لە یادی(٧١) مین ساڵڕۆژی، بۆ یەکەمین جار گۆڕینی (هێزی رزگاریخواز) و

(پارێزەری کورد و کوردستان) بۆ ناوی (پێشمەرگەی کوردستان) هاورۆژیش بوو کە بۆ یەکەمین جاریش (ئـاڵای کوردسـتان) لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا لە شاری مەهاباد دا، لە رۆژی (١٧ی/ دێسەمبەر/١٩٤٥ز) دا، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هەر چوارپارچەی کوردستان، لە لایەن پێشەوا قـازی محەمەدی نەمرەوە ناوی فەرمی (پێشمەرگەی کوردستان) راگەیاندرا هەر لەو رۆژەدا و لایەن پێشەواوە لەسەر باڵەخانەی شارەوانی شاری مەهاباد، بۆ یەکەمین جار لەگەڵ وتنی سروودی نیشتمانیمان ئەی رەقیب و هەڵهەڵەلێدان و چەپڵەڕێزاندا (ئاڵای کوردستان) بەرزکرایەوە. ئەو رۆژە بوو بە رۆژێکی پیرۆز لە مێژووی کوردستاندا. . لەو رۆژەوە پێشمەرگەی کوردستان و ئاڵای کوردستان بوون بە دوانەی لێکدانەبڕاو. . هەموو ساڵێک بە ئەوپەڕی شانازی و رێزەوە یادی رۆژی پێشمەرگەی کوردستان و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان دەکەینەوە. . ئەم رۆژە پیرۆزە، بووە بە بەشێکی رەسەن لە کولتوور و مێژووی گەلەکەمان.

لە ساڵی (٢٠٠٩) شدا، پەڕلەمانی هەرێمی باشووری کوردستان، بە بڕیاری ژمارە (٤٨) بڕیاریان دا و، بە فەرمی رۆژی (١٧ی/ دێسەمبەر)ی هەموو ساڵێکی کرد بە (رۆژی ئاڵای کوردستان) لە باشووری کوردستاندا.

هەموو ساڵێک لە (١٧ی/ دێسەمبەر) دا، بە شانازی و رێزەوە، بە خۆشی و خرۆشەوە، لە کوردستان و لە هەندەران، لەم رۆژەدا یادی ئەم دوو بۆنە نەتەوەییەمان دەکەینەەوە، بە گەرمی و گەشییەوە پیرۆزبایی لە پێشمەرگە و لە یەکتری دەکەین و، سڵاو لە ئاڵای رەنگینی کوردستانمان دەکەین. . سوێند و بەڵێن و پەیمانیش تازە دەکەینەوە کە سورتر و گڕتربین لە خەبات و بەرگری و خۆڕاگری و کۆڵنەدان و گیانبەخشین، بەڵێنی ئەوەش دەدەین کە ناسرەوین تا سەردەکەوین، تا کوردستانی نیشتمانمان لە داگیرکەران رزگاردەکەین و، بە هیوا و بە مافە رەواکانی گەلەکەمان دەگەین و بڕیار لە مافی چارەنووسمان دەدەین. . ئەمەش مافێکی رەوای دانپێنراوی هەر نیشتمانێکی داگیرکراو و گەلێکی ماف زەوتکراوە. . بۆ رزگاربوونی لە داگیرکەری بێگانە.

پێشمەرگەری کوردستان لە رۆژی دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ لە سەنگەرەکانی کوردایەتی و مەردایەتیدا، لەژێر دروشمی (کوردستان یا نەمان) دا، قەڵغانێکی پۆڵایین و شوورەیەکی سەختتن لە رووبەڕووبوونەوەی داگیرکەران و نەیارانی کورد و کوردستان. . هەمیشە گیان لەسەردەست بوونە و ئامادەی گیانبەخشین و شەهیدبوون بوونە. . هەمیشەش خۆیان بە پێشمەرگەی هەموو کوردستان دەزانن. . ئامادەشن لە هەر شوێنێکی کوردستاندا پێویستیان پێیان ببێت، لەوێدا بەرگری بکەن و گیانی خۆیان ببەخشن. . چونکە کوردستان لە باکوورییەوە تا باشووری، لە رۆژهەڵاتییەوە تا رۆژئاوای یەک کوردستانە و نیشتمانی هەموو کوردێک و هەموو کوردستانییەکی کوردستان پەروەرە بەبەبێ جیاوازی. . پێشمەرگە ئەو قارەمانە گیانبەخشانەن کە هەرگیز سڵیان لە مردن لە پێناوی کوردستاندا نەکردۆتەوە و ناکەنەوە. . پارێزگاری کردن لە کوردستان بە پیرۆزترین و پێویسترین ئەرکیان دەزانن. . شەهیدبوونیشیان لەم پێناوەدا، بە سەروەری و شانازی دەزانن. . تەنانەت نەیارانی گەلەکەشمان نکووڵی لەم راستییە ناکەن و پێش دۆستەکانمان دانی پێدا دەنێن.

لە ئەمڕۆدا ناو و ئازایی و قارەمانییەتییەکانی پێشمەرگەکانمان، گەریلاکانمان، شەرڤانانمان، شێرە کوڕان و کچانمان، لە کوردستان و لە هەموو جیهاندا، بوونەتە وێردی سەرزمان، وێنەکانیان بوونەتە بەرگی یەکەمی گۆڤارەکان، هەڵمەت و داستانەکانیان بوونەتە مانشێتی لاپەڕەی یەکەمی رۆژنامەکان، گورزە گورچکبڕەکانی رۆژانەیان لە داعش و لە دگیرکەرانی کوردستان بوونەتە هەواڵی بە پەلە و گەرمی راگەیاندنەکان و میدیاکان. . جوامێرییان، رەوشتبەرزییان، رەفتارجوانییان، خۆڕاگرییان، بەرگرییان، . . . هتد. بوونەتە هەوێنی شیعر و سروودی شاعیران، بوونەتە ئیلهام بۆ چیرۆکنووسان و رۆماننووسان و دەرهێنەران و فیلمسازان، بوونە بە شاکاری وێنەکێشان، بە شرۆڤەی سیاسییەکان، نەک هەر لە کوردستاندا، بەڵکو لە هەموو جیهاندا.

پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستانمان، سیمبۆڵی قارەمانێتی و پاڵەوانێتین. . شایەنی ئەوەن کە وەکو رێزگرتن و پێزانینی قوربانیدانتان، لە هەر شار و شارۆچکەیەکی کوردستاندا، شەقامێک، قوتابخانەیەک، هۆڵێک، تەلارێک، باخچەیەک، گەڕەکێک، بازاڕێک، تیپێکی وەرزشی یا هونەری یا شانۆیی، بەڵکو شارێکمان، ناوی لێبنرێت (پێشـمەرگە). . پێشمەرگە کەمئەندامەکانمان شایەنی ئەوەن کە بیان خەینە گلێنەی چاوەکانمانەوە. . رۆژانەش سەری رێز و نوازش بۆ شەهیدەکانمان دانەوێنین و، کێلی گۆڕەکانیان ماچ بکەین.

پێشمەرگەی کوردستان ئەو هێزە کۆڵنەدەر و قارەمانە بێوێنەیەیە، کە چۆکی بە زەبەلاحترین و دڕندەترین سوپای رژێمی فاشستی و رەگەزپەرستی بەعسی دادا، سەری بە سەدام حوسێنی دیکتاتۆر و ستەمکاری گۆڕبەگۆڕ شۆڕکرد. . پێشمەرگەی کوردستان، ئەو شوورا پۆڵایینە سەختەیە، کە هەرەسیان بە ئەفسانەی داعشی تیرۆریست و دڕندە و بێڕەوشت و کۆنەپەرست هێنا و کردیانیانن بە پەندی زەمانە و، سنووری کوردستانیان کرد بە گۆڕستانیان. . گرەوشیان بە ناحەزانی کورد دۆڕاند، کە پێیان وابوو، خەنجەری ئازادی کوردی، ناتوانێت شمشێری رەگەزپەرستی و کۆنەپەرستی تێکبشکێنێت.
لە ئەمڕۆدا داستانەکانی پێشمەرگەی کوردستان بوونەتە مایەی سەرسامی، بوونەتە بابەتێکی ستراتیژی سەربازی و، لە ئاکادیمییە سەربازییەکانی جیهاندا، تۆژینەوە و لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێن.

پێشمەرگە ئەوینداری چاوی کەژاڵ و گەردنی پڕ لە خاڵ نین، بەڵکو ئەویندار و دێوانە و شەیدای سەرسەختی خۆشەویستی کورد و کوردستانن، ئەوینداری رزگاری و ئازادی و سەرفرازی و یەکسانی و ئاشتی و پێکەوە ژیانن.

ئەی پێشمەرگە گیان لەسەردەستەکانی کوردستان ئەی پارێزەرانی کوردستانی نیشتمانی شیرین و پیرۆزمان. . ئێوە مایەی شکۆ و سەربەرزی و شانازیمانن.
لە سایەی خۆڕاگری و بەرگری و بەرخودانی و ئێشگرتنی ئێوەدایە، کە ئێمە دەتوانین بە خۆشی و شادی، بە ئاسوودەی و دڵنیایی بژین. . هەر لە سایەی ئێوەدایە کە ئاڵای پیرۆزی کوردستانمان دەشکەکێتەوە و قەت نانەوێ. . ئێوە بە خوێنی گەش و ئاڵتان تاجی ژیانتان نەخشان. . داری ئازادیتان ئاودا.

ئەی هەڤاڵانی بەجەرگی پێشمەرگەی دڵسۆزی کورد و کوردستان، ئەی هەڵۆ بەرزفڕەکان، پڵنگە هەڵمەتبەرکانی کوێستان و پێدەشتەکانی گەرمیانی کوردستان، ئەی هەڵگرانی پەیامی رزگاری و ئازادی و ئاشتی. . قارەمانیتان بێوێنەیە. . چی بەها و خەسڵەتێکی جوان و بەرز و پیرۆزیش هەیە لە ئێودا بەرجەستەبوونە. . لە دەوری دەست و تفەنگتان گەڕێین، قوربانی سەر و قەد و باڵاتان بین. . ئێمە هەردەم قەرزاری دڵسۆزی و ماندووبوون و گیانبەخشینی بێسنووری ئێوەین. . نەک تەنها لە رۆژی پێشمەرگەدا، بەڵکو هەموو ساتێک و هەموو کاتێک هەموو رۆژێک، ئێوە لە بەرچاومانن، لە ناخی دڵماندان.
دڵنیاین کە لە سایەی خەبات و بەرخودانی ئێوەی گیانبەخشدا، ئایندەیەکی گەشتر و ژیانێکی خۆشتر و شیاوتر بۆ کوردیلە چاوگەشەکانی ئەمڕۆمان، کە هیوا و نەوەی داهاتووی کوردستانن، زامن و دابین دەکەن.

ئەی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان، ئێوە هەمیشە سەربەرز و باڵابەرزن، سەر و باڵاتان، هاوباڵا و هاوربەرزی چیاکانی قەندیل و سەفین و ئاگری داغ و پیرەمەگروون و خاڵخاڵان و هەورامان و شاهۆ و زمناکۆن. . لە کوردستاندا
هەر چیایەک، هەر دارێک، هەر دۆڵ و تەلان و دەشتێک، هەر ئەشکەوتێک، هەر دێیەک و گەڕەکێک و شەقامێک، بە دەیان چیرۆک و داستانی قارەمانێتی و نەبەردی ئێوەی کوردستان پەروەریان لە خۆگرتوون.

کوێربن ئەو چاوانەی کە بە سەرکەوتنەکانی ئێوەدا هەڵنایەن. . دەک لاڵبن ئەو زمانانەی بە ناشیرینی ناوتان دەبەن. . کەڕبن ئەو گوێیانەی گوێتان لێناگرن.

ئەی پێشمەرگەی کوردستان، چەند ستایشتان بکەین، چەند پێتاندا هەڵبدەین، چەند لە مەڕ دڵسۆزی و قارەمانێتی و جوامیریتان بنووسین. . دڵۆپێکن لە دەریای قارەمانێتی و بەخشینتان. . شکنابەین کە لە فەرهەنگەکانی زماندا، وشەیەک یا زاراوەیەک هەبن، کە هاوتای وشەی پیرۆزی(پشـمەرگە) بن.

بە داخەوە کە لە ئەمڕۆدا، پرۆفایلی پێشمەرگە تێکەڵ بە حیزبی کراوە، هەر حیزبێک و هەر باڵێکی حیزبی هێزی تایبەتی خۆیان هەیە. . دەبوایە بەر لە هەموو شتێک هێزی پێشمەرگەی کوردستان یەکبخرایە و بە فەرمی بکرایە بە هێزێکی دامەزراوەیی نیشتمانی و، بکرایە بە ناوکی (سوپـای کوردسـتان)  هاوبەستەبوونیان بۆ کوردستان هەبێت نەک بۆ حیزبەکانیان. . زۆر جار لە راگەیاندن و میدیاکاندا گوێم لێبووە، دەڵێن (پێشمەرگەکانی حیزبی. . . ) خۆزگە تەنها بە (پێشمەرگەکـانی کوردسـتان) ناویان دەبردن. . لە چەند نووسینێکی پێشترمدا، را و بۆچوونەکانی خۆم لەسەر ئەم بابەتە باس کردووە.

رۆژی ئاڵای کوردستان:

ئاڵا سونبۆڵی پیرۆزی و شکۆداری و سەروەریی نەتەوە و نیشتمانە، هەر وڵات و هەر هەرێمێک ئاڵای تایبەتی خۆیان هەیە، رێزی لێدەگرن و شانازی پێوە دەکەن، هەر وڵات و هەر هەرمێک بە ئاڵاکەیدا دەناسرێتەوە.

ئاڵای پیرۆزی کوردستانمان، رەنگە گەش و جوانەکانی، گوزارشتن لە خەبات و خوێنبەخشین و لە سروشتی جوانی کوردستان و لە سەروەریی مێژوومان.

رۆژی شەممە (١٧/١٢/ ٢٠١٦) یادی حەفتاو یەکەمینی ساڵڕۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستانە، کە بۆ یەکەمین جار، لە شاری مەهاباد دا بەرزکرایەوە. . ئاڵای کوردستان، ئاڵای هیچ پارتێک نییە، بەڵکو ئاڵای هەموو کوردستانە. . ئەو ئاڵایەیە کە پێشەوای مەزن، قازی محەمەدی نەمر، سەرۆکی هەڵبژێراوی کۆماری کوردستان، سوێندی بە خوا و بە پیرۆزی ئاڵای کوردستان خوارد.

خۆشەویستیمان و رێزگرتنمان و بەرزڕاگرتنی پیرۆزی ئاڵای کوردستانمان، گوزارشتە لە دڵسۆزی و هاوبەستەبوونمان بۆ کوردستانی نیشتمانمان. . ئاڵای کوردستان سیمبۆڵی شکۆ و سەروەریی نەتەوەییمانە.

پێویستە هەر لە منداڵییەوە، خۆشەویستی و رێزی ئاڵای کوردستان، لە دڵ و هۆشی کوردیلەکانمان بڕوێنین. . کولتوور و نەریتێکی پەروەردەیی جوانە و بووە بە باوێکی دەقگرتوو، کە رۆژانی پێنج شەممان، لە هەموو قوتابخانە بنەڕەتییەکانی باشووری کوردستاندا، رێورەسمی (سڵاوی ئاڵا) سازدەکرێ. کە لە کاتی ریزبوونی قوتابییەکان و مامۆستاکانیان لە گۆڕەپانی قوتابخانەکەیاندا، سێ قوتابی پاک و جلوبەرگ رێک، بە زۆریش سێ قوتابی دیدەوان، بە جلی دیدەوانییەوە بەرەو ستوونی ئاڵا دەچن و ئەو قوتابییەی کە لە ناوەڕاستەوەیە دوو هەنگاو بەرەو ستوونی ئاڵا دەنێ و ئینجا لەسەرخۆی، ئاڵاکە تا لووتکەی ستوونەکە بەرزدەکاتەوە، هەموو قوتابییەکان پەنجەکانی دەستی راستیان دەخەنە لای گویی راستیانەوە و، زۆر بە رێزەوە دەوەستن و، قوتابییەکان و مامۆستاکان پێکەوە سروودی نیشتمانیمان (ئەی رەقیب) دەڵێنەوە. . دواتریش لە لایەن چەند قوتابییەکەوە، هۆنراوەی نیشتمانی پێشکەش دەکرێن. . لە دوا وانەی خوێندنیشدا، بە هەمان رێزەوە ئاڵای کوردستان دەهێنریتە خوارەوە و هەڵدەگیرێت بۆ پێنج شەممەی داهاتوو. . بێگومان ئەم رێۆرەسمەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستانمان کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر منداڵانی گەلەکەمان دەبێت، خۆشەویستی و رێزگرتن لە ئاڵای کوردستانمان، دەبێتە بەشێکی دەقگرتوو لە کولتووری گەلەکەمان و، هاوبەستەبوونیشمان بۆ کوردستان شیرینتر دەبێت.

لە وڵاتانی جیهاندا شێوەی گوزارشتی جیاواز هەیە لە رێزگرتن و لە سڵاوی ئاڵادا. . بۆ نموونە: لە ئەمریکا و ئیڕلەندەدا، لە کاتی سڵاوی ئاڵادا، دەستی راستیان دەخەنە سەر دڵیان، ئەوانەشی کە شەبقەیان لە سەردابێت یەکسەر شەبقەکانیان دادگرن. . بەم شێوەیە گوزارشت لە رێز و لە خۆشەویستییان
بۆ ئاڵاکەیان دەردەبڕن. . خۆزگە لە کوردستانی ئێمەشدا، دەبوو بە باو لە کاتی سڵاوی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستانمان، دەستی راستمان لەسەر دڵمان دادەنا، کە گوزارشتە لەوەی کە رێز و خۆشەویستی ئاڵا لە دڵماندایە.

با لە رۆژی ئاڵای کوردستاندا، لە سەربانی خانووەکانماندا ئاڵای کوردستان بەرزبکەینەوە. . با لەم رۆژە پیرۆزەدا هەموومان جلی کوردی لەبەربکەین و، ئاڵایەکی بەرەیەخی کوردستان، لە یەخەی چەپمان لە سەرووی دڵمانەوە هەڵبواسین. . با لەم رۆژەدا بەگەرمی و گەشی پیرۆزبایی لە یەکتری بکەین. . با لە کاتژمێری هەشتی بەیانی ئەم ڕۆژەدا، زەنگی رێزگرتنی ئاڵا لێبدرێت و، لە هەموو شەقامەکانی شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا، بۆ ماوەی پێنج خولەک خەڵکی و ئۆتۆمبیلەکان لە شەقامەکاندا، بە رێزەوە لە شوێنی خۆیاندا بوەستن و هەر کەسێکیش دەستی راستی بخاتە سەر دڵی. . رێزگرتنمان بۆ ئاڵای کوردستانمان دەربڕین. . با لەم رۆژەدا لە سەرجەم قوتابخانەکاندا چالاکی تایبەتی شیاو ئەنجام بدرێت و منداڵانی شەهیدانی کوردستان رێزیان لێبگرن و خەڵاتیان بکەن. . با بازاڕ و بەردەم کۆگاکان بە ئاڵای کوردستان بڕازێنرێنەوە . . با تەکسییەکانی شارەکان ئاڵایەکی بچووکی کوردستان بە تەکسییەکانیانەوە ببەستن. . با ماراسۆنی راکردن و گەیشتن بە ئاڵای کوردستان، لە شارەکاندا سازبکرێت. . رۆژی ئاڵای کوردستان زۆر لەم چالاکییانە زیاتر هەڵدەگرێت.

دیسان بە داخەوە ئەوندەی لە بۆنە نیشتمانییەکانمان و لە خۆپیشاندانەکانمان ئاڵای پارتە سیاسییەکان لە کوردستاندا بەرزدەکرێنەوە. . چارەگی ئەوە ئاڵای کوردستانمان بەرزناکرێتەوە. . هیوادارین لەمەوە دوا، بەپێچەوانەوە بێت زیاتر ئاڵای کوردستان و کەمتر ئاڵای پارتە سیاسییەکانمان ببینین.  

پیرۆزبێت رۆژی پێشمەرگەی کوردستانی نیشتمانی جوان و شیرینمان
پیرۆزبێت رۆژی ئاڵای پیرۆزی کوردستانمان. . هەردەم شەکاوبێت ئاڵاکەمان
نەمری و سەروەری بۆ سەرجەم شەهیدانی کـورد و کوردســتان

رەزا شوان
نەرویـج: ١٥ی/ دێسەمبەر/٢٠١٦