ئازادی تەنها وتنی وشەیەکی سەرزارەکی و راگوزاری نییە، ئازادی ئەو هەوا پاک و بێگەردەیە کە هەڵیدەمژین. . ئازادی ئەو هەست و نەستە جوان و پیرۆزەیە، کە هەمیشە لە هۆش و لە ناخی دڵ و دەروونماندایە. . ئازادی بناغەی ژیانە و، مافێکی بنەڕەتی و سەرەکییە لە مافەکانی هەموو کەسێک، لەگەڵیدا لەدایک دەبێ و لەگەڵیدا دەژی. . ئازادی شیرینترین و پێویسترین شتە لە ژیاندا. . ژیان بەبێ ئازادی زیندانێکی تاریک و تەنگە و، هیچ واتایەکی نییە. . چونکە ژیان و ئازادی یەکن، دوو گیانن لە یەک جەستەدا. . ژیان بەبێ ئازادی لەشێکە بەبێ گیان.
(جان جاک رۆسۆ) دەڵێ: "وازهێنان لە ئازادی. . وازهێنانە لە ژیان. . " ئازادی مافێکی سروشتی مرۆڤە. . کەس بۆی نییە ئازادی لە کەسێکی تر زەوت بکات. . ئەگەر بە دروستی ئەم مافەی خۆی بەکاربهێنێت و، دژی ئازادی و مافەکانی هیچ کەسێکی تر نەبێت.
(میخایل نەعیمە) دەڵێ: "ئـازادی بەنرخترین شتە. . بۆیە نرخی گـرانە" (نووسەرێکی رۆژئاوایی) ش دەڵێ: "گەر تۆ هەموو شتەکانت لەدەست بدەیت، تەنها ئازادی نەبێت، تۆ هێشتا دەوڵەمەندیت" (ئەبراهام لینکۆڵن) یش دەڵێ: "کەس حەزی بە پێوەن نییە، گەر لە زێڕیش بێت"

ئازادی چەکێکی دوو دەمە، ئازادی پێویستییەکی بەسوودە، ئەگەر بێت بە راستی و بە دروستی بەکاری بهێنن. . بەڵام ئەگەر بە هەڵە لە چەمکی ئازادی تێبگەین و، بە خراپی بەکاری بهێنین. .
زیان بە خۆمان و بە کاسانی دەوروبەرمان دەگەیەنین. . بۆ نموونە: تۆ ئازادی کە لە ماڵەکەی خۆتاندا تەلەفزیۆنەکەتان هەڵبکەیت دەنگی بدەیتێ و گوێی لێبگری. . بەڵام ئازاد نیت، کە دەنگی تەلەفزیۆنەکەت زیاد لە پێویست بەرزبکەیت و هاوسێکانت بێزاربکەیت و پێشێلی ئازادییان بکەیت.
بێگومان لە هیچ شوێنێکی جیهاندا، ئازادییەکی رەها نییە. . لە هەموو وڵاتێکدا ئازادی سنووردار و
کۆنترۆڵکراوە، بە پێی دەستوور و یاسا و رێساکانی ئەو وڵاتە و، بە پێی پرانسیپەکانی ئازادی. . چونکە ئازادی بەرەڵایی و ئاژاوەگێڕی و بێسەرەوبەرەیی و پێشێلکردن نییە. . ئازادی بەرپرسێتییە. . بەبێ بەرپرسێتیش ئازادی بوونی نییە. . تۆ تا ئەو کاتە ئازادی کە پێشێلی ئازادی و مافەکانی کەسانی تر نەکەیت. . کەواتە مرۆڤی ئازاد ئەو کەسەیە کە رێز لە ئازادی خۆی و کەسانی تریش دەگرێت. . ئازاد ئەو کەسەیە کە رێز لە پرانسیپەکانی مرۆڤایەتی و، لە داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و، لە رەوشتە جوانەکان و، لە بەها بەرز و پیرۆزەکان دەگرێت.
ئازادی هۆکارێکی گرنگ و رێگایەکە، بۆ بەستنی پەیوەندی و تێکەڵ بوون لەگەڵ کەسانی تردا.
دێینە سەر کرۆکی باسەکەمان کە گرنگییەکان و کارتێکردن و کاردانەوەی ئازادییە لە پەروەردەکردن و، لە بنیاتنانی کەسێتی و لە رەفتارەکانی مندڵان دا.

شارەزایانی بواری پەروەردە و دەرووناسی و گەشەکردنی منداڵان جەخت لەسەر پێویستی و گرنگی ئازادی دەربڕینی منداڵان دەکەنەوە. . چونکە ئازادی پێویستییەکی زۆر گرنگە و، رۆڵێکی ئەرێنی و کاریگەری هەیە لە گەشەکردنی هۆش و زەین و زیرەکی و توانا و داهێنان و بەهرەکانی منداڵان.

پێویستە منداڵەکانتان سەرکوت و پەراوێز نەکەن و، بەری ئازادییان لێمەگرن، با بە ئەوپەڕی ئازادی و راشکاوییەوە گوزارشت لە ناخی خۆیان بکەن و. . ئەوەی لە دڵیاندایە دەریبڕن. . با بە کامی دڵیان یاری بکەن و راکەنن و پێکەنن، با ئازادبن لە هەڵبژاردن دا، بە ئارەزووی دڵی خۆیان رەنگەکانی جلوبەرگەکانیان هەڵبژێرن. . با لە گفوگۆ و بڕیارەکانی خێزانیتان بە تایبەتیش لەوانەی کە پەیوەندییان بە خودی منداڵان هەیە، را و بۆچوون و پێشنیارەکانیان فەرامۆش مەکەن، بەڵکو هانیان بدەن کە را و هەڵوێستیان هەبێت. . هەموو شتێکیشیان لێمەکەن بە بڤەیە، با خۆیان شتەکان تاقیبکەنەوە. . تێکیان بدەن و، پێکوەیان بنێنەوە، گەر هەڵەشیان کرد، لۆمە و سەرکوێریان مەکەن، تا هەڵە نەکەن راستیش فێرنابن، لە هەڵەکانیان و لە سەرنەکەوتنەکانیان وانە و پەند وەردەگرن. . ئئێمە و ئێوەش، ئەگەر قۆناخەکانی منداڵیمان بە بیری خۆمان بهێنینەوە، رەنگە بە دەیان هەڵەی بێمەبەستمان کردووبێت بە دەیان شتمان شکاندووبێت و بە دەیانیش شتمان لێکهەڵوەشاندووبێتەوە.
منداڵ مرۆڤێکە و مافی ئازادی هەیە. . ئازادیش پێویستییەکی گرنگی پەروەردەی ئەم سەردەمەیە. . سەردەمی لێدان و چاوسوورکردنەوە و شەقزالە و گوێڕاکێشان و فەلاقەکردن و دەمگرتنی منداڵان بەسەرچوو. . بۆ ئەوەی منداڵان بە دەروون دروستی و تەندورستی پێبگەیەنین و بە شادی و خۆشی مەست و خەنیان بکەین، پێویستە بەپێی قۆناخەکانی تەمەنی منداڵییان ئازادییان هەبێت. . ئازادیشیان بە رێنمایی جوان و بە چاودێری شوورەبدرێت. . چونکە هێشتا پێویستییان بە ڕێنمایی و بە چاودێری و بە ئاراستەکردنی دروست هەیە. . هێشتا پێویستییان بە یارمەتیدانی خێزان و قوتابخانە هەیە.
راستر ئەوەیە کە منداڵەکانتان لە نێوان خۆشەویستی و کارڕاستیدابن، نەک کارڕاستی و توندوتیژی.
گرنگییەکانی ئازادی دەربڕین بۆ منداڵان:
١ـ منداڵی ئازاد، کەسێتییەکی سەربەست و ئاسایی و رەفتاردروست و بەهێزی لێدێتە کایەوە، دوور لە شەڕخوازی و توندوتیژی دەبێت، ژیر و ئازا دەبێت، گەشبین و رووخۆش و گوفت شیرین دەبێت، رێز لە خۆی و لە کەسانی تر دەگرێت، هەست بە خۆشی و شادی دەکات، هەست بە گرنگی بەهاکانی ژیان دەکات. . بە شێوەیەکی راستیش لە چەمکی ئازادی دەگات. . چاکخوازیش لە ناخیدا دەڕویت.

٢ـ ئازادی خەیاڵی منداڵ فراوانتر دەکات، گەشەش بە زیرەکی منداڵ دەکات، هۆکارێکی گرنگیشە بۆ پێشکەوتن و باڵابوونی لە خوێندن و بەدەستهێناندا. . بوراێکی زیاتریشی بۆ دەڕەخسێنێت بۆ حەزی دۆزینەوە و تاقیکردنەوە و داهێنان و گەشەکردنی ئارەزووەکانی و دەرخستنی تواناکانی.

٣ـ ئەو منداڵەی ئازادییەکی زیاتری هەبیت، بڕوایەکی زیاتری بە کەسێتی خۆی و بە تواناکانی دەبێت. . بڕوابەخۆبوونیش، هاندەر و پاڵنەرە بۆ کۆشش و خۆراهێنان و تاقیکردنەوە و داهێنان و بەرهەمهێنان. . بەمەش کۆمەڵگا خێراتر پێشدەکەوێت و، داهاتووشی گەشتر و خۆشتر دەبێت.

٤ـ لە بواری رەوشتیشدا، دەتوانین ئەوە بڵێین، کە منداڵی ئازاد لە قوتابخانەدا، لە سایەی توانا و بڕوابەخۆبوونی، بە شێوەیەکی راست و دروست رەفتار لەگەڵ هاوڕێکانی و مامۆستاکانی دەکات. . وەکو چۆن بەرژەوەندی خۆی دەوێت، ئاوهاش بەرژەوەندی هاوڕێکانی دەوێت. . رێز لە ئازادی هاوڕێکانی و لە مامۆستاکانی و، لە یاساکانی قوتابخانە دەگرێت.

٥ـ پرانسیپەکانی ئازادی زامنی ئەوەن، کە منداڵی ئازاد هەست بە بەرپرسێتی بکات، لەوەش دەگات کە ئازادی بەبی بەرپرسێتی بوونی نییە. . بەزاندنی سنووری ئازادیش. . دژی پرانسیپەکانی ئازادییە.

٦ـ ئازادی، ئازایی و بوێرییەکی زیاتر بە منداڵ دەبەخشێت. . هاندەرە و پاڵنەریشە، بۆ ئەنجامدانی کاری سەرکێشی. . بۆ پەند و وانە وەرگرتن لە هەڵەکانی و لە هۆکارەکانی سەرنەکەوتنەکانی. . ئەو هەستەشی پێدەبەخشێت، کە لە داهاتوودا زیاتر خۆڕاگربێت و بتوانێت بەرگەی گرفت و شکستییەکان بگرێت و کۆڵ نەدات. . زیاتریش درێژە بە کۆشش و هەوڵدان و پێشکەوتنەکانی بدات.

گرفتەکانی نەبوونی ئازادی دەربڕینی منداڵان:
گەر بێتو بەر لە ئازادی ماف دەربڕینی منداڵ بکەین و، لە سەربەستی بێبەشی بکەین و، دەمی پێدابخەین و، نەتوانێت گوزارشت بکات و رای خۆی دەربڕێت و رەخنە نەگرێت، وەکو ئامێرێکی لێدێت کە فەرمان و داواکان جێبەجێ دەکات و، دەبێتە پاشکۆی گەورەکان و لە ناو جغزێکدا خۆی بەدی دەکات. . بێگومان زەوتکردنی ئازادی لە منداڵ، دەبێتە هۆکاری سەرهەڵدا نی گەلی گرفتی جەستەیی و دەروونی لە منداڵدا، گەلێ کاردانەوەی نەرێنیشی لێدەکەوێتەوە. . بە کورتی باس لە چەند گرفتێکی نەبوونی ئازادی منداڵ دەکەین:

١ـ رێگرتن لە ئازادی منداڵ، ئاسەوارێکی نەرێنی زۆری لێدەکەوێتەوە، دووچاری کێشە دەروونی و رەوشتییەکانی دەکات، وەکو: خۆبەکەمزانین، دوژمنخوازی، دزی، گۆشەگیری، شڵەژان، خەمۆکی، دڵڕاوکێ، بڕوابەخۆنەبوون، بێ هیوایی، رقئەستووری. . . هتد. پێویستە پێش ئەوەی کە کەسێتی منداڵ تێکبچێت و بڕووخێت و، دووچاری چەندین نەخۆشی دەروونی بێت، چارەسەری گرفتەکانی بکرێن.

٢ـ زەوتکردنی ئازادی لە منداڵ و پەراوێزکردنی، وای لێدەکەن کە خۆی بە کەسێکی بێ دەسەڵات و بێتوانا بزانێت، واش هەست دەکات خۆشەویست نییە، و رێزی لێناگرن و بە هەندی نازانن. . ئەمەش هۆیەکە بۆ ئەوەی کە ئاستی بە دەستهێنانی لە خوێندندا لاوازبێت. . لە ژیانیشیدا سەرکەوتوو نەبێت.

٣ـ خەفەکردنی ئازادی منداڵ وای لێدەکات کە هەست بە جوانییەکان و بە خۆشییەکانی ژیان نەکات و، بە رەشبینییەوە لە ژیان بڕوانێت. . ئەمەش لە ئەنجامەی لۆمەکردنێکی زۆر و، سەرکوتکردن و سەرکوێرکردنی لە لایەن خێزانەکەیەوە، لەسەر ئەو هەڵە بێمەبەستانەی کە دەیکات. . بڕواشی بە تواناکانی خۆی نامێنێت و پشت بە کەسانی تر دەبەستێت و، غیرەتی بڕیاردانیشی لە ژیانیدا نابێت.

٤ـ پەروەردەی سەپێنراو، کە بوارێک بۆ ئازادی بۆ منداڵ ناهێلێتەوە، وا لە منداڵ دەکات کە ببێت بە ئامێرێکی گوێدێر و جێبەجێکەر، گفتوگۆ هیچ رۆڵێکی نییە، گوێش لە را و بۆچوونەکانی ناگرن.

٥ـ زەوتکردنی ئازادی و سەربەستی لە منداڵ و، پەروەردەکردنێکی نادروست و سەقەت لە لایەن خێزانی نابەڵەدەوە. . هۆکارێکە بۆ لاوازی هاوبەستەبوونی منداڵ بۆ خێزانەکەی، چونکە وا هەست دەکات کە خۆشیان ناوێت و رقیان لێیەتی. . هەر وەکو ئەوەی کە ئەندامێکی خێزانەکەی نەبێت و، کەسێکی نامۆبێت لە ناویاندا. . بواری ئەوەشی نادەنی کە بە ئازادی و بە راشکاوی گوزارشت لە را و لە هەڵوێست و لە بۆچوونەکانی بکات. . هەستکردنی منداڵیش بەم پشتگوێخستنە، گەلێ کێشە و رەفتاری خراپ و نەرێنی بە دوای خۆیدا دەهێنێت، وەکو: شەڕخـوازی، ملهـوڕی، گۆشەگـیری، یاخیبوون، گـرژ و مۆنی، رقایەتی، قسەهەڵبزکان، جوین دان، نەبەستنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و، لاوازی پەیوەندی هاوڕێتی، تێکەڵاونەبوون، شکستهێنان لە خوێندندا.
بێگومان خێزان ناوەندێکی گرنگی پەروەردەکردن و راهێنانی منداڵە. . بەڵام بە داخەوە تا ئەمڕۆش لە ناو هەندێ خێزانیدا، پەیوەندی نێوان دایک و باوک و منداڵ، پەیوەندیەکی میلیتارییە، پەیوەندی (سەرکـردە و سەربـازە) واتە پێویستە منداڵ تەنها گوێدێربێت و، فەرمانەکانی خێزانەکەی ( باوک و دایک)ی جێبەجێ بکات. . چاوەڕوانی چی لە منداڵێکی وا بکەین کە لە خێزانێکی وادا پەروەرببێت؟
لە کۆتاییدا، پێویستە ئاماژەش بەوە بکەین، کە تا ئەمڕۆش لە بەشێکی زۆری قوتابخانەکانمدا، پرۆگرامەکانی خوێندن و شێواز و ڕێبازەکانی وانە وتنەوەی ماوستاکانمان، کۆن و کلاسیکین و، گۆڕانکارییەکی ئەوتۆیان لێبەدی ناکەین. . تا ئەمڕۆش ماموستای وانەبێژ، تەوەری سەرەکی وانەیە و، زۆرترین کاتی وانەکە ئەو لەپۆلدا قسەدەکات. . بواری پێویست بە منداڵان نادەن، کە بە راشکاوی و بە ئازادی رای خۆیان دەربڕن. . ئەمەش بە پێچەوانەی پەروەردەی نوێ و، شێوازی و رێبازەکانی تازەی وانە وتنەوەیە. . کە منداڵان (قوتابیان) تەوەری سەرەکی وانەن لە پۆلدا، بە ئەوپەڕی ئازادی و راشکاوییەوە گفتوگۆ دەکەن و، دەپرسن و، رەخنەدەگرن و . . گوزارشت لە رای خۆیان دەکەن.

رەزا شوان
نەرویـج: ٢٠١٦