لەوە جوانتر نییە کە رۆژەکانمان، بە زەردەخەنەیەکی گەشبینی ناسک دەستپێبکەین،
بۆ ئەوەی ناخۆشی و ئازاراکانمان لە یادبکەین . . گەشبینی گوڕ و توانایەکی زیاترمان پێدەبەخشێت . . مژدەی داهاتوویەکی جوانتر و گەشتر و مەزنترمان دەداتێ . . گەشبینی هاندەر و پاڵنەرمانە بۆ کار و داهێنان و بەرهەمهێنان . . بڕوابەخۆبوونمان زیاتر دەکا . .
وامان لێدەکات کە هەرگیز بێ هیـوا نەبین و کۆڵنەدەین و . . درێژە بە رەوتی ژیانمان بدەین و، هەرگیز خۆمان بە دەستی بێزاری و بێ ئومێدییەوە نەدەین .

هەردەم گەشبین و کۆڵنەدەربن، گەر دوێنێتان لە دەستچووە، ئەمڕۆتان لە بەردەستدایە . . ئەمڕۆش بارگەی دەپێچێتەوە و دەڕوات . . پێویستە پێشوازی لە بەیانی بکەن . . خەم لە دوێنێ مەخۆن، رۆیی و ناگەڕێتەوە، بۆ ئەمڕۆش دڵتەنگ مەبن، ئەمڕۆش دەڕوات . . خەون بە خۆرێکی گەشەوە ببینن کە لە بەیانیدا هەڵدێت . . ئەوەش بزانن ژیان بەبێ خۆشەویستی و گەشبینی و هیـوا، ژیان نییە . . گەشبینی کلیلێکی هەمیشەی شادی و ژیانێکی سەرکەوتووە . . گەشبینی بەشێکی گرنگە لە پێشکەوتنی بایۆلۆژیمـان، لە پێناوی مانەوە لە ژیاندا، ئەمەش ئەوەیە کە زانای دەروونناسی ( تیگەر ) لە کتێبەکەیدا ( بایۆلۆژی هیوا : ١٩٧٩ ) دا ئاماژەی پێکردووە . . جەختی لەسەر ئەوە کردووە کە گەشبینی یەکێکە لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی گۆنجان و یەکلایکەرەوە بۆ بوونی مرۆڤایەتی . . هەر بەپێی توێژینەوە دەروونییەکان ئەوە دەردەکەوێت، کە گەشبینی پەیوەندی بە گەلێ لایەنی ئەرێنی ژیانەوە هەیە، وەک : تەمەندرێژی، تەندروستی گشتی، تەندروستییەکی باشی دەروونی، بە دەستهێنانی سەرکەوتنێکی زیاتر لە کار و لە وەرزشدا، لە زووتر چاکبوونەوەی نەشتەرگەریی دڵ، لە ستراتێژییەکی کارا و بەهێز لە رووبەڕووبوونەوەی تەنگانە دەروونییەکان . . گەشبین هیچ شتێک بە ئەستەم نازانێت و . . لە تەنگانەترین کاتیشدا هیوای بە سەرکەوتن و رزگاربوون هەیە . . تەنانەت پێوندی دەستەکانیشی، بە بازنگی زێڕ دێتەبەرچاو . . گەشبین لە ناوەڕاستی تاریکیدا، تروسکەیەکی رووناکی دەبینێت . . هەردەمیش لە پێشی خۆی دەڕوانێت و . . ئاوڕ لە دواوە نادات . . گەشبین ئەگەر بکەوێتە دەریایەکێشەوە، خۆی بە پووشێکەوە دەگرێت و هیوای بە رزگاربوون هەیە .
. . بە کورتی گەشبینی هیوای لێدەبێت . . هیواش کاری لێدەکەوێتەوە . . کارییش ژیانی لێدەبێت . . گەشبینی و هیواش هاودەمی هەموو قۆناغەکانی ژیانی مرۆڤن .
( هیلین کیلەر ) دەڵێ : " گەشبینی ئەو باوەڕەیە کە بەرهەمی دەبێت، هیچ شتێکیش بەبێ هیوا و بڕوا نایەتەدی "
گەشبین دەڵێ : نیوەی پەرداخەکەم پڕە . . رەشبینیش دەڵێ : نیوەی پەرداخەکەم بەتاڵە . رەشبین سڵ لە گوڵ دەکاتەوە کە دڕکی هەیە، گەشبین لە گوڵی سەر دڕکەکە دەڕوانێت .
( جین هاوەرد ) دەڵێ : " گەشبین گوڵ دەبینێت . . رەشبینیش دڕک دەبینێت "

گەشبینی لەوە زیاترە کە تەنها بیرۆکەیەکی ئەرینی بێت . . بەڵکو خووگرتنە بە بیرۆکەی ئەرێنییەوە . . گەشبینی بریتییە لە ئارەزوو و لە پەرۆشی بۆ روانین لە باشترین دۆخ و رووداواەکان، لە پێشبینی کردنی باشترین ئەنجامیش . . بێگومان گەشبینی باوەڕێکی ناخی و رەوشتێکی گرنگی هەموو سەرکەوتوویەکە . . رەوشتێکە کە پیاوانی شکۆدار بنیات دەنێت . . گەشبینی رووناکییە لە تاریکیدا . . دەروازەی دەربازبوونە لە تەنگانەدا . . هیوا لە شکستیدا . . ئەوە گەشبینییە کە گرێکان دەکاتەوە و، کێشەکان چارەسەر دەکات و. . خەمەکان خامۆش دەکات و . . ئازارەکان ساڕێژ دەکات . .
ئەوە گەشبینییە کە پێمان دەڵێ : " لە پاش تەنگـانە خۆشـییە "
زۆر لە توێژەران ئەوەیان سەلماندووە، کە مرۆڤی گەشبین کەمتر هەست بە تەنگەژە دەکات و، زیاتر سەرکەوتووە و، تەندوستیشی باشترە و، لێو بەخەندە و رووخۆش و دڵخۆشە . . بە پێچەوانەی مرۆڤی رەشبینەوە، هەردەم دڵتەنگ و رووگرژە و، کورد وتەنی : " دەڵێی بارە ترشی کەوتۆتە ئاوەوە " بە چاوێلکەیەکی تاریکەوە لە ژیان دەڕوانێت . . لاوازە لە رووبەڕووبووونەووەی کێشەکان و، بەرگەی تەنگانە ناگرێت و تا رادەیەکیش دوودڵ و ترسنۆکە و دەشەڵەژێ .
( نیکۆلاس ماری بوتلیر ) دەڵێ : " گەشبینی بنەمای ئازاییە "

دێینە سەر کرۆکی باسەکەمان " منداڵەکانتان بە گەشبینی پەروەردە بکەن "

منداڵان کە لەدایک دەبن، پڕن لە گەشبینی . . منداڵان لە میانەی پەیوەندییەکانیان بە
دایک و باوکیانەوە، بە تایبەتیش بە دایکیانەوە . . فێری گەشبینی و رەشبینی دەبن . . پەروەردەکردنی منداڵان بە گەشبینی، وا لە منداڵەکانتان دەکات کە هەردەم باوەڕیان بە سەرکەوتن هەبێت و درێژە بە سەرکەوتنەکانیان بدەن . . بە چاوی هیـواوە لە ئایندە بڕوانن . . لە بڕیارداندا، ئەوە دەردەخەن کە بەهرە و توانایەیان تێدایە، ئەو ئیراردە بە هێزەیان هەیە کە رووبەڕووی تەگەژە و بەرهەڵستییەکان ببنەووە . . منداڵانی گەشبین شادترن و، تەندروستییان باشترە و، ئازاتر و بڕوابەخۆترن لە هاوڕێیانی رەشبینیان .
( لویس ئەمۆجین ) دەڵێ : " منداڵان کە لە دایک دەبن کەسانێکی گەشـبینن . . ئێمە تێڕوانینی گەشبینیان بۆ ژیان، خاودەکەینەوە و دەگۆڕین "
بۆیە پێویستە لەسەر دایکان و باوکان، هەوڵێکی تایبەتی بدەن بۆ ئەوەی تۆی گەشبینی و هیوا لە دڵێ منداڵەکانیاندا بڕوێنن . فێریان بکەن کە هەمیشە بە ئاسایی و ئاسانییەوە، رووبەڕووی خۆشی و ناخۆشییەکانی ژیان ببنەوە . . پێویستە خۆیان هەردەم گەشبینبن و، ببنە نموونەیەکی گەشبینی باش بۆ منداڵەکانیان . . تەنانەت ئە گەر خرۆشی گەشبینی رەمەکیش لە منداڵاندا نەبێت . . دەتوانن گەشبینی وەرگرن و فێربن .
هەندێ لە دایکان و باوکان هەڵدەکەن و، لە بڕوا و توانای منداڵەکانیان کەم دەکەنەوە، وەک پێیان دەڵێن : خوێندنی ئەمساڵتان لە پار قورسترە، بە چاوتاندا دیارە کە ئەمساڵ دەرناچن، مردوو لە گۆڕستان زیندووبێتەوە، ئێوە دەرناچن، چونکە ئێمە لە ئێستاوە دەزانین کە لە تاقیکردنەوەکاندا دەرناچن . . لەم شێوە رستانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان دەیڵێن . . کاریگەرییەکی نەرێنی خراپیان لەسەر منداڵان هەیە و، توانا و ورەیان دەڕووخێنن و، تووشی بڕوابەخۆنەبوون و رەشبینی و بێ هیواییان دەکەن .

پزیشکی بە ناوبانگ، تۆژێنەر و زانـای دەروونناسی، دکتۆر ( مـارتن سیلگمـان ) ی نووسەری کتێبی " منداڵی گەشبین " دەڵێ : " گەشبینی تەنها وێنەیەکی سەرنجڕاکێشی خودی نییە . . بەڵکو دەشێ گەشبینی جۆرێک بێت لە دەروونپاڕێزی لە دژی کۆمەڵێک لە کێشەکانی ژیان " لە بارەی رەشبینیشەوە سیگمان دەڵێ : " نەخۆشییەکە دەبێتە هۆی تووشبوون بە خەمۆکی "
( مارتن سیلگمان ) توێژینەوەیەکیشی لەسەر سێ هەزار منداڵ ئەنجامدا، کە تەمەنیان لە نێوان (٩ـ ١٤) ساڵان بوون . . ئەوەی بۆ دەرکەوت کە ( لە سەدا نۆ )ی منداڵان دانیان بەوەدانا، کە تووشی خەمۆکی بوونە . . ئەو منداڵانە بوون کە رەشبین بوون .

( مارتن سیگمان ) ئاماژەشی بەوە کردووە، کە زیاتر لە هەزار لێکۆڵێنەوە ـ کە لەسەر نیو ملیۆن منداڵ و گەنج ئەنجام دراون ـ ئەوە دەرکەوتووە کە خەڵکانی گەشبین، کەمتر تووشی خەمۆکی دەبن و . . خولیای سەرکەوتنی زیاتریشیان هەیە .

رەزا شوان
نەرویج : ٢٠١٦