رۆژی سێ شەممەی رابردوو ( ٢/ ٦/ ٢٠١٥) سەرۆکی بەرەی تورکمانی لە کەرکوک ( ئەرشەد ساڵحی ) لە بارەگای بەرەکەیان لە شاری کەرکوک، بۆ میدیا و کەناڵەکان و هەندێ لە رۆژنامەنووسان . . دەربارەی کەرکوک وتی " متی کانت کرکوک جزءا من کوردستان حتی یتم اعادتە الی کوردستان الآن ؟ " وەرگێڕانی پرسییارەکەی بە زمانی کوردی : " کەی کەرکوک سەر بە کوردستان بووە تا لە ئێستادا بگەڕێنرێتەوە بۆ سەر کوردستان ؟ "

ئەمە نە یەکەمین جارە و نە دوا جاریش دەبێت، کە ئەرشەد ساڵحی تۆرانی شەکری وا بشکێنێت . . پێش وەڵامدانەوەی پرسیارەکەی دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئەرشەد ساڵحی نە نوێنەری هەموو تورکمانەکانی کەرکوکە و نە شەکرشکاندنەکەشی گوزارشت لە را و لە بۆچوونی هەموو برا تورکمانەکانی کوردستان دەکات .
وادیارە ئەرشەد ساڵحی کابرایەکی نابەڵەد و گیلۆکەیە لە بارەی مێژووەوە . . یا ئەوەتا هەردەم بە چاوێلکەیەکی رەشی قین و رق و رەگەزپەرستییەوە لە کورد دەڕوانێت . . ئەو لە ئاستی کورد سوور دەزانێت کە ماست سپییە بەڵام ئەو دەڵێت رەشە . . ؟!
چونکە گەر زەلامێکی مێژووخوێن بوایە و لە ئاستی بەڵگە مێژووییەکان و ئەو هەموو کتێب و گەشتنامانە و بیرەوەرییانەی کە ناڵێین لە لایەن کوردەوە نووسراون، بەڵکو لە لایەن مێژوونووس و رۆژهەڵاتناس و گەشتیارە بیانییەکان کە بێ لایەنییانە دەربارەی مێژوو و جوگرافیا و، رێژەی دانیشتوانی نەتەوە رەسەنەکانی کەرکوک نووسیویانە . . کە هەموویان هاوڕان و جەختیان لەسەر ئەم راستییە کردۆتەوە، کە کەرکوک پارێزگایەکی کوردستانیە و زۆربەیی دانیشوانەکەی کوردن . . بۆیە عوسمانییە تۆرانچییەکان و عەرەبە شۆڤێنییەکان بە پێی پلان و پیلانێکی نەخشەداڕێژراو، بۆ گۆڕینی توبۆگرافیای نەتەوەیی دەستیان بە تورککردن و بە بەعەرەبکردنی پارێزگای کەرکوک کرد . . بەڵام تا ئەمڕۆش کورد زۆرینەی کەرکوکن و، هەڵبژاردنەکان ئەم راستییەیان دەرخست .
بە ئەرشەد ساڵحی دەڵێین بۆ وەڵامی پرسیارەکەت، بڕۆ، لاپەڕە ( ٣٨٤٦) ی ( بەرگی پێنجەمی ) ی کتێبی ( قاموس الأعلام ) لە نووسینی زانا و مێیژوونووس و گەشتکاری ناسراوی تورکی ( شەمسەدین سامی ) بخوێنەوە کە لە ساڵی (١٨٩٦) دا لە شاری ئەستەمبوڵ چاپی کراوە . . کە بە ئەنسیکلۆپیدیای مێژوویی و جیۆگرافیایی و زانیاری دەوڵەتی ئیمپریالیزمی عوسمانی دادەنرێ . . شەمسەدین سامی خۆی وەک گەشتیار و مێژوونوووسێک سەردانی شاری کەرکوکی کردووە و، نووسیوێتی : " کەرکوک شارێکی کوردستانییە و سەر بە ولایەتی موسڵە و سێ لەسەر چواری دانیشتوانەکەی کوردە ئەو دواییەکەشی تورک و عەرەب و جوولەکە و کلدانین " ئەو کاتە ژمارەی کەرکوک ( ٣٠٠٠٠) هەزار کەس بووە، لەم ژمارەیە ( ٢٢٥٠٠) ی کورد بوون .
شەمسەدین سامی تورکە و کورد نییە، تا ئەرشەد ساڵحی ئەوە بکا بە بیانوو، بڵێت لایەنگیری کوردی کردووە . . بەڵکو راستییەکانی بە چاوی خۆی بینیون .
لە سەردەمی دەسەڵاتی میرەکانی ( ئەردەلان ) و، پاشاکانی ( بابانییەکان ) یشدا کەرکوک سەر بە کورستان بووە و مەڵبەندی شارەزوور بووە . . بە دەیان بەڵگە و راستی و گەواهی و مێژووییە هەن، کە کوردستانییەتی کەرکوک دەسەلمێنن .

من گومان لە رەسەنایەتی ئەرشەد ساڵحی دەکەم . . چونکە لە ناوچەی کەرکوکدا هۆزی ( ساڵەیی ) ی کورد هەیە و سالحی نییە، عوسمانییە تورکچییەکان و دوای ئەوانیش عەرەبە شۆڤێنییەکان لە تۆماری سەرژمێریی دانیشتوواندا، نایان نووسی ( ساڵـەیی ) بەڵکو بەبێ رازیبوون و بەبێ ئاگایی دەیان نووسی ( سالحی ) . . پێش سیاسەتی بە عەربکردنی خەڵکی بە زۆرداری، دەوڵەتی ئیمپریالیزمیی عوسمانی رەگەزپەرستیش بۆ گۆڕینی باری نەتەوەیی لە کەرکوکدا زۆر کەسییان بە زۆرداری بە تورک نووسی یا هەندێ کەس بە ناچاری و بۆ هەڵسوراندنی ژیان و بەرژەوەندییان خۆیان بە تورک دەنووسی . . بە دووری نازانم کە باپیرەی ئەرشەد ساڵحیش یەکێک بێ لەوانە و رەسەنی خۆی گوڕیبێ بە تورک . . ئەرشەد ساڵحیش لە ئەمڕۆدا نوکوڵی لە رەسەنایەتی خۆی بکا و دژایەتی کورد و کوردستانییەتی کەرکوک بکات.
یا ئەگەر تورکمانیشە، ئەوا باپیرەی یا باوکی لە پاشماوەی جەندرمەکانی عوسمانیە تۆرانچییەکانن و نامۆن . بۆیە ئێمەش لە ئەرشەد ساڵحی دەپرسین ئەی تۆ لە کەیەوە کەرکوکی . . تا بە ناوی تورکمانەکانەوە قسەبکەیت ؟! ئەو ناماقوڵییەش بکەیت و بڵێیت : " کەرکوک لە کەیەوە کوردستانییە تا لە ئیستادا بگێرێتەوە بۆ سەر کوردستان . . "
دەربارەی ( پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ) یش کە تۆ بە مافی تورکمانی دەزانی . . لە راستیدا ئەو پۆستە کورد بە دەنگەکانی خۆی بە دەستی هێنا و بۆ تورکمان دەستی لێ هەڵگرت . . ئەگینا بە پێی پوینتی دەنگەکانی تورکمان بێت ئەو پۆستەیان بەرناکەوێت . . چونکە کورد زۆرینەی کورسییەکانی کەرکوکی بە دەست هێنا. ئەمەو تورکمانەکان لە ئەنجامی ناکۆکیی نیوانیانی خۆیاندا، تا ئیستا نەیان توانیوە کە دەنگ لەسەر تورکمانێک بدەن بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە . . چونکە بەرەی تورکمانی بۆ تورانچییەک دەگەڕێت، کە تا سەر ئێسک دژایەتی کورد و خواستەکانی بکات . . ؟!
بە ئەرشەد ساڵحی دەڵێن : گومان لەوەدا نییە کە کەرکوک کوردستانییە و هێڵی سوورە و هیچ کوردێک، لە هیچ کاتێکدا سازش لەسەر کورستانییەتی کەرکوک ناکات . . کەرکوک شارێکی پیرۆزی کوردستانە . . بە کوێرایی چاوی نەیاران و ناحەزانی کورد و کوردستان . . زووبێت یا درەنگ دەیگەڕێنینەوە بۆ باوشی کوردستان . . ئەمەش مافێکی کوردە و خواستی هەموو کوردێکە . . هەموو مافێکیش وەردەگيرێت ئەگەر خاوەن ماف دەستی لێ هەڵنەگرێت و، دوای بکەوێت و قوربانی بۆ بدات .