ماوەیەکە چەند لایەنێک، کە دژی خواستەکانی کوردن، داوای ئەوە دەکەن کە کەرکوک بکرێت بە ( هەرێمی سەربەخـۆی کەرکـوک ) و لە کوردسـتان دایببـڕن . . بە تایبەتیش ( بەرەی تورکمانی ) ئەوەبوو . كە پەڕلەمانتاری تورکمان ( حەسەن تۆران ) ئەم باسەی ورووژاند و چەند لایەنێکی عەرەبی شۆڤێنیش هاوپشتیانن . . مەبەستیشیان ئەوەیە کە نکووڵی لە کوردستانییەتی کەرکوک دەکەن و، دژی ئەوەن کە کەرکوک بگەڕێتەوە سەر کوردستان . . ئەم هەڵوێست و داوایەی بەرەی تورکمانی تازە و سەیر نییە بە لامانەوە . . چونکە بەرەی تورکمانی لە سەرەتایی دروست بوونییەوە تا ئەمڕۆ بەرەیەیەکی دەماگیرن . . چاویان بە ئازادی و بە پێشکەوتن و بە ئاوەدانی کوردستاندا هەڵنایات . . ئەوان تا ئەمڕۆش بە فەرمی لە میدیا و لە لێدوان و لە راگەیاندنەکانیاندا، لە جیاتی ناوی ( هەرێمی کوردستان ) دەستەواژەی ( شمال العراق ) بەکـاردەهێنن . . لە جیاتی ناوی ( حکوومەتی هەرێمی کوردستان ) دەستەواژەی ( حکومة أربیل المحلیة ) بەکاردەهێنن . . ئەوان نەک هەر کەرکوک بەڵکو ( هەولێر و خانەقین و کفری ) ش بە تورکمانی دەزانن . . بەرەی تورکمانی زیادەرۆیی دەکەن و . . لە بەڕەکەی ژێریان زیاتر پێیان رادەکێشن . . خۆ ئەگەر هەموویان کۆبکەینەەوە، لە پڕی سێ چارۆکە زیاتر دەرناچن . . کوردیش لە چاکە زیاتر هیچ خراپەیەکیان بۆیان نەبووە . . بێگومان ئەوان گوزارشت لە را و بۆچوون و هەڵوێستی هەموو برا تورکمانەکانمان ناکەن . . زۆر لە برایانی تورکمان هەڵوێستەکانی بەرەی تورکمانیان بە دڵ نین .

بەڵام ئەوەی ئێمەی نیگەران کردووە و، جێی داخە، ئەوەیە کەهەندێ لە بەرپرسان و کاربەدەستانی بەڕێوەبەر لە کەرکوکدا، لە پێناوی مانەوەیان لەسەر کورسی و لە دەسەڵاتدا، مەخابین، کە چوونەتە پاڵ نەیارانی کورد و، بە نهێنی و بە ئاشکرا لەگەڵ ئەم پیلان و داوا گڵاوەدا کە ( هەرێمی سەربەخۆی کەرکوک ) دابمەزرێت، لە پێناوی بەرژەوەندی و لە دەستنەدانی پایە و کورسییەکانیان، ئامادەن دەنگ و داوایان بخەنە پاڵ ناحەزان و نەیارانی کورد و، لەگەڵ پەسەندکردنی ئەم پیلانەدابن . . ئەم بەرپرسانە سەر بە پارتێکی کوردستانین . . ئێمە ناویان نابەین . . "' دار هەڵبڕە سەگی دز دیارە " دڵنیام نەک هەر من بەڵکو بەشێکی زۆری کورد هەستیان بە هەڵوێستی ئەم بەرپرسە هەلپەرستانە کردووە و دەیانسان . . بە دووری نازانم کە بەم زوانە ئاشکرا ببن و . . پەڵەیەکی رەشی ناپاکی و شەرمەزاریش بە خۆیانەوە بنێن . . جا پێش ئەوەی ئەمەیان بەسەربێت . . باشتر وایە بەخۆیاندا بچنەوە و پاشەگەزببنەوە . . ئەگینا رسوادەکرێن .
هەر ئەمانەش هێزی ( الحشد الشعبي ) یان هێنایە سنووری کەرکوکەوە . . ئەمانە لە سەرەوە قسەی زل دەکەن و لە ژێرەوش کردەوەکانیان بە پێچەوانەی قسەکانیانەوەن، مەرای و مامە حەمەیی دەکەن و، ماستاو بۆ کاربەدەستانی بەغدا دەکەن .

کەرکوک بەشێکە لە کوردستان . . زۆبێت یا درەنگ دەیگەڕێنێنەوە بۆ سەر کوردستانی شیرینمان . لەم پێناوەشدا بە سەدان شەهیدمان داوە . . بە سەدان شەهیدی تریش بدەین دەست لە کوردستانییەتی کەرکوک هەڵناگرین، سازشکردن لەسەر کەرکوک گەورەترین ناپاکی و هێڵی سوورە و، لە کەسی قبوڵ ناکەین . . با هەلپەرست و کورسی پەرست و خۆپەرست و بەرژەوەندیپەرستەکان،  ئەوە باش بزانن . . کە ئەوە ئەستە کورد بەوە رازی بێت کە کەرکوک بکرێت بە هەرێمێکی سەربەخۆ و لە کوردستان دایببڕن .
نەفرەت لەو دەسەڵاتدارە کوردانەی کە دەیانەوێت کەرکوک بە کورسییەکانیان بگۆڕنەوە . . ئەمە ناپاکییە و، ناپاکیش لێبووردنی نییە . . کورد وتەنیش : " هەزار ساڵ بکەیت بێگانە پەرستی . . هەردەبێ بهێنن نووشستی . . "

رەزا شوان / نەرویج