لە ئەمڕۆدا، زۆر دەربارەی ( نێرگزی ) دەبیستین، دەڵێن فڵان کوڕ یا فڵانە کچ نێرگزییە . . زیاتریش لە نەخۆشییەکانی تر، پزیشکانی دەروونی و دەروونناسان پێوەی سەرقاڵن . . بە دەیان لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی پراکتیکی و تاقیکردنەوەی زانیاری لە لایەن پسپۆران و شارەزایانی ئەم بوارەوە ئەنجام دراون . . جەخت لەسەر ئەم راستییە دەکەنەوە کە تووشبووان بە نێرگزی لە جیهاندا لە زیادبووندایە . . بە زۆریش لە نێو لاواندا، بە تایبەتیش لە نێو لاوانی وڵاتانی رۆژئاوادا . . شارەزەییان رێژەی تووشبووان بە نێرگزی لە (١ % ) دادەنێن . . ئەم رێژەیەش بە پێی وڵاتان و چۆنییەتی گۆشکردن و پەروەردەکردن و پێگەیاندنی و رێنمایی و ئاراسەکردنی منداڵان و، باردۆخی خێزانی و، ژینگەی کۆمەڵایەتی و، ئابووری لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر جیاوازی هەیە . . تەنانەت پلەی تووشبوون لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیوازی هەیە .

نێرگزی چییە . . ؟ ئەم زاراوەیە لە چییەوە هاتووە . . ؟ :
نێرگزی زاراوەیەکە، بە واتا زیادەڕۆیی لە خۆخۆشەویستی و سەرسامبوون بە خود، تا رادەی خۆئەوینداری . . زیادەڕۆییە لە بە خۆنازین و لە گەورەکردنی چەمکی خود . . نێرگزی هێندەش خۆی بە باڵا و گەورە دەزانێت تا ئەو رادەیەی کە بە ( شێـتی گەورەیـی ) ناودەبرێت . . زەقترین دیاردەی تووشبووش بە نێرگزیش ( خۆپەرستی ) و ( کەس نەویستی ) یە . سەر زمان و بن زمانی نیرگزی، لە قسە و باس و وتەکانیدا، دووبارەکردنە و دەبارەکردنەوەی وشەی ( من ) ە . . ( من و دوایش هەر من . . منی باڵا . . منی نموونەیی . . منی پێشەنگ . . منی هەموو شتێک . . . هتد ) . . کەسی نێرگزی لە هەموو شتێدا خۆی بە : جوانترین، یەکەمین، باشترین، گەورەترین، بلیمەترین، داناترین، بە توانترین، شارەزاترین، جیاوازترین، بێوێنەترین، . . . هتد، کەس دەزانێت . . نێرگزی کەسێکی ئیرەییبەر و، هەلپەرست و، بەرژەوەندیپەرست و، دووڕوو و، درۆزن و، سفڵەیە و، بێشەرمە و، هەڵەشەیە و، خەیاڵبازە و، هەرزەگۆیە . . رێز بۆ کەس دانانێت، هەمووان لە خۆی بە نزمتر و، بە کەمتر و، بە خزمەتکاری خۆی دەزانێت .

دەبێت دان بەو راستییەشدا بنێین، کە کەم یا زۆر، لە بوارێکدا یا زیاتر، نێرگزی لە هەمووماندا هەیە . . نێرگزی بەشێکی سروشتییە لە دەروونی هەموو مرۆڤێکدا . . خۆخۆشەویستی و بڕوابەخۆبوون بۆ هەموو کەسێک پێویستە . . بەڵام پێویستە تەنک و بچووک بکرێتەوە و، لە خۆباییمان نەکات و لووتی خۆمان بە کێوی( قەندیل ) دا نەکێشین . . پێویستە گرێدراوبێت بە لۆژیکی کۆمەڵایەتی و رەوشتییەوە . . چونکە زیادەرۆیی لە خۆخۆشەویستیدا خۆپەرستییە، لە رادەبەدەر بە خۆنازین و خۆبەگەورەزانین، هۆکارن بۆ دروستبوونی کەسێتی نێرگزی، کە توانای بە کۆمەڵایەتی بوونی نییە .

نێرکزی یەکێکە لە قۆناغەکان و، هەموو کەسێک بەم قۆناغەدا تێدەپەڕێت . . لە ساڵی یەکەمی تەمەنی منداڵدا . . منداڵانی بچووک خۆیان بە تەوەر و ناوەندی بایەخپێدان و خۆشەویستی دەزانن، بە ئەوان بێت هەمووان ئاوڕی لێبدنەوە و خۆشیان بوێ و لە خزمەتیدابن . بەڵام دوای چەند ساڵێک ئەم حەزیان کاڵدەبێتەوە و . . خەڵکانی تر بە تەوەر و ناوەند دەزانن و، خۆشیان بە تاکێکی کۆمەڵ دەزانن . . واتا مرۆڤ بە خۆخۆشەویستی دەستپێدەکات و، لە دوایش کەسانی تری خۆشدەوێت .

ریژەی نێرگزی لە نێو کچاندا لە قوناغی هەرزەکاریدا، لە کوڕان زیاترە . . رۆژانە کچانی ئەم قۆناغە دەچنە بەردەم ئاوێنە و لە خۆیان دەڕووان . . بەڵام لە دوای شووکردن و منداڵبوونیان، نێرگزیان نامێنێت . . ئااسیی دەبنەوە . . کەمتر لە کوڕان مۆرکی نیرگزیان تێدا دەمێنێتەوە .

یەکەمین کەس کە لە رووی دەروونییەوە، زاراوەی نێرگزی بەکارهێنا، شرۆڤەکاری دەروونی، زانای نەمساوی ( سیجمۆند فرۆید ) بوو، لە ساڵی (١٩٠٥) دا، فرۆید دامەزرێنەری قوتابخانەی شیکارە دەروونییەکانە . . فرۆید هەر لە ئەفسانە یۆنانییەکەوە زاراوەی نێرگزی وەرگرتووە .
فرۆید بە واتایەکی دیاریکراو نێرگزی بەکارهێناوە، ئەوەیە کە هەر هەموومان ئارەزووی نێرگزی یا خۆخۆشەویستیمان هەیە . . ئەمە حەزێکی سروشتییە و پێویستە تێربکرێت . . ئەمە قۆناغێکە لە قۆناغەکانی گەشەکردن . . لە دواییدا پێشدەکەوێت بۆ خۆشەویستی کەسانی تر.

سایکۆلۆژیای خودیش لە هیچە ناڕویت، چونکە دەروون ( ناخ ) بەبێ دەرەوە هیچ قەوارەیەکی نییە، خودیش لە میانەی تێکەڵاوی کۆمەڵایەتییەوە گەشە دەکات . . بەڵام کاتێ کار بگاتە ئەوەی، کە ئەو کەسە هەموو جیهانی دەرەوە لە خۆیدا بەدیبکات . . تەنهاش بەرژەوەندی خۆی بوێت . . ئەم کارە دەگۆڕێت بۆ زیادەڕۆیی و خۆبەگەورەزانین و دەرچوون لە قەوارەی خۆی لەسەر حیسابی کەسانی دەورووبەردا، بەبێ هیچ بنەمایەکی بابەتی . . لەم دۆخەدا دەشێ ئەم کەسە بە کەسێتیەکی نێرگزی ناوبەرین .

کەسێتی : بریتییە لە لە کۆمەڵە خەسڵەتێکی جەستەیی و دەروونی ( بۆماوە و وەرگیراو )، لە داب و نەریتەکان، بەهاکان، سۆزداری، پاڵنەرەکان، ئارەزووەکان، ئامادەباشییەکان، بیروڕا، باوەرەکان، بیرۆکەکان، تواناکان، هۆش . . بە تێکەڵبوونی ئەم پێکهاتانە لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا، کەسێتی مرۆڤی سروشتی پێکدەهێنن . . یا بە واتایەکی تر، کەسێتی تاک، لە هەڵویستە جیاوازەکاندا و، لە سیما بایولۆژییەکانی کەس و، لە رەوشتە گشتییەکان و، تایبەتییەکان پێکدێت . . لەم رووەشەوە هەریەکە لە پێگەیاندنی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەی دروست لە منداڵیدا، ژینگەی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و ئابووری و شارستانی، . . . هتد. کاریگەری و رەنگدانەوەیان لە بنیاتنانی کەسێتیدا هەیە . . بۆ نموونە ئەوەی کە لە ئەوروپادا دەژی، جیاوازی هەیە لەگەڵ ئەوەی کە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا دەژی، لە رووی زمـان، نەریت، هەڵسوکەوت، کولتوور، ئازادی، ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و شتی تر .

ئەگەر پێکهاتەیەک یا چەند پێکهاتەیەکی مرۆڤ تێکبچن، ئەو مرۆڤە تووشی شەڵەژان و نەخۆشی دەبێت . . رەفتاری جیاواز و دژەباو سەریان لێ هەڵدەدەن . . کارێکی ئاسانیش نییە، کە بتوانین بە ئاسانی رەفتار و هەڵسوکەوتە ناسروشتی و ناباوەکانی مرۆڤ هەڵبسەنگێنین .

وشەی نێرگزی لە چییەوە هاتووە ؟
زاراوەی ( نێـرگزی ) لە یەکێک لە ئەفسانە یۆنانییە کۆنەکانەوە هاتووە، ئەفسانەکەش بە چەند شێوەیەک دەگێڕنەوە و بە چەند شێوەیەکیش داڕێژراوە، بەڵام هەموویان لە مەبەستێدا یەکدەگرنەوە، بە کورتی شێوە باوەکەی ئەفسانەکەتان بۆ دەگێڕینەوە . . تا بزانن کە نێرگزی لە چییەوە هاتووە .

( کیفیسۆس ) ی رووبار و، پەرییەکی شین بە ناوی ( لیـرۆب ) هاوسەرگیرییان کرد، کوڕێکیان بوو، ناویان ( نارسیسۆس ) یا ( نێرگیسۆس ) . . کوڕێکی زۆر جوان نازدار و شیرین بوو . . بەڵکو لە جوانیدا لە رادەبەدەر بێوێنە بوو . . ژنە فاڵچییەک کە ناوی ( تریـزیاس ) بوو، ئاگاداری کردنەوە
ئەگەر نێرگیسۆس بییەوێت تەمەنێکی درێژ بژیت . . نابێت بە هیچ کلۆجێک لەسەر رووی ئاودا سەیری رووخساری خۆی بکات . . ئەگینا دەستبەجێ دەمرێت .

کە تەمەنی ( نێرگیسۆس ) گەیشت بە شانزە ساڵان، بوو بە هەرزەلاوێکی جوانی ئەوتۆ . . بە دەیان کچ ئەوینداری بوون . . لە ناو ئەو کچانەدا، پەرییەک بە ناوی ئیکۆ " دەنگـدانەوە " کە کچێکی زۆر جوان بوو . . ئیکۆ لە رادەبەدەر ئاشق و شەیدای خۆشەویستی نێرگیسۆس بوو . . بەڵام نێرگیسۆسی لەخۆبایی، خۆشەویستییەکەی رەتکردەوە و ئاوڕی لە ئیکۆ نەدایەوە . . ئیکۆ لە سوێدا، رۆژ لە دوای رۆژ لەڕ و لاواز وبێهێز دەبوو . . تا رۆژی کەوت و مرد .

بەڵام ( ئیفرۆدێت ) ی خواوەندی خۆشەویستی و جوانی، سزایەکی سەختی نێرگیسۆسی دا، بەوەی کە نێرگیسۆس کەوتە داوی خۆشەویستیی خۆیەوە، لە رادەبەدەر سەرسام و ئەوینداری خۆی بوو . . ئاگای لە دنیا نەما . . رۆژی چووە دیار گۆلە ئاوێک و وێنەی رووخساری خۆی لەسەر ئاوەکە بینی هێندەی تر هۆگر و سەرسامی خۆی و وێنەکەی بوو . . ویستی باوەش بە وێنەکەیدا بکات . . کەوتە ناو گۆلەئاوەکەوە و خنکا . . بەڵام خواوەندەکان بۆ بیرەوەری، لاشەکەی نێرگیسۆسیان کرد بە گوڵێکی پەلک سپی و چاوزەردی زۆر جوان و بۆنخۆش، لە رۆخی گۆلەئاوەکەدا رووا و، خۆی لارکردەوە لە ئاوەکەی دەڕوانی، ئەم گوڵە هەر بە ناوی نێرگیسۆسەوە بە ( نـێرگز ) ناودەبرێت .
لە کوردستانی شیرینی ئێمەشد، نێرگز بە شاگوڵ و بە سیمبول و بە مژدەبەخشی بەهاری رەنگین و قەشەنگی کوردستان ناسراوە . . جوانترین گوڵئ کوردستانە .

بۆیە ئێستاش هەرکەسێک، زیادەڕۆیی لە خۆخۆشەویستی و، لە خۆهەڵنان و، لە خۆهەڵکێشان بکات و، پۆز لێبدات و، هەر خۆی بە شایانی هەموو شتێک بزانێت و. . کەسانی تر بە کەمتر لە خۆی بزانێت . . لە راستیشدا شایەنی ئەم ستایش و هەڵنانە نەبێت . . پێی دەڵێن کەسێکی نێرگزییە .

دیاردەکانی تووشبوون بە نێرگزی :
١ـ کەسێتی نێرگزی لە رادەبەدەر سەرسامی خۆیەتی و، خۆی زۆر خۆشدەوێ و خۆهەڵکیشە و لەخۆباییە و خۆپەرست و کەس نەویستە و لووت بەرزە و خۆی لە هەموو کەسێ بە زیاتر دەزانێت.
وشەی ( من ) پانتاییەکی زۆر لە قسەکانیدا دەگرێتەوە .
٢ـ وا دەزانێت لە هەموو کەسێک جوانتر و شۆخ و شەنگترە . . بە ڵکو خۆی بە شاجوانی جیهان دەزانێت . . وا هەست دەکات هەموو جوانی جیهان لە ئەودا کۆبۆتەوە .
٣ـ هەست بەوە دەکات کە ئەم تەوەری هەموو باسەکانە . . پێویستە هەموو کەسێ رێزی لێبگرێت .
٤ـ وا هەست دەکات کە هەموو شاعیران و پەخشاننووسان و نووسەران تر ئیلهام لە جوانی و لە بەهرەکانی ئەمەوە وەردەگرن . . بیرۆکەکانی ئەمەیان کردۆتە هەوێنی نووسینەکانیان .
٥ـ خۆی بە بلیمەترین و بە شارەزاترین کەس لە هەموو بوارەکاندا دەزانێت . . دان بەوەدا نانێت کە کەس لەم زیرەکتر و بلیمەتر و شارەزاتر و داناتر هەبێت و، بتوانن شان لە شانی ئەم بدەن .
٦ـ زۆربڵی و چەنبازە . . قسە بە بەرانبەرەکەی دەبڕێ و . . قسەش هەردەبێ قسەی ئەم بێت .
٧ـ زیادەڕۆیی لە هەڵنانی بەهرە و توانا و کارەکانی دەکات . . گەر شتێکی ساکار و ئاسایشی ئەنجامدابێت . . زیاد لە پێویست هەڵی دەنێت . . هەردەم شتەکانی خۆی بە باشتر دەزانێت .
٨ـ خۆی بە جیاواز دەزانێت . . وا هەست دەکات لە هەموو کەسێ جیاوزتر و تایبەتی ترە .
٩ـ بەرژەوەندی پەرستە و، پەیوەندییەکانی و زمانلووسی لە پێناوی مەرامەکانیدایە . . یەگینا لە دڵەوە ئەو لەخۆی زیاتر کەسی تری خۆشناوێت،
١٠ـ کەسێتی نێرگزی، چکۆسییە ( حەسوودە ) . . ئیرەیی بە هەموو کەسێک دەبات . . حەز بە سەرکەوتن و پێشکەوتن و هەبوونی کەس ناکات .
١١ـ نیرگزی سەرکەوتوو نییە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیدا، تەنها ئەوکەسانەی دەوێت کە دەستەمۆی بیر و باوەڕی ئەمن .
١٢ـ نێرگزی وشک و سارد و سڕە و، کەم پێدەکەنێ و، سۆز و بەزەیی بۆ کەس نییە .
١٣ـ هەڵەشە و هەرزەگۆیە و قسەی زەق و ناخۆشە . . بۆیە کەس بە ئاسانی هاوڕێتی ناکەن .
١٤ـ خەیاڵبازە و لە جیهانێکی خەیاڵی و زیندەخەوندا دەژی، بە خەیاڵ دەیان پرۆژە بنیات دەنێت.
١٥ـ وا هەست دەکات کە نموونەییە و دەبێت هەردەم یەکەمین بێت و لە پێشەوەی پێشەوەدا بێت . . دەبێت هەردەم سەرکەوتووبێت و، دۆڕاندن و شکستی قبوڵ ناکات . . رووحێکی وەرزشی نییە .
١٦ـ هەرگیز گلەیی و رەخنە و لۆمە لە کەس قبووڵ ناکات و کەلەڕەقە و دان و هەڵەکانیشدا نانێت.
١٧ـ ئامۆژگاری و رێنمایی لە کەس وەرناگرێت . . تەنانەت گەر نزیکترین کەسیشی بن . . چونکە ئەمە بە نەنگی دەزانێت و . . خۆی لە ئاستێکدا دەزانێت کە لە هەموو کەسێ زاناتر و داناترە .
١٨ـ حەز بە خۆدەرخستن وخۆبردنە پێشەوە دەکات . . بۆ ئەوەی سەرنجی بدەنێ و لێیبڕوانن .
١٩ـ شەیدای پایە و پلە و دەسەڵاتە . . بۆ ئەم مەبەستەش رێگای چەوتیش بێت دەیگرێتەبەر .
٢٠ـ رووگرژ و مۆنە و . . تا رادەیەک رەشبین و بێ هیوایە .
٢١ـ هۆشیاری دەروونی نییە، تا بتوانێت رووبەڕووی کێشەکانی بێتەوە .
٢٢ـ سفڵەیە و چاکە و پیاوەتی لەبەرچاو نییە .
٢٣ـ رەزیل و چاوچنۆکە و بەخشندە نییە . . هەمیشە دەیەوێت وەردەبگرێت و نەبەخشێت .
٢٤ـ حەز بە زیانی کەسانی تر دەکات . . حەزدەکات نەخۆش بکەون، بمرن . . بە بۆچوونی ئەو، تا کەسانی جیاوازی وەکو ئەو هەڵنەکەوێت .
٢٤ـ بێ بەڵێن و درۆزن و فشەکەریشە . . جێی بڕوا و متمانەی خەڵکی نییە .
٢٥ـ بۆ ئەوەی جێی سەرنجی کەسانی تربێت . . ئارایش دەکات و خۆی جوان دەڕازێنێتەوە و . . جلوبەرگی جوان لەبەردەکات و. . بۆنی خۆش بە خۆیەو دەکات .
٢٦ـ ئەگەرچی نێرگزی لە رووکەشدا وا خۆی دەردەخات کە باوەڕی بە خۆی هەیە . . بەڵام لە راستیدا هەست بە بێ نازی و بە بێ خوشەویسی و بێ دڵنیایی دەکات .
٢٧ـ لە پاڵ نێرگزیشدا، هەندێ نەخۆشی تر و، تووشبوونی نەخوازراوی تر سەری لێهەڵئەدەن وەکو : خەمۆکی، دوودڵی، گۆمان، خووگرتن بە مەی خوارنەوە، بە ماددە هۆشبەرەکان، گۆشەگیری .
٢٨ـ نێرگزی کەسێتییەکی هەستیارە و بە سادەترین شت تووڕە دەبێت .

چۆن منداڵەکانتان لە تووشبوون بە نێرگزی دەپارێزن ؟
هەموو منداڵان لە قۆناغەکانی یەکەمی گەشەکردنی تەمەنیاندا نێرگزیان تێدایە، بەڵام ئەم جۆرە نێرگزییە کە لە قۆناغی منداڵیدا هەیە، ئاسایی و سروشتییە، ئەمەش ئاماژە نییە کە ئەم منداڵە تووشی نێرگزی بووە . . منداڵان لەم قۆناغەدا هەست بە گرنگی خۆیان دەکەن و، واش هەست دەکەن کە تەوەری هەموو شتێکن و، جیهان بە دەوری ئەوەندا دەخولێتەوە . . منداڵان لەم قۆناغەدا، شتەکانی خۆیان زۆر خۆشدەوی و دیان پارێزن، حەزیش دەکەن ببن بە خاوەنی هەموو شتێک، بە خاوەنی دایک یا باوکیان، بە بابەتەکانی یارییەکانیان، دەبینین دەڵێ : " هەر هەموو شتێک هی منن، ئەمە و ئەوە، هی منن، . . . ) بە هەرشێوەیەکیش بێت حەزدەکەن کە سەرنجی دەوروبەرەکانیان بە لای خۆیاندا رابکێشن . . لەم قۆناغەدا ( من ) لایان بەهێزە، خۆیان زۆر خۆشدەوێت . . لەگەڵ گەورەبوونیاندا دوای چەند ساڵێک، رادەی خۆخۆشەویستییان کاڵدەبێتەوە و، تێگەیشن و هەست و سۆزداریان گەشەدەکات و، بازنەی سۆزداری و خۆشەویستییان فراونتر دەبن و، خۆخۆشەویستییان دەگۆڕێت بۆ گشتخۆشەویستی، لە سەرەتاوە دایک و باوک و خوشک و برا و، خزم و کەسوکاریان خۆشدەوێت . . ئینجا دراوسێ و هاوڕێ و کۆمەڵگا و نیشتمان و، هەموو جیهانیان خۆشدەوێت.
گۆڕانیش لە سۆزداری و خۆشەویستییان، دەگەڕێتە و بۆ گەشەکردنی هۆش و هەستیان، بۆ تێکەڵبوونیان بە کۆمەڵ و، بە کۆمەڵایەتی بوونیان، زۆر رەفتار و شت لە کۆمەڵگاوە وەردەگرن . . ئەم دیاردانەش دەبنە خەسڵەتە سروشتییەکانی کەسێتییان .

بەپێی ( تێۆری رەوشتی تازە ) کە هەریەکە لە ( دۆلار و میلەر ) قسەیان لەسەر کردووە، لە بارەی پکهێنانی رەفتارەکانی منداڵان، ئاماژەیان بە گرنگی ساڵانی یەکەمی ژیانی منداڵان کردوون، چونکە قۆناغەکانی یەکەمی ژیانی منداڵی زۆر گرنگن بۆ پێکهێنانی کەسێتی ئایندە . لێرەدا ( دۆلار و میلەر) هاوڕان لەگەڵ تیۆری شیکاری دا، جیاوازیشن لە گەڵ ( فرۆید ) دا، پەیوەندی بەوەوەشەوە هەیە کە دەکرێ رەوشت لە ئایندەدا راست بکرێتەوە

مەترسی لەوەدایە، لە ئەنجامی چەند هۆکارێکی نەرێنی و، پەروەردەیەکی سەقەتدا، ئەو نێرگزییە سروشتی و ئاساییەی منداڵان، درێژەی پێبدەن و بگوێزرێتەوە بۆ قۆناغەکانی هەرزەکاری و کامڵی و، ببێتە نەخۆشی نێرگزی و، دروستبوونی کەسێتی نێرگزی .

هۆکارەکانی بە نێرگزی بوونی منداڵان :
ئاماژە بە گرنگترین ئەو هۆکارە نەرێنییانە دەدەین کە دەبنە هۆی بە نێرگزی بوونی منداڵان :

١ـ هۆکاری پەروەردەیی : نابەڵەدی و نادروستی لە پەروەردەکردنی منداڵاندا، لە ماڵەوە و لە قوتابخانەدا کاریگەرییەکی خراپیان لەسەر ژیانی منداڵان لە ئەمڕۆ و لە داهاتوویان دەبێت . . توندوتیژی و سەرکوتکردن و سەرکوێرکردن، لۆمە و سەرزەنیشتی نابەجێ و، بڕوانەکردن بە توانای منداڵان . . ئەمانە رەفتاری نەرێنین و منداڵان هەست بەوە دەکەن کە کەس خۆشیان ناوێن و رێزیان لێناگیرێت . . دەبێتە هۆی ئەوەی پێویستییان بە ستایش و هەڵنان هەبێت . . بەشێکی زۆری منداڵان قوربانی پەروەردەیەکی سەقەتن . . بە تایبەتیش لە لایەن دایکان و باوکانەوە . . تا ئەمڕۆش بەشێکی زۆری خێزانەکان پەیڕەوی ( پەروەردەی سەپێنەر ) دەکەن . . دایک و باوک ومامۆستاکان چییان بوێت، دەبێت منداڵەکان و قوتابییەکانیان ئەوە جێبەجێ بکەن . . گوێ بە خواست و ئارەزوو و توانای جەستەیی و دەروونییان نادەن . . کاتێک کە منداڵان بڕوایان بە خۆیان نەمێنێ و رێز لە حەز و بەهرە و تواناکانیان نەگرن . . کوێرانە گوێدێری داواکارییەکانی گەورەکانیان دەبن و، ناچاردەبن جێبەجێان بکەن . . دەترسن و هەست بە کەموکوڕی دەکەن و . . هەموو دەسەڵاتدارێکیش بە خۆسپێن دەزانن . . لەم شێوازە پەروەردە نادروستەدا، هەموو شێوازەکانی توندڕەوی لێدەکەوێتەوە .
بۆیە پێویستە هاوسەنگی لە پەروەردەکردنی منداڵاندا پەیڕەوی بکەن، بەپێی توانا راستییەکانیانی منداڵەکانتان مامەڵەیان لەگەڵ بکەن و بواری گەشەکردن و پێشکەوتنیان بۆ بڕەخسێنن . . بۆ ئەوەی منداڵەکانتان بڕۆیان بە خۆیان و، بە توانا و بە بەهرەکانیان هەبێت و، بتوانن بە هەوڵ و بە کۆششی خۆیان هەندێ لە کارەکانیان راپەڕێنن . . پێویستە پانتاییەکی ئازادی باشیان بدەنێ . . تەنانەت ئەگەر ئەنجامێکی هەڵەش بەدەست بهێنن . . تاقیکردنەوە و ئەزموون فێری زۆر شتیان دەکەن . . بەڵام گەر دایکان و باوکان، هەر بە چاوی بێدەسەڵاتی و دەستەوستانییەوە لە منداڵەکانیان بڕوان . . لە هەموو شتێکدا پشت بە ئەمان ببەستن و چاویان لە دەستی ئەمان بێت کە پاروویان بۆ بکەن . . لە داهاتوودا منداڵەکانیان دووچاری کێشەی ئەقڵی دەبن .

٢ـ هۆکاری دەروونی : زۆر لە دایکان و باوکان زیادەڕۆیی لە ستایش و لە هەڵنانی منداڵەکانیان دەکەن، زیاد لە پێویستیش ناز و نوزیان هەڵدەگرن و، زیادەڕۆییش لە هەڵنانی زیرەکی و توانا و بەهرەکانیان دەکەن، بە جیاواز لە هاوڕێکانیان ناویان دەبەن . . بەبێ هۆیەکی بەجێ دەستخۆشی و ئافەرین بارانیان دەکەن . . چیان بوێ و، وڕک لە چیبگرن بۆیان دابین دەکەن . . بە تایبەتیش لەگەڵ منداڵی یەکەمیاندا، یا دوا منداڵیان، یا منداڵی تاقانە، یا کوڕێک لە ناوا چەند کچێکدا، یا کچێک لە ناو چەند کوڕێکدا، کە مامەڵەیەکی تایبەتییان لەگەڵدا دەکەن . . هیچ داوایەکیان بە ( نا ) رەتناکەنەوە . ئەم جۆرە پەروەردە و رەفتارە هەڵەیە . . وا لەو منداڵان دەکەن کە لامێژبن و تەنها پشت بە دایک و باوکیان ببەستن . . ئەم دایک و باوکە دوورنەبین و بیرتەسکانە چاوپۆشی لە هەڵەکانی منداڵەکانیان دەکەن . . لێیان ناپێچنەوە . . ( رۆژێک دادەیەک لە باخچەی ساوایان وتی : " یەکێک لە کوڕەکانی باخچەکەمان فێرببوو رۆژانە لە کچێکی هاوتەمەنی خۆی دەدا . . ئێمەش ناردمان بە دوای دایکی کوڕەکەدا و، ئەم رەفتارەی کوڕەکەیمان پێوت . . دایکی کوڕە منداڵەکە . . وتی : " جا با لێیبدات، ئەم کچە ئامۆزای خۆیەتی و، بەشی خۆیەتی، با لە ئێستاوە، بە سەریا زاڵبێت . . " ) ئا ئەم جۆرە ئەقڵییەت و پەروەردە سەقەتەی چەشنی ئەم دایک و باوکە نابەڵەدانەیە، کە منداڵەکانیان دووچاری لە خۆبایی و خۆبەزیاترزانین و خۆبەجیواززانین و حەزی زاڵبوون و نێرگزی دەکەن . . منداڵەکانیان لەسەر ئەم رەفتارە نادروستانە رادێن و، داوای ستایش و هەڵنان و نازپێدانی زیاتر و زیاتر و پشتگیری زیاتر دەکەن . . ئەمەش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ تووشبوونی منداڵان بە نێرگزی .
زانای دەروونی ( لۆک هاید ) دەڵێ : " کاردانەوەی ئەرێنی و زیادەڕۆیی، پێویستە پەیوەستبن بە رەفتاری باشی منداڵەوە . . لە جیاتی ئەوەی کە بە شێوەیەکی ناهەستی و خۆتەنی هەڵبچنرێت "
هەر لەم بارەیەوە زانای دەروونناس ( برۆمیلمان ) دەڵێ : " دایکان و باوکان، کە پشت بە شێوازی زیادەڕۆیی لە پەروەردەی منداڵەکانیان دەبەستن، لەو باوەڕەدان کە منداڵەکانیان زۆر زیرەکن، بەڵام لە راستیدا لە منداڵانی تر زیرەکتر نین "
پێویستە ستایش یەکسان بێت بەو کارە جوانانەی کە منداڵ ئەنجامی دەدات و، بە راستی کارەکەی شایەنی ئافەرین و دەستخۆشی بێت، زیادەڕۆیی لە ستایشکردنی نەکرێت و، کارە ئەنجامدراوەکەشی زیاتر لە قەوارەی خۆی گەورە نەکرێتەوە . کورد وتەنی : " هەموو شتێ بە خوێ خوێش بە مانا "

بە پێچەوانەشەوە، فشاری دەروونی و بێبەشکردنی منداڵ لە خۆشەویستی و سۆزداری و ئازادی و ناز و رێز . . توند وتیژی و ئازاردانی جەستەیی منداڵان، ئەم منداڵانە توینی سۆز و خۆشەویستی و ئازادی دەبن، ئەم رەفتارە نابەجێیانەش لە دەروون و هۆش و ژیانیانی منداڵاندا رەنگدەدەنەوە و، رقیان لە هەموو کەسێک دەبێتەوە و، دەیانەوێت تۆڵەی خۆیان بکەنەوە و، رق و توڕەییان بەسەر دایک و باوک و کەسانی تردا ببارێنن .

٣ـ هۆکاری چاولێکردن : دەڵین : ( دایکان ئاوێنەیەی منداڵانن ) دەوترێ : " لە پشت هەر منداڵێکی لە خۆبایی و نێرگزییەوە . . دایکێکی نێرگزی هەیە . . " . . بێگومان لە زۆر کار و هەڵس وکەوت و رەفتار و رەوشت و خوودا، منداڵان چاو لە دایک و باکیان دەکەن و زۆر شت لەوانەوە فێردەبن، بە تایبەتیش کچ چاو لە دایکی و، کوڕیش چاو لە باوکی دەکات . . بۆیەش وتراوە : ( دایک ببینەوە و، دۆتە بخوازە )، ( کوڕی باوکی خۆیەتی )، ( دایک و باوک گوناه دەکەن، فرزندە گیرودە دەبێ "

منداڵان هەمیشە دایک و باوکیان بە نموونە و بە پێشەنگی خۆیانیان دەزانن . . دەشێ دایکێک یا باوکێک تووشی نێرگزی بووبێت . . یا دایک و باوکێکی سارد وسڕ و وشک . . ئەم دایکە یا باوکە نیرگزییانە، کاریگەرییان لەسەر منداڵەکانی بێت . . دەشێ منداڵەکەشیان لە ئەنجامی سەرسامبوون و چاولێکردن لە دایک یا باوکیان تووشی نێرگزی ببێت . . ئەگەرچیش رەمەکی ( ویراسە : جینات ) هۆکارێکی لاوازە لە گواستنەوەی نیێرگزیدا . . بەڵام لێرەدا بە رێگای ( وەرگرتن و چاولێکەری ) یەوە منداڵ تووشی نێرگزی دەبێت .

٤ـ ( کێشەیەکی ناکاوی ) : دەشیش هۆکاری نێرگزی منداڵان بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، کە پێشتر دووچارت خراپە یا ( کێشەیە ناکاوی) هاتووبێت، بۆ نموونە لە لایەن دایک و باوکیییەوە، یا خزمەکانییەوە، یا مامۆستاکانییەوە، یا هاوڕێکانییەوە، ئازار درابێت و نەتوانێت لە یادی بکات . . ئازاری دەروونی دەدات و . . بیر لە تۆڵەکردنەوە دەکات .
٥ ـ جێگیرکردنی چەمکی ( لە هەڵە بەدەرن ) : ئەو دایک و باوکانەی، کە منداڵەکانیان بە جیواز و لە منداڵانی تر دەزانن و، لە هەموو شتێکدا بە یەکەمین و پێشەنگ و بە نموونەییان دەزانن و پێیان دەڵێن ( ئیوە لە هەڵە بەدەرن ) و ( ئێوە خەتابارنین ) . . ئەم هەڵانە، منداڵان تووشی لە خۆبایی و خۆپەرستی و لووتبەرزی و خۆ بە جیاوازانین دەکەن . . هەرگیز ئامادە نین دان بە هەڵە و بە شکستییەکانیان بنێن و . . گلەیی و لۆمە و رەخنە و ئامۆژگاریش لە کەس قبووڵ ناکەن و، نابێت کەسیش پێیان بڵێت : ( کل بە بەری چاوتانەوە هەیە ) ئەم شێوازە پەروەردەییەی منداڵان، سەقەتە و بەرەو خۆبەگەورەزانین و نێرگزی دەیانبات .

دەشێش دایک و باوکان بێ ئەزموون و نابەڵەدبن و، باگراوندێکی رۆشنبیریی ئەوتویان لەم بوارەدا نەبێت و . . هەستیش بەوە نەکەن کە زیادەڕۆیی لە ستایش و هەڵنان و نازپێدانی منداڵەکانیان، چ ئاکامێکی نێگەتیڤیان لێدەکەوێتەوە . . یا شتێکی ئەوتۆیان دەربارەی کەسێتی نێرگزی نەبیستبێت . .

پیویستە ئەوەش بڵێین، تەوای بەرپرسێتی تەنها لە ئەستۆی دایکان و باوکان دا نییە، لەم رووەوە تەنها لۆمەی ئەوان ناکرێت . . چونکە خۆپەرستی و نێرگزی لە خەسڵەتەکانی کەسێتی مرۆڤن و، لە ئەنجامی چەندین هۆکاری تێکەڵبوو بەیەکتری پێکدێن . . لەوانەش هۆکاری ژینگەیی و رەمەکی، بەڵام دەشێ رەوشت و رەفتاری دایکان و باوکان ئەم خەسڵەتانە گەورەتر بکەنەوە . . لە جیاتی ئەوەی کە پلەی ( رێزگرتنی خود ) لە لای منداڵ بەرزبکەنەوە . . ئەمان بەبێ مەبەسەت و بەبێ درکردن بەشداری لە بەرزکردنەوەی پلەی ( خۆپەرستی ) ی منداڵەکانیان دەکەن . . بۆیە هەردەم پشکی شێری تووشبوونی منداڵان بە نێرگزی دەخرێتە ئەستۆی دایکان و باوکان .

گرنگترین توێژینەوەی پراکتیکی دەربارەی نێرگزی منداڵان :
گرنگترین توێژینەوە کە دەربارەی سەرچاوە و هۆکارەکانی نێرگزی منداڵان ئەنجامدراوە . . ئەو لێکۆڵێنەوە پراکتیکییەیە، کە بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆری دەروونناسی ( ئیدی برۆمیلمان ) لە زانکۆی ( ئەمیستیردام ) و زانکۆی ( ئۆتریخت )ی هۆڵەنەدی، و توژێنەری دەرونناسی پرۆفیسۆر ( براد بۆشمان ) مامۆستای پەیوەندییەکان و زانیاری دەروونناسی لە زانکۆی(ئۆهایۆ)ی ئەمریکی ئەنجامییان ئەنجام دران . . لێکۆڵینەوەکەش لە گۆڤاری ( بروسیدنگس ) ی سەر بە ئاکادیمییەی ئەمریکی بۆ بۆ زانیاری بڵاوکرایەوە . . پرسیارەکان دەربارەی سەرچاوە و هۆکارەکانی ( هەستی خۆبەزیاترزانین لە لایەن منداڵان ) بوو . . پرسیار ( ٥٦٥) منداڵی کوڕ و کچ کرا، کە تەمەنیان لە (٧) ەوە بۆ (١٢) ساڵان بوون . . هەروەها دەربارەی هەمان بابەت پرسیار ئاراستەی دایک و باوکی ئەو منداڵانە کران، لێکۆڵینەوەکەش لە کۆمەڵیک پرسیاری دیاریکراو پێکهاتبوو، پرسیارەکانیش دەربارەی چۆنییەتی گۆشکردن و پەروەردەکردنی منداڵان بوون . . ئەو هۆکارانەش کە یارمەتی گەشەکردنی خەسڵەتی نێگزی لە منداڵاندا دەدەن وەکو ( چەند جیاوازتری لە منداڵانی تر ؟ ) . . ئەم لێکۆڵینەوەیە هەر شەش مانگ جارێک دەکرا و، بۆ ماوەی دوو ساڵ درێژەی هەبوو . . لێکۆڵینەوەکە ئاماژەشی بەوە کردووە، کە منداڵانی ئەم قۆناغە دەتوانن خۆیان هەڵبسەنگێنن .
پرۆفیسۆر( براد بۆشمان ) وتی : " حەوت ساڵان، ئەو تەمەنەیە کە منداڵان توانای هەڵسەنگاندنی خۆیان و، ئەوشییان هەیە، کە خۆیان لەگەڵ کەسانی تردا بەراورد بکەن . . پێش ئەم تەمەنە منداڵ ناتوانێت لە نێوان خۆی و هاوڕێکانیدا جیاوازی بکات "

پرۆفیسۆر ( ئیدی برۆمیلمان ) وتی : " منداڵانی نێرگزی، هەست بەوە دەکەن، کە زیاتر جیاوازن، هەوڵی ئەوەش دەدەن کە جێی سەرسامی کەسانی تربن " وتیشی : " ئەو منداڵانەی کە سەرنج و سەرسامی و ستایش بەدەست ناهێنن، کە هەوڵیان بۆ دەدەن، یا رووبەڕووی رەتکردنەوە و لۆمە دەبن، بە زۆری مەیلی رەفتاری دوژمنایەتیان هەیە "

بە وتەی توێژەران سەرەتای حەزی خۆبەگەورەزانین لە لای منداڵان، لە نزیک هەشت ساڵان دەست پێدەکات. . لە لێکۆڵینەوەکەدا ئەوەشیان بۆ دەرکەوت و ئاشکرایان کرد، کە ئەو منداڵانەی کە دایک و باوکیان پێیان وتوون : : " ئێوە لە کەسانی تر باشترن . . " " ئێوە لە ژیاندا، شایانی شتی زیاتر لە ئاساین " ئەم منداڵانەی کە دایک و باوکیان زیادەڕۆییان لە هەڵنان و جیاوازیاندا کردبوون، دووچاری نێرگزی ببوون و، زۆریش هەستیاربوون بەرانبەر بە رەخنە، ئاستی بەشداریکردنی وێژدانییان نزمتر بوو، لە چاو منداڵانی ترەوە .
( برۆمیلمان) وتی : " کەسوکاریان لەو باوەڕەدان کە ئەوە شتێکی باشە کەبە منداڵەکانیان دەڵێن ئێوە جیاوازن . . بەڵام لە راستیدا نێرگزیان لا گەورەتر دەکەنەوە "، " کاکڵەی ئەم لێکۆڵێنەوەش ئەوەیە کە وشەی راست و دروست بە منداڵەکانتان بڵێن "
( برۆمیلمان ) وتیشی : " کاتێک کە لەم بوارەدا دەستم بە توێژینەوە کرد، وام دەزانی کە پێویستە بە منداڵ بوترێ کە ئەو زۆر لە کەسانی تر جیـاوازە . . بەڵام هەستم کرد کە ئەمە هەڵەیە "
لە لێکۆڵینەوەکەدا ئەوەش ساغ بۆتەوە، کە ئەو منداڵانەی لە جیاتی زیادەڕۆیی لە هەڵنان و ستایش، باوکیان خۆشەویستی و سۆز و رێزیان بە منداڵەکانیان بەخشیون، ئاستی هەستکردنیان بە بایەخی خود بەرزتربوون .

توێژینەوەکە جەختی لەسەر ئەوەش کردووە، کە ( نێرگزی )، ( زیاد هەستکردن بە بەهای خود ) ناگرێتەوە . . ناشبێت ئەم دوو شتە تێکەڵ بە یەکتری بکرێن .

لێکۆڵینەوەکە بەوە کۆتایی هاتووە، کە هاندان باشترە لە زیادەڕۆیی لە هەڵنان و ستایش و گەورەکردن . . پێویستیشە رێز لە خودی منداڵان بگیرێ، دایکان و باوکان راستگۆبن و، زیادەڕۆیی لە ستایش و نازپێدانی منداڵەکانیان نەکەن، بۆ ئەوەی دووچاری نێرگزی نەبن . . چونکە کەسێتی نێرگزی زیان بە خۆی و، بە کەسانی تر و، بە کۆمەڵگاکەی و، بە نیشتمانەکەشی دەگەیەنێت .

چارەسەری نێرگزی:
کیشەکە لەوەدایە کە کەسێتی نێرگزی دان بەوەدا نانێت کە دووچاری نێرگیزی بووە . . لە راستیشدا، چارەسەری نێرگزی ئەوەیە، کە خۆی بناسێت و، لە خۆی رازی بێت، راستیی خۆی قبووڵبکات و، خۆی بە جیاواز نەزانێت، خاکی و کۆمەڵایەتی بێت، گەشبین بێت و رەشبین نەبێت، بە شێوەیەکی ئاسایش لە رەوتی ژیان بڕوانێ . . پەروەردەیەکی دروست و هاوسەنگ بکرێت و، دایک و باوک چاوپۆشی لە هەڵە و رەفتارە نابەجێیەکانی ناکەن، بە شیوەیەکی دانایی لەسەر کارە جوانەکانی ستایش بکرێت و، لەسەر دووبارەکردنەوەی هەڵەکانیشی سزا بدرێت . . لە لایەن خێزانەوە بە باشی چاودێری بکرێت و، رێنمایی و ئاراسەی راست و دروستی بکەن، دوور لە تووڕەیی و توندوتیژی . . ئەگینا هیچ دەرمانێکی تایبەتی نییە، کە بۆ چارەسەری نەخۆشی نێرگزی دروستکرابێت.

دایکان وباوکانی دڵسۆز و میهرەبان :
وەکو دەڵێن هەردەم ( خۆپـاراستن باشترە لە چارەسەرکـردن ) بۆ ئەوەی جگەرگۆشەکانتان، دووچاری نەخۆشی نێرگزی نەبن و، ناهۆزە نەبن و لە هاوڕێکانیان و کۆمەڵگاکەمان دانەبڕێن . . زانستییانە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن . . زیادەڕۆیی لە ستایش وهەڵنان و نازپێدانیان مەکەن . . لە خۆتەن ئافەرین و دەستخۆشیان لێ مەکەن . . پاداشتەکانیان بە پێی کار و رەفتارە باشەکانین بن، پێیان مەڵێن : ( ئێوە لە کەسانی تر جیاوازترن )، ( ئێوە نموونە و پێشەنگی هاوڕێکانتانن )، ( ئێوە زیرەکترین و ئازاترین کەسن )، ( ئێوە جوانترین و شیرینترین کەسن و بێوێنەن )، ( دەبێ ئێوە پێشکەون و منداڵانی تر دواتان بکەون )، ( دەبێت ئێوە یەکەمینی قوتابخانەکەتان بن و لە هەموو وانەکاندا بەزترین نومرە وەربگرن )، ( ئێوە . . ێێوە . . هتد ) . . بە کۆمەڵایەتیان بکەن . . هانیان بدەن کە پەیوەندی هاوڕێتی لە گەڵ منداڵانی بگرن، بە پێچەوانەشەوە . . ئازادییان لێمەگرن و چێژی خۆشی و شادی منداڵییان لێ تاڵ مەکەن، سەرکۆنەیان مەکەن و، خۆشەویستییان پێببەخشن و، رێز لە را و لە بۆچوونەکانیان بگرن . . مافەکانیان و پێداویستییەکانی گەشەکردن و پێشکەوتنی توانا و بەهرە و ئارەزووەکانیان بۆ دابین بکەن . . باشتر لە هەموو ئەوانە، خۆتان پێشەنگ و نموونەیەکی زۆر باشبن، لە هەموو رەفتار و هەڵسوکەوتەکانتاندا، چونکە منداڵەکانتان چاو لە ئێوە دەکەن و . . ئێوە ئاوێنەی ئەوانن و . . خۆیان لە ئێوەدا بەدیدەکەن .

نێرگزی دوولایەنیشە :
لێکۆڵینەوەیەک، کە لەلایەن زانکۆیەکی ئینگلتەراوە ئەنجامدراوە . . گەیشتۆتە ئەو دەرئەنجامەی، بەشێک لە زیرەکەکان و سەرکەوتووە باڵا ئەکادیمییەکان، کەسێتی نێرگزین، لەو کەسانەن کە خۆیان خۆش دەوێت . . خۆخۆشەویستی خودیش لە لەیەن کەسەوە، بڕوا بەخۆبوونی بەهێزتر دەکات .

هەموو دەسەڵاتپەرستە دیکتاتۆرەکان نێرگزین :
ئەگەر بە ژیاننامە و کردەوە خوێناوییەکانی دەسەڵاتدارە دیکتاتۆرە فەرمانڕاواکاندا بچینەوە . . ئەو راستییەمان بۆ دەردەکەوێت کە هەموویان تووشی نەخۆشی نێرگزی بوونە . . کورسی پەرست و لە خۆبایی بوون . . لەوانەش : ( ستالین، هیتلەر، ئەتاتورک، بسمارک، سەدام حوسێن، موعەمەر قەزافی، زین ئەلعابدین، حوسنی موبارەک، عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، بەشار ئەسەد، کیم جۆنگ ئۆن )

کتێبێکیش بە ناوی ( دەسەڵاتپەرستان ) لە نووسی نووسەری ئەمریکی خاتوو ( مۆریال میراک ڤایسباخ ) دەرچووە، نووسەر باس لە شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی لە دژی چوار لە سەرکردە ستەمکارەکانی عەرەب دەکات ئەوانەش ( حوسنی موبارەک، موعەمەر قەزافی، زین ئەلعابدین عەلی، عەلی عەبدوڵڵا ساڵح ) . . کتێبی ( دەسەڵاتپەرستان ) شیکارێکی دەروونی بۆ ئەو چوار سەرکردەیە دەکات کە لابردنیان ئامانجی شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی ساڵی ( ٢٠١١) بوون .
( مۆریال میراک ڤایسباخ ) لە میانەی شرۆڤەکاری دەروونی بۆ کەسێتی ئەو سەرکردە ناوبراوانە و زۆر دەسەڵاتپەرستیان، پرسیار گرنگ دەکات پرسیارەکەش ئەوەیە : ئایا تێکچوون و ناتەواوییەک لە کەسایەتییاندا هەیە . . کە بە هۆی بەرکەوتە ناکاوییەکانی منداڵێتییان تووشبوونە . . ؟ یان بە کارتێکردنی خێزانەکانیان و دەوروبەری کۆمەڵایەتییانەوە . . ؟ یان ئەمانە هەموویان لە بنەڕەتدا تەندروستن، بەڵام دەسەڵاتپەرستی تێکیدان و لەڕێ دەریکردن . . ؟ بۆ ئەوەی بە باشی لە باری سایکۆلۆژییانەوە تێبگەین . . پێویستە رەوانەی پزیشکی دەروونی بکرێن . . بۆ ئەوەی بە وردی و بابەتییانە کەسێتیان هەڵبسەنگێنرێن .
نووسەر ئاماژە بە ئەوەش دەکات، کە سەرۆک کۆماری لیبیا ( موعەمەر قەزافی ) زیاد لە پێویست کەسێتییەکی نێرگزی و هیستیریا و شێتی گەورەیی بوو . . بە پلەی دووەمیش حوسینی موبارەک دێت . . نووسەر لەسەر بەرگی یەکەمی یەکەمی کتێبەکەیدا وێنەی ئەو چوار دیکتاتۆرە عەرەبەی داناوە، بەڕیزەوە ( موعەمەر قەزافی، حوسینی مبارەک، زین ئەلعابدین، عەلی عەبدوڵڵا ساڵح ) نووسەر بە درێژی باس لە هۆکارەکانی نێرگزی و دەسەڵاتپەرستی یەک بە یەکی ئەو چوار دیکتاتۆرە عەرەبە دەکات . . دەبوایە نووسەر لە سەرووی هەموویانەوە وێنەکەی گۆڕبەگۆڕ سەدام حوسێنی دابنایە و، باسی لە نێرگزی و دەسەڵاتپەرستی ئەم دیکتاتۆرەش بکردایە . . کە لە هەموویان زیاتر نێرگزی و دەسەكاتپەرست و دڕندە و خوێنڕێژ بوو . . تەنانەت نزیکتری کەس و هاوڕێی خۆشی لە ناوبرد . . نێرگزی سەدام حوسێن دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی منداڵی، کە کۆمەڵێک هۆکاری خێزانی و کۆمەڵایەتی و دەروونی تووشی نێرگزی و لە خۆبایی و دوژمنکاری کردن . . ئەوە بوو تۆڵەی خۆی لە بێتاونان کردەوە . . بە تایبەتێ ژینۆسایدکردنی گەلی کوردمان و وێرانکردنی کوردستان .

خوێنەرانی بەڕێز . . نێرگزی باسێکی فراوان و فرە لایەنە . . ناتوانین لە کورتە باسێکی وادا بە تەسەلی باس لە هەموو لایەنەکانی بکەین . . گەر حەزبکەن دەتوانن شتی زۆرتر و زۆرتر دەبارەی کەسێتی نێرگزی و هۆکاری زیاتری تووشبوون بە نێرگزی بخوێننەوە .

رەزا شوان
نەرویـج : ٥ / ٦ / ٢٠١٦