منداڵان زۆر خۆشەویستن . . منداڵان تۆی ژیانن . . هیوای داهاتووی گەلانن. . منداڵان گرنگترین سامان و سەرمایەن . . کە لە نەوت زێڕیش بەنرخترن . 

تا دروستر کوردیلە چاوگەشەکانی ئەمڕۆمان گۆش و پەروەردە بکەین . . تا باشتر ئاراستەیان بکەین . . جوانتر رێنمایی و ئامۆژگاریان بکەین . . زیاتر دڵنیادەبین لە هێنانەدی ژیان و ئایندەیەکی خوازراوی خۆشتر و شیاوتر بۆ کورد و کوردستان . کوردیلەکانمان دەبن بە کەسایەتی و بە تاکی دروست و سوودبەخشی بڕوا و متمانەبەخۆی کۆمەڵگای کوردیمان . . سۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوونیان بۆ کوردستانی شیرینمان دەبێت . . دەتوانن بەرگەی بەرهەڵست و کێشە و تەنگەژە و گۆڕانکاری وکارەساتەکانی ژیان بگرن . . بە ئەوپەڕی ئازایی و بە بڕوا و متمانەوە، بوێرانە رووبەروویان ببنەوە .
منداڵان ئەو شوولکە تەڕ و ناسکە نەمامانەن، کە پێویستە بە جوانی پیان بگەیەنین، تا ببنە کەڵەداری قەد ئەستوور و رەگ داکوتراوی بە ناخاچوو، خۆڕاگربن و بێ باکبن و، بە هەڵکردنی رەشەبا و زریان و تسۆنامی روودا و کارەسەتاکانی ژیان هەڵنەتەکێن .
راستە سۆز و میهرەبانی و خۆشەویستی دایکان و باوکان بۆ جگەرگۆشەکانیان، لە رادەبەدەر و بێ سنوورن . . بەڵام پەروەردەکردنیان بە دروستیی شیرینتر و لە پێشترە .
( ئەرستۆ ) دەڵێت : " رەگی پەروەردە تاڵە . . بەڵام بەرەکەی شیرینە "
( لۆدڤیج ڤان بتهۆڤن ) دەڵێت : " ئامۆژگاری باش فێری منداڵەکانتان بکەن . . ئەمەئەو شتەیە کە بەختەوەریان دەکات نەک زێڕە "

خێزان یەکەمین دەزگای پەروەردەییە . . بنەمایەکی سەرکییە لە پێگەیاندنی و پێکهێنانی کەسایەتی منداڵدا . . منداڵ لە باوەشی خێزاندا چاوهەڵدێنێ و، دەژیت و، وەردەگرێت و، فێردەبێت . . تا گەورە دەبێت و دەتوانێت پشت بە تواناکانی خۆی ببەستێت . . لە دوای ماڵ و خێزان، منداڵ ماوەیەکی زۆریش لە دەزگای دووەمدا کە قوتابخانەیە و تەواکەری ماڵەوەیە، بەسەردەبات . . بەڵام زۆربەی خەسڵەتەکانی رەوشتی و رەفتارەکانی و ئەو شتانەی منداڵ فێریان بووە . . لە پێنج ساڵەی یەکەمی تەمەنیدا، لە ماڵەوە لە ئەندامانی خێزانەکەیەوە، لە دایک و باوک و خوشک و برا و کەسوکارییەوە وەری گرتوون . . یا لە دایەن و پەروەردەکارەکەی و دادەکانی باخچەی ساوایانەوە وەری گرتوون . . لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکان هەموویان جەخت لەسەر ئەم راستییە دەکەن کە ئەم قۆناغە گرنگترین و، ناسکترین و، هەستیارترین و، مەترسدارترین قۆناغە، لە ژیان منداڵدا . (فرۆید ) دەڵێت : " بەشی زۆری کەسایەتی هەر تاکێک لە تەمەنی منداڵیدا دروست دەبێت . . بە تایبەتیش تا شەش ساڵان "
( ماریا مەنتسۆری ) هەر لە بارەی ئەم قۆناغەوە دەڵێت : " گرنگترین قۆناغ لە ژیانیمررۆڤدا، قۆناغی خوێندنی باڵای زانکۆ نییە، بەڵکو یەکەمین قۆناغی ژیانە، کە لەدایکبوونەوە تا تەمەنی شەش ساڵانە "
 زۆربەی خەسڵەت و بنەماکانی ژیان و کەسایەتی مرۆڤ، لەم پێنج ساڵەدا دەق دەگرن و دەچەسپین . . دروستبن یا نادروست، کارتێکردن و رەنگدانەوەیان لە ژیانی ئەمڕۆ و داهاتووی منداڵدا دەبێت . . بە سەرنجدان و خوێندنەوەی خەسڵەت و هەڵس و کەوت و رەفتارەکانی ئەمڕۆی منداڵ لەم قۆناغەدا . . دەتوانین پێشبینی ئەو بکەین و ئەوە بزانین کە ئەم منداڵە لە داهاتوودا چ کەسایەتییەکی لێ دێتە کایەوە . . تا خێزان رێک وپێک و تەبا و رۆشنبیر و وریابن . . تا زیاتر شارەزای قۆناغەکانی گەشەکردنی منداڵ بن . . تا زیاتر کەش و هەوای خێزانی و رەفارەکانیان لەبار و دروست بن . . منداڵەکانیان مەستی پێویستییە بایۆلۆژی سایکۆلۆژیاکانیان ببن. . منداڵەکانیان بە دروستی و بە سروشتی گەشەدەکەن و، تاک و کەسایەتی هاوسەنگ و کۆمەڵایەتییان لێ دێنە کایەوە .

بێگومان دایکان و باوکان لە هەموو کەسێ سۆزدارتر و، بە بەزەییتر و، دڵسۆزترن بۆ منداڵەکانیان، میهرەبانی و خۆشەویستیان لە رادەبەدەر و بێ هاوتا و بێ سنوورە . . ئەم سۆز و خۆشەویستییەش ماکییە (غەریزییە) تەنها لە مرۆڤدا نییە، بەڵکو لە زۆربەی گیانەوەرەکانی تریشدا هەیە .
پێویستە دایکان و باوکان ئەم زۆر خۆشەویستییەیان بۆ منداڵەکانیان، لە دڵی خۆیاندا بهێڵنەوە . . چونکە ئاشکراکردنی ئەو هەموو سۆز و خۆشەویستیەی دایک و، زۆر نازدان بە منداڵەکانی و، زیادەڕۆیی لە ئاگاداری و چاودێری و پاراستن و پیاهەڵدانیان، زیانێکی زۆر بە منداڵەکانی دەگەیەنن و، کاریگەری و رەنگدانەوەی نەرێنی و خراپیان لەسەر ژیانی ئەمڕۆ و داهاتوویان دەبێت . . ئێمە ئەوە ناڵێین کە دایکان و باوکان سۆز و بەزەییان بۆ جگەرگۆشەکانیان نەبێت . . بە پێچەوانەوە سۆز و خۆشەویست و بەزەیی پێوستن بۆ منداڵان و، ئاسوودەیی و شادی بە دەروونیان دەبەخشێت . . بەڵام پێویستە بە شێوەیەکی هاوسەنگی بێت و، زیادەڕۆیی لە گوزارشت کردن لە سۆز و خۆشەویستییان بۆ منداڵەکانیان نەکەن . . کورد وتەنی : " هەموو شتێ بە خوێ، خوێش بە مانا " واتا هەموو شتێک پێوەر و ئەندازەی خۆی هەیە، کە لەو ئەندازەیە تێپەڕی خراپ دەبێت . . وەکو دەڵێن ( باشرین ئەوەیە کە مامناوەندی بێت ) . . هەندێ لە دایکان و باوکان شانازی بەوەوە دەکەن کە منداڵەکانیان بە ناز بەخێودەکەن، بێ ئەوەی کە بزانن ئەو بە نازبەخێوکردنە، چ ئاکامێکی خراب بە ژیانی منداڵەکانیاندەگەیەنێت.

منداڵینازپێدراو و، زۆر هەڵنراو، ئەو منداڵەیە کە کۆمەڵیک رەفتار و خوویخراپ و ناپەسەندی هەیە . . منجڕ و بێزارکەرە، نێرگزی وخۆپەرستە،  لاسار و ملهوڕە، چاونەزێڕ و داگیرکەر و شەڕانگێزە . . بە کورتی دیکتاتۆرێکە . . ئەم کێشەیەشلەگەڵ گەشەکردن و گەورەبوونیدا، گەشەدەکات و، تابێت خراپتر دەبێت و، کۆنترۆڵ ناکرێت . . چونکە ئەو رەوشت و رەفتارە ناپەسەندانە، دەبنە خوویەکی هەمیشەیی لە ژیانی ئەو منداڵانەدا، وەک کورد دەڵێت : " خوویەکی گرت بە شیری، وازی لێناهێنێت بە پیری "
بۆیە پسپۆرانی بواری پەروەردە و دەرووناسان و پزیشکانی منداڵان، ئاگادارمان دەکەنەوە و داوامان لێدەکەن، کە زۆر ناز بە منداڵەکانمان نەدەین و زیاد لە ئەندازە نەیان لاوێنینەوە . . تا خوو بە رەوشت و رەفتاری نادروستەوە نەگرن و، نەبنە تاک و هاوڵاتی سەقەت و ناهاوسەنگ . . چەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە . . کە زۆر بێزارکردن باشترە لە زۆر نازپێدان و زیاد ئاگاداری و پاراستن و لامێژی .
دایکان و باوکان واتێدەگەن، کە نازپێدان شتێکی ئاسایی و ئاسان و ساکار و کاتییە . . بەڵام ئەوە نازانن کە رەنگدانەوە و ئەنجامەکانی زۆر خراپ و زیانبەخش بۆئەومنداڵە نازپێدراوانەو بۆ هەموو ئەوانەی دەوروبەریان، لە پێش هەمووشیانەوە دایکان و باوکان گیروودە و مەفتەلا دەبن، باجی ئەم زۆر نازپێدانە بە منداڵەکانیان دەدەنەوە . . بە تایبەتیش لە قۆناغی هەرزەکاریدا . . ئەم منداڵانە سەقەت پێگەیشتووانە، زوو هەڵدەچن و یاخی و بەلەسە و سەرەڕۆ دەبن . . زوو هەڵدەخەڵەتێن و دەبنە نێچیر بۆ ئەو منداڵانی کە لە رێ دەرچوونە و رەوشت بەد و بەرەڵا و چەقاوەسوون . . فێری جگەرەکێشان و مەی خواردنەوەیان دەکەن و، لەوانەشە تووشی مادە هۆشبەرەکانیشیان بکەن .
بە کورتی نابێت زیادەڕۆیی لە نازپێدانی منداڵ بکەین و . . ناشبێت پەراوێز و پشتگوێان بخەین . . باشترین رێگا مامەڵەکردنی مامناوەندی و هاوسەنگییە لە گەڵیاندا.

زیانەکانی زیادەڕۆیی لە نازپێدان :
خەسڵەتەکان و، زیانەکانی زیادەڕۆیی لە نازپێدان و ملکەچکردن بۆ هێنانەدی هەموو فرمان و داواکانی منداڵ زۆرن . . بە باس لە هەندێ لەوخەسڵەت و زیانانە دەکەین:
١ـ منداڵی نازپێدراو، ناتوانێت بەرپرسێتی لە ئەستۆ بگرێت و، رووبەبەڕووی کێشە و تەنگەژەکانی ژیان ببێتەوە، چونکە بە تاقیکردنەوەی پێویستدا تێ نەپەڕیوە، بۆ ئەوەی فێربێت و، دەربەرێت و بتوانێت بە سەرکەوتووی لەگەڵ کێشەکاندا مامەڵە بکات .
٢ـ ناتوانێت بەرگەی شکستی و نوشستییەکانیژیانی بگرێت و، زوو خۆی بەدەستەوە دەدات . . چونکە ئەو وا راهاتووە کە بەبی هەوڵدان هەموو داواکانی بۆ دابین بکرێن .
٣ـ نازپێدراو لامێژە و پشت بە خۆی نابەستێت، پشت بە کەسانی تر دەبەستێت، وەک دایک و باوکی . . تەنانەت لە قوتابخانەشدا، ئەو ئازایەتییەی نییە کە بەبێ پرس و رای دایک و باوکی بڕیاربدات . . بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی قوتابخانەش هەر پشت بە کەسانی تر دەبەستێت . . بۆیە زۆر جار پەنا بۆ درۆ و گزی دەبات و کێشەی لەگەڵ مامۆستاکانیدا دەبێت .
٤ـ نازپێدراوی مەست، لە داوکاری و دیاری و شتە سەیرە زۆرەکانی، لە ناو کۆمەڵدا توشی شۆک و شکستی دەکات . . چونکە کەس ئامادە نییە کە نازی هەڵبگرێت و، چی بخوازی و داوابکات، بۆ دابین بکەن .
٥ـ نازپێدراو دەبێتە کەسایەتییەکی نێرگزی و خۆپەرست و کەس نەویست . . لە خۆی زیاتر کەسێکی تر بە هاوتای خۆی نازانێت . . کەلەڕەقە و سوورە لەسەر سەپاندنی راکانی خۆی . . بەرگەی رەخنە و لۆمەکردن ناگرێت و،  گوێ لە ئامۆژگاریش ناگرێت . . خەڵكی بە لەخۆبایی و رەوشت بەدەری دەزانن . . نازپێدراو وا هەست دەکات کە جیهان لە بەرچاویدا تەسک بۆتەوە و نایگرێتە خۆی، دەبێتە کەسایەتییەکی شەڕانگێز ملهوڕ.
٦ـ نازپێدراو، گۆشەگیر و تەنیاخوڕە و دوورەپەرێزە و، کۆمەڵایەتی نییە و، تێکەڵ بە کۆمەڵ نابێت . . بە کەمیش لە بۆنە کۆمەڵایەتییەکان و یاری بە کۆمەڵ بەشداری دەکات.
٧ـ فێری چاوەڕوانی و ئارامی و ئۆقرەگرتن نییە . . دەیەوێت لە هەموو شتێکدا ئەو یەکەمین کەس و لەپێشتر بێت و. . هیچ یاسا و رێسا و دەستووریکیش رێی پێ نەگرن .
٨ ـ لە ماڵەوە ئازادی و دەسەڵاتێکی رەهای هەبووە و لێپێچینەوەیان لەگەڵ نەکردووە، قسەی سواربووە و، داواکانیان رەتنەکردوونەتەوە . . بەڵام لە ناو کۆمەڵدا ئەو ئازادییە رەهایە نییە . . یاسا سەروەرە و دەستوور جێبەجێ دەکرێت و سنوور و لێپێچینەوە هەیە . . بۆیە دەبێتە دوژمنی یاسا و دەستوور و، یەکسانی و دادپەروەری .
٩ـ نرخی شتەکانی نازانێت، چونکە بۆ دابینکردنیان هیچ ئەرک و ماندووبووونێکی نەکێشاوە . . چاکەی ئەو کەسانەشی لەبەرچاو نییە کە بۆیان دابین کردوون .
١٠ـ زۆر جار گریان دەکات بە چەکێکی سەرکەوتوو، بۆ فشار خستنەسەر دایک و باوکی بۆ جێبەجێکردنی داواکانی . . وڕک دەگرێت و، مان لە نان خواردن دەگرێت و، خۆی بە زەویدا دەدات و دەگرێت و نوزەنوز دەکات . . بۆ خۆشکردنی ئەم هەڵوێستەشی هەندێ فرمێسک دەڕێژێ و، دەست بە کۆکینی دروستکراو دەکات .
١١ـ زۆر جار غیرە لە خوشک و براکانی دەکات . . واهەست دەکات کە ئەوان لە ئەم خۆشەویسترن . . ئەم دەیەوێت دەسەڵاتی بە سەریاندا هەبێت و، ملکەچی فرمانەکانی بن . . ئەم هەستە هەڵەیە وای لێدەکات، کە لە داهاتوودا تۆڵە لە گەورەکان بکاتەوە .
١٢ـ گوی بە وشەی ( نـا )نادات . . بۆ نموونە کە پێی دەڵێت نابێت شەڕ لەگەڵ کەسدا بکەیت . . نابێت لە رووی مامۆستاکاندا هەڵبگەڕێیتەوە . . نابێت هاوڕێتی منداڵی خراپ بکەیت . . نابێت . . . هتد . بەڵام ئەم وادەزانێت بایەکە و بە لای گوێیدا تێپەڕێ .
١٣ـ وڕک و پەڵپی زۆر دەگرێ و، داواکارییەکانی سنووریان نییە . . حەز بە داگیرکردن و زەوتکردن و خاوەندارێتی دەکات . . ئیرەی دەبات و، حەز ناکات منداڵێکی تر، شتی جوانتر و باشتری لە شتەکانی ئەو هەبێت .
١٤ـ رەخنە لەە هەموو شتێ دەگرێت و، لە کەسیش رازی نییە و، رێز لە رای کەسیش ناگرێت . . کەلەڕەقە و هەمیشە دەیەوێت رای خۆی پسەپێنێت .
١٥ـ جیاوازی لە نیوان پێویستییەکانی و ئارەزووەکانیناکات .
١٦ـ هەمیشە هەست بە بێزاری دەکات .
١٧ـ لە قوتابخانە لەگەڵ قوتابیەکانی تر و مامۆستااکانیدا هەڵناکات و ناسازێت . . شەڕانی و جوێندەرە . . خۆپەرست و لاسار و چەتوونە . . لەبەر ئەم رەفتارە بەدانەی، خۆشیان ناوێت و لێی دووردەکەونەوە .
١٨ـ زۆر نازپێدراوەکان، رووبەڕوی باردۆخێکی کوتوپڕی چاوەنواڕنەکراو دەبن، کە ئەوان لەسەری رانەهاتوون، ئەمەش ئاساییە، چونکە کۆمەڵگا زامنی ئەوەیان بۆ ناکات کە خواستەکانیان بۆ دابین بکات و چاودێری تایبەتییان بکات، تەنها ئەو کەسانە نەبێت کە شایانی هاوکاری و یارمەتیدانن. . بۆیە دەبنە دوژمنی کۆمەڵ و لە هیچ شتێک رازی نابن و . . تووشی جۆرە بێ ئومێدی و دڵڕاوکی دەرووونی دەبن . . بڕواشیان بە خۆیان نامێنێت . . ورەیان دەڕووخی و دەچنە قۆناغی شکتییەوە .
١٩ـ نازپێدراو، ئاژاوەچییە و، گوێ بە هێچ ئامۆژگاری و رێنماییەک نادات و . . گوێ بەدەستتوور و بە بنەماکانی رەوشت بەرزی و داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان نادات .
٢٠ـ بەڵام ( لە سەدا سەد ) مەرج نییە ئەو خەسڵەت و کاردانانەوە نێگەتیڤانە لە ئەنجامی زۆر نازپێدانەوە بەرجەستە بووبن . . دەشێ بە پێچەوانەوە، لە ئەنجامی پەرواێزکردن و خۆشنەویستن و لۆمەکردن و توند و تیژی و نەبوونی و . . یا بەهۆی ترەوە دووچاری منداڵی ناهاوسەنگ و رەفتار ناپەسەند بووبن .

دایکان چی بکەن پێش ئەوەی کار لە کار بترازێت و کۆنترۆڵ لە دەەست بدەن ؟
بۆیەدەڵێین دایکان چی بکەن . . چونکە لە ماڵەوەدا دایک زیاترین کات لەگەڵ منداڵەکانیدا بەسەردەبات و، خۆشەویستیشی بۆیان بێ ئەندازەیە . . بۆیە ئەم رێنمایی و خاڵانە دەخەینە بەرچاوی دایکانی بەڕێز . . بۆ ئەوەی دور لەسۆز و لە بەزەیی و لەخۆشەویستی، بە شێوەیەکی دروست و سەرکەوتوو، هەڵس و کەوت بکەن و، رێ لە رەفتارە ناشیرین و ناپەسەندکانی منداڵەکانیان بگرن .
١ـ دایکی بە سۆز و دڵسوز، سوود لە هەندێ ئیشوکاری ناوماڵ وەربگرە و، منداڵەکانت بەشداربکە و، فێری یارمەتیدان و هاوکاری بکە . . ئەوەش مەڵێ ناسکن و دڵم نایات ئیشیان پێ بکەم . . شینبوونی رووحی هاوکاری و یارمەتیدان لە دڵی منداڵەکانتدا، بە درێژایی ژیانت شاد ودڵخۆشت دەکات . . منداڵەکانت فێری ئیش و بەرپرسێتی و پشت بە خۆبەستن دەبن. بەری رەنج و ماندووبوون دەزانن . . رێز لە تۆ و کەسانی تر دەگرن .
٢ـ کە کارێکی باش ئەنجام دەدەن بە روویەکی خۆشەوە ( سوپاس ) یان بکە . . ئەم سوپاس کردنە، بە دڵنیایی و رێز و رازیبوون و پێزانینی دەزانن . . نەک بە قسە، بەڵکو بە کردار تۆ خۆت نموونە بەلە سوپاس کرندا، بۆ نموونە گەر لە چێشخانەیەکی دەروەی ماڵ، کە شاگردەکە خوردنەکانتان بۆ دادەنێت ـ سوپاس ـ ی بکە . . فێری منداڵەکەت بکە کە بە نووسین سوپاسنامە بۆ هاوڕێکانی بنێرێت، کە بە بۆنەی جەژنی لەدایکبوونییەوە، پیرۆزباییان لێکرد و دیارییان پێشکەش کرد . . تا ئەم وشە جوانە ببێت بە مایەی پێزانین و درێژەپێدان .
٣ـ کە منداڵەکەت سنووری کۆمەڵایەتی دەبەزێنێت، پێیویستە چاوپۆشی لێ نەکەیت و رایبگریت و لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکەیت . . تێیبگەیەنە کە پێویستە بە دروستی رەفتار بکات، تا ببێتە کەسێکی کۆمەڵایەتیی دروست و هاوسەنگ رەفتار . . تەمێکردن و لێپرسینەوە و ئامۆژگاری و رێنمایی . . منداڵەکەت لە ناز و زیادەڕۆیی دەپارێزێت .
٤ـ منداڵەکەت لەسەر کاری باش و رەفتاری جوان و سۆز و بەزەیی و سازان و رێز و یارمەتیدان و هاوکاری خێیرخوازی و مرۆڤایەتی و لێبووردن رابهێنە . . فێری بکە کە چۆن بە سەرکەوتوویی لە گەڵ کەسانی ترداهەڵس و کەوت بکات . . چۆن دەستی یارمەتی بۆ داماو و لێقەوماو درێژبکات . . فێری بکە ئەو بابەت و کەرەستانەی یارییەکانیکە لێیان بێزاربووە، بێ بەخشێت بەو منداڵانەی کە پێویستییان پێیان هەیە .
٥ـ زیادەڕۆیی مەکە لە هەڵنان و پیاهەڵدان و ستایشی منداڵەکەت، کە شایستەی ئەو هەڵنانە نەبێت . . بۆ نموونە ئەگەر منداڵەکەت، لە کێبڕکێیەکی وەرزشیدا، کە خۆی حەزی لێبووە کە بەشداری بکات، ئەگەر سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا . . نە خەڵاتی بدەرێ و نە پیرۆزببایی و لێبکە . . بە شان و باڵیشیدا هەڵمەدە . . بەڵکو ئەوەی پێ بڵێ تۆ بە رووحێکی وەرزشییەوە بە شداریت لە کێبڕکێکەدا کرد، ئەو رەفتارەشت زۆر جوانە کە پیرۆزباییت لە هاوڕێ سەرکەوتووەکانت کرد . . نابێت ئەم شکستییە کۆڵت پێ بدات . . راهێنانی زیاتر بکە، بۆ ئەوەی لەجارەەکانی داهاتوودا، سەربکەويت و ئەنجامێکی باش بە دەست بهێنیت . . دەبێت ئەوەش بزانین کە لە ژیاندا شکستی و سەەرکەوتن هەیە .
٦ـ بۆ پاراستنی هەستی دەروونی و غیرەنەکردنی منداڵەکەت . . . نابێت منداڵەکەت بە مندااڵانی تر بەراورد بکەیت . . بۆ نموونە فڵانە منداڵ لە تەمەنی تۆدایە، بڕوانە چەند زیرەک و وریایە . . کچەکەی فڵان لە هەموو وانەکاندا نمرەکانی دەیە . . هتد .
٧ـ چەخت لەسەر ئەوە بکە، کە منداڵەکەت فێری نەریتە جوانە کۆمەڵایەتییەکانمان بێت . . بۆ نموونە ( بەیانیتان باش، رۆژتان باش، ئێوارەتان باش، بەخێرهاتنی میوان، دوای نان خواردن وتێربوونی دەستخۆشی و سۆپاست بکات .
٨ ـ فێری منداڵەکەت بکە کە نرخی پارە بزانێت . . فێری پاشەکەوتکردنیشی بکە .
٩ـ منداڵەکەت وەکو چەکێک و چەشنێک لە ناز، ئەگەر پێشتر سەری گرتووبێت، مان لە نان خواردن دەەگرێت و، دەست بە گریان و نوزەنوز دەکات، بۆ ئەوەی بتخاتتە داوەوە و، سۆز و بەزەییت رابکێشیت و، ناچارات بکات بۆ ئەوەی داواکەی بۆ دابین بکەیت . . ئەو ئەوە لە مێشکیدا جێگیربووە، کە مانگرتن لە خواردن و گریان، رێگایەکی باش و سەرکەوتووە بۆ قایلکردن و سۆز و دڵنەرمی و بەزەیی هاتنەوەی دایک و باوکی، بۆ جێبەجێکردنی خواستەکانی . . زۆر جاریش لە بەردەم میواندا ئەم مانگرتنە دەگرێت، بۆ ئەوەی دایک و باوکی لە روودامێنن .
چیرۆکی منداڵێكی مانگرتوو لە خواردنتان بۆ دەگێڕمەوە . . ( رۆژی ماڵێک میوانیان دێت، ماڵەکە کوڕێکی شەش ساڵانیان دەبێت . . کە خواردن لە سەر خوانی نانخواردن دادەنێن، منداڵەکەیان کاتە بە هەل دەزانێت، داوای کڕینی شتێکی لە دایکی کرد . . دایکی وتی بۆت ناکڕم . . منداڵەکەی مانی لە نانخواردن گرت و، دەستی بە گریان کرد . . دایکی یەکجار پێی وت ورە نانەکەت بخۆ، لێی دووبارە نەکردەوە، منداڵەکە وتی نان ناخۆم . . درێژەی بە گریان دا، جار و باریش سەری هەڵدەبڕی، تا بزانێت بە دەنگییەوە دێن و بەڵێنی پێدەدەن کە بۆی بکڕن . . بەڵام کەس لێینەپرسییەوە . . نان خورا و هیچ خواردنێکیان بۆ منداڵەکە نەهێشتەوە، لە چێشتخانەکەشیاندا، چی بۆ خواردن دەشیا لێیان شاردەوە . . دوای ئێوارە هەەریەکە چوون بە لایەکدا . . منداڵە دەگریا . . لە برسا سکی دەهوڵ زوڕنای لێدەدا . . بە ماتەمات چووە چێشتخانەکەوە . . هيچی نەدۆزییەوە کە بیخوات . . لە ( ساردکەرەوە )کەشیاندا، تەنها ئاوی سارد و خاوێن هەبوو . . چوو بە دایکی وت : " برسیمە . . " دایکی پێی وت : " هیچ خواردنێک نەماوەتەوە . . " ناچاربوو بەرەو نووستن مل بنێت . . بەڵام برسێتی زۆری بۆ هێنا و خەوی لێناکەوت . . ئەمجارەیان بە کوڵ دەگریا . . نەک بۆ ئەو شتەی داوای کرد، بەڵکو لە تاو برسێتی . . بەڵام دایکی بە لایا نەچوو .
ئەو دایکە زیرەک و دووربین بوو، سۆز و بەزەیی و خۆشەویستییبۆ منداڵەکەی بە لاوەنا . . ژەمێکی خواردنی لە منداڵەکەی بڕی . . بەڵام وانەیەکی ئەوتۆی فێرکرد کە هەرگیز ئەو منداڵە ئەو رەفتارە دووبارە نەکاتەوە و مان لە خواردن نەگرێت . . ئەوەی فێری منداڵەکەی کرد، کە وڕگرتن و مانگرتن لە خواردن و گریان و پاڕانەوە هۆیەکی پەسەن نین بۆ هێنانەدی داواکانی . . ئەم دایکە ژیرانە مامەڵەی لەگەڵ ئەم بابەتەدا کرد . . گەر بهاتایە تەنها بە سۆز و بەزەیی و خۆشەویستیی بێ سنووری مامەڵەی لەگەڵ بکردایە . . منداڵەکەی دەبوو بە منداڵێکی نازپێدراو . . مانگرتن لە نان خواردن دەبوو بەخوویەکی . کە گەورەش بێت رێز لە فرمانەکانی دایکی ناگرێت . . بەەڵی بە بڕینی تەنها ژەمە خواردنێک . . نەیهێشت ئەو رەفتارەی منداڵەکەی ببێت بە خوویەکی هەمیشەی و لە ژیانی ئەمڕۆ و داهاتوویدا رەنگ بداتەوە . . وەکو دەشڵێن هەمیشە :
( خۆپاراستن . . باشترە لە چارەسەرکردن )
١٠ـ دایک و باوک نابێت، جیاوازی لە نێوان منداڵەکانیاندا بکەن . . بە شێوەیەکی یەکسانی لێیان بڕوانن . . کەسیان لەوەی تریان بە زیاتر نەزانن . . نابێت لە نێوان کوڕ و کچدا جیاوازی بکەن . . یا بەراوردکردنیان لە ڕووی زیرەکی و جوانی . . یا ئەمەیان دوا بۆڵە و لە هەموویان خۆشەویستر و شیرینترە . . چونکە جیاوازی کردن، هەستی غیرەکردن و رق لێبوونە، لە دەروونی منداڵاندا دەچێنێت .
١١ـ منداڵەکەت مەکەرە ژێر دیارییەوە . . یا بە کراسی جوان و جلوبەرگی گرانبەهاو یاریی ئەلیکترۆنی و شتی سەیر و سەمەرە ئیغرای بکەیت و، هەموو نازەکانی هەڵبگریت . . چی بوێت بۆ دابین بکەیت . . ئەم مامەڵەکردنە هەڵەیە . . چونکە بوار بۆ منداڵەکەت ناهێلنەوە، کە تاقیکردنەوە بکات و وانە و پەندی ژیان فێربێت و، ئەوەش بزانێت کە پارەی ئەو شتانە چۆن پەیدا دەکرێن . . یا چۆن پاشەکەوت دەکرێت .
١٢ـ پێویستە منداڵەکەت فێری چاوەڕوانی و ئارامگرتن و خۆڕاگرتن بکەیت .
١٣ـ ئازادی و دەسەڵاتێکی رەهای مەدەرێ، ئەمە وای لیدەکات زیاتر خۆپەرست بێت.
١٤ـ ئەگەر خۆت و هاوسەرەکەت کاردەکەن یا فەرمانبەرن . . ئێوارە کە دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە، خۆتان بە گونهبار مەزانن، کە لە بەیانییەوە منداڵەکەتان بە جێ هێشتووە . . هەوڵی ئەوەش مەدەن کە تۆڵەی ئەو لێدابڕانەی بۆ بکەنەوە و . . نازبارانی بکەن و، هەموو داواییەکی بۆ جێبەجێ بکەن .
١٥ـ دایکی بەڕێز، ئەگەر منداڵەکەت ( تاقانە)نەشبێت زیاد لە پێویست نازی مەدەری . . زیادەڕۆییش لە ئاگاداری و چاودێری و پاراستنی مەکە و، هێندەش ترست لێ نەبێت .
١٦ـ کاتێ کە لەگەڵ یەکێکدا دەدوێ . . رێ بە منداڵەکەت مەدە کە قسەکەتان پێ ببڕێت . . ئەگەر چاوەڕێی نەکرد تا تەوادەبەن . . چاوێکی لێداگرە . . ئەگەر چاوداگرتنەکەشت سوودی نەبوو . . دوایی هەرخۆت بیبەرە ژوورێکەوە و بە هێمنی و زانایی لۆمەی بکە و، لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکە . . تا دان بە هەڵەکەیدا دەنێت و، بەڵێن ئەوەت دەداتێ کە ئەم رەفتارە ناپەسەندەی دووبارەی نەکاتەوە .
١٧ـدەکرێت لە هەندێ پرسدا، رای منداڵەکەت وەربگریت . . وەکو : حەزت لە چ جۆرە خواردنێکە . . حەزت لە خوێندنەوەی چ جۆرە کتێبێکە . . حەزت لە چ یارییەکە . . حەزت لە کام رەنگە . . حەزت لە چ جۆرە جلوبەرگێکە .
ئەوەی پێ بڵێ کە ئازادە لە هەڵبژاردنی ئەو شتانەی کە لەگەڵ دەستوور و، رەوشتی دیاریکرادا دژەباو نین . . بواری هەڵبژاردنی تێدایە .
١٨ـ ئەگەر زانێت منداڵەکەت هاوڕێتی منداڵێکی لە رێ دەرچووی بەدڕەوشت دەکات و رەفتارەکانی هاوڕێکەیت بە دڵ نییە . . منداڵەکەتی لێ دووربخەرەوە . . بە راشکاویش پێی بڵێ کە هاوڕێکەت بەدڕەفتارە و نابێ هاوڕێتی بکەیت . . تا داکۆکی لێنەکات .
١٩ـ لە هەموو شتێکدا داوای لێبووردن لە منداڵەکەت مەکە . . با نەبێتە خوویەکی جێگیر و دەقگرتوو . . لە هەموو شتێکدا داوای لێبووردن بکات .
٢٠ـ پێویستە دایکان و باوکان جار و بار داواکانی منداڵەکەیان بە ( نا ) یا (نەخیر) رەتبکەنەوە . . ئەوەش بخەنە پێش چاویان کە منداڵەکەیان بە ( نا ) توڕە دەبێت . . بەڵام ئەم توڕەبوونەی ماوە کورتە، پێویستە جدیش بن لەم هەڵوێستەیان چونکە منداڵ دایک و باوکی تاقی دەکاتەوە . . ئەگەر نا یەکەیان نەبردەسەر دەبێتە قسەیەکی بێ کردەوە.
٢١ـ رێ بە مندالەکەت مەدە پێچ و پەنا بدات و . . لە ماڵەوە کۆمەڵێک دەستووری بۆ دابنێ کە پێویستە پابەندیان بێت . . تا لە ئایندەدا رێز لە یاساکان و دەستوورەکان بگرێت و، سەرپێچی نەکات .
٢٢ـ پێویستە منداڵەکانتان رێزتان لێ بگرن و، ئەوەیان تێ بگەیەنن کە چۆن ئەوان مافیان بەسەر ئێوەوە هەیە . . ئێوەش مافتان بەسەر ئەوانەوە هەیە . . ناشبێت دایک و باوک مامەڵەکردنتان لەگەڵ منداڵەکانیان، دوو شێوەی جیاوازی دژ بە یەکتریبن . . بۆ نموونە : دایک نەرم بێت و باوک رەق بێت . . ئەوەی دایک بنیاتی دەنێت . . باوک بیڕووخێنێت . . یا بە پێچەوانەوە . . پێویستە یەکدەنگ و هاوڕا و هاومامەڵەبن، لە بڕیارەکانتان بەرانبەر بە منداڵەکانتان .

رەزا شـوان
نەرویـج : ٤/ ٧/ ٢٠١٥