جوانترین وتە کە دەربارەی شانۆ وترابێت : " شانۆم بدەرێ . . گەلێکی مەزنت دەدەمێ " یان

" نان و شانۆم بدەرێ . . گەلێکی رۆشنبیرت دەدەمێ . . " ( شەکسپیر ) دەڵێت : " دنیا شانۆیەکی گەورەیە . . پیاوان و ژنان هەر ئەوەن کە ئەکتەرن لەسەر ئەم شانۆیەدا . . "
شانۆ سیما و دیاردەیەکی شارستانییە و، پەیوەندی بە پێشکەوتن و پایەبەرزی نەتەوەکانەوە هەیە، شانۆ بە باوکی هونەرەکان ناوزەد دەکرێت . . شانۆ دەنگ و رەنگ و جوولانی هەست و خۆشییەکان و ناخۆشییەکانی هەموو ئادەمیزادێک دەخاتە روو . . لە پێناوی سەرکەوتنی وشەی بەررز و پیرۆزی مرۆڤایەتییدا .                                            شانۆی هونەرێکی درامی نواندنە، بەر لە هەموو شوێنێک، بە پێی توێژینەوەکان، بەر لە زایینی لە وڵاتی ( یۆنان) سەری هەڵداوە . . لە پێشا بۆ مەبەستی سەربازی بووە، بە پلەی یەکەمیش پێشکەش بە پاشاکان و فەرمانڕەواکان و دەوڵەمەندەکان دەکران . شانۆگەرییەکانیش بە نماییشێکی راستەوخۆ پێشکەش دەکران . . ئازایەتی و غیرەت و خۆڕاگرییان دەخستنە دڵی جەنگاوەرە یۆنانییەکانەوە، بابەتەکانی شانۆگەرییەکان، بیر و فەلسەفە و دۆزە کۆمەڵەیەتییەکانی کۆمەڵگاکەیان نمایش دەکردن.
( شانۆی منداڵان ) : ( مارک تووەین ) لە بارەی شانۆی منداڵانەوە دەڵێت : " بڕوام وایە کە شانۆی منداڵان، یەکێکە لە گەورەتین داهێنراوەکانی سەدەی بیستەم، کە بلیمەتی ئادەمیزاد رێی پێبرد . . بە هێزترین مامۆستای رەوشتە . . باشترین داکۆکیکەرە لە رەوشتی باش . . "

شانۆی منداڵان، بەشێکی گرنگە لە ئەدەبی منداڵان . . شانۆی منداڵان ئەو شانۆیەیە کە لە خزمەتی منداڵاندایە، لە لایەن منداڵانەوە یا گەورەکانەوە سازبکرێت . . یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکانی رۆشنبیریی منداڵان، هۆکارێکی گرنگێشە لە هۆکارەکانی پەروەردەی منداڵان و، گەشەکردنی کەسایەتی، چونکە منداڵ لە ساڵانی یەکەمی تەمەنییەوە، پەیوەندییەکی ماکی لەگەڵ نواندا هەیە . . زۆر جار ئەوەی لە ئەندێشە و خەیاڵیدایە، بە یاری و نواندن دەریدەبڕێت، بنچینەی درامای منداڵان یاری و گەمەیە، کە ئەمەش شانۆگەرییەکی خەیاڵئامێزە . . جیهانی منداڵان، جیهانێکی وەنەوشەیی سەیر و سەمەرەی مندڵان، پڕە لە خەون و خەیاڵ، لە خۆزگە و هیوا . . پرە لە یاری و پێکەنین و لە خۆشی و شادی . . گوزارشت لە دڵپاکی و سادەیی و ساوێلکەییان دەکات . . ( ئاناتۆل فرانس ) دەڵێت: " بە ئەندێشە و خەون نەبێت گەورە نابین "

پەروەردەکاری بە ناوبانگ ( جان جاک رۆسۆ ) فێرکردنی منداڵ لە رێی یاری خۆش و نواندنەوە، بە باشترین شێوازی فێرکردنی دەزانێ، ئەوەشی راگەیاند، کە شانۆی منداڵان، رێبازێکە بۆ فێرکردنی منداڵ . . هەریەکەش لە پەروەردەکارانی بە ناوبانگ ( ماریا مینتسۆری، جۆن دێوی، دوکرۆلی، بستۆلۆزی، سۆزان ئیسحاق، کلارباربد، فۆشیە، جۆن لۆک، کرشتنر، پێتەر سلید ) سوودیان لە بیر و بۆچوونی جان جاک رۆسۆ وەرگرتووە و، هەمان بۆچوون و رێبازی ئەویان لە پەروەردەکردنی منداڵاندا گرتەبەر . . هەروەها خاتوو ( دی گیلنس) سوودی لە فەلسەفەی و رێبازی پەروەردەیی رۆسۆ وەرگرت و، ئەویش جەختی لەسەر گرنگی یاری و شانۆی منداڵان کرد، بەوەی دانان کە دوو دەرگای سەرەکین بۆ فێرکردن و، بۆ فێربوونی رەوشتی بەرز و جوان .
لە شارستانییە کۆنەکاندا، بەر لە زایینی، زۆربەی نەتەوەکان، بە رادە و بە شێوەیەکی دیارکراو، شانۆی منداڵانیان زانیوە، لە بناغەشدا پشتیان بە شانۆی بوکەڵە و سێبەری بوکەڵە بەستووە، بۆ نموونە، چینییەکان، یۆنانییەکان، سۆمەرییەکان، بابلییەکان، هیندییەکان، میسرییەکان، رۆمانییەکان، یابانییەکان، ئەڵمانییەکان، ئیتالییەکان، ئیسپانییەکان، بایەخیان بە منداڵێتی داوە، لە نێو گۆڕ و لە شوێنەواری پەرستگاکان و، لە كۆشکەکانی شاکاندا، چەندین بوکەڵەی لە بەرد تاشراو، لە دار دروستکراو، لە قوڕی سوورەوەکراو، دۆزراونەتە، کە بۆ شادی و خۆشنوودی منداڵان دروستیان کردوون، ئەمانە بەڵگەن بۆ ئەوەی کە لە کۆنەوە، ئاوڕییان لە منداڵان داونەتەوە، ئەگەرچی ئەو بوکەڵانە، بە زۆری بۆ منداڵانی شا و فەرمانڕەواکان و دەوڵەمەندەکان دروست دەکران .

شانۆی منداڵان لە چاو شانۆی گەورەکانەوە تازە پێگەیشتووە . دەربارەی سەرهەڵدان و پێشکەوتنی شانۆی منداڵان، لەم شێوازەی ئەمڕۆیدا . . بۆچوونی جیاواز هەن، بە کورتی ئاماژە بە سەرهەڵدانی شانۆی منداڵان لە چەند وڵاتێکی جیهان دەکەین و . . دواتر دێینە سەر شانۆی منداڵان لە کوردستان.

ئینگلتەرا :
ئینگلتەرا یەکێکە لەو وڵاتانەی بایەخێکی بەرچاوی بە گەشسەکردنی شانۆی منداڵان و، بە ئامانجە پەروەردەییەکانی داوە . . یەکەمین ( تیپی نواندنی منداڵان ) لە ساڵی ( ١٥٣٧) دا لە وڵاتی ئینگلتەرا لە لایەن شازادە ( ئەدواردی شەشەم ) ەوە دامازرا، یەکێک لەو شانۆگەرییانەی، کە ئەم تیپە پێشکەشیان کرد، بە ناوی ( یەعسوبی نامۆ ) ەوە بوو . . لە ساڵی ( ١٥٦٦) دا شانۆگەریەک بە ناوی ( بالیمۆن وارکبت) ەوە، بۆ منداڵان، لە لایەن قوتابیانی قوتابخانەکانەوە، بە ئامادەبوونی شاژن ئینگلتەرا ( ئەلیزابێس) لە ( هۆڵی کەنیسەی مەسیح ) دا، نمایش کرا .                 لە ساڵی ( ١٩٥٩) دا ( رێکخراوی منداڵی بەریتانیا ) دامەزرا، لە دەستوورەکەیدا ئەو نووسراوە، بەرزترین ئامانجی ئەم رێکخراوە، پەروەردەکردنی منداڵە لە رێی دراما و شانۆوە، هەروەها هاندانی حەز و چێژوەرگرتن و رێزگرتنی منداڵانە لە هونەری شانۆ .

فەرەنسا :
هەندێک پێیان وایە، کە بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ( ١٧٨٤) دا، لە پاریس لە فەرەنسادا، شانۆی منداڵان سەری هەڵداوە . . شانۆگەری ( میوان ـ یا ـ گەشتیار ) یان پێشکەش کرد . بەشێکی زۆری توێژێنەران، ئەو نمایشە بە دەستپێکی شانۆی منداڵان ناودەبەن . . لە ساڵی ( ١٧٨٠) شدا، خـاتوو ( ستیڤانی دی گینلنز ) کتێبێکی لە چوار بەرگدا، بە ناوی ( شانۆی فێرکاری ) دا، کە چەندین شانۆگەری لەخۆگرتبوو، کە هەندێ لە چیرۆکەکانی لە، لە چیرۆکەکانی لە کتێبی ( ئەنجیل ) ەوە وەرگرتبوون، بەشی زۆری شانۆگەرییەکانی لە باخچەیەکی قەشەنگ، لە نزیکی شاری پاریسدا نمایش کران، شازادەکان لە یەکەمین شانۆدا، بەشداریان لە شانۆگەرییەکەدا کرد . . کە بە یەکەمین نمایشی شانۆی منداڵان لە ئەوروپادا دادەنرێت و. . بە هەنگاوێکی گرنگی میژووییش دەزانرێت .  

دانیمارک :
لە سەدەی نۆزدەمیندا، کەڵەنووسەری دانیمارکی و جیهانی ( هانز کریستیان ئەندەرسن )، کە بە رابەری راستەقینەی نووسەرانی شانۆی منداڵان دەزانرێت، چیرۆک و شانۆگەرییەکانی بۆ منداڵان، ناوبانگێکی جیهانییان دەرکرد، زۆربەشیان وەریان گێڕاونەتە سەر زۆربەی زمانەکانی جیهان . . لەوانەش : ( پەرییە بچکۆلەکە، پەنجە باڵا ـ تۆما لیزە، جلوبەرەگە تازەکانی قەراڵیچە ـ ئیمبراتۆرـ، پێڵاوی سووور ) نووسەری ئەمریکی ( هانز جۆزێف سمیس) چیرۆکی ( پێڵاوی سوور) ی بۆ شانۆ ئامادەکرد و دەریهێنا . شانۆگەری ( پیڵاوی سوور ) هونەرمەندی شانۆکار ( رزگار کەریم سەعید ) کە ئێستا لە لەندەن دەژی، وەری گێڕایە سەر زمانی کوردی و دەریهێنا، وابزانم لە ساڵی ( ١٩٨٦) دا بوو، لە تەلەفزیۆنی کەرکوکدا تۆماریان کرد . . هونەرمەند و نووسەری ناسراوی کوردمان خاتوو ( گەزیزە ) رۆڵی پێڵاوفرۆشی لە شانۆی ( پێڵاوی سوور) دا، دەبینی ( نووسەر ـ من ئەو رۆژە لە تەلەفزیۆنی کەرکوک بووم، ئاگام لە تۆمارکردنی ـ پێڵاوی سوور ـ بوو بەڵام بە تەواوی ساڵەکەیم لە یاد نەماوە، پرسیارم لە مامۆستا گەزیزە ش کرد، ئەویش ساڵی تۆمارکردنەکەی لە یاد نەماوە ) .

روسیا :
نووسەران و هونەرمەندانی ( یەکێتی سۆڤیەتی هەڵوەشاوە ) گرنگییەکی زۆریان بە شانۆی منداڵان دەدا، شانۆی منداڵان لە روسیادا، دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئوکتۆبەری ساڵی ( ١٩١٧) بەدواوە سەری هەڵدا . . بە دیاریکراویش لە ساڵی ( ١٩١٨) ەوە . . کە لەلایەن کۆمەڵێ نووسەرانی شارەزا لە بواری ئەدەبی منداڵان و پەروەدەی منداڵاندا، سەرپەڕشتی بابەتەکانی منداڵانیان دەکرد . . ئەوەی شارەزای شانۆگەرییەکانی منداڵانی روسیا بێت، دەزانێت کە بە زۆری شانۆگەری ئایدۆلۆژی بوون، تەنها بەربەرەکانی سەرمایەدارییان دەکرد و، سۆشیالیستی مارکسیشیان بەرز دەنرخاند . . هەر وەکو ( ئەلیکسەندەر پۆشکین ) دەڵێت : " لە پێویستییەکانی ئەستۆماندا بوو، کە بە شێوەیەکی خۆش و شیرین چیرۆک بۆ منداڵەکانمان بگێڕینەوە، پێویستیشە ئەم چیرۆک و شانۆگەرییانەی پێشکەشیان دەکەین، قێزەوەنی سەرمایەداری بەرجەستە بکەن و، قورخەکەر رسوابکەن . . "

ئەمریکا:
لە ساڵی ( ١٩٠٣) دا، لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، لە لایەن ( ئەلیس مینی هێرتس ) ەوە، یەکەمین شانۆی تایبەت بە منداڵان لە شاری نیویۆرک بە ناوی ( شانۆی فێرکاری منداڵان ) ەوە، لە قوتابیانی ئەو شارە دامەزرا . . لە یەکەمین نمایشدا، ئەم شانۆگەرییانە نمایش کران : ( شازادە و هەژار، کچە شازادە بچکۆلەی پایتەخت، گەرداو، لۆرد فۆنتلیری ) ئەمە و لە ساڵی ( ١٩٢٥) یشدا، ( شانۆی منداڵان ) یان، لە بەشی زمانەکان لە زانکۆی ( نورسویسرن ) کردەوە .
هەروەها لە ساڵی ( ١٩٤٧) دا، هۆڵی ( شانۆی جیهانی ) شیان لە ئەمریکادا دامەزراندا . . لە ئەمڕۆدا شانۆی منداڵان و شانۆی پەروەردەیی لە زۆربەی زانکوکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا دەخوێنرێن و، بڕوانامەی بەرزیش بە خوێندکارنی دەدرێن .

 لوبنان :
شانۆ بە گشتی و شانۆی منداڵان بە تایبەتی، ئەزمونێکی تازەیە لە وڵاتانی عەربیدا، عەرەبەکان لە دەیەکانی کۆتایی سەدەی نۆزدەمیندا هۆنەری شانۆیان زانی، بە شێوەیەکی گشتیش ئەم ئەزموونە، بە شانۆی قوتابخانەکان دەستی پێکرد . . یەکەمین کەسیش، کە شانۆی هێنایە نێو ئەدەب و هونەری عەربییەوە . . ( مارون نەقاش : ١٨١٧ـ ١٨٥٥ ) بوو، کە بە رابەری شانۆی عەرەبی دەزانرێت . . مارون نەقاش لە ساڵی ( ١٨٤٨) دا، یەکەمین تیپی شانۆیی لە ( بیروت ـ لوبنان ) دامەزراند . . یەکەمین شانۆگەریش کە ئەم تیپە پشکەشی کرد، بە ناوی ( پیسکە ) ەوە بوو، کە لە نووسینی نووسەری فەرەنسی ( مۆلێر ) ە، مارون نەقاش وەری گێڕایە سەر زمانی عەرەبی و دەرهێنا و، لە ( بەیروت ) دا، نماییشی کرد .
 میسر:                                                    شانۆی قوتابخانە لە میسردا، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ( ١٩٢٧) کە لەسەر دەستی ( عەبدوڵڵا نەدیم ) دەستی پێکرد . . لە ساڵی ( ١٩٤٣) شدا، وەزارتی زانیاری میسر، بڕیارێکی دەرکرد، کە دەبێت لە هەر قوتابخانەیەکی ئامادەیی لە ( قاهیرە ) دا، تیپێکی نواندن هەبێت . . لە لایەن ئارەزوومەندێکی قوتابخانەکەوە سەرپەرشتی بکرێت . . بەڵام دامەزراندنی شانۆی منداڵان لە میسر بە فەرمی، لە ساڵی (١٩٦٤) دا بوو، وەزارەتی رێنمایی نەتەوەیی میسر، دو هۆبەی بۆ شانۆی منداڵان دامەزراند یەکێکیان لە شاری ( قاهیرە ) و، ئەوی تریان لە شاری ( ئەسکەندەرییە ) دا بوو . . یەکەمین ئەزموونی شانۆییان، شانۆگەری ( سەرەکێشی گەشتیارێک ) بوو، کە لە ئەسکەندەرییە نمایش کرا.

عێراق :
توێژێنەر ( ئیڤۆن رۆزنگارین )، لە توێژینەوەیەکدا، لە رێی بەڵگە و هەندێ دیاردەی شانۆیی لە شارستانییەتی کۆنی عێراقدا، هەوڵی ئەوەی داوە، ئەوە بسەلمێنێت کە مێژووی شانۆ لە عێراقدا، دەگەڕێتەوە بۆ ( ٣٢٠٠) ساڵ پێش زایینی . . زانای ئەڵمانیش ( زیتا ) هەمان بۆچوونی هەیە .

سەرهەڵدانی شانۆ لە عێراقدا، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ( ١٨٨٠)، کە لەو سەردەمەدا نووسەر و هونەرمەند عێراقی ( شەماس حەنا حەبەش ) کە پیاوێکی ئایینی مەسیحی بوو، لە شاری موسڵ دەژیا، سێ شانۆی کۆمیدی نووسی و، لە قوتابخانەکانی شاری موسڵدا نمایشی کردن، بۆ نووسینی ئەم شانۆگەرییانە سوودی لە ( ئینجیل ) وەرگرتبوو . . شانۆگەرییەکانیش ئەمانە بوون : ( ئادەم و حەوا، یوسف حەسەن، توبیا ) بوون . . ئەم دەستپێشکەری و ئەزموونەی شەماس حەنا حەبەش بە سەرهەڵدانی ( شانۆی قوتابخانە ) لە عێراقدا دەزانرێت .
نکووڵی لەوەش ناکرێت، هەر لە سەرەتاوە، قوتابخانەکانی عێراق، رۆڵێکی گرنگیان لە پێشکەوتنی شانۆدا بینیوە، بە تایبەتیش برایانی مەسیحی لە شاری موسڵدا، رۆڵێکی بەرچا و باڵایان لە سەرهەڵدانی شانۆی قوتابخانەدا بینی . . شایانی باسیشە لەو سەردەمەدا هونەرمەند ( حەنا رەسام : ١٨٩٠ـ ١٩٥٨) بە دەیان شانۆی نووسی و لە قوتابخانەکانی شارئ موسڵ دا نمایش کران . . حەنا رەسام سوودی لە چیرۆکە فۆلکلۆرییە میللییەکان وەرگرتبوو .

لە بەلگەنامەی عێراقیدا، ئەوە هاتووە، کە یەکەمین تیپی شانۆ لە عێراقدا، لە ساڵی ( ١٩٢٢) دا بە سەرۆکایەتی ( ماهیر حەمدی ) دامەزرا . . بەڵام ( فازڵ عەباس بەهرام ) دەڵێت، یەکەم تیپی شانۆ لە عێراقدا، لە ساڵی ( ١٩٢٠) دا دامەزرا .

لە راستیدا، هونەرمەند ( حەقی شبلی ) بە رابەری شانۆی عێراقی دەزانرێت، ئەوەبوو شبلی لە ساڵی (١٩٢٧) دا، تیپێکی نواندنی بە ناوی ( تیپی نواندنی نیشتمانی ) یەوە دامەزراند، حەقی شبلی دەڵێت : " لە ساڵی ١٩٢٧ تا ١٩٣٤، ئەم تیپە ـ ١٢٠ ـ چیرۆکی جیاوزیان نمایش کرد، یەکەمین شانۆکەریش کە نمایشیان کرد ( سزای سەربەرزی ) بوو، دوای ئەوەش ئەم شانۆگەرییانەیان نماییش کرد : ( لە پێناوی تاج دا، سەلاحەدینی ئەیوبی، یۆلیۆس قەیسەر، فرمێسکی بێ ئومێدی، ژن ـ یا ـ کچە تەنیاکە . . "

لە نێوان ساڵانی ( ١٩٥٣ـ ١٩٥٥) دا، هونەرمەند ( عەبدولقادر رەحیم ) بە سوود وەرگرتن لە چیرۆکەکانی ( هەزار و یەک شەوە ) و، لە چیرۆکە فۆلکلۆرییەکان، کۆمەڵێک شانۆی بۆ منداڵان نووسین و دەرهێنان . . ئەم ئەزموونەی عەبدولقادر رەحیم، بوو بە سەرەتایەکی باش بۆ شانۆی منداڵان لە عێراقدا، ئەمانەش ناوی شانۆگەرییەکانین :
١ـ شای رەنگەکان ـ ١٩٥٣
٢ـ ئەنجامی چاوچنۆکی ـ ١٩٥٤
٣ـ ئەبو قاسمی تەنبوری ـ ١٩٥٤  
٤ـ خەلیفەیەک لە خەیاڵدا ـ ١٩٥٤ ـ ( یەکێکە لە چیرۆکەکانی هەزار و یەک شەو )
٥ـ چۆلەکەیەک لە بابیل ـ ١٩٥٥ 

لە هەندێ سەرچاوەشدا، سەرهەڵدانی شانۆی منداڵان لە عێراقدا، بۆ ساڵی ( ١٩٦٨) دەگەڕێننەوە، بە نماییش کردنی شانۆگەری ( عەلی خانی تەورێزی )، کە لە نوسینی نووسەری ناسراوی میسری ( ئەلفرێد فەرەج ) ە، هونەرمەند ( فەوزی مەهدی ) دەریهێناوە و، لە لایەن ( تیپی نواندنی نەتەوەیی ) ەوە، بۆ ماوەی ( ٢٤) رۆژ لە بەغدا نماییش کرا . . هەر ئەم شانۆگەرییە، دوای وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی کوردی، وەکو درامایەکی رادیۆیی، لە ( ٢/ ٨/ ١٩٧٩) دا، لە لایەن    ( تیپی نواندنی سلێمانی )، لە ستۆدیۆی () لە دەرهێنانی هۆنەرمەندی ناسراوی کورد و جیهانی دکتۆر ( فازیل جاف ) ەوە بۆ بەشی ( تیپی موزیکی سلێمانێ ) کوردی لە رادیۆی بەغدا تۆمارکرا.

( دەزگای سینەما و شانۆی عێراقی ) رۆڵێکی گەورەی هەبوو، لە گەشەکردن و پێشکەوتنی شانۆ و سینەما لە عێراقدا، لە نێوان ساڵانی (١٩٦٠ـ ١٩٩٥) دا . . لە رووی چۆنێتی و چەندێتییەوە، بە سەردەمی زێڕینی شانۆی منداڵان لە عێراق دەزانرێت، لە نێوان ئەوو ساڵاندا، چەندین شانۆگەری تریان بۆ منداڵان نماییش کرد . . وەکو :
١ـ گەنجینەی سوور : ١٩٦٤، لە نووسینی ( جیرالدین سکس)، دکتۆر ( عەبدولجەبار موتەلیبی ) وەرگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی، دەرهێنانی شانۆیی هونەرمەند ( سامی عەبدولحەمید ) ە .
٢ـ عەلائەدین و چرا ئەفسووناوییەکەی : ١٩٦٨، لە نووسینی ( جێمس نۆردین ) ە .
٣ـ مەلی ئاوات :١٩٧٠، نووسین و دەرهێنانی ( قاسم محەمەد ) ە، لە چیرۆکی ( مەلی شین ) ی کە لە نووسینی ( مترلنگ ) ە، وە وەری گێڕاوە بۆ سەر زمانی عەرەبی . . ئەم شانۆگەرییە، بۆ ماوەی (٢٧) رۆژ، لە ( هۆڵی شانۆی نەتەوەیی ) لە بەغدا نماییش کرا . . ( ١١) هەزا، بینەر بینیان .
٤ـ منداڵە دارینەکە : ١٩٧٢ لە چیرۆکی ( بینوکیۆ ) ی نووسەری ئیتاڵی ( کارلۆ کالودی) یەوە وەرگیراوە، دەرهێنانی هونەرمەند ( قاسم محەمەد ) ە، بۆ ماوەی (٢٥) رۆژ لە بەغدا نماییش کرا.
٥ـ کچە جۆڵا : ١٩٧٧، لە شانۆگەری ( کورتەباڵا و کچە ئاشەوان ) ی نووسینی ( مار جوری ئەفرەندن ) ەوە وەرگیراوە . . کە ئەویش لە چیرۆکێکی ( برایانی گریم ) ەوە وەری گرتووە . .
دەرهێنانی ( بەهنام میخائیل ) ە.
 ٦ـ کچەشازادە و نێرگز : ١٩٧٨
٧ ـ مانگی مانگەکان و پیتەکانی رووناکی : ١٩٨٧ لە نووسینی نووسەری میسری ( رەووف مەسعەد ) ە، دەرهێنانی ( مونتەها محەمەد رەحیم ) ە .
٨ ـ ساندرێلا : ١٩٩٤
لە ماوەی (٢٠) ساڵی رابروودا، بە هۆی بارودۆخی نالەباری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، و ناسەقامگیری، شانۆی منداڵان لە عێراقد پێشکەوتنێکی ئەوتۆی بە خۆیەوە نەبینیوە . . بە قۆناغێکی سارد و سڕ و کەم بەرهەم و کاڵ وکرچیدا تێپەڕيوە . . لە عیراقی ئەمڕۆشدا، ئایدۆلۆژیای ئایینی و تایفەگەری بوونەتە هەوێنی شانۆی منداڵان، کە دوورە لە خواست و حەز و نیازپاکی منداڵانەوە .  
ئامانجەکانی شانۆی منداڵان :
 گرنگترین ئەو ئامانجانەی لە سایەی ئەدەبی شانۆی منداڵان دێنەدی، بە کورتی ئەمانەن :
١ـ توانای دەرربڕین و گوزارشتکردنی منداڵان گەشە دەکات .
٢ـ خۆشی و شادییەکی زۆر بە منداڵان دەبخشێت .
٣ـ فەرهەنگی وشەی زمانەوانییان دەوڵەمەنتر و رەنگینتر دەبێت .
٤ـ بیر و هۆش و زەین و ئەندێشە و تێگەیشتن و، هەست و سۆزیان، گەشتر و فراوانتر دەبن .
٥ـ زیاتر بڕوایان بە توانای خۆیان دەبێت، بە تایبەتيش ئەو منداڵانەی بەشداری لە نواندندا دەکەن .
٦ـ گۆشکردن و، پەروەردەکردنی منداڵان، بە چەمکە کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتییەکانی، وەک :
( پیاوەتی و چاکە، یەکسا نی، رێزگرتن، لێبووردن، تەبایی و پێکەوەژیان، دوورکەوتنە لە رق و دەمارگیری و رەگەزپەرستی، دوورکەوتنە لە خووی بەد، لە رەفتاری ناشیرین و، لە شەڕخوازی ) ٧ـ گەلێ گرێ و فشار و کێشە دەروونییەکانی منداڵ چارەسەر دەکات، وەک : ( گۆشەگیری، شەرم، زمانگرتن، ترس، راڕایی، دۆشدابردن، پەشێوی، خەمۆکی، . . . هتد ) .
٨ ـ هۆیەکی گرنگە بۆ گەشەکردنی هۆش و دەروونی منداڵان و، وەرگرتنی زانیاری گشتی .
٩ـ ئایندەی ئەدەبی گەورەکان مسۆگەر دەکات .
١٠ ـ منداڵان لەسەر بوێری و ئازایەتی ئەدەبی رادێن .
١١ـ تێبینی و هەستی رەخنەگرتنیان گەشەدەکەن .
١٢ـ چێژی هونەری و جوانناسییان گەشەدەکەن .
١٤ـ گەلێ داب و نەریتی پەسەندی کۆمەڵایەتی و، بەهای بەرزی رەوشتی فێردەبن .
١٥ـ هیوادار و گەشبین و بڕوابەخۆ دەبن و، ژیانیشیان لا شیرینتر دەبێت .
١٦ـ حەزی خۆدەرخستن و، دەربڕینی توانا و چالاکییەکانیان زیاتر دەبن .
١٧ـ رووحی کۆمەڵایەتی و پەیوەندی و سازانیان گەشەدەکات .
١٨ـ ئەزموونی تازەیان پێ دەبخشێت، کە لە ژیانی رۆژانەیان سوودیان لێوەردەگرن .
١٩ـ نەوەیەکی تەندروست و رۆشنبیر بەرهەمدێنێت و، دەیانکات بە هاوڕێ کتێب و کتێبخانە .
٢٠ـ حەز و ئارەزووەکانیان گەشەدەکەن و، سوود لە کاتی پەرژان و پشووەکانیان وەردەگرن .

پێکهاتەکانی درامی شانۆی منداڵان:
پێکهاتە سەرەکییەکانی بینای درامی شانۆی منداڵان، بریتین لە :
١ـ بیرۆکە :
بیرکردنەوە سەرەتای هەموو کارێکە . . هەڵبژاردنی بیرۆکەی تێکستی شانۆی منداڵان، گرنگ و هەستیارە، پێوستە پەیوەندی بە گەشەکردن و پەروەردە و ئاراستەکردنی دروست و بە کێشەکانی منداڵانەوە هەبێت، لە گەڵ قۆناغەکانی گەشەی تەمەنیاندا بگونجێت، ئاسان و روون بێت، لە توانای تێگەیشتنی منداڵان بەدەر نەبێت .
٢ـ بابەت :
پێویستە بابەتەکانی تێکستەکانی شانۆی منداڵان، پەروەدەیی بن و، خۆشەویستی و جوانی و رەوشت و بەهای بەرز بەرجەستە بکەن، پەیوەندییان بە خواستەکانی منداڵانەوە هەبێت و، هیوا گەشبینی و بڕوا و سەرکەوتن، بخەنە دڵییانەوە، بابەتەکانیش بەپێی قۆناغەکانی منداڵی بن .
٣ـ تەکنیک ( داڕشتن) :
واتە چنین و شیوازی داڕشتنی کارە ئەدەبی و هونەرییەیەکەیە، کە پێویستە رووداوەکانی نێو تێکستەکان، یەک لە دوای یەک بن، دەستپێک، سەرکەوتن، لووتکە، شیکردنەوە، چارەسەر، کۆتایی، لەگەڵ قۆناغەکانی تەمەنی منداڵیشدا بگونجێن . . بەهای رۆشنبیری و ئەدەبی لەدەست نەدەن، لە رووی زمانیشەوە، پێویستە وشەکان و رستەکان و دیالۆگەکان، لە توانای تێگەیشتنی منداڵاندا بن . . بواریش بۆ جوڵە و یاری و گۆرانی منداڵان بڕەخسێنت و، خۆشی و شادی و گەشیان پێبەخشن . . کۆتایەکانشیان بە سەرکەوتنی باشە بە سەر خراپەدا کۆتایی بێت .
٤ـ کەسێتییەکان :
کەسێتیەکانی شانۆی منداڵان، مرۆڤ بن ( منداڵ، گەورە)، یا (ئاژەڵ، باڵندە، شتی تر ) بن، یا هاوبەشبن، پێویستە کەسێتییەکان نموونەی باشیبن، و رۆڵەکانیان لەگەڵ کەسێتییان و، ئاستی رۆشنبیرییاندا بگونجێن، منداڵان بە زۆری چاولێکەرین . . لەوانەیە بە رۆڵەکان سەرسام بن.

 ٥ـ ململانێ :
ململانی و کێشمەکێش، توخم و پێکهاتەیەکی تری شانۆی منداڵانە، پێویستە ململانێکی گونجاوبێت لەگەڵ هۆش و ئاستی تێگەیشتن و تەمەنی منداڵاندا، پێویستە ململانێ دوور بێت لە توند و تیژی و هەست بریندار کردن . . بەڵکو لایەنی باشە لە خۆبگرێت و، سوودبەشبێت نەک زیان پەخش، پەروەردەیی و بنیاتنەربێت، نەک تێکدەر و روخێنەر . . کوتاییەکی خۆش و مەبەست ئەنجام بێت .

٦ـ دیالۆگ :
دیالۆگ، پێکهاتەیەکی تری تێکستی شانۆی منداڵانە، هەست و هۆشی منداڵان دەورووژێنی و گرنگی و بایەخ و سەنگی خۆی هەیە . . پێویستە دیالۆگەکان پەیوەندییان بە بابەتەکانەوە هەبێت، زمانی دیالۆگ ساکار و سووک بێت و، لەگەڵ تەمەنی منداڵاندا بگونجێت، پێویستە دیالۆگەکان لەگەڵ ئاستی جیاوازی رۆشنبیری کەسێتیەکان بگونجێن .

نووسەرانی تێکستی شانۆی منداڵان، بۆ ئەوەی لە نووسینی دەقە شانۆییەکانیاندا سەرکەوتووبن، پێویستە رەچاوی ئەو هەموو پێویستییانە بکەن، کە لە سەرەوە ناویانمان بردن، لە بارەی گرێچنی تێکست و، قۆناغەکانی منداڵی و، زمانی گونجاوی منداڵان و، ئاسۆی تێگەیشتن و، گەشەکردنی سایکۆلۆژی منداڵان و، هیوا و حەز و ئارەزوکان و، خەیاڵ و خەونەکانی منداڵان .
( مارکس ) دەڵێت : " ئەو هونەری کە زۆربەی خەڵک لێی تێناگەن، پێویستە نەمینێت "

بە شێوەیەکی گشتی ئەدەبی شانۆی منداڵان دەبێتە دوو بەشی سەرەکییەوە :
١ـ شانۆگەری زکماکی : ئەم شانۆیە بە مەگیزی ( غەریزە ) لەگەڵ بوونی منداڵاندا هەیە، کە نواندن و یاری و، قسەی راگوزاری و دەربڕینی کوتوپڕ و . . وەک : ( یاری بوک و زاوا، ماڵە باجێنە، دونگە مەڕانێ، بووکە بە بارانە، . . . هتد ) کە بەبێ تێکست و بەبێ راهێنان ودەرهێنان دەکرێن . . ( پاپلۆ بیکاسۆ ) دەڵێت : " هەموو منداڵێک هونەرمەندە . . کێشەکە لەودایە کە گەورە دەبێت چۆن بە هونەرمەندی بمێنێتەوە . . "
٢ـ شانۆی فێرکاری : ئەو جۆرە شانۆییانەیە، کە قوتابیان بە سەرپەرشتی پەروەردەکار یا راهێنەر یا مامۆستای هونەر، بە بوونی تێکستی ئامادەکراوی لەوە پێشتر، کە قوتابخانە بڕیاری لەسەر داوە، شانۆگەری نمایش دەکەن . . بە زۆریش لە بۆنە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان و، لە چالاکییەکانی ئاهەنگی کۆتایی ساڵی خوێندندا.

شانۆی قوتابخانە :
لە بارەی گرنگی و کاریگەری شانۆی قوتابخانە ( سیلید ) دەڵێت : " شانۆی قوتابخانە، فاکتەرێکی گرنگە بۆ بنیاتنانی تاکێکی شاد و هاوسەنگ " . . شانۆگەری قوتابخانە، بەشێکی گرنگی دانەبڕاوە لە شانۆی منداڵان، منداڵانی قۆناغی قوتابخانەی بنەڕەتی، منداڵانی تەمەن ( ٦ ـ ١٤) ساڵان .
شانۆگەری قوتابخانە، بریتییە لەو چالاکییە شانۆییانەی، کە لە لایەن قوتابیانی قوتابخانەکانەوە، یا بە هاوکاری لە گەڵ هەندێ لە مامۆستاکانیان، بە راهێنان و سەرپەرشتی مامۆستای شانۆکار و دەرهێننەر، یا گەر پدپۆریش نەبێت، شارەزای و توانای لەم بوارەدا هەبێت . . لە بۆنە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان، یا لە کاتی کۆنفراسی دایکان و باوکان و مامۆستاکان، یا لە کۆتایی ساڵی خوێندندا، شانۆگەرییەکانی قوتابخانە نمایش دەکرێن . . شانۆی قوتابخانە گەلێ ئامانجی گرنگ وەدی دێنێت، لەوانەش : پەروەردەیی، دەروونی، کۆمەڵایەتی، رۆشنبیری، هونەری . . شانۆی قوتابخانە فاکتەرێکیگرنگ و پاڵپشتێکی بەهێزی پەروەردە و راهێنان و فێرکردن و ئاراستەکردنی دروستی منداڵانە، کانیاوێکە بۆ وەرگرتنی زانست و زانیاری هەمەڕەنگەی بەسوود، هۆیەکە بۆ دەرخستنی بەهرە و توانا و حەز و ئارەزووەکانی منداڵان و گەشەکردنیان، هۆیەکە بۆ پەروەردەکردنی هەست و سۆزیان، بۆ فراوانکردنی هۆش و هزر و ئەندێشەیان، بۆ بنیاتنانی کەسێتییەکی دروست و ئاسایی . . لە رووی دەرونییەوە، زۆربەی زاناکان هاوڕان، کە شانۆ و نواندن هۆیەکە بۆ چارەسەری تەگەژە و کێشە دەروونییەکانی منداڵان، وەک : شەرم، گۆشەگیری، ترس، رارایی، گرژی، دڵتەنگی، نا ئارامی، ئیرەیی . . . هتد . لە رووی کۆمەڵایەتییەوە، گەلێ شارەزایی کۆمەڵایەتی فێردەبن، فێری ئەوە دەبن، بە جوانی و رێکی گفتوگۆ بکەن و، وەڵامی دروست و راست بدەنەوە، فێری پێکەوە سازان و هاوکاری و کاری هەروەزی دەبن، رێز لە داب و نەریت و لە بەها جوانە کۆمەڵایەتییەکان دەگرن، لە رووی هونەریشەوە، ئاستی حەز و چێژی هونەری و جوانناسیان گەشە دەکات . . لە رووی رۆشنبیرییەوە، شانۆی قوتابخانە، یەکێکە لە کەناڵەکانی رۆشنبیری منداڵان، لە بارەی فێرکردنیشەوە، شانۆی قوتابخانە، مامۆستایان سوودیکی باش لە شانۆ و نواندن وەردەگرن، بۆ فێرکردنی بابەتی وانەکان، ئەگەر ئەو بابەتانە بە شێوازێکی درامی دابڕێژرێن و، لە پۆلدا یا لە هۆڵ و گۆڕەپانی قوتابخاندا، بە نواندنی شانۆیی پێشکەشیان بکرێن، زۆر بە ئاسانی و بە خۆشی وەریان دەگرن و فێریان دەبن و، زیاتر لە وتنەوەیەکی ئاسایی، چێژیان لێ وەردەگرن و، بۆ ماوەیەکی زیاتریش لە یادیان دەمێنێتەوە، کورد وتەنی : " دەتوانین بە بەردێک دوو چۆلەکە بپێکین "
( مارون نەقاش ) دەڵێت : " شانۆ ئامانجێکی فێرکردنی هەیە، لەوانەش گواستنەوەی وانەیەکی رەوشتییە، لەمیانەی هەڵوێستێکی درامی دیاری کراودا . . "
تایبەتمەندی شانۆی قوتابخانە لەوەدایە، کە بریتییە لە نمایش کردنی بابەتە پەروەردەییەکانی پرۆگرامەکانی خوێندن، کە لە ماوەی خوێندندا، هۆیەکی گرنگی یارمەتیدەر و ئاسانکارییە بۆ فێربوونی گەلێ لە بابەتەکانی خوێندن و، سوود و خۆشەیەکی زۆر بە قوتابیان دەبەخشێت . .  رادەی سوود وەرگرتنیش لە شانۆی قوتابخانە، دەکەوێتە سەر توانای مامۆستای وانەبێژ .

گرنگترین جۆرەکانی شانۆی منداڵان ئەمانەن : ( شانۆی ئاسایی، شانۆی قوتابخانە، شانۆی شانۆی فێرکاری، شانۆی پەروەردەیی، شانۆی بوکەڵە : سێبەری بوکەڵە ـ بوکەڵەی دەستكێش ـ بوکەڵەی دەزوودارـ بوکەڵەی پەنجەوانە ـ بوکەڵەی دارینە ـ بوکەڵەی سەرشانۆ، شانۆی کۆمیدی) . . بەڵام جۆرەکانی شانۆی پەروەردەیی ئەمانەن : ( شانۆی کۆمیدی، شانۆی تراژیکۆمیدی، شانۆ تراژیدی ـ کارەسات ـ شانۆی گۆرانی ) بۆ باسکردن لە هەریەکە لەو چڵ و لقانەی شانۆی منداڵان، پێویستە با تەسەلی باسیان لێ بکرێت . . بەڵام ئێمە لێرەدا تەنها ئاماژەمان پێ کردن .

سەرهەڵدانی شانۆی منداڵانی کورد :
بەشێک لە نووسەران و هونەرمەندانی کوردمان، پێیان وایە، کە شاعیری گەورەی گەلەکەمان مامۆستا ( گۆران : ١٩٠٥ـ ١٩٦٢)ی نەمر، یەکەمین کەس بوو کە وشەی ( شانۆ ) ی لە بری وشەی ( مسرح ) و ( تمثیل )ی عەرەبی و وشەی ( تیاتر )ی ئینگلیزی بەکار هێناوە، لە هۆنراوەی ( جلیوەی شانۆ . . بۆ پەری سەما ) دا، لە دیۆانی ( فرمێسک و هونەر ) دا، کە لە ساڵی ( ١٩٥٠) دا، لە چاپخانەی مەعاریف لە بەغدا چاپ کراوە.
لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، ئەدەب و هونەری شانۆی منداڵان، هونەرێکی تازە پێگەیشتووە .
شانۆی منداڵان لە کوردستاندا، قۆناغێ ئەزموونی رەتداوە، تا رادەیەک مۆرک و ناسنامەی و رەسەنایەتی و رێبازی خۆی دیاری کردووە و، دەناسرێتەوە . . بەراود بە چەندین وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا، ئێمەی کورد لە بواری شانۆی منداڵاندە هێندە لە دواوەی ریزبەندیدا نین .
شانۆی سادە و ساکاری منداڵانی کورد، بۆ چەندین ساڵ لەمەوەبەر دەگەڕێتەوە، چەندین یاری و بەزمی منداڵانمان هەن، کە منداڵانی کورد بە جووڵە و بە یاری لە شێوەی شانۆی ئاساییدا، منداڵانی دەیانکردن و دەیان کەن . . بەڵام ئەوەی ئێمە مەبەستمانە و تەوەری باسەکەمانە، سەرهەڵدانی شانۆی هونەریی منداڵانی کوردە . . شایانی باسیشە، بزووتنەوەی شانۆی کوردی بە گشتی و، شانۆی منداڵانی کورد بە تایبەتی، لە شاری سلێمانی لە باشووری کوردستاندا سەریان هەڵدا و گەشەیان کرد . . چونکە شاری سلێمانی لە دروستبوونییەوە لە ساڵی (١٧٨٤) ەوە، تا ئەمڕۆ لانکە و مەڵبەندی سەرهەڵدان و گەشەکردنی داهێنانی رەسەنترین رۆشنبیری و ئەدەبی و هونەری و سیاسی کوردستان بووە . . جا شایانی خۆیەتی کە سلێمانی کرا بە ( پایتەختی رۆشنبیری کوردستان )
دەرەبارەی سەرهەڵدانی شانۆی منداڵانی کورد، مامۆستا ( حەمەکریم هەورامی ) لە بەرگی دووەمی کتێبەکەیدا ( ئەدەبی منداڵانی کورد ) نووسیوێتی : " سەرهەڵدانی ئەو ئەدەبە بۆ منداڵانی کورد، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی بڵاوبوونەوەی ئەو یەک دوو هەوڵەی کە بەسەر دەستی ( شاکر فەتاح ) دا، لە ساڵی ( ١٩٤٨) دا بزووتن، ئەگەرچی سەرهەڵدانەکە لەژێر کاریگەری ئەدەب و هونەری عەرەبیدا بووە، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو هەوڵەی کردنەوەی پەنجەرەیەکی تر بوو، کە ئەدەب و هونەری پیایدا بەرەو ئاسۆیەکی تر چاوهەڵبڕێ " . . شەهیدی نەمرمان مامۆستا شاکیر فەتاح، لە ساڵی ( ١٩٤٨) دا، لە چاپخانەی مەعاریف لە بەغدا، ( هاوڕێی منداڵی ) و شانۆنامەی ( مام رێوی ) ی لە پێنج پەردەدا، بۆ منداڵانی کورد چاپ کرد .
بەڵام لە راستیدا، سەرهەڵدانی شانۆی منداڵانی کورد، بۆ بەر لەو ساڵە دەگەڕێتەوە و، چەند شانۆگەرییەک بە زمانی کوردی لە لە لایەن قوتابیانی قوتابخانەکانی شاری شاری سلێمانییەوە نمايش کراون .
ئەدەب و شانۆی منداڵانی عەرەبیش، بە قۆناغێکی لاسایی کردنەوە و پشت بەستن بە تێکستی بیگانەدا تێپەڕی، لە ژێر کاریگەری ئەدەب و شانۆی منداڵانی فەرەنسا و ئینگلتەرادا، سەریان هەڵدا . . نووسەرانی عەرەب، چەندین چیرۆک و تێکستی شانۆییان لە ئەدەب و شانۆی منداڵانی فەرەنسی و ئینگلیزییەوە وەرگرت و، وەریان گێڕایە سەر زمانی عەرەبی بۆ منداڵانی . . ئەوەش نەگی نییە کە ئێمەی کوردیش تا رادەیەک سوودمان لە ئەزموونی گەلانی تر وەربگرتووبێت، دەتوانین بە بەڵگەوە بیسەلمێنین کە گەلانی تریش زۆر و کەم، سوودیان لە ئەدەب و رۆشنبیری و هونەر و فۆلکلۆری گەلی کوردمان وەرگرتوون .
دکتۆر ( فازیل جاف ) نووسەر و دەرهێنەری پسپۆری کوردمان لە شانۆ دا، دەڵێت : " شانۆی منداڵ لە شاری سلێمانی لە حەفتاکاندا، ببوو بە مەشخەڵی شانۆی زارۆک نەک تەنیا لە کوردستاندا بگرە، مەشخەڵێک بۆ سەرانسەری شانۆی عێراقی . . "

ئێمەیەکی پەنابەری دوورە کوردستان، نە سەرچاوە و نە بیبلۆگرافیای ئەو شانۆ کوردییانەمان لە بەردەستدایە، کە لە مێژووی سەرهەڵدانی شانۆی منداڵانەوە تا ئەمڕۆ نمایش کراون، تا بە پێی ساڵەکان پۆلێن و ریزبەندیان بکەین . تەنها سەرچاوە کە باس لەم بوارە بکات دوو کتێبم لایە کتێبی ( ئەدەبی منداڵانی کورد) ی مامۆستا حەمە کریم هەورامی و، کتێبی ( شانۆی منداڵان ) لەنووسینی کاک ( بورهان قەرەداغی ) هەردوو کتێبەکە بە تایبەتیش ( شانۆی منداڵان ) تەنها باس لە سەرهەڵدانی شانۆی منداڵانی کورد لە پارێزگای سلێمانیدا دەکەن . . نە ئەوان و نە منیش تا ئەمڕۆ، بەرچاومان نەکەوتووە، کە کتێبی تر هەبن باس لە شانۆی منداڵانی کورد لە شارەکانی تری کوردستان بکەن . . ئەگەر هەبوایە یان هەبێت، بە دڵنیاییەوە کاک بورهان قەرەداغی و مامۆستا حەمەکریم هەورامی باسیان دەکردن . . جا دووبارە دەڵێین کە شانۆی مندانی کورد بەر لە هەموو شارەکانی تری کوردستان لە شاری سلێمانییدا سەری هەڵداوە . . ئەوەش ناڵێین کە لە شارەکانی تری کوردستاندا، هیچ جۆرە شانۆییەک بۆ منداڵان پێشکەش نەکراوان، مەبەستمان لە ساڵانی پێش راپەڕینە . . شایانی باسیشە هەرچەن ساکاریش بن، چەند شانۆگەرێیەک بۆ منداڵان لە سەردەمی خەبات وشۆڕشی شاخدا لە لایەن قوتابیانی قوتابخانەکانی لە دێیەکانی کوردستانەوە نمایش کراون .
بێگومان شانۆی منداڵانی کورد، لە قوتابخانەکاندا دەستی پێکرد و گەشەی کرد، یا بڵێین لە سەرەتاوە بە ( شانۆی قوتابخانە ) دەستی پێکرد و، ساڵ لە دوای ساڵ لە گەشەکردن وداهێناندا بووە . . لە لایەن قوتابخانەکانی کوڕان و کچان و باخچەی ساوایانی شاری سلێمانی چەندین شانۆی منداڵان نماییش کران . . بەرەبەرەش چالاکییەکان لە دەروەی قوتابخانەکان و، سەرەڕای ئەو کۆسپانەیا کە دەخرانە رێی گەشەکردنی لە لایەن دەسەڵاتدارانی رەگەزبەرستی عێراوەوە . . بەشدارییان لە فێستەڤاڵەکانی چالاکی قوتابخانە سەرەتاییەکانی عێراقدا کردووە، چوار ساڵ شانۆی منداڵانی کوردستان، پلەی یەکەمیان بەدەستهێناوە . . شایانی باس و رێزگرتنن، کە کۆمەڵێک نووسەری دڵسۆز و ناسراو، کۆمەڵێک دەرهێنەری مەزنی کورد و، کۆمەڵێک موزیک ژەن، رۆڵێکی گەورەیان لە سەرهەڵدان و پێشکەوتنی شانۆی منداڵانی کوردمان هەبوو . . شایانی ئەوەن کە بە شانازییەوە ناویان بەرین :
( شاکر فەتاح، عوسمان چێوار، سمکۆ ناکام، سمکۆ عەزیز، عومەر عەبدولڕەحێم، عومەر عەلی ئەمین، کاکەی فەللاح، رزگار کەریم سەعید، هیوا عەزیز، کاوەی ئەحمەد میرزا، دلێر ئیبراهیم، حەسەن عەلی، موفەق عارف لهۆنی، فازیل عەلی جاف، شێخ سەلام، سیمین چایچی، جیهاد دڵپاک، خالید سەرکار، ئەنوەر قەرەداغی، فەرەنسیس داود یوسف، رەفیق چالاک، گۆران، شێرکۆ بێکەس، گوڵزار عومەر، گەزیزە، نەسرین نەجمەدین، ولیەم یوحەنا، تەها خەلیل، عەبدولقادر مستەفا، غازی بامەڕنی، محەمەد رەزا، ئەمین میرزا کەریم، مەحمود زامدار، وەزیرە عومەر سدیق، دڵشاد مەریوانی، فازیل قەساب، عەبدول حەمە جوان، حەمە فەریق حەسەن، حەسەن جەباری، فەرەیدون دارتاش، شەماڵ عەبدوڵڵا رەش، حەمەڕەشید هەرەس، بەدیعە دارتاش، سەڵاح رەوف، بورهان مەسرەف، فوئاد حەمەئەمین ئاغا، بورهان قەرەداغی، تالیب بەرزنجی، کەماڵ سابیر، فاروق هۆمەر، محەمەد حوسین، سالار عومەر، سەباح محەمەد ئەمین، تەلار هیرانی، هیوا ئەحمەد، تارا عەلی، زاهیر غەریب، کامەران عەلی مەجۆل، جەزا عەبدولڕەحمان فەتاح، وەفا عەبدوڵڵا، شەفیق محەمەد، عەبدوڵڵا میدیا، ساجید ئاوارە، جەبار محەمەد، شیرزاد شەوقی، عەباس عەبولڕەزاق، عوسمان هەورامی، فایەق نوری سەعید، ع. ع . شەونم، ئازاد جەلال، فەرید عیسا، عومەری کەریم ئاغا، قادرۆک، ئاراس محەمەد، کامەران ئەحمەد فەتاح، برایم مەولود، ئەحمەد باڵخی، تاهیر عەبدوڵڵا، ئومید رەباتی، سارا محمەد، هیوا رەوف، ئەحمەد ئیسماعیل ئیسماعیل، گونا حەمە ساڵح، هیوا جاف، فاروق هۆمەر، ئاواز عەبدولڕەحمان، ستار ژیان، جەبار حەسەن، ئاڤان کاکە حەمە، شیرکۆ محەمەد سەعید، رۆشنا رەحیم، نەوزاد عەبدول، فوئاد مەولانای . . . کە هەریەکە لەو خوشک و برا دڵسۆزانە وەکو، نووسەر، دەرهێنەر، موزیکژەن، وەرگێڕ، ئاوازدانەری سروود و گۆرانی، هەر یەکەیان بە پێی توانایان خزمەتی بواری شانۆی منداڵانی کوردیان کردووە . . داوی لێبووردنیش لەو خوشک و برایانە دەکەم کە لەم بوارەدا خزمەتیان کردووە و، ناویان نەزانم . .
زۆربەی ناوەکانیشم لە کتێبی ( شانۆی مناڵ ) ی کاک بورهان قەرەداغی یەوە وەرگرتوون .
یەکەمین تیپی شانۆی منداڵانی کورد، لە ساڵی ( ١٩٩٠) دا، لە شاری سلێمانیدا دانرا بە ناوی
( تیپی شانۆی مناڵان ـ سلێمانی )، لە ساڵی (١٩٩٤)دا، ناویان گۆڕی بە ( تیپی هونەری مناڵان ـ سلێمانی )، لە ساڵی ( ١٩٩٦) دا ناوەکەی بووە بە ( کۆمەڵەی هونەری مناڵان ) . . ئەم تیپە لە دروست بوونییەوە تا ئێستا چەندین شانۆگەرییان بۆ م داڵان لە سلێمانیدا نمایش کردووە .

لە دەدوەی کوردستانیش، لە وڵاتی سوید، د. فازیڵ جاف، دوو شانۆگەری بۆ منداڵان نووسیون و دەری هێناون، (گەلاوێژ و گورگ ) و ( نازە و ورچ )، ئەم دوو شانۆگەرییەکە جار و بار لە کەناڵە تەلەفزیۆنییە کورییەکاندا پێشکەش دەکرێن، دوو شانۆگەری خۆشن بۆ منداڵان .

گروپی هونەری کوردی و بەشی هونەری منداڵان ـ لە نەرویج :
بۆ یەکەمین جار لە دەروەی کوردستاندا، لە ئەوروپادا، لە وڵاتی ( نەرویج ) دا، لە لایەن پێنج مامۆستای کوردەوە ( گروپی هونەری کوردی و بەشی هونەری منداڵان ) لە (١٥ /١ / ٢٠٠٢) دا، لە شاری ( بێرگن ) کە دووەمین گەورەشاری ( نەرویج )ە دامەزرا . . مامۆستایانی دامەزرێنەریش ئەمانە بوون : ( سدیق عەزیز ـ شانۆکار، کویستان جەمال ـ وێنەکێشی شێوەکار، هیوا ئەحمەد ـ شانۆکار، تارا عەلی ـ شانۆکار، رەزا شوان ـ نووسەری بواری منداڵان ) . . بەڵام دوای مانگێک لە دامەزراندنی گروپەکە هەریەکە لە مامۆستا ( سدیق عەزیز و کویستان جەمال ) بە هۆی تایبەتی خۆیانەوە خۆیان كشانەوە . . گروپەکە مایەوە سەر ئەو سێ ناوەی تری . . منداڵە بەهرەمەندەکان، کە ئەندامی کارای هەمیشەی گروپەکە بوون ئەم کچ و کوڕانە بوون : ( ماردین کازم، کەژۆست عاسی، شڤان رەزا شوان، لادێ عاسی، بازیان محێدین خێلانی، بەیار عاسی، ژیار ئەیوب، ئاکار ئەیوب، دنیا خەلیل شوانی، ئیڤان عومەر، کاشمە عومەر، شێنێ حەمەرەشید، رۆزە داود، دەریا داود، ئەڤین نەوزاد، کۆچەر نەوزاد، ژینۆ ئازاد کەلاری، میلانۆ هیوا ) . . بێجگە لەم ناوانە لە هەندێ چالاکیدا، منداڵانی کەش لە چالاکییەکاندا بەشداریان دەکرد .
گروپی هونەری کوردی ـ بەشی هونەری منداڵان ـ لە نێوان ساڵانی (٢٠٠٢ ـ تا ـ ٢٠٠٦) چەندین چالاکی شانۆیی و هەڵپەڕکێی کوردی و چالاکی تریان پێشکەش کرد، کە سەرنج راکێشانی رەوەندی کورد و نەرویجییەکان بوون . . لە چەند گۆڤارێکی هونەری نەرویجیدا، وێنەی چالاکییەکانی منداڵانی ئەم گروپەیان بڵاوکردەوە و. دەستخۆشی و ستایشی کارەکانیان کردن و، دیمانەیان لەگەڵ منداڵەکان و لە گەڵ نووسەر و دەرهێنەری شانۆکان و، راهێنەری هەڵپەرکێکاندا سازکرد .
ئەمانەش ناوی هەندێ لە كار و چالاکییەکانی بەشی مننداڵانی گوپی هونەری کوردییە لە نەرویج :
١ـ لە رۆژی (٦ /٥ / ٢٠٠٣) دا . . لەسەر شانۆی ( بێرگن ئینتەرناشیۆناڵ کولتوور سەنتەر ) دا . . شانۆگەری ( تیتلە و بیبلە ) بە زمانێکی تێکەڵی ( کوردی و نەرویجی ) بۆ ماوەی پێنج رۆژ، رۆژی دوو جار ( سەر لە بە بەیانی و دوای نیوەروان ) نمایش دەکەرا . . هەر رۆژی منداڵانی چەند باخچەیەکی ساوایانی شاری بێرگن بۆ سەیرکردنی نمایشی شانۆیەکە دەهاتن . . بە گوێی خۆم گوێم لە مامۆستاکانیان دەبوو . . کە بە کارێکی جوان و گونجاو بۆ منداڵان باسیان دەکرد . . ئەم شانۆیە لە ئامادەکردنی مامۆستا ( هیوا ئەحمەد ) بوو، کە لە چیرۆکی فۆلکلۆری کوردی( تیتلە و بیبلە) ەوە وەری گرتبوو . . لە دەرهێنان و راهێنانی مامۆستا ( تارا عەلی ) بوو .
٢ـ شانۆی ( گورگ و رێوی ) شانۆیەکی ( بوکەڵان ) بوو، لە ساڵی ( ٢٠٠٣) دا نمایش کرا، کە لە چیرۆکێکی فۆلکلۆری نەرویجەوە وەرگیرابوو، وەرگێڕان و ئامادەکردنی مامۆستا ( هیوا ئەحمەد ) دەرهێنانی مامۆستا ( تارا عەلی ) بوو .
٣ـ ئۆپەرێتی ( مەرگەساتی هەڵەبجە ) ئامادەکردنی مامۆستا ( هیوا ئەحمەد ) و راهێنان و دەرهێنانی مامۆستا ( تارا عەلی ) بوو . . لە رۆژی (٦ / ٣/ ٢٠٠٤) دا، لە هۆڵی کولتوور سەنتەردا لە شاری
یبێرگن نمایش کرا .
٤ـ لە رۆژی ( ١٧/٥ / ٢٠٠٤) کە رۆژی نەتەوایەتی نەرویجە ( ناشیۆناڵ داگ ) . . مامۆستاکان و منداڵانی ئەم گروپە، بە جلی کوردی بە بەرزکرد ەوەی ئاڵای کوردستان و، بە چەن هەڵپەڕکێیەکی کوردی بەشدارییان لەم رۆژەدا کرد . . سەرنجی هەموو لایەکیان راکێشا و چەپڵەباران کران .
٥ـ ئۆپەریتی ( ژوان ) لە رۆژی (٢٠ / ٥/ ٢٠٠٤) دا لە سەر شاننۆی هۆڵی ئینتەرناشیۆناڵ کولتوور سەنتەر ـ لە بێرگن ـ نمایش کرا . . ووسینی : مامۆستا هیوا ئەحمەد، دەرهێنانی مامۆستا تارا عەلی بوو .
٦ـ لە ساڵی ( ٢٠٠٥) دا کۆڕێکی ( خوێێندنەوەی چیرۆکی کوردی بۆ منداڵان ) . . کە لەلایەن مامۆستا ( رەزا شوان ) ەوە پێشکەش کرا . . کە چەند چیرۆکێکی خۆی بۆ منداڵان خوێندەوە .
٧ـ لە ساڵی ( ٢٠٠٥) دا . . منداڵانی ئەم گروپە بە جلی کوردی و ئاڵای کورددتانەوە . . لە رۆژی کولتووری ( شاروچکەی ئاسکۆ ) دا . . بە چەند هەڵپەڕکێیەکی کوردی بەشداریان کرد . . لە نێو چەندین گروپ و تیپی گەلانی تردا . . هەڵپەرکێکانی منداڵانی کورد بە باشترین چەلاکی باس کرا.
٨ـ شانۆی ( دواین دەنگەکان ) لە ( ٢٠٠٦) دا لە هۆڵی کولتوور سەنتەردا لە شاری ( بێرگن ) دا نمایش کرا . . نووسین و دەرهێنانی مامۆستا هیوا ئەحمەد و راهێنانی مامۆستا تارا عەلی بوو .
٩ـ گفوپی هونەری کوردی( بەشی هونەری منداڵان ) لە ساڵانی ( ٢٠٠٢ تا ٢٠٠٦ ) لە هەموو ئاهەنگەکانی جەژنی نەورۆز لە ( شاری بێرگن ـ لە نەرویج ) بە پێشکەشکردنی سروود و هەڵپەرکی کوردی و بەشداریان لە جەژنی نەورۆز کردووە .
١٠ـ ( بەشی هونەری منداڵان ) هەموو ساڵێک . . لە ساڵرۆژی یادەکانی ( کیمیاباران هەڵەبجە ) و لە یادی ( ئەنفال ) دا، بە چالاکی نیشتمانی بەشداریان کردووە .
بەڵام ئێستا ئەم منداڵانە زۆربەیان وا خەریکن خوێندنی زانکۆ لە نەرویجدا تەوابکەن .
شایانی باسیشە بەر لە دامەزراندنی ( گروپی هونەری کوردی و بەشی هونەری منداڵان )، هەردوو هونەرمەند، مامۆستا ( هیوا ئەحمەد ) و مامۆستا ( تارا عەلی ) کە ( هاوسەری یەکترین ) . . بۆ یەکەمین جار لە وڵاتی نەرویجدا شانۆی کوردیان پێشکەش کرد . . لە ساڵی ( ١٩٩٩) دا، لە شاری بێرگن لە سەر شانۆی هۆڵی ( گریک هاڵن ) کە گەورەتین هۆڵە لەم شارەدا، شانۆی (پەپولەکانی پایز ) یان نمایش کرد . . لە نووسین و دەرهێنانی مامۆستا ( هیوا ئەحمەد ) بوو . . هەروەها لە ساڵی ( ٢٠٠١) دا، شانۆی ( سەمایەک لە پاش مەرگ ) یان پێشکەش کرد .

شانۆ و ئۆپەرێتە تۆمارکراوەکان لە تەلەفزیۆنی کەرکوک تا راپەڕینی ١٩٩١
ئەمانە ناوی هەندێ لەو شانۆیانەن کە بە کوردی، لە ( تەلەفزیونی کەرکوک ) دا، بۆ منداڵان تۆمارکران و، پێشکەش دەکران :
١ـ شانۆی (بەیتی رێزانکێ) : ١٩٧٦
( نووسینی : سمکۆ ناکام، دەرهێنانی : عوسمان چێوار، ئاوازی گۆرانییەکان : دلێر ئبراهیم . )
موزیک ژەنین و نواندانی، چوار چرۆ شەهیدەکانمان : ( کارزان، فەرمان، ئازاد، رێبوار ) بوون
شایانی باسیشە، ئەم شانۆیە بەشداری لە ( فێستیڤاڵی ساڵانەی چالاکی قوتابخانە سەرەتاییەکانی عێراق ) لە بەغدا کرد، خەڵاتی یەکەمی فیستیڤاڵەکەی بردەوە . . لە دوای نمایشەکەش، نەقیبی هونەرمەندانی عێراق ( حەقی شبلی ) بە سەرسامی و لە بارەی شانۆی ( بەیتی رێزانکێ ) وە، گوتی : " ئەمە شانۆی منداڵانی راستەقینەی سەردەمی وڵاتەکەمانە "
مامۆستا سمکۆ ناکام نووسەری بەیتی رێزانکێ دەڵێت : " یەکەم بەرهەم من وەک نووسەر و چێوار ـ عوسمان چێوار ـ وەک کارگێڕ راستەوخۆ گەیاندمانە بینەران شانۆگەریی منداڵانی بەیتی رێزانکێ بوو ( ١٩٧٦) سەرکەوتنه شانۆگەرییەکە هەموو سنورێکی بەزاند و لە فێستیڤاڵی ساڵانەی قوتابخانەکانی سەرەتایی عێراقدا، پلەی یەکەمی بەدەست هێنا "

٢ـ ئۆپەرێتی ( سەوزە ) : ١٩٨٤
نووسینی : فازیل قەساب، دەرهێنانی : کامەران ئەحمەد فەتاح، مۆزيک : تیپی موزیکی شنروێ
نواندنی : تیپی شانۆی منداڵانی هەڵەبجە
( نووسەر : من کە ئامادەکەری بەرنامەی ـ جیهانی منداڵان بووم . . لە تەلەفزیۆنی کەرکوک ـ لە رۆژی تۆمارکردنی ئۆپەرێتی ـ سەوزە ـ دا، دیمانەیەکمان لەگەڵ خونچەگوڵ ـ فاتمە عەلی ـ دا کرد، کە رۆڵی سەوزەی هەبوو )

٣ ـ شانۆی ( پێڵاوی سوور ) : ١٩٨٥
نووسینی : هانز کریستیان ئەندەرسن، وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی کوردی : . . .
دەرهێنانی : رزگار کەریم سەعید
رۆڵی پێڵاوفرۆش : گەزیزە عومەر عەلی ئەمین
هۆنراوەی گۆرانییەکان : خانم رەسوڵ
ئاوازی گۆرانییەکان : هاودەم محەمەد ساڵح جاف

٤ـ شانۆی ( بەلەمی ئەفسوناوی ) : ١٩٨٤
نووسینی : لاوشە، شیعرەکانی : حەمە فەریق حەسەن، دەرهێنانی : کامەران ئەحمەد فەتاح
ئاوازی : ولیەم یۆحەنا
لە رۆڵی باپیرە کوردۆ : عومەری کەریم ئاغا
دەرهێنانی بۆ تەلەفزیۆن : سەباح رەشاد

٥ـ شانۆی ( هێلینا خۆ بەرنادەم ) : وابزانم لە ساڵانی دوایی هەشتاکاندا بوو، تۆمارکرا.
پێشکەش کردنی : تیپی منداڵانی دهۆک بوو . . بەڵام ناوی نووسەر و دەرهێنەرەکەی نازانم
ئەم شانۆیەش لە ساڵی ئامادەکردنیدا، لە فیستیڤاڵی ساڵانەی قوتابخانەکانی عێراقدا بەشداری کرد، خەڵاتی یەکەمی وەرگرت . . لە راستیدا بابەتی ئەم شانۆییە زۆر بەهێزە، مەبەستی نووسەرەکەی لە چیرۆکەکەیدا، پەلاماری دڕندا ەی داگیرکەرانە بۆ سەر کوردستان . . بەرگریکردنی کوردە، لە خاکی پیرۆزی کوردستانیکە نیشتمانی خۆشەویستمانە .

لە دوای راپەڕینی ساڵی ( ١٩٩١) دا، لە تەلەفزیۆنییە لۆکاڵی و سەتەلایتەکانی باشووری کوردستاندا، چەندین شانۆ و ئۆپەرێت و چالاکیی هەمەڕەنگەی منداڵان تۆمارکران .

رەزا شوان
نەرویج : ٢٦ / ٣ / ٢٠١٥
(*) ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی شانۆیە .