راستگۆیی بریتییە لە وتنی قسەی راست و رەوا، پێویستە هەموو مرۆڤێک راستگۆبێت لە قسەکانی و لە کردارەکانی و لە بیروباوەڕی و لە نیازپاکی و لە دڵپاکی و لە بەڵێنەکانی و لە دڵسۆزی و لە خۆشەویستی و لە هاوبەستەبوونی بۆ گەل و نیشتمانەکەی. . بە کرداریش ئەم راستییانە بسەلمێنێت.
راستگۆیی یەکێکە لە پێویستییەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، گەورەترین دەرگای شادیی تاک و نەتەوەیە.
راستگۆیی باشترین و جوانترین وشە و خەسڵەتە کە ستایشی مرۆڤی پێبکرێت و بناسرێت. . رێز و پێگە و پایەی مرۆڤ لە نێو کەسوکار و هاوڕێکانی و کۆمەڵدا بەرزتر دەکاتەوە. . چونکە راستگۆیی جوانترین خەسڵەت و بەهای مرۆڤە، بەهێزترین کۆڵەکەی رەوشت بەرزییە، مرۆڤی راستگۆ و راستکردار هەمیشە رووسپی و خۆشەویست و سەربەرز و رێزدارە و، جێی بڕوا و متمانەیە.
راستگۆیی زمانی رەوایە، فاکتەرێکی گرنگی بڕوابەخۆبوون و، دەروون و ویژدان ئاسوودەیی و، ئازایی و بێباکییە لە رووبەڕووبوونەوەدا . . کورد دەڵێ: راستبە و بە لای شێردا بڕۆ.
هەموو ئایینە ئاسمانییەکانیش جەخت لەسەر گرنگی راستگۆیی و لەسەر ئاکامەکانی درۆ دەکەنەوە.
راستی ( راستگۆیی ) بە لووت بۆن ناکرێت، بەڵکو بە دڵ هەستی پێدەکرێت و لە کرداردا دەبینرێت.

بە پێچەوانەی راستییەوە، درۆ یەکێکە لە خەسڵەتە هەرە ناشیرینەکانی مرۆڤ. . درۆ نەخۆشیەکی زۆر ترسناکە، لەوانەیە هەر لە منداڵییەوە تووشی مرۆڤ بێت و تا کۆتایی تەمەنی لەگەڵیدا بێت و لێی نەبێتەوە. . وەکو کورد دەڵێ: خوویەکی گرت بە شیری. . تەرکی ناکات بە پیری.

درۆ پێچەوانەی قسە و کردارە راستییەکانی مرۆڤە. . چەواشە و پەردەپۆشی راستییەکان دەکات.
درۆزن کەسێکی خۆدۆڕاوە، خەڵی خۆشیان ناوێت و بە چاوێکی سووکەوە لێی دەڕوانن و هیچ بڕوا و متمانەیەکیشیان بە قسەکانی نییە. . درۆزن تەنها زیان بە خۆی ناگەیەنێت بەڵکو زیان بە خەلکی تریش دەگەیەنێت. . جاری وەها هەبووە کە بە هۆی درۆیەکی هەڵبەستراوەوە، کارەساتێکی جەرگبڕ روویداوە و پیاوی تیا کوژراوە. . بۆیە نەفرەت لە درۆ و لە درۆزن کراوە.
( فریدریک نیتشە ) دەڵێ: ئەوەی کە بێزارم دەکا ئەوە نییە کە درۆت لەگەڵمادا کرد، بەڵکو ئەوە بێزارم دەکات کە ناتوانم لەمەوەدوا بڕوات پێبکەم.
کوردیش دەڵێ: درۆزن ئاگر لە ماڵکەی بەربوو، بەڵام کەس بە هانا و هاوارییەوە نەچوو.
چونکە رەنگە هەر جارێک بڕوا بە درۆزن بکرێت، دواتر کەس بڕوا بە قسەکانی ناکات.
کەواتە مردن لەگەڵ راستیدا. . باشترە لە ژیان لەگەڵ درۆدا.

دێینە سەر سەرناوی باسەکەمان ( پێویستە راستگۆبن لەگەڵ منداڵەکانتان ). . منداڵان مرۆڤێ بچووکن و لە نێو کۆمەڵگایەکی تازەدا چاوهەڵدێنن، نازانن کە ئەم کۆمەڵگایە چۆن رەفتاریان لەگەڵدا دەکەن، بەشێکی هەرەزۆری ئەو شتانەی کە بە باش و خراپیانەوە کە منداڵان فێریان دەبن، لە دایکان و باوکان و لە ئەندامانی خێزانەکانیان یا لە مامۆستاکانیانەوە وەریان دەگرن. . بێگومان دەوروبەریش بە ئەرێنی و بە نەرێنییەوە، کەم یا زۆر کاریگەریی لەسەر گوزارشت و لەسەر کردارەکانی ئەمڕۆ و داهاتووی منداڵان هەیە و دەبێت.

لەبەر رۆشنایی ئەو گرنگییانەی سەرەوە، کە لە سایەی راستگۆیی وراستکرداری لەگەڵ منداڵاندا دێنەدی. . پێویستە هەر لە منداڵییەوە، منداڵان بە راستگۆیی و براشکاوی و بە راستکرداری گۆش و پەروەردەیان بکەن و رایان بهێنن. . بۆ ئەوەی دەق بە راستگۆییەوە بگرن و ببێت بە بەهایەکی پیرۆزیان و بە بەشێک لە ژیانیان، بڕوا متمانەیەکی زیاتریشیان بە خۆیان هەبێت و دەروون و ویژدان ئاسوودەبن و بە ئەوپەڕی ئازایی و ئازادیی و راستیشەوە رووبەڕووی تەگەرەکانی ژیانیان ببنەوە. . تا لە دڕۆ و لە دۆزنانیش دووربکەونەوە. . بە پێچەوانی منداڵی راستگۆوە، منداڵی درۆزن ترسنۆک دەبێت و بڕوا و متمانەی بەخۆی نییە و، دەروون و ویژدان ئاسوودە نییە.
زانایانی پەروەردە و دەروونناسی منداڵان، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە ئەو ئەرێنییانەی لە سایەی راستگۆییدا دێنەدی، هەرگیز بە سزادان و بە لۆمەکردن و توڕەیی و توندوتیژی نایەنەدی.
راستی رەمەکییە و لەگەڵ لەدایکبوونی مرۆڤدایە، بەڵام درۆ خەسڵەتێکی فێربوون و وەرگرتنە. . جاری وەهاش هەیە، منداڵ کە کارێکی هەڵە دەکات، لە ترسی سزادان و لۆمەکردن، بۆ پاکانەکردن و نکووڵیکردن، پەنا بۆدرۆ دەبات و راستی دەشارێتەوە.

هەر لە منداڵییەوە، منداڵەکانتان لەسەر راستگۆیی و راستکرداری پەروەردە بکەن و رایان بهێین. . لە منداڵییەوە لە درۆ دووریان بخەنەوە، ئەگەر درۆشیان کرد بە ( درۆزن ) ناویان مەبەن بەڵکە و بە ( هەڵە ) ناویان بەرن. . هۆکاری هەڵەکانیان بزانن و، هەر بە منداڵی چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزنەوە، گەر پێویستیش بوو، پرس و رای شارەزایانی دەروونناسی منداڵان وەربگرن بۆ ئەوەی درۆ نەبێت بە نەخۆشی و خووی منداڵەکانتان. . بێگومان ( خۆپاراستن باشترە لە چارەسەرکردن)

چۆن راستگۆیی فێری منداڵەکانتان دەکەن. . ؟
١ـ پێویستە ئێوەی دایکان و باوکان، بە راستی و دروستی رەفتار لەگەڵ منداڵەکانتان بکەن. . ئێوە ببن بە پێشەنگ و بە سەرمەشق بۆ منداڵەکانتان. . گەر ئێوە راستگۆ و راستکردار و بەڵێن راستبن بێگومان منداڵەکانیشتان وا دەردەچن. . کورد دەڵێ: گەورە ئاو دەڕێژێت. . منداڵیش پێی تێدەنێت.
بەداخەوە ـ لە گەڵ رێزم بۆ دایکان وباوکان ـ هەندێ لە دایکان و باوکان، خۆیان منداڵەکانیان فێری درۆدەکەن، بۆ نموونە کە یەکێ لە دەرگایان دەدات، رەنگە خۆیان مەزەندەی ئەوە بکەن کە کێیە و بۆ چ مەبەستێک هاتووبێت، بە منداڵەکەیان دەڵێن: تۆ بڕۆ دەرگاکە بکەرەوە و هەر کەسێ بێت بڵێ: باوک و دایکم لە ماڵ نین ـ لە کاتێکدا کە لە ماڵیشدان ـ . . لێرەدا منداڵ دایک و باوکی بە درۆزن دەزانێت، لەوانەیە ئەمیش فێری درۆبێت و، بۆ رایکردنی کار و مەبەستێکی خۆی درۆبکات.

٢ـ پێویستە بە راستی و بە دروستی، بە پێی تەمەن و هۆشیان، وەڵامی هەموو پرسیارەکانی منداڵەکانتان بدەنەوە. . دیارە کە منداڵ زۆر دەپرسێت، جاری واش هەیە کە پرسیاری سەیریش دەپرسێت. . چونکە زۆر شت هەیە کە منداڵ نایزانێت و دەیەوێت بیزانێت. . بە هیچ شێوەیەک بە
درۆ مەیانخەڵەتێنن، یا وەڵامی ناتەوایان مەدەنەوە، بۆ ئەوەی لە کۆڵی خۆتانیان بکەنەوە. . بیر لە وەڵامێکی راست و گونجاو بکەنەوە، کە لەگەڵ تەمەن و هۆش و توانی تێگەیشتنیان لەباربێت.

٣ـ وریای ئەوەبن کە منداڵەکانتان چی دەڵێن و، چۆن لەگەڵ درۆکانیاندا مامەڵەی گونجاو دەکەن. .
بە درۆزنن ناویان مەبەن، ، بەڵکو پێان بڵێن ئێوە هەڵەن و، پێویستە هەڵەکانتان راست بکەنەوە.

٤ـ بەڵێنی ئەوتۆ بە منداڵەکانتان مەدەن کە لە تواناتاندا نییە بیانهێننە دی. . بۆ نموونە بڵێن بەیانی دەتانبەین بۆ (چاڤی لاند) یا (پارکی منارە) یا هەر بەڵێنێکی لەم شێوەیە. . گەر بەڵێنەکەتان جێبەجێ نەکەن، منداڵەکانتان بە درۆزنتان دەزانن و، چیتر بڕوا و متمانەیان بە بەڵێنەکانتان نامێنێت.

هاوڕێیەکم لە گەڵ هاوڕێیەکی (نەرویجی) یدا یەکماڵن و هاتوچۆی ماڵی یەکتری دەکەن، هاوڕێکەی خوشکێکی منداڵی بچکۆڵەی رووخۆش و ئێسک سووکی هەیە، گاڵتە و قسەی خۆش لەگەڵ ئەم منداڵەدا دەکا، جارێکیان بەڵێنی بەو منداڵە دا، کە هەفتەی داهاتوو، دیارییەکی جوانی بۆ دێنێت، هاوڕێکەم وتی: ئەو بەڵێنەم دا و لە بیرم کرد، کە هەفتەی داهاتوو چووم بۆ ماڵیان، هەر لە دەرگاوە دایکی هاوڕێکەم پێی وتم، دیارییەکەت بۆ کچەکەمان هێناوە؟ وتم لە بیرم چووە، پێی وتم بگەڕی دواوە و بڕۆ بیکڕە و بیهێنە، با کچەکەم بە درۆزنت نەزانێت، حەزناکەم بەڵێنی درۆ بدەیت.

٥ـ کە منداڵەکانتان بە راستگۆیی و بە راشکاوی دەدوێن، پێویستە ستاییش و ئافەرینیان بکەن، ئەم ستایشکردنە دەبێتە فاکتەرێکی هاندان و، زیاتر گرنگی بەو لایەنانە دەدەن کە ئێوە پێتان خۆشە، فێری ئەوەش دەبن کە بە ئازادییەوە دان بە هەڵەکانیاندا بنێن و درۆتان لەگەڵدا نەکەن.

( جۆرج واشنتەن ) کە ـ یەکەمین سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو ـ کاتێ کە منداڵ بوو، دارێکی شیلان لە باخچەکەیاندا دەبێت. . بە تەورێک لە ناوقەدەوە دارەکە دەشکێنێت. . کێشەی لەوەدا نەبوو کە دارەکەی شکاند، بەڵکو ئەوەبوو کە باوکی زیاتر حەزی لەو دارە بوو. . جۆرج دوچاری ئەم کێشەیە بوو، کە باوکی بەمە بزانێت زۆر تووڕە دەبێت.
لەوانەیە بە رەمەکیی یەکەم، لە دۆخێکی وادا، منداڵ درۆ بکات و پاکانە بکات و نکووڵی لێبکات. بەڵام ئەم منداڵە سەرۆکە ـ جۆرج ـ بەرپرسێتی کارەکەی هەڵگرت و بە راشکاوی لە بەردەم باوکیدا دانی پێدانا و وتی: ناتوانم بە درۆ بڵێم من نەبووم.

٦ـ ئەگەر منداڵێکتان چەند جارێک درۆکانی دووبارە بکاتەوە، پێویستە سزای بدەن. . بۆ نموونە بۆ ماوەیەکی دیاری کراو قسەی لەگەڵدا مەکەن، دوای ئەو ماوەیە، هۆی قسەنەکردنتان لەگەڵیدا بهێننەوە یادی، جەخت لەسەر راستی بکەنەوە و، ئەوەشی پێ بڵێن: ئێمە لە قسەی درۆ تووڕە و دڵگران دەبین. . دەتوانن چیرۆکی ( شوانێكی درۆزن )ی بۆ بگێڕنەوە، کە وەکو فیلمێکی کارتۆنیش تۆمارکراوە، دەتوانن پیشانی بدەن، تا پەند لەو شوانە درۆزنە وەربگرێت. . کە جاری یەکەم بە درۆ هاواری کرد گورگ پەلاماری مەڕەکانی داوم، کە خەڵکی بەهانایەوە چوون، پێیان پێکەنی. . بەڵام لە جاری دووەمدا، کە بە راستی گورگ پەلاماری مەڕەکانی دان و هاواری کرد خەڵکینە فریام بکەون، گورگ پەلاماری مەرەکانی داوم، بەڵام کەس بڕوای پێنەکرد وایانزانی وەکو جاری پێشوو درۆ دەکا.

٧ـ ئەو چیرۆکانی کە دەربارەی راستین و بۆ منداڵان نووسراون، بۆ منداڵەکانتانی بخوێننەوە یان بە جوانی بۆیان بگێیڕنەوە. . شارەزایانی بواری پەروەردەی منداڵان دەڵێن: ئەو چیرۆکانەی کە جەخت لەسەر لایەنی ئەرێنی دەکەنەوە و، خەسڵەتە جوان و باشەکانی وەکو راستگۆییان لەخۆگرتوون، رەنگدانەوە و کاریگەرییەکی ئەرێنییان لەسەر منداڵان هەیە. . توێژێنەران ئەو راستییەشیان بۆ دەرکەوتووە، کە لە دوای بیستنی ئەو چیرۆکانەی کە بەها و بایەخی راستییان لەخۆگرتوون، تێکڕای درۆ لە لای منداڵانی گوێگرتووی ئەو چیرۆکانە زۆر دابەزیوە.

٨ـ رێ لە ئازادیی منداڵەکانتان مەگرن، با بە راستگۆیی و بە راشکاوی گوزارشت لە راو بۆچوونی خۆیان بکەن بکەن و، بەبێ ترس ئەوەی لە ناخی دڵ و هۆش و خەیاڵیاندایە دەریان بڕن.

٩ـ هەموو منداڵێک فۆبیای دەرزی لێدانی هەیە. . ئێمەش کە منداڵبووین لە دەرزی لێدان دەترساین، کە منداڵێک لەو پزیشکە بپرسێت کە دەیەوێت دەرزیی لێبدات. . دێشێت یا نایەشێت؟ پێویستە پێی بڵێت: بەڵێ دێشێت. بەڵام ئەگەر پێی بڵێت نا نایەشێت. . کە دەرزییەکەی لێدا و ئێشی هات. . منداڵەکە بە پزیشکە دەڵێت: تۆ بۆ درۆت لە گەڵمدا کرد و وتت نایەشێت. . ئەی ئەوە نییە دێشێت.

١٠ـ هەندێ درۆ ناویان لێناوە ( درۆی سپی ) رەنگە بۆ هەندێ کات و دۆخ لەباربێت. . بۆ نموونە کە شرووبێکی تاڵ و ناخۆش دەدەن بە منداڵەکەتان، بۆ ئەوەی کۆکەکەی چاکبێتەوە. . منداڵەکەتان دەگری و نایخواتەوە. . دەتوانن بڵێن پزیشکەمان وتی: منداڵێک دەکۆکی لەم شرووبەی خواردەوە کۆکەی چاکبۆوە. . دەی ئافەرین تۆش ئازای دەتوانیت بیخۆیتەوە و وەکو ئەو منداڵە چاکبیتەوە. . منداڵەکەشتان کە کۆکەکەی بێزاری کردووە و حەز بە چاکبوونەوە دەکات. . رەنگە بڕوا بەو درۆ سپییەی دایکی بکات و، بە ناچاری و نابەدڵیش بێت، شرووبە تاڵ و ناخۆشەکە بخواتەوە.

رەزا شوان
نەرویـج: ٢٠١٦