگەلێک، تا رادەیەی کڕینی کەسایەتییە جیهانییەکان، تەماحیان وەربەر بنرێ و سۆزیان بۆ لای کورد راکێشرێ و بەرژەوەندییان بۆ بخوڵقێندرێ .بۆ داکۆکی لە پرسی رەوای نەتەوەیەک، کە ئەنفال کراوە و شەنگالی لێ زەوتکراوە و هەمیشە تەپکە و تەڵە بۆ بوون و هەبوونی لە لایەن داگیرکەرانەوە دەچنرێت...

لە هەمووش سەیرو پارادۆکستری دەسەڵاتی ئەم پارتانە و حکومەتەکەمان، ئەوەیە چ لایەک رێگە نادەن، بە هێز و کەسانی نەتەوەیی هەڵگری باويری سەربەخۆیی و ئاڵای دامەزراندنی دەوڵەت، لە کوردستان، لەسەر زەمینەیەکی باويری کوردایەتی و دوور لە گرژیی و وەکارهێنان بوک داردەست بۆ بەرژەوەندی خۆیان، هاوبیرانی بیری کوردایەتی، شانبەشانی هێزەکانی دیکە کار بکەن و ئەو بۆشاییە گەورە فکریی و سیاسیی و نەتەوەییە پڕ بکەنەوە...هەرچی هەیە دەبێت بەدەستی خۆیان بێت و خۆیان مامانی بن و هەرچۆنیان ویست، وای هەڵسووڕێنن .ئاخر ئەمانە باوەڕیان بە هاوخوێنی و هاوسەنگەریی و هاوستراتیژی و هاوپەیمانی نییە و لە دووی شێرەبەفرینە و قەرەقۆ و کوری رۆژ و کەڵەکباز و بێعار وێڵن.وەک ئەوەشی کە رێگە نادەن، خۆشییان ئەوە نیین کە پێویستەهەبن و خۆنمایشت بکەن!.

ئەوەیشی پارتەکانی دیکەی باشوور کاری لەسەر دەکەن، مخابن کەرتکەرتکردنی ئەو ناسنامە نەتەوەییە، کە هەوڵی دروستبوونی دەدرێ و لە میانەی پرۆسەیەکی ئاسایی و بێ خەرجیدا، بۆ خۆی بەرەو دروستبوون دەچێت و چلوورەە دەبەستێ.

گووتاری یەکێتی، سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی ناررون و تەمومژاوییە و هەر خەریکی رازیکردنی دەوڵەتانی داگیرکەرن ئۆکەی بە کورد بدەن دەوڵەت دروست بکات !!.سەرەککۆماری عێراق، د.فوئاد مەعسووم تاکە کەسە لەسەرتاسەری جیهاندا، دەڵێ: ئێمە رێگە نادەین عێراق دابەش بێت.

گٶرانیش، کار لەسەر ناسنامەی دەڤەری تاکە شارێکی کوردستان، سلێمانی دەکات و گەرەکێتی پشت ئەستوور بە دەستووری عێراق!!، هەرێمێکی سەربەخۆ و ناناوەندی لە بەرامبەر هەولێردا بەدەست بهێنێ.لە کاتێکدا لە دەستووری کوردستان دا، ئاماژە بەوە کراوە، کە رێگە بە دامەوزراندنی چ هەرێمی دیکە لە هەرێمی کوردستاندا نادرێ.

ئەمانە و هێزە ئیخوانییەکان، یەکبینە کار بۆ کاڵکردنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و پچڕپچڕکردنی هەستی کوردستانی و شێواندنی گوتاری نەتەوەیی و باوەڕی تاکی کورد بە خۆیی و مەسەلە رەواکەی دەکەن.

هەموو لایەنەکان، بە خۆیان میدیاکانی سێبەریانەوە و لەشکری رۆشنبیرانی هەلپەرست و بەرژەوەندی خۆیانەوە، لە هەوڵ و تەقەلای مەحاڵکردنی پرسی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتدان و هەوڵیش هەیە لە پشت ئەوەوەی ئەم باسە وەک بڤە و تابوویان لێ بێت.لە ئالییەکی دیکەوە بە هەموو شیوە و شیوازێکی ناشرین و رووقایمی و نەیارانە، دژ بەم چەمک و داخوازییانە دەوەستنەوە و لە بەها و گرنگییان کەم دەکەنەوە سووکایەتی بە باسکردنی دەکەن..ئەوەتا لەسایەی ئەم کەمپینی و رٶلێ نەرێنی میدیا شڕ و گوماناوییەکاندا، خەڵکانێکی سەرلێشێواو و گەوج بوو، بە رەفتار و گوفتاری نابەجێ و دوور لە خۆشەویستی نیشتمان و خوێنی گیانبەختکردووان و ئەو هەموو کارەسات و قوربانییانەی هەڵەبجە و ئەنفال و شەنگال و ملیۆنەها کارەساتگەلی دیکە، دەڵێن دەوڵەتمان ناوێ و لەبەر ئەوەی ((معاشەکەی جوان نییە))...!! یان بە بڕوبیانووی پوچەڵ و نەزۆک و بێ ماناوە، خۆیان لەم داوا رەوایە دەدزنەوە و پێیان وایە، هەلومەرجی سەربەخۆیی لەبار نییە و وڵاتانی درواسێمان، رازی نین.

رووداو و پێشهاتەکانی ناوچەکە و وەرچەرخان و هەڵکەوتنی گرنگی کوردستان و ئەو دیفاکتۆ خوڵقاوەی بە بۆنەی شەڕی داعشەوە، سەری هەڵداوە، فاکتەرگەلێگی گەورە و کاریگەرن، رۆژ بە رۆژ کوردستان بە هەموو رەهەندەکانییەوە تێهەڵکێشی هاوکێشە و نەخشەی ئامادەکراوی پآس سایکس پیکۆ دەبێتەوە.کورد دەبێت بزانێ چۆن لەم گۆڕەپانەدا یاری دەکات.بۆ ئەوەی یارییەکی باش بکەین و براوە بین، پێویستە وەک یەک تیمی نەتەوەیی بچینە مەیدانەوە.ئاخر تاکە چەکی دەستی کورد هەر یەکێتی و یەکێتی دەبێت .

بە کورتی هەڵمەت و کەمپینی سەربەخۆیی دەکرا و دەکرێ لەچەندین قۆڵ و کەناڵەوە کاری بۆ بکرێ..نەک وەک ئەوەی خەڵکانێ بە ئومێدی ئەوە بن، هەر بە پەیمانێکی بلفۆڕئاسا، بڕیاری سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی، بۆ بخرێتە سەر سینی زێڕین و پێشکەشیان بکرێ...

رووداو و پێشهاتەکان بە پەلە دێنە پێشيوە و دەگۆڕدرێن و گەلێ جار بە چاوترووکانێک، وەرچەرخانی گەورەی چاوەڕوان نەکراو، دێتە سەر شانۆی سیاسەت و دەبێت پلانت بۆی هەبیت و رووبەرووی بیتەوە...بە نموونە هاتنە پێشەوەی رووسیا لە پشتیوانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد و سوریا و پەیمانی چوارقۆڵی رووسیا، ئێران، سووریا و عێراق ق کلک و پێوەندەکانیان.

بۆیە، لەم هەلومەرجە ناسک و گرنگەدا، لەدەستدانی هەر چرکەساتێ، بۆ کورد، مانای کەمتەرخەمییە لە ئاست سەدەیەک کات و روودا و چارەنووسی ملیۆنەها مرۆی کورددا..

دوای ئەم بە پەلە، خوێندنەوەی بارودۆخی سەربەخۆیی، لە دیدی کوردایەتییەوە، لای پارتەکانی کاتالۆنیا و کوردستان، تێدەگەین، لە تاقیکردنەوەی کوردایەتیدا، پارتە کوردستانییەکان، گەرچی پرسیارەکانیش سووک و سانا و روون و ئاشکرایە، کەچی لە ژێڕ سفرەوە دێنن و لە هەنووکەدا چاوەڕوانی دەرچوونیان لێ ناکرێت.

هەڵبەت ئەم راستیتانە، نابێ شتێکی دیکەشمان لە یاد بەرێتەوە، ناکۆکی و ناتەبایی و رێکنەکەوتن لەسەر ویستە باڵاکانی نەتەوەکەمان...ئاخر گەر ناتەبا و بێ بەرنامە نەبووینایە، کەسێکی وەک ئەیاد عەللاوی نەیدەگووت: من وەک پرنیسپ باوەڕم بەدەوڵەتی کوردی هەیە، لێ کام دەوڵەتی، دەوڵەتی هەولێر، سلێمانی یان قامیشلۆ...بێگومان کەسی هۆشیار، دەزانێ ئەم رستەیە هەڵگری چەند رک و کینە و شۆڤێنیزم و ناحەزایەتییە، بەڵام بە دیوێکی تریشدا نێزیکە لە راستییەکی تاڵەوە.

بۆ زانیاری زێتر لەسەر کاتالۆنیا، بڕوانە ئەم بابەتەی بەندە، لەم لینکەی خوارەوەدا.

http://pasok.eu/pdf/Kteberesheke_Hallo.pdf

                                                   ١٠/١٠/٢٠١٥